کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمونیستی ئێران ( بەشی چواره‌م)

17

دوشنبه – ۱۵ بهمن – ۱۳۹۷ , 04 – 02 – 2019

17

لە بارودۆخێکدا کە ئیختیناقی سیاسی لەژێر گوشاری مانگرتنی کرێکاری و خەباتی جەماوەریدا وادار بە پاشەکشە کراوە، کرێکاران لە جەریانی خەباتدا ڕێگای بەرەو پێش چوونیش ئەدۆزنەوە. ئەگەر بزوتنەوەی کرێکاری ئێران لەبەر سەرتاسەری نەبوونەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان ئازار دەچێژن و بابەتی دروست کردنی تەشەکولی سەرتاسەری کرێکاران زەین و فکر و هەوڵەکانی تەیفێک لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری و سیاسی بە خۆیەوە خەریک کردوە، بەرەوپێش چوونی ئەم بزوتنەوەیە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا وڵامی ئەم کێشەیە ئەداتەوە. بۆ نمونە لەم چەند مانگەی دواییدا کرێکارانی ڕێگای ئاسن، مۆعه‌لیمان و شۆفیر کامیۆنەکان چەند مانگرتنی سەرتاسەریان بە سەرکەوتویی ڕێکخست. ئەزموونی ئەم مانگرتنە سەرتاسەریە نیشانی ئەدات کە بانگەوازەکانی ئەم مانگرتنانە خاوەنی ڕادەیەک لە پێوەندی، ڕێبەران و ڕێکخەرانی ناوچەیی بوون. کە وایە لەم بارودۆخەدا هەوڵدان لە بواری دروست کردنی شوڕای سەرتاسەری کرێکارانی ڕێگای ئاسن، دروست کردنی تەشکیلاتی سەرتاسەری مۆعه‌لیمان و شۆفیر کامیۆنەکان کردەوەیەکی عەمەلیین. ئەمری تەشەکول یابی جیا لە خەباتی کرێکاران نییە و هەوڵدان بۆ دروست کردنی تەشەکولی سەرتاسەری دەبێ پشت ئەستور بە ئەزمون و دەرسەکانی خەباتی ئێستای چینی کرێکاری ئێران بێت. دەرس وەرگرتن لەم ئەزمونانەی خەباتی کرێکاری نیشانمان ئەدات کە بۆ دروست کردنی تەشەکولی سەرتاسەری کرێکاران لەوێوە دەبێ دەست پێبکرێت. ئەم تەجروبانەی خەباتی ئێستا نیشانی ئەدەن کە لە ئێران و بە بەریناییەک کە چینی کرێکار هەیەتی، تەشەکول و یان سازمانی سەرتاسەری کرێکاری هاوکات لە هەموو ڕشتە خزمەتگوزاری و یان پیشەسازیەکاندا دروست نابن. سروشتیە کە لە بەشێک لە بواره‌‌كانی بەرهەمهێنان و یان خزمەتگوزاریدا بە تایبه‌تمه‌ندیه‌ك کە سازمانی هێزی کار له‌ هه‌ر كام لەم بوارانه‌دا هەیەتی، تەشەکول یان سازمانی کرێکاران خێراتر شکڵ بگرێت. ئەم ئەزمونانە به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێن کە تەشەکول یان سازمانی سەرتاسەری کرێکاران تەنیا بە هەنگاوێک لە سەرەوە دروست نابن. تەشەکولی سەرتاسەری شوڕایی بێت یان سەندیکایی دەبێ پشتی بە تەشەکولەکانی شوێنی کار لە ڕشتە سەنعەتی و خزمەتگوازاریە جۆراوجۆرەکاندا بەستبێت. واتە ئەم تەشەکولانە پێوستە لە شوێنی کار دروست بکرێن و لە ئاکامی پێوەندیان بە یەکەوە، تەشەکولی سەرتاسەری لە یه‌ك بوار یان لە کۆمەڵێک بواری جۆراوجۆردا شکڵ بگرن. لەم پێوەندەدا ڕەچاو کردنی ئەزمونە مێژووییەکانی بزوتنەوەی کرێکاری دنیا و ئێران بە تایبەت ئەزمونی بنیادنانی شوڕای یەکگرتوی ناوەندی یەکێتیە کرێکاریەکان و زەحمەتکێشانی ئێران لە ساڵی ١٣٢٣ کە چەندین یەکێتی کرێکاری لەوانە یەکێتی کرێکارانی چاپخانەکان، کرێکارانی نەساجی و مۆعه‌لیمانی لە خۆی دەگرت بەش بە حاڵی خۆی دەتوانێ جێگای دەرس لێوەرگرتن بێت. وەک هەنگاوێکی خێرا و ڕێگایەکی نێوقەدبڕ لە بارودۆخی نەبوونی تەشەکولە سەرتاسەریە کرێکاریەکاندا بە واتایەکی گشتی کە جێگای سەرنجە، پێوەندی نزیک و ئاگادار بوونی ڕێبەران، هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری و لەدەوری یەكتر کۆبوونەوەیان لە شوڕای هاوکاریدا دەتوانێ تا ئاستێکدا کەلێنی سەرچاوە گرتوو لە نەبوونی تەشەکولە سەرتاسەریەکانی کرێکاران لە بارودۆخی ئێستا پڕ بکاتەوە. کۆبوونەوە لەدەوری یەکی ئەو ڕێبەر و هەڵسوڕاوانەی کە لە کانوونەکانی گەرمی خەباتی کرێکاری لە بەشەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا ئامادەن و خاوەنی پێوەندیەکی ئۆرگانیک و زیندون لەگەڵ کریکاران لە شوێنی کار و خەباتدا خاوەنی زەرفیەتێکی سازمانی وەک شوڕای هاوئاهەنگی یان هاوکارین دەتوانێ دەورێکی گەلێک کاریگەریان لە بەیەکەوە پێوەند دان و هاوئاهەنگ کردنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاریدا هەبێت.

