پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردروای کۆنگرەی شازدە، رۆژی شەممە ٢٢ی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٥ بەرابەر لەگەڵ ١٢ی نۆوامبری ٢٠١٦ بەڕێوەچوو. لەم پلینۆمەدا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێرانیش وەک چاودێر بەشدار بوون. بەشی یەکەمی باسەکانی ئەم کۆبونەوەیە بۆ گوزارشی سیاسی کۆمیتەی ڕێبهری کۆمەڵە بە پلینۆم و هەڵسەنگاندنی ئەم ڕاپۆرتە تەرخان کرا. ڕاپۆرتی سیاسی و باسەکانی پێوهندیدار پێی، چووە سەر گرنگترین فاکتهرەکان لە بەیان و روون کردنەوەی بارودۆخی ئێران و کوردستان لە مەودای نێوان دوو پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی. دواتر لەبەر رۆشنایی بارودۆخی خاوەرمیانە، سهبارهت به بارودۆخی سیاسی لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، عێڕاق، سوریە و تورکیە قسهوباس كرا.
ڕاپۆرت و قسەوباس کردن سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی ئێران تیشیکیان خستەسەر ئەو کۆسپ و لەمپەرانەی کە لەسەر ڕێی دەوڵەتی رۆحانیدان بۆ ئیجرای بەرجام، هەوڵەکانی ڕژیم بۆ موهەندیسی کردنی شانۆی هەڵبژاردنی دەورەی دوازدەهەمی سەرۆک کۆماری و هەوڵی دەوڵەت و خاوەنکاران بۆ گۆڕینی قانونی کار لەسەر ناوەرۆکی پەرەسەندنی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان. لەوێوە کە دەوڵەتی رۆحانی بەرەوپێش بردنی جیهەت گیریە ئابووریەکانی لەبواری گەشەی ئابووری و بهڵێنی ڕەخساندنی هەلی کار و باشتر کردنی ژیانی خەڵکی داناوە بۆ کاتی ئیجرایی بوونی بەرجام و دەورانی دوای تەوافوقی هەستەیی ناو ناوە ” دەوارانی پەسا بەرجام” و ئەو وەک خاڵێکی جێی سرنج لە مێژووی حەیاتی ڕژیمی ئیسلامیدا باس دەکات، پێویستە تەبلیغاتی ئێمە وێنایەکی روون لە بەربەستەکانی بەردەم بە کرداری بوونی بەرجام و ئامانجە واقعیەکانی ڕژیم لە ئیجرا کردنیدا بدات بەدەستەوە.
درێژەی هەڵوێستی دژە رۆژئاوایی و دخاڵەت کردن لە کانونەکانی قەیرانی ناوچەیی بەبێ هاوئاهەنگی و هێندێک جاریش لە دژایەتی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئامریکا و رۆژئاوادا هەروا یەکێک لە کۆسپە سیاسیەکانی سەر ڕێگای بە کرداری بوونی بەرجامن. یەکێک لە کێشەکانی دیكه کە بەرجام لەگەڵی بەرەوڕووه، دخاڵەت و کاریگەری تەحریمە هەڵنەگیراوەکانە لەسەر گەمارۆ لابراوەکانی پێوەندیدار بە توافوقی هەستەییەوە. کۆمەڵیک لە تەحریمەکانی سەر ڕژیمی ئیسلامی ئێران زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە لایەن ئامریکا، شوڕای ئەمنیەت یان دەوڵەتانی رۆژئاواییەوە لە پێوەند لەگەڵ گەشەکردنی تواناییە موشەکی و فاعالیەتە تیرۆریستیەکانی ڕژیم گیراونەتەبەر و بەردوام بوون، کە ئەم دەستەیە لە تەحریمەکان لەباری بابەتیەوە پێوەندیان بە مەسەلەی هەستەییەوە نییە و بە وتووێژە هەستەییەکان هەڵنەوەشاونەتەوە و سەبارەت بەوان هیچ تەوافوقێک نەکراوە. کەوایە کۆسپی حوقوقی نێونەتەوەیی هەروا یەکێک لە کۆسپە جیددیەکانی سەر ڕێگای بەکردەوە دەرهاتنی بەرجامە و بە تایبەت ئامرازێکیشە بۆ کۆماریخوازەکانی ئامریکا لەو ڕاساتایەدا بیکەنە گوشاری زیاتر بۆسەر ڕژیمی ئیسلامی. لە لایەکی دیکەوە خۆڕاگری دامەزراوە چکۆلە و گەورەکانی نێوخۆ کە بەر لە بەرجام خاوەنی دەرفەت و ڕانتی تایبەت بوون و بە دەوردانەوەی تەحریمەکان و تیجارهت لە ڕێگای نا ئاساییەوە سود و قازانجی کەڵانیان دەستکەوتوە، هیچ مایل نین بۆ گەڕانەوەسەر شێوازی ئاسایی. کۆمەڵێک فاکتۆڕ نیشانی ئەدەن کە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بە هیچ شێوەیەک نابێ دڵیان بە وەعدە و وەعیدەکانی دەوڵەتی رۆحانی بۆ باشتر بوونی کار و ژیانیان خۆش بکەن و تەنیا دەبێ پشت بە هێزی خەباتی یەکگرتوانەی خۆیان ببەستن.
ڕاپۆرتی کۆمیتەی ڕێبەریی وەبیری هێنایەوە کە هەوڵەکانی ڕژیم بۆ موهەندیسی کردنی شانۆی هەڵبژاردنی دەورەی دوازدەهەمی سەرۆک کۆماری یەکێکی دیكه لە فاکتهرەکانه بۆ روون کردنەوە و تەوزیحدانی بارودۆخی سیاسی ئێران لە باردۆخی ئێستادا. بەیانیەی وەلی فەقیە لەم پێوەندەدا و ڕاگەیاندنی تەعەهود بە ” شەفاف سازی” لە ڕەوتی ئەم هەڵبژاردنەدا و باسەکانی پێوهندیدار پێی، دەرخەری ئەوەیە کە موهەندیسی کردنی ئەم هەڵبژاردنە و ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان گرینگترین دڵەڕاوکێی باڵە جۆراوجۆرەکانی ڕژیمە. بە سرنجدان بەوەیکە بە ئیعتیڕافی هێندێک لە کاربەدەستانی خودی ڕژیم لە هەڵبژاردنی دەورەی دەیەمی مجلیس لە تاران و هێندێک لە شارەکانی دیكهی ئێران کەمتر لە ٥٠ لەسەدی واجدینی شەرایەت لە هەڵبژاردندا بەشداریان کرد و هەروەها بە سرنجدان بە بارودۆخی قەیراناوی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوهڕاست بۆ سەرانی ڕژیم گەلێک گرنگە کە بە هەر فڕوفێڵ و شگردێک بووە بتوانن مەشروعیەتی هەڵبژاردنی خۆیان نیشان بدهن. لەم روەوە سەرەڕای بوونی ناکۆکی ستراتیژیک سەبارەت بە چلۆنایەتی زەمانەت کرانی مانەوەی ڕژیم لە نێو هەردوو باڵی سەرەکی حکومەتیدا و وێڕای ئەوەیکە هەردوو باڵەکە هیچ دەرفەتێک بۆ هێرش کردنەسەر یەکتر لەدەست نادەن بەم حاڵەشەوە هیچکام لە باڵەکان لادانی ئەویتری لە دەستوری کاردا نییە. هەردوو باڵەکە لەسەر ناوەرۆکی ئەم جۆرە شەڕ و کێشانە لە هەوڵدان کە بە هەر شێوە و شگردێک بووە جەماوەرێکی زیاتر بکێشنە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان. ئامانجی سەرەکی سپای پاسدارانی ڕژیم لە موهەندیسی کردنی هەڵبژاردن ئەمەیە. تەبلیغاتی ئێمە وێرای جەخت کردنەوە لەسەر زیانباربوونی هەموو جۆرە خۆش باوەڕیەک سەبارەت بە ماهیەتی کێشمەکێشی باڵەکانی حکومەت، دەبێ ئەم ئامانجە بکاتە نیشانە و هەوڵبدات کە ڕژیم لە دەست ڕاگەیشتن بەم هەدەفەی توشی ناکامی بکات.
هەوڵەکانی دەوڵەتی رۆحانی بۆ گوڕینی قانونی کار لەسەر ناوەرۆکی گەشە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و خەباتی کرێکاری یەکێکی دیكه لە فاکتهرەکان لە لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسی ئێران لە مەودای نێوان دوو پلینۆمدا بووە. ئەگەرچی دەوڵەت ئامانجی خۆی لە گۆڕینی یاسای کار و دژه کرێکاری تر کردنی سودئاوەری زیاتری خاوەن سەرمایەکان لە بەشی خسوسی و یان نیوە دەوڵەتی و لە لایەکی دیکەوە هاندانی سەرمایەگوزاری و ئیشتیغاڵ زایی ڕاگەیاندوە، بەڵام ئەم هەوڵانە بۆ گۆڕینی قانونی کار ئەساسەن روو بە داهاتوە. ڕەوتی بێکار سازیەکان، برەودان بە قەراردادی کاتی، حەقدەستی چەند جار لەژێر هێڵی هەژاری دیاریکراودا، نەدانی لە کاتی خۆیدای حەقدەستەکان، برەودان بە کاری منداڵان و هیتر……. نیشانی ئەدەن کە زۆرێک لە مادە و بەندەکانی گهڵاڵهی گۆڕینی یاسای کار بەبێ ئەوەیکە لە لایەن مجلیسەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کرابێت و پەسند کرابێت و لایەنی یاسایی وەرگرتبێت لە ژیانی واقعیدا بەکردەوە دەرهاتون. سەرەڕای ئەمانە ئەگەر دەوڵەتی رۆحانی لە ڕاستای داسەپاندنی بێ مافی زیاتر بەسەر کرێکاراندا لە هەوڵدایە یاسای کار بگۆرێت، ئەم هەوڵانە ئەساسەن روو بە داهاتوە. دەوڵەتی رۆحانی بهنیازه ئەگەر بێتو کۆسپەکانی ئیجرایی بوونی بەرجام لابەرێت و دۆخێکی لەبار بۆ تێکەڵ بوونی زیاتر لەگەڵ بازاڕی جیهانی دابین بکات، ئەوکات بۆ ڕاکێشانی سەرمایە گوزارانی دەرەکی و نێوخۆیی، بۆ سەرمایەگوزاری کردن لە ئێران بە یاسایی کردنی داسەپاندنی بارودۆخی کۆیلەتی و بێ مافی کرێکاران تا ئاستێک كه ئیمکانی هەبێت نیازمەندە. دەوڵەتی رۆحانی دەیەوێ لە هاوسەنگی هێزی ئێستادا و لە بارودۆخێکدا کە کرێکاران خاوەنی تەشەکولی چینایەتی و جەماوەری سەربەخۆ لە دەوڵەتن لایەنی یاسایی بدات بەم بێ مافیانە. ئەم هێرشە هەمەلایەنە و ئاشکرایە پێش پەردەی ئیجرای بەرجامە و نیشانی ئەدات کە ئیجرای بەرجام نە نەتەنیا باشتر بوونێک لە کار و ژیانی کرێکاراندا بەدی ناهێنێت، بەڵکوو دۆخێکی فەلاکەتبارتر بەسەر کرێکاراندا دەسەپێنێ. لەم بواررەدا تەبلیغاتی ئێمە و زەرفیەتە تەشکیلاتیەکانمان دەبێ لە خزمەت پەرەدان بە ناڕەزایەتی کرێکاری لەدژی ئەم هێرشە ئاشاکرایانەدا بێت.