ڕۆژی یهكشهممه ٢٦ی سهرماوهزی ١٤٠٢، “ئیسماعیل کەیکاوس”، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی نەغەدە-مهاباد رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 12 رووداوی هاتووچۆ کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی هاونیشتمانییان، لە رێگە سەرەکییەکانی مهاباد روویانداوە و بهوهۆیهوه ١٩ كهس بوونهته قوربانی.
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆ مهاباد، زیاترین رێژەی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رێگەی سەرەکیی نێوان بۆکان- مهاباد ناسراو به “جادهی بورهان” بووە، بە جۆرێك کە 60٪ی رووداوەکان لەو رێگایهدا روویانداوە. ئەو رووداوە هاتووچۆوانەی کە بوونەتە هۆی برینداربوونی هاونیشتمانییان، 40٪ و ئەوانەی بوونەتە هۆی زیانی زۆری مادی 30٪ زیادیان کردووە. “رەحیم جەهانبەخش”، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ لهو بارهوه ڕایگهیاند: بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ، ئەمساڵ 400 کەس لە سنووری ئەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەکە زیادی کردووە. ههروهها، ئەمساڵ 90 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆی نێو شارەکانی ئەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە و 5 هەزار و 139 کەس بریندار بوون، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 50٪ زیادی کردووە.