دوشنبه, دسامبر 6, 2021
کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

چل ملیۆن هەژار لە ئێران بە ڕەوایەتی کارگێڕانی ڕژیم

حەمید حسێنی، ئەندانی هەیئەتی نوێنەرانی ژووری بازرگانی سەبارەت بە هێرەمی جەمعییەت و دابەشکاریی سەروەت لە ئێران وتی: چوار و سێ دەهۆمی لەسەد لە جەمعییەتی ئێران  واتە نزیکەی ٤ ملیۆن کەس، ژیانێکی زۆر باشیان هەیە. ١٩ لەسەدی ئەم جەمعییەتە لە چینی مامناوەند بەرەو سەرێ و ١٥ لەسەدیان لە چینی مامناوەند بەرەو خوارێن. ناوبراو لەدرێژەدا وتی: نزیک بە ٤٠ ملیۆن کەس لە خەڵک بۆ درێژەی ژیانیان پێویستیان بە یارمەتیی مەعیشەتی و یارانە هەیە. ئەم ئامارانە نیشانی دەدەن کە لە هەر دوو کەس دانیشتووی ئێران زیاتر لە یەک کەس، یان بەواتایەکیتر ٦٠ لەسەدی جەمعییەتی ئێران بۆ گوزەرانی ژیانیان پێویستیان بە یارانە و یارمەتیی حکوومەتی هەیە. بێکاری، گرانی، نەبوونی پشتیوانیی دەوڵەت، هەزینەی لەسەرێی دەرمان و نەخۆشیی کۆرۆنا، ژیانی پتر لە نیوەی جەمعییەتی ئێرانی کردووەتە گوشارێکی قورس و ڕەنجێکی دەروونیی ڕۆژانە. ئەگەرچی ئاماری بڵاوکراوە لە لایەن حکوومەتی ئیسلامی و زۆرێک لە ئامارەکانی دیکەی گرووپەکانی نزیک بە حکوومەت لە ئێران جێگای متمانە نین، بەڵام دەتوانن لانیکەم وێنەیەکی بەنیسبەت ڕوونمان لە هێڵی هەژاری پێ نیشان بدەن. