بە ئێعدامی به‌ندكراوێكی دیكه‌ی ناو زیندانی مه‌ركه‌زیی زاهێدان لە ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕێبەندان بە تۆمه‌ته تاوانه‌كانی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر، ژمارەی ئێعدامکراوان لە ماوەی ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ٢٧ و ٢٨ی مانگی ڕێبەندان، گەیشتە ١٤ کەس. بەم ئێعدامانە، ژمارەی ئەو به‌ندكراوانه‌ی کە لە ماوەی کەمتر لە یەک هەفتەدا ئێعدام کراون، گەیشتووه‌ته لانیکەم ٣٥ حاڵەت. سه‌رچاوه ڕەسمییه‌كانی سەر بە قۆوەی قەزائییە، هه‌تا ئێستا سه‌باره‌ت به‌م حوکمانه هه‌واڵێكیان بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه. بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆمەڵەی هەڵسووڕاوانی بواری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ٨١ لەسەد لەو ئێعدامانەی كه لە ساڵی ٢٠١٦ دا كراون، هیچكات بەشێوەی ڕەسمیی ڕانەگەیه‌ندراون.
زۆربەی ئەم ئێعدام کراوانە بە تۆمه‌تی تاوانه‌كانی پێوەندیدار بە قاچاغی ماددەی هۆشبەر، بە ئێعدام مەحکووم کرابوون. ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران پێشتر هۆشداری دابوو کە بە سەره‌نجدان به ئەزموونی هاوشێوەی ساڵانی پێشووی کۆماری ئیسلامیی، ژمارەی ئێعدامەکان لە سه‌روبه‌ندی هەڵبژاردنه‌كاندا هه‌ڵده‌كشێن. ٣ هەفتە له‌مه‌وبه‌ر ناوەندی توێژینەوەی ئەم ڕێكخراوه داکۆکیکاره‌ی مافەکانی مرۆڤ، وێڕای بڵاوکردنەوەی ئاماری ٨٧ حاڵەتی ئێعدام لە مانگی ژانوییەی ئەمساڵدا، خوازیاری سەره‌نجدانی کۆمەڵگه‌ی جیهانی به كێشه‌ی ئێعدامەکان لە ئێران بوو، وە داوای لە هه‌موو دەوڵەتانی جیهانیش کرد کە داخوازیی “ڕاگیرانی ئەحکامی ئێعدام” بخەنە سەرووی ئه‌و داواكارییانه‌ی كه لە کاربەدەستانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ده‌كه‌ن. ڕاپۆرتە ئامارییەکان دەریدەخەن کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی هەروا لە سەرووی لیستی ئەو حکومەتانەوه‌یه کە سزای ئێعدام بەکردەوە دەردێنن.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی هه‌تا ئێستا به هەزاران کەسی بە تاوانی قاچاغ و مامەڵەکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە ئێعدام کردووە و بێ‌وچان ئەم ڕەوتەی درێژە پێداوە. ئەمه لە حاڵیکدایە کە سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات ده‌ستوپێوه‌ندی سەرەکیی کڕین و فرۆشتن و گواستنەوەی ماددەی هۆشبەرن لە ئاستی کەڵاندا. ئەم ڕژیمەش هه‌تا ئێستا جگه له به‌ندكراوانی سیاسیی و عەقیدەتیی، به دەیان هەزار کەسی بە تۆمه‌تی تاوانكاریی لەناو زیندانەکاندا ڕاگرتووە. به سەدان کەس لەم به‌ندكراوانه‌ی بە مەرگ مەحکووم کردووە و لە سلوله‌كانی مەرگ و لە چاوەڕوانیی ئیجرای ئەحکامی ئێعدامدا ڕایگرتوون. هەرچەند کە ڕژیمی ئیسلامیی ئێعدامی ئەم به‌ندكراوانه بە پاساوی فریوکارانەی بردنەسەری ئاستی ئاسایش و ئه‌منییه‌تی کۆمەڵایەتیی و ئیجرای عه‌داڵه‌ت، بەڕێوە دەبات، بەڵام ئێعدام‌کردنی ئەم به‌ندكراوانه لە لایەن ڕژیمەوە، سیاسەتێکی وشیارانه‌یه كه به مه‌به‌ستی نانه‌وه‌ی فه‌زای ترس و وەحشەت لە ناو کۆمەڵگه و چاوترسێنکردنی مرۆڤه تێکۆشەرەکان و هەڵسووڕاوانی سیاسیی، بەرنامەڕێژیی دەکات. شگردی ئێعدام دەبێ لە دەست ئەم ڕژیمە دەربهیندرێت. ئەم ڕژیمە کوشتاری هەزاران به‌ندكراوی سیاسیی لە دەیەی ٦٠، تێرۆری نەیارانی سیاسیی، قەتڵە زنجیرەییەکان، ئەشکەنجە و کوشتاری به‌ندكراوان لە زیندانی کەهریزەک، ئەسیدپاشییه زنجیرەییه‌كان بە سه‌روچاوی ژنانی لە پەروەندەدا هەیە. ئەم ڕژیمە بە تاوانی ئەم جەنایەتە سازماندراوانە کە دژ به خەڵکی ئێران ئەنجامی داون، دەبێ بڕووخێندرێت. ئەم ڕژیمە تەنها بە پەرەسەندنی خەباتی کرێکاریی و جەماوەرییه دەکرێ لە کرداری ڕیکخراو و جەنایەتکارانەی، ناچار بە پاشەکشە بکرێت و بەرەو هەڵدێری نەمان ببرێت. نابێ ڕێگه به‌وه بدرێت کە ئەم ڕژیمە جەنایه‌تکارە بۆ بەلاڕیدابردنی ڕای گشتیی لە سەر ڕیشەی موسیبەتەکانی نێو کۆمەڵگە، سزای ئێعدام وەک ڕێگه‌ی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بشێویی و نابه‌سامانییه کۆمەڵایەتییەکان لەدژی قوربانییانی ئەم نیزامە زاڵمانەیەی سەرمایەداریی، بەکار بێنێت. نابێ ڕێگه بده‌ین کە ئەم ڕژیمە، بە له‌به‌رچاوگرتنی پاساوی ئیجرای عه‌داڵه‌ت، پۆل پۆل به‌ندكراوان بەرێتە پای داری ئێعدام.
ئەگەر بڕیاره عه‌داڵه‌ت ئیجڕا بکرێت، تاوانباری یەکەم خودی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە کە به‌هەزاران ئینسانی لەبەر خاتری بیروباوەڕیان و بەخاتری خەبات بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان لەناو ئه‌م کۆمەڵگه‌یەدا کوشتووە. ئامانج لەم ئێعدامانە نەک ئیجرای عه‌داڵه‌ت، بەڵکوو ناچاركردنی خەڵکە بە ملکەچبوون لە بەرانبەر هێزی دەوڵەتدا. ئەو پاساوانەی کە لەم بوارەدا بۆ سزای ئێعدام ده‌هێندرێته‌وه، له درۆیەکی ئاشکرا واوه‌تر نییه، لەبەر ئەوەیکە یەکەم ئینسانەکان به شێوه‌ی غه‌ریزیی و زاتیی، قاچاغچی ماددەی هۆشبەر، تاوانكار، قاتڵ و جەنایەتکار لەدایک نابن، بەڵکوو ئەوە بارودۆخی ماددیی ژیانی کۆمەڵگه‌یە کە ئەوان بەرەو تاوانكاریی و خراپەکاری پاڵ پێوەدەنێت و دەوڵەت و چینی سەرمایەداری حاکم، بەرپرسی ڕاستەوخۆی داسەپاندنی ئەم بارودۆخە ماددییەن بەسەر ژیانی زۆربەی خەڵکدا. کەسانێک شیاوی سزادرانن کە ئەو بوارە کۆمەڵایەتییانەی كه بوونەتە هۆکاری ئەنجامدانی تاوان و جەنایەتیان بەدیهێناوە. ئەزموونی هه‌موو کۆمەڵگه‌کان و ئەو ئامار و زانیاریانەی كه جێگه‌ی پشت پێبەستنن، پیشانی دەدەن کە لە هیچ کۆمەڵگه‌یه‌کدا، ئەمنییەتی خەڵک لە ڕێگه‌ی ئێعدامەوە زیاتر نەبووە، بەڵکوو بە پێچەوانەكه‌ی، ئه‌وه خۆدی ئێعدامه كه بواری ده‌روونیی هەستی تۆڵەسه‌ندنەوە و تووندوتیژیی بەهێز دەکات.
هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام بە واتای ئەوەیە کە گیانی ئینسان خۆی لە خۆیدا به‌هادار و به‌بایه‌خه و بە هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدامیش، لەپێشدا گیانی ژمارەیەکی زۆر لە ئینسانەکان دەپارێزرێت، لە حاڵێکدا کە ئیجرای ئەم حوکمە، نەك هه‌ر ڕۆڵێکی لە کەمکردنەوەی ڕێژەی جەنایەتدا نییە، بەڵکوو کاتێک كه دەوڵەتەکان له ژێر ناوی ئیجرای سزای ئێعدام دەست دەدەنە کووشتنی ئینسانەکان، لە ڕاستیدا بە داشكاندنی به‌های پاراستنی گیانی ئینسان، ڕێگه بۆ تێکراربوونەوەی كووشتنی ئینسان لە کۆمەڵگه‌شدا خۆش دەکەن.
ئەزمونی خەباتی چەند ساڵی ڕابردوو نیشانیداوە کە وەڕێخستنی ناڕەزایەتیی لە ناوخۆی وڵات و لەسه‌ر ئاستی نێونەتەوەییدا، دەتوانێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ناچار بە پاشەکشە بکات. هه‌ندێ کات گووشاری ناوخۆیی و نێونەتەوەیی ڕژیمی ناچار کردووە کە بە شێوەی کاتیش بووبێت، ئیجرای هێندێک لە حوکمەکانی ئێعدام ڕابگرێت. داسەپاندنی پاشەکشە لەم بوارەدا بەسەر ڕژیمدا، بەستراوەتەوە بە ئاستی بەسیج و ڕێكخستنی هێزی جەماوەرییەوە.