پلۆنۆمی ٨ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، هه‌ڵبژێراوی كۆنگره‌ی ١٢، سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه ٢١ی مانگی به‌فرانباری ١٣٩٨ی هه‌تاوی به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ١١ی ژانویه‌ی ٢٠٢٠ی زایینی، به سروودی ئه‌نترناسیۆناڵ و یه‌ك ده‌قیقه بێده‌نگی بۆ ڕێزگرتن له یادی گیان به‌خت كردووانی ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر و هاوڕێ ئیسماعیل تریك و هه‌موو گیان به‌خت كردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیسم، ده‌ستی پێكرد. له‌و پلۆنۆمهدا هه‌ر وه‌ك ڕه‌واڵی هه‌میشه ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌ش وه‌ك چاوه‌دێر به‌شداری ئه‌و پلۆنۆمه بوون. به‌شی ئه‌وه‌ڵی باسه‌كانی ئه‌و دانیشتنه تایبه‌ت بوو به ڕاپۆرتی سیاسی كۆمیته‌ی ئیجرایی و پاشان ڕاپۆرتی ته‌شكیلاتی كۆمیته و ئۆرگانه جۆراوجۆره ته‌شكیلاتیه‌كانی حیزب درایه به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه. لێكدانه‌وه‌ی گرنگترین ڕووداوه‌كانی ئێستای جیهان و ناوچه‌كه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌زه‌ڵوه‌ر و دواهاته سیاسیه‌كانی، میحوه‌ری سه‌ره‌كیی ڕاپۆرتی سیاسیی كۆمیته‌ی ئیجرایی حیزب بوو له دانیشتنی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی دا.
له ڕاپۆرته سیاسیه‌كه‌دا ته‌ئكید كرا، ره‌قابه‌تی زلهێزه جیهانیه‌كانی سه‌رمایه‌داری ئه‌مریكا و چین كه به شه‌ڕی ماڵیاتهكان توندتر بۆوه، له ئێستادا چووه‌ته قۆناخێكی نوێوه. ئه‌گه‌رچی شه‌ڕی بازرگانیی ئه‌مریكا ته‌نیا له‌گه‌ڵ چین نییه و ئۆرووپای یه‌كگرتوو و كانهداشی خستووه‌ته ژێر گوشاره‌وه، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا، چین وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره ناولێده‌بات و به‌كرده‌وه به‌ره‌و مهسیرێك هه‌نگاو هه‌ڵدێنێته‌وه تا خۆی له یاسا و ڕێسا “ده‌ست و پێگر“ه‌كانی ڕێكخراوی بازرگانیی جیهانی ده‌رباز كات و سیاسه‌تی جیهانیی سه‌ختگیرانه‌تر له‌به‌رامبه‌ر به‌هێزتربوونی ئابووریی چین بگرێته به‌ر. چ گه‌شه‌ی ئابووریی خێرای چین و چ به‌هێزتر بوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته له بوار نیزامیه‌وه، له‌ماوه‌ی سێ، چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا به‌رده‌وام ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكای نیگه‌ران كردووه. خێرایی گه‌شه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی له چین له ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا، سه‌رمایه‌گوزاریی كهڵان له به‌شه ستراتێژیكهكانی سه‌نعه‌ت له‌وانه په‌یوه‌ندیه‌كان، قه‌تاری توندڕه‌و، كه‌شتیڕانی و ساز كردنی ژێرخانه‌كان، ته‌رخان كردنی پتر له دوو له‌سه‌د له به‌رهه‌می ناوخۆیی به لێكۆڵینه‌وه تێكنیكی و زانستی بۆ به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنان و هه‌روه‌ها مۆدێرنیزه كردنی هێزه ده‌ریاییه‌كان، له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا، ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكای زیاتر له جاران نیگه‌ران كردووه. ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا بۆ پێش‌گرتن له به‌هێزتر بوونی چین، هاورده‌كردنی كاڵا چینیه‌كانی بۆ ئه‌م وڵاته به سه‌ختی سنووردار كردووه و كۆمپانیه چینیه‌كانی له ده‌ستڕاگه‌یشتن به تێكنۆلۆژییهك كه خۆی تێیدا زاڵه، بێبه‌ری كردووه. هه‌وڵه تونده‌كانی ئه‌مریكا دژبه كۆمپانیی “هواوی” واته گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنه‌ری ئامێری شه‌به‌كه‌ی بێ سیم، و خستنه ناو لیستی ئه‌و كۆمپانیانه‌ی كه دامه‌زراوه‌كانی ئه‌مریكا ته‌نیا به وه‌رگرتنی به‌ڵگه‌ی ده‌وڵه‌تی ده‌توانن له‌گه‌ڵیان موعاملهی بازرگانی بكه‌ن، له زومره‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌یه كه زۆربه‌ی شرۆڤه‌كاران وه‌ك شه‌ڕی ساردی ئه‌مریكا دژبه چین پێناسه‌ی ده‌كه‌ن.
ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا كه به په‌ره‌پێدانی ئه‌ندامانی ناتۆ به‌ره‌و وڵاتانی ئۆرووپای شه‌رقی و سه‌پاندنی گه‌مارۆی ئابووری به‌سه‌ر ڕووسیه، ترسی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌شی كه‌وتووه‌ته دڵیه‌وه، به‌ڵام له ره‌قابه‌ت له‌سه‌ر پێگه‌ی هێژمۆنیك له جیهاندا، چین به مه‌ترسیی سه‌ره‌كی ده‌زانێت. په‌یمانی ناتۆ به ڕێبه‌ری ئه‌مریكا له دانیشتنی دووهه‌می دێسامبری ٢٠١٩دا بۆ یه‌كه‌مجار چینی وه‌ك هه‌ڕه‌شه ناولێبرد. سه‌رۆكی كاتیی ئه‌و په‌یمانه نیزامییه وێڕای ئاماژه به پله‌ی دووهه‌می چین له بوار بوودجه‌ی نیزامی و مووشه‌كی دوورهاوێژه‌وه كه ده‌توانێ ئۆرووپا و ئه‌مریكا بكاته ئامانج، ڕایگه‌یاند كه ئه‌وه ئێمه نین كه ڕۆیشتووینه ئاوه‌كانی باشووری چین، به‌ڵكوو ئه‌وه چینه كه له ئه‌فریقا و ئۆرووپا سه‌رمایه‌گوزاریی كردووه. سه‌رۆكی په‌یمانی ناتۆ به‌و قسانه‌ی ده‌ستپێكی ده‌وره‌یه‌كی نوێی له ڕه‌قابه‌تی زلهێزه گه‌وره‌كانی سه‌رمایه‌داری بۆ دابه‌ش كردنی دووباره‌ی جیهان، ڕاگه‌یاند.
له به‌رامبه‌ر گوشاره‌كانی ئه‌مریكادا، ده‌وڵه‌تی چین له سه‌ر به‌شێكی زۆر له كاڵا هه‌نارده‌كانی ئه‌مریكا ماڵیاتی داناوه و ده‌وڵه‌ته ئۆرووپاییه‌كان و كانهداش، به‌ره‌نگاری گوشاره‌كانی ئه‌مریكا بوونه‌ته‌وه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای توندبوونه‌وه‌ی شه‌ڕی بازرگانی چین و ئه‌مریكا و باقی هێزه ڕهقیبهكان، له سه‌رده‌می جیهانی بوونه‌وه‌ی سه‌رمایه و تێكههڵكێشرانی به‌رژه‌وه‌ندی كۆمپانیه چه‌ند میلیهتیهكاندا، دوورنهمای شه‌ڕی سێهه‌می جیهانی له‌به‌رچاو نییه. له‌و باروودۆخه‌دا، شه‌ڕی ماڵیاتهكان ناتوانێ به‌ر به درێژه‌ی بازرگانی و سه‌رمایه‌گوزاری له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان و هه‌روه‌ها گواستنه‌وه‌ی تێكنۆلۆژی و كۆچی هێزی كار بگرێت. له‌و جێگه‌وه كه بازرگانی و جووڵه‌ی سه‌رمایه له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان به ناچار هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه و نه‌زم و قاعیده‌ی جیهانی كرده‌نه‌وه‌ی سه‌رمایه كه‌وتووه‌ته ژێرپێوه، په‌یوه‌ندی بازرگانیی زلهێزه‌كانی سه‌رمایه‌داری، ڕۆژ له دوای ڕۆژ به‌ره‌و جۆرێك له هه‌رج و مه‌رج ده‌ڕوات. له دڵی ئه‌و كێشمه‌كێشانه و له باروودۆخێكدا كه جیهانی كردنه‌وه‌ی سه‌رمایه له ژێر نه‌زمی نێئۆلیبرالیدا كه‌وتووه‌ته ژێر پرسیاره‌وه، له بریتانیا نه ده‌وڵه‌تی موحافزهكار و نه هیچكام له حیزبه ئۆپۆسیۆنهكان نه‌یانتوانی له به‌رامبه‌ر ئه‌و دوو ڕێگایه‌دا، واته مانه‌وه یان جێهێشتنی یه‌كیه‌تی ئۆرووپا، چاره‌یه‌ك بدۆزنه‌وه كه هه‌م بۆ ئه‌و به‌شه له سه‌رمایه‌داران و بازرگانانی ئینگلیس كه به‌رژه‌وه‌ندیان له مانه‌وه له یه‌كیه‌تی ئۆرووپا و جیهانی كردنه‌وه‌ی نێئۆلیبرالی دایه، به‌سوود بێت و هه‌م بۆ ئه‌و به‌شه له سه‌رمایه‌داره‌كان كه قاعیده‌ی جیهانی كردنه‌وه نێئۆلیبرالی به‌ری به قازانجی سه‌رمایه‌كانیان گرتووه، كارا بێت. سه‌ره‌نجام ئه‌و كێشمه‌كێشه به قازانجی ئه‌و به‌شه له چینی سه‌رمایه‌داری ئینگلیس ته‌واو ده‌بێت كه پێبه‌ند بوون به هه‌موو قاعیدهكانی جیهانی كردنه‌وه‌ی نێئۆلیبرالی له پێناو وه‌دی هاتنی بهرژهوهندیهكانیدا نابینێت و ده‌یهه‌وێ له نوێوه په‌یوه‌ندیه ئابووریه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ بلووك و ده‌وڵه‌ته جۆراوجۆره‌كانی سه‌رمایه پێناسه بكاته‌وه. كێشه‌كانی بریتانیا، به ڕۆیشتنه ده‌ری له یه‌كیه‌تی ئۆرووپا تازه ده‌ستی پێكردووه. بورژوازی و ده‌وڵه‌تی بریتانیا زۆر نیگه‌رانی ئه‌وه‌ن كه سكاتله‌ند كه خوازیاری مانه‌وه‌یه له یه‌كیه‌تی ئۆرووپادا ڕێگای جودایی و سه‌ربه‌خۆیی بگرێته به‌ر. له دڵی وه‌ها باروودۆخێكدا، توند بوونه‌وه‌ی كێبه‌ركێی زلهێزه‌كانی سه‌رمایه بۆ گه‌وره كردنه‌وه‌ی بازنه‌ی نفووزیان له ناوچه جۆراوجۆره‌كانی جیهان و دابه‌ش كردنی دووباره‌ی جیهان، شه‌ڕی نیابه‌تی و هه‌وڵه‌كانی وه‌ك كودتا په‌ره پێده‌دات و دووكه‌ڵی توندبوونه‌وه‌ی ئه‌م كێبه‌ركێ و شه‌ڕه نیابهتیانهش ڕاسته‌وخۆ ده‌چێته‌وه ناو چاوی كرێكاران و خه‌ڵكی سته‌ملێكراو.
درێژه‌ی هه‌یه…