ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی مانگی جۆزەردان، ترامپ سەرۆک کۆماری ئهمریکا چوونە دەرەوەی ئەم وڵاتەی لە پەیماننامهی پاریس ڕاگەیاند. ترامپ لە جەریانی تەبلیغاتی هەڵبژاردنیدا هەڕەشەی کردبوو کە لەم ڕێككهوتن نامهیه دێتەدرێ. ئەو تەنانەت گەرمبوونی زەوی بە ” هەڵبستراو” ناو بردبوو. لە ئیجلاسی سەرانی حەوت وڵاتی پیشەسازیشدا ئەو پێداگری لەسەر هەڵوێستەکانی کردبوو و بەم پێیە ڕاگەیاندنی هاتندەری ئهمریکا لە ڕێككهوتن نامهی پاریس زۆر چاوەڕوان نەکراو نەبوو. ترامپ نەیشاردبۆوە کە بۆ بەکردەوە دەرهێنانی ستڕاتێژی شۆوینیزمی عەزەمەت خوازانەی ” ئامریکای یەکەم” غافڵ نابێت و ئامادەیە کە هەموو ئەو کۆسپانەی کە بوونەتە بەربەست لەبەردەم گەیشتنی بەم ستڕاتێژیە لە سەر ڕێگا لابدات. بهڵێنهکانی بە کۆمپانیا نەوتی و تەسلیحاتییەکان گرنگتر لەوەبوون کە ئەو بە نیگەرانییەوە بیر لە ناوبردنی ژینگە و دانیشتوانەکەی بکاتەوە. ئەو لە پاییزی ساڵی ڕابردووشدا کاتێک کە ٣٠ براوەی خەڵاتی نۆبل و ٣٤٥ ئەندامی ” ئاکادیمی نهتهوهیی زانست” ی ئهمریکا لە نامەیەکی کراوەدا ڕەخنەیان لە دەرچوون لە ڕێككهوتننامەی پاریس گرتبوو، هیچ كاردانهوهیكی نهبوو. لەبیرمان نەچێت کە یەکێک لە یەکەم حوکمە حکومەتییەکان لە ٨ ی مانگی خاکەلێوەدا بوژاندنەوەی پیشەسازی خەڵوزی بەرد و ئاسانکاری دەرهێنانی نەوت و گازی ” شێل” بوو. ئەو لەگەڵ ئەوەیکە ٢ مانگ لەمهوبهر ٢٣ ویلایەت و شارستان لە ئهمریکا ڕایانگەیاند کە لە بەرانبەر حوکمی حکومەتیەکەیدا لە بواری ژینگەدا خۆڕاگری دەکەن، هەروا لەسەر بەرەوپێش بردنی سیاسەتەکانی جەختی کردەوە. بە ڕاگەیاندنی هاتنەدەری ئهمریکا لە ڕێككهوتننامەی ژینگهیی پاریس نرخی نەوتی لە بازاڕی جیهانیدا ٩ لەسەد دابهزی. لەگەڵ ئەوەدا کە وڵاتانی ئەندام و غەیرە ئەندامی ئوپێک نوێکردنەوەی ڕێككهوتنی خۆیان لەسەر بنەمای کەم کردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ٩ مانگی داهاتوودا ڕاگەیاندبوو، بەڵام هەڵوێستی ترامپ ئاسۆی گەشەی بەرهەمهێنانی گازی شێلی نیشان دا. لەم ڕووەوە تەنانەت بەر لە ڕاگەیەنرانی دەرچوونی ئهمریکا له ڕێككهوتننامەی پاریس، گەشەی بەرهەمهێنانی گازی شێل لەم ١٥ حەفتەی دواییدا گەیشتۆتە بانترین ئاست و لە هاوینی ساڵی ٢٠١٥ وە بە ڕێژەی ٩ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا ببوە هۆکارێکی گرنگ لە گوشارە خستنەسەر نرخی نەوت. لهڕاستیدا بە دەرچوونی ئهمریکا لەو ڕێككهوتننامهی قەبارەی بەرهەمهاتنی گازی گوڵخانەیی بە ڕێژەی ٣ میلیاهڕد تۆن لە ساڵدا زیاد دەبێت. دەزانین کە گازە گوڵخانەییەکان دەورێکی بەرچاویان لە زیاد کردنی پلەی گەرمبوونی زەوی، توانەوەی کێوە سەهۆڵەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان و کەوتنە مەترسی نزیک بە ٨٣ وڵاتی دنیا بە هۆی لەنێو چوونی پانتایی سەرزەویەکانیان، هەیە. هەر خێرا دوای ڕاگەیاندنی دەرچوونی ئهمریکا لە ڕێككهوتننامهی پاریس شەپۆلێکی بەرین لە ناڕەزایەتی لە لایەن سەرانی دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی، لە لایەن خەڵکەوە بەڵام بە ئەنگیزەی جیاوازەوە بەدیهات. لە حاڵیکدا کە سەرانی دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی لەم دەرفەتە کەڵکیان وەرگرت و هەوڵیاندا خۆیان وەک قارەمانانی خەبات لەدژی لەنێوچوونی ژینگە نیشانبدەن، لە بەرانبەردا بۆ جەماوەری خەڵک مەسەلەکە مەترسیەک بوو کە لە لایەن ترامپەوە ڕووی تێدەکردن.
سەرانی وڵاتانی ئاڵمان، فڕانسە و ئیتالیا لهڕێگهی بڵاوکردنەوەی بەیانیەیەک داخوازی ترامپیان بۆ گەیشتن بە ” ڕێككهوتننامهیه کە له بهرژهوهندی ئامریکا” بێت، ڕەد کردەوە و ڕایانگەیاند کە ” ڕێككهوتنی ژینگهیی پاریس ئامڕازێکە بۆ مانەوە و سڵامەتی هەسارەی زەوی، کۆمەڵگای بەشەری و ئابووری وڵاتان”. دەوڵەتی چینیش بە دەرکردنی ڕاگەیاندنێک بە داخەوە بوونی خۆی سەبارەت بە دەرچوونی ئهمریکا دەربڕیوە و خوازیاری ” گرنگیدانی زیاتری کۆمەڵگای جیهانی بە کەم کردنەوەی گازە گوڵخانەییەکان” بوو. هاوکات ڕاگەیەندرا کە یەکێتیی ئورووپا و چین، خەریکی وتووێژ کردنن بهئاڕاستهی پێكهێنانی یەکێتیەک بۆ ڕێبەری کردنی خەبات لەدژی گەرمبوونی زەوی. هەموو ئەمانە دەرفەتێکیان بەدیهێنا کە لە مێدیای بۆرژوازیدا، چین و یەکێتیی ئورووپا وەک ڕزگار کەری ژینگە لە بەرانبەر ترامپی ” خەبیس” دا کە خوازیاری نابودی ژینگەیە، وێنا بکرێن. ڕەنگە گونجاو بێت کە چاوێک بە کارنامەی قارەمانەکانی دیفاع لە ژینگەدا بخشێنین. ئورووپا و چین خۆیان لە گەورە ترین بەرهەمهێنەرانی گازە گوڵخانەییەکانن لە حاڵێکدا کە سەهمی ئهمریکا لە بەرهەمهێنانی گازە گوڵخانەییەکاندا، ١٧ لەسەدە و سەهمی چین ٢١ لەسەدە. لە ڕاستیدا چین بە وەک تاوانبار نیشاندانی ئهمریکا خوازیاری ئەوەیە کە دەستە پیسەکانی خۆی پاک بکاتەوە. خانمی مێرکلیش خەریکی هەوڵێکی زۆرە تا لە هەیئەتی ڕێبەریی، ئەم ئۆرکێسترەدا، دەرکەوێت ئەویش لە بارودۆخێکدا کە ئاڵمان لە سێ مانگەی سهرهتای ئەمساڵدا ئەوەندەی گازی گوڵخانەیی بەرهەمهێناوە کە بەپێی ڕێككهوتننامهی پاریس هاوسانە بە سههمیهی ساڵانەی، واتە ٢٢٠ میلیۆن تۆن لە ساڵدا. ڕێككهوتننامهیهك کە خۆی بە لەبەرچاو گرتنی ئامانجی بهرتهسكی تەنانەت بۆتە نیشانەی ڕەخنەی توندی ڕیکخراوەکانی دیفاع لە ژینگە. هەڵبەت نابێ لەبیرمان بچێت کە سەدری ئەعزەمی ئاڵمان خۆی گەورە ترین کۆسپە کە لەسەر ڕێگای دیاری کرانی یاسا و ڕێسای نوێدا بۆ بەرگرتن لە پیسبوونی ژینگە بەهۆی پیشەسازی ماشێن سازیەوە لە یەکێتیی ئورووپاد قەراری گرتووە.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە لەبەرچاو گرتنی ئەم بابەتە گرنگە لە قەتعنامەی پەسند کراوی ئاخرین کۆنگرەی خۆیدا ڕایدەگەیەنێت کە:” ئەو مەترسی و کارەساتانەی کە هەڕەشە لە سروشت و ژینگەی ئینسانەکان دەکات بەرهەمی ناچاریی نیزامی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە. لە بەرانبەر ئەم بارودۆخەدا نە دەوڵەتانی سەرمایەداری حاکم و نە ئەحزابی ڕەنگاو ڕەنگی بۆرژوازی کە لە مەوقعیەتی ئوپوزسیۆندان، هیچ ڕێگا چارەیەکیان بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی ژینگەیی نییە. ئەم دەوڵەتانە و ئەحزابی بۆرژوازی مەسەلەی پیسبوونی ژینگەش وەک باقی گرفتە کۆمەڵایەتییەکان دەکەنە ئامرازێک بۆ دەستەبەر کردنی باڵادەستی لە ڕقابەتە نێونەتەوەییەکاندا و یان مانۆڕدانی سیاسیی و چەنە لێدان لەسەر دەسەڵات لە گۆڕەپانی نێوخۆییدا. ئەمانە بە پێی ماهیەتێکی چینایەتی کە هەیانە، بە جێگای دۆزینەوەی ڕیشەی قەیران، خراپی بەڕێوەبردن، بەرنامە دانان و سیاسەتە نا درووستەکانی دەوڵەت و ئەحزابی ڕەقیب بە هۆکار ئەم بارودۆخە کارەساتبارە دەناسێنن.”
چوونە دەرەوەی ئامریکا لە ڕێككهوتننامهی پاریس ئاستێکی نوێیە لە جەنایاتی ئیمپڕیالیستی لەدژی مرۆڤ و ژینگە. ئەویش لە باردۆخێکدا کە دنیا بە خێرایی بەرەو کارەساتێکی ژینگەیی دەچێت. لەم بارودۆخەدا بەرپرسیاریەتیەکی زۆر گرنگ لە بەردەم كۆمۆنیستەکان، پڕولیتاریای شۆڕشگێڕ و سازمانەکانی داکۆکی کاری ژینگەدایە. لە ناوەندی ئەم بەرپرسیاریەتیەدا درووست کردنی بزوتنەوەیەکی بەهێز بۆ کۆتایی هێنان بە نەزمێک کە بۆ زیاد بوونی قازانجێكی زیاتر، سڵ ناکات لەوەی کە دنیا بەرەو نابوودی و لەنێوچوون بەرێت.