پلینۆم لە بەشێکی دیکە لە باسەکانیدا، بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی ستکهۆڵمی لەژێر سەردێڕی” ئاڵترناتیوی سۆسیالیستی پێویست و مومکینە”ی بە هەنگاوێک بە ئاڕاستەی بەرنامە و ستراتیژی حیزبی کومونیستی ئێران و وڵامدانەوە بە نیازە سیاسیەکانی ئەم دەوریە هەڵسەنگاند. لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفڕانسەدا کۆمەڵێک هەوڵی هاوبەش لە مەسیری خەباتدا بۆ شکڵ گرتنی ئاڵترناتیوێکی سۆسیالیستی چۆتە فازێکی نوێوە. تەوافوق لەسەر بەیانیەی سیاسی کە لەسەر ستراتیژی روخاندنی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای شۆڕشی کرێکاریەوە جەخت دەکاتەوە، بواری بۆ پەرەسەندنی هاوکاری زیاتر فەراهەم کردوە. گرتنە پێشی هەڵوێستی هاوبەش لە کاناڵێکی ماهوارەیی یەکگرتودا بەرنامەکانیان بڵاو بکەنەوە و جەخت کردنەوە لەسەر گرنگی دروست کردنی” ئاڵترناتیوێکی ڕەسانەیی” لەو هەنگاوانەن کە عەینیەتێکی زیاتر ئەدات بەم هاوکاریانە. پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی حیزب هەروەها ئامادەکاری بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی هاوبەشی هێزە چەپ و کومونیستەکان لە کوردستان و تەوافوقی بەرهەمهاتوو لەسەر ناوەرۆکی بەیانیەیەکی سیاسی لە دەوری روخاندنی شۆڕشگێرانەی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی حاکمیەتی شوڕایی کە ‌هێڵە سەرەکیەکانی ستراتیژی سۆسیالیستی لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە خۆی دەگرێت، وەک هەنگاوێک لە مەسیری بەهێز کردنی ئەم هاوکاریانەدا هەڵسەنگاند. کۆبوونەوەی بەرینی کۆمیتەی ناوەندی جەختی کردەوە هاوکاری ئەم هێزانە لە درێژەی خۆیدا دەبێ لە دەرکردنی ڕاگەیاندن و كاردانه‌وه‌ به‌م یا به‌و ڕووداو واوەتر بچێت و وڵامی یه‌كگرتووانه‌ به‌ بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتیەکان بداته‌وه‌، تا به‌م جۆره‌ زەمینەی بەهێز کردنی مه‌یلی سۆسیالیستی لە ناخی کۆمەڵگادا فەراهەم بێت. هێزەکانی ئاڵترناتیوی سۆسیالیستی لە دەرەوەی وڵاتیش چ لە ئوروپا و چ لەو شارانەی کە کانونی چالاکی و خەباتی سیاسین پێویستە هەوڵ بدەن کە بە بەشداریی باقی هێزە سیاسیە چەپ و کومونیستە سەربەخۆکان لە ڕێگای دروست کردنی شوڕاکانی هاوکاری یارمەتیدەری بەهێز بوونی ئاڵترناتیوی سۆسیالیستی بن. ئەم چالاکیانە بە نۆبەی خۆیان دەتوانن یارمەتیدەری بابەتی سەروسامان دان بە هێزەکانی ئاڵترناتیوی سۆسیالیستی بن.

سەبارەت بە مەوقعیەتی حیزبی کومونیستی ئێران، دەبێ بڵێین کە خێرایی باڵغ بوون و پەرەسەندنی چالاکیەکانی حیزب سەرەڕای ئیعتیبارێک کە خاوەنیەتی، لەگەڵ خێڕایی گەشە و کامڵ بوونی بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری و ڕەوتی لاواز بوونی پێگەی کۆماری ئیسلامیدا نایەتەوە. حیزبی کومونیستی ئێران هاوسەنگ لەگەڵ نیازەکانی ڕاستەقینەی ڕەوتی روو لە گەشەی بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لە بارودۆخێکدا کە کۆمەڵگا لە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە نزیک دەبێتەوە گەشەی نەکردوە و پەرەی نەسەندوە. ئەم مەوقعیەتە پڕ لە ناکۆکیە ئەگەرچی تەنیا تایبەتمەندی ئێمه‌ نییە و ڕەنگە گەشەی حیزب لەدواوە تر بێت لە چاو گه‌شه‌ كردنی باقی لایه‌نه‌كانی پێکهێنەری بارودۆخی شۆڕشگێڕانە، بەڵام پێویسته‌ کە حیزب لە هەموو بوارەکاندا، هەڵسوڕانی خۆی پەرە پێبدات و بە هەوڵی هەمە لایەنە بەسەر ئەم کەموکوڕیانەدا زاڵ بێت.