پلۆنۆمی ٦ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه، هه‌ڵبژێراوی كۆنگره‌ی ١٧ی كۆمه‌ڵه، له نیوه‌ی دووهه‌می مانگی سه‌رماوه‌زدا به به‌شداری ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه، به سروودی ئه‌نترناسیۆناڵ و ده‌قیقه‌یه‌ك بێده‌نگی بۆ ڕێزگرتن له یادی گیان به‌خت كردووانی ڕێگای ئازادی و سوسیالیسم ده‌ستی به كار كرد. له‌م پلۆنۆمهدا ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزب وه‌ك چاوه‌دێر به‌شدار بوون. ده‌ستووری جهلهسهكانی پلۆنۆم بریتی بوو له پێشكه‌ش كردن و لێكدانه‌وه‌ی ڕاپۆرتی سیاسی و ته‌شكیلاتی كۆمیته‌ی ڕێبه‌ری كۆمه‌ڵه، لێكدانه‌وه‌ی بڕیار و قه‌تعنامه‌ی پێشنیاری و دابه‌ش كردنی كاری ناو كۆمیته‌ی ناوه‌ندی.
ڕاپۆرتی سیاسی كۆمیته‌ی ڕێبه‌ری كۆمه‌ڵه له بوار باروودۆخی جیهانی، به لێكدانه‌وه‌ی ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوو له شوێنه جۆراوجۆره‌كانی جیهان، ده‌ستی پێكرد. له ماوه‌ی مانگه‌كانی ڕابردوودا و له نێوان ئه‌و دوو پلۆنۆمهدا، له چه‌ند وڵاتێكی جیهان شایه‌دی چه‌ندین نموونه ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی زۆرینه‌ی خه‌ڵك دژبه داروده‌سته ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و نایه‌كسانی و گه‌نده‌ڵی بوو. شیلی، ئێكوادۆر، بولیوی، وێنێزۆیلا، له ئه‌مریكای لاتین، ئه‌لجه‌زایه‌ر، مه‌راكش و سوودان له ئه‌فریقا، لۆبنان، عێراق و ئێران له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له هه‌موویاندا درووشم به ئامانجی باشتر كردنی باروودۆخی ماددی ژیان و شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵ، به‌رز كرایه‌وه. قووڵ بوونه‌وه‌ی بۆشایی نێوان هه‌ژاری و سه‌روه‌ت، هاتنه خواره‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزاریه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، گه‌نده‌ڵی داروده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتدار، ناوه‌رۆكی یه‌كسانی زۆربه‌ی بزووتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ئه‌م ده‌وره‌یان له گۆشه و كه‌ناری جیهان پێكهێناوه.
ڕاپۆرته‌كه له‌و ڕاستیه‌وه ده‌ستی پێكرد كه قه‌یرانی سیاسی و ئاخێزهكانی خه‌ڵك له هه‌ركام له‌م وڵاتانه، هه‌م خاڵی هاوبه‌ش و هه‌م تایبه‌تمه‌ندیی خۆیانیان هه‌یه. ناسینی تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه، به تایبه‌ت بۆ هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی ئه‌م بزووتنه‌وانه گه‌لێك گرینگه و هێندێك جاریش چاره‌نووس سازه، به‌ڵام بێ گومان ناسینی خاڵه هاوبه‌شه‌كانیان له دیاری كردنی ئاسۆی سیاسی داهاتووی جیهان، یارمه‌تیده‌رمان ده‌بێت. ڕاپۆرته‌كه سه‌باره‌ت به خاڵی هاوبه‌شی ئاخێزهكانی ئه‌م دوایانه تیشكی خسته سه‌ر خاڵه‌كانی خواره‌وه:
- له هه‌موو ئه‌م ئاخێزانهدا، هێزی سیاسی ده‌سه‌ڵاتدار، له‌گه‌ڵ قه‌یرانی ڕه‌وابوون و متمانه و خوازراو بوون به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه. خه‌ڵك نیسبه‌ت به داروده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتدار بێگانه بوون. شانۆی هه‌ڵبژاردنی نوقم له درۆ و ساخته‌كاری، كارایی خۆی له‌ده‌ست داوه. بهڵێنیهكان كاریگه‌ر نین و هۆمێدێك بۆ گۆڕینی باروودۆخی ئێستا له ڕێگه‌ی ڕێفۆرمی ئه‌م ڕژیمانه نه‌ماوه‌ته‌وه. هه‌ر بۆیه خواست و موتالباتی دیاریكراو، زۆر زوو له‌م قۆناخه‌دا، تێپه‌ر ده‌بێت و سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵات ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه.
- قه‌یرانی سیاسی له هه‌موویاندا ڕاسته‌وخۆ به باروودۆخی ئابووری و بژێوی خه‌ڵكه‌وه گرێ دراوه. فهلاكهتی ئابووری، گه‌نده‌ڵی ماڵی و حكوومه‌تی، ئاستی نزمی خزمه‌تگوزاریه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، بێكاری، نادیار بوونی ئاسۆی ژیانی لاوان، هه‌ژاری له‌ڕاده به‌ده‌ر، له هه‌موو شوێنێك ناوه‌رۆكی قه‌یران و خواستی خه‌ڵكی ناڕازی پێك هێناوه. هه‌ر بۆیه جه‌ماوری به‌شداربوو له‌م ئاخێزانهدا له بێبه‌شترین و ستهملێكراوترین به‌شی ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه، واته بێكاران، كرێكاران، مۆعهلیمان، په‌رستاران، حقووق وه‌رگرانی كه‌م داهات و خه‌ڵكی په‌راوێزنشینی شاره‌كان، پێكهاتوون. له‌م ناوه‌دا و به بهرئاوردێكی دیكه، نه‌سڵی لاو، هێزی سه‌ره‌كی و مۆتۆری ئه‌م ئاخێزانهیان پێكهێناوه، نهسڵێك كه مامناوه‌ندی ته‌مه‌نیان خوارتر له ٣٠ ساڵه، نهسڵێك كه دژبه هه‌ژاری و نایه‌كسانی و بێبه‌ری بوون، ڕاپه‌ڕیوه.
- له هیچكام له‌م ئاخێزانهدا هێشتا ڕێبهریهك كه پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ده‌ست هێنابێ و وه‌ك ئالتێرناتیوی باروودۆخی ئێستا هاتبێته مه‌یدان، پێك نه‌هاتووه. حیزبی سیاسیی چه‌پ و ڕاستی ئۆپۆزیسیۆنی ناو ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه نه‌یانتوانیوه بكه‌ونه سه‌رووی ئه‌م بزووتنه‌وانه. ئه‌گه‌رچی به‌رینایی ئه‌م بزووتنه‌وانه و گوشاری كۆمه‌ڵایه‌تیی بۆ سه‌ر هێزی ده‌سه‌ڵاتدار به‌جۆرێكه كه نیشان ده‌دات ئه‌م كۆمه‌ڵانه ناگه‌ڕێنه‌وه دۆخی جاران، به‌ڵام له هه‌مان حاڵیش‌دا پێكنه‌هاتنی ستادی ڕێبه‌ری و نه‌بوونی ئالتێرناتیوێكی ڕه‌وا و خوازراو له ئاست كۆمه‌ڵدا، چاره‌نووسی ئاخێزهكانی ئه‌م قۆناغه‌ی خستووه‌ته تارماییهوه.
- نه داروده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتدار و نه ته‌نانه‌ت ئۆپۆزیسیۆنه بورژوازیهكانیشیان، هیچكام به‌رنامه و ڕێگا چاره‌یه‌كی ئابووری ڕوونیان بۆ وڵامدانه‌وه به خواست و پێداویستیه سه‌ره‌كیه‌كانی خه‌ڵك نییه. مۆدێله ئابووریه‌كانی هه‌ر دووك لا له ناوه‌رۆكی واقعی خۆیاندا، له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ئێئۆلیبڕالیستی و ڕێنوێنیه‌كانی بانكی جیهانی و سندووقی نێونه‌ته‌وه‌یی پووڵ كه خۆیان هۆكاری ئه‌م قه‌یرانانه‌ن، واوه‌تر نییه.
- ستراتێژی سرووشتی خه‌باتی خه‌ڵكی ناڕازی، ئاشتی خوازانه و مه‌ده‌نیه. ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی سه‌رشه‌قام له په‌نا مانگرتنه گشتیه‌كانه‌وه، شێوازی سه‌ره‌كی ئاخێزهكانیان پێكهێناوه. به‌ڵام ڕژیمه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له هه‌موو شوێنێك له ئاستی جیاوازدا، له به‌رامبه‌ر خواسته‌كانی خه‌ڵكی ناڕازی ده‌ستیان داوه‌ته توندوتیژی. پۆلیس و هێزه ئه‌منیه‌كان، به تاكتیكی جۆراوجۆریانهوه هه‌وڵ ده‌ده‌ن خه‌ڵكی ناڕازی به‌ره‌و به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی پێش وه‌خت پاڵ پێوه‌نێن و له‌م ڕێگه‌وه به‌ر به جه‌ماوه‌ری بوونه‌وه‌ی زیاتری ناڕه‌زایه‌تیه‌كان بگرن. سه‌پاندنی ئه‌م شێوازانه به‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵك له حاڵێكدایه كه هێشتا له‌م ڕووبه‌ڕوو بوونهوانهدا، هاوسه‌نگی هێز به قازانجی خه‌ڵكی ناڕازی نه‌گۆڕاوه، ئه‌مانه له زومره‌ی ئه‌و تاكتیكانه بوون كه كه‌م و زۆر له هه‌موو ئاخێزهكانی ئه‌م دوایانه‌دا ده‌مانبینی.
- وه‌ك تایبه‌تمه‌ندیه‌كی هاوبه‌شی ئاخێزهكانی ئه‌م ده‌وره‌یه پێویسته ئاماژه به ڕۆڵی ئینتێرنێت و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بكرێت. په‌یوه‌ندی له ڕێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ناو ئینتێرنێت، ڕۆڵێكی گرینگی له په‌یوه‌ند دانی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان، ئاگادار كردنی خه‌ڵك له شاره‌كان و ناوچه جۆراوجۆره‌كان له یه‌كتر، ڕاكێشانی سه‌ره‌نج و پشتیوانی جیهانی له خه‌باتی مافخوازانه‌ی خه‌ڵك، هه‌یه. هه‌ربۆیه‌ش بێبه‌ری كردنی خه‌ڵك له ده‌ستڕاگه‌یشتنیان به‌و ئیمكاناته، زۆرجار ده‌بێته ئه‌وله‌ویه‌تی هێزی سه‌ركوتگه‌ر.
ڕاپۆرته‌كه وێڕای وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و پێشهكییانه، لێكدانه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی سه‌باره‌ت به ئاخێزهكانی لۆبنان و عێراق، دوایین گۆڕانكاریه‌كان له سووریه و سه‌رئه‌نجام ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ له ئێران و ده‌رس و ده‌ستكه‌وته‌كانی، ئه‌نجام دا.
درێژه‌ی هه‌یه…