به‌پێی ڕاپۆرتی ده‌زگای هه‌واڵنێری “ڕۆكنا”، “خێوه‌ت نشینی” و “بێ خانه‌مانی” له نێو كرێ نشینانی ئێران تاڕاده‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كردووه و له ئێستا دا ٨ ملیۆن خانه‌واری بێ سه‌رپه‌نا له ئێران بوونیان هه‌یه.
“به‌یتۆڵڵا سه‌تاریان” ئه‌ندامی ده‌سته‌ی زانیاریی زانكۆی تاران له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا وتی: “له سه‌دا ٧٠ی حه‌قده‌ستی چینی كرێكاری بۆ كرێ خانوو هه‌زینه ده‌كرێت و ئه‌و بابه‌ته كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ژیان و مه‌عیشه‌تی ئه‌و چینه داناوه. هه‌ر به‌و هۆیه‌وه ڕێژه‌ی بێ سه‌رپه‌نایی و حاشیه‌نشینی به نیسبه‌ت ده ساڵی ڕابردوو دوو هێنده زیادی كردووه. به‌وته‌ی ئه‌و مامۆستای زانكۆیه، نرخی ساڵانه‌ی حاشیه‌نشینی له تاران ٤ بۆ ٥ له سه‌ده له حاڵێكدا مامناوه‌ندی ئه‌و كێشه‌یه له ئاستی جیهان دا له ١٪ كه‌متره. ناوبراو هه‌روه‌ها وتی شاری تاران پاش ٢٠ ساڵ دوو هێنده گه‌وره‌تر ده‌بێته‌وه و به‌و ڕێژه‌یه حاشیه‌نشینیش ده‌ڕواته سه‌ره‌وه.