به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به تۆڕی میدیای كۆمه‌ڵه، ڕێژه‌ی گورچیله‌فرۆشی له ئوستانی كرماشان تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبووه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵێكی به‌رچاو له لاوانیش بۆ فرۆشتنی گورچیله‌یه‌كیان سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ به نرخێكی باشتر بیفرۆشن.
به‌وته‌ی هاووڵاتییانی كرماشانی، دار و دیواری شاره‌كان پڕ بووه له ئاگه‌هی فرۆشی گورچیله و قه‌ڕنیه‌ی چاو و هۆكاره‌كه‌شی بۆ خراپی باری ئابووری و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ڕێژه‌ی هه‌ژاری له كۆمه‌ڵگا ده‌گڕێته‌وه. هاووڵاتییه‌كی دیكه له‌و باره‌وه ده‌ڵێت: نه‌بوونی ئه‌منییه‌تی ئابووری زۆرێك له كاسبكارانی مایه‌پووچ كردووه و ناچارن بۆ په‌رداختی قه‌رزه‌كانیان په‌نا بۆ فرۆشتنی گورچیله ببه‌ن، یان زۆرێك له بنه‌ماڵه‌كان نه‌خۆشیان له ماڵه‌وه هه‌یه و ناتوانن هه‌زینه‌كانی ده‌رمانی بۆ دابین بكه‌ن، هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه دایك و باب یان هه‌ردووكیان ناچار ده‌بن یه‌كێك له گورچیله‌یه‌كانیان بفرۆشن.