کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
ئێرانهه‌واڵه‌کان

ڕاپۆرتی ڕێكخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر ئێعدامی به‌ندكراوان له‌ ئێران

ڕاپۆرتی ڕێكخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر ئێعدامی به‌ندكراوان

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ١٦ی خاكه‌لێوه‌ له‌ ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاند: ڕژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا ٨٥٣ کەسی لە سێدارە داوە کە ئەمە بەرزترین ڕێژەی لەسێدارەدان لە ماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا بووە.

ئەم ڕێکخراوە لە ڕاگەیەندراوێکدا خوازیاری هەنگاوی یەکلاکەرەوەی جیهانی بۆ ڕاگرتنی شەپۆلی لەسێدارەدان لە ئێران بووە کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیندانەکانی ئەو وڵاتەی کردووەتە شوێنی کوشتنی بەکۆمەڵ. بە وتەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ٤٨١ حاڵەتی لەسێدارەدان لە ساڵی ڕابردوودا لە ئێران پێوەندییان بە تاوانەکانی ماددەی هۆشبەرەوە هەبووە، کە زیاتر لە نیوەی هەموو لەسێدارەدانەکانی ساڵی ٢٠٢٣ لە ئێران لەخۆ دەگرێت. هەروەها ئەو ڕێکخراوەیه‌ کۆماری ئیسلامی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە دوای خۆپیشاندانەکانی “ژن،ژیان،ئازادی سزای سێداره‌ی وه‌كوو ئامرازێك بۆ تۆقاندنی كۆمه‌ڵگا به‌كار هێناوه‌. بەپێی ڕاپۆرتی ئه‌و ڕێكخراوه‌یه‌، ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا زۆرترین ڕێژە لە دوای ساڵی ٢٠١٥ بووە و بەنیسبەت ساڵەکانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢١ بە ڕێژەی ٤٨ لەسەد و ١٧٢ لەسەد زیادی كردووه‌، به‌ جۆرێك كه‌ له‌ ساڵی ٢٠٢٤ دا په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ و له‌دوای شۆڕشی ژینا ڕێژه‌ی له‌سێدراه‌دانی به‌ندكراوانی سیاسی هه‌ڵكشاوه‌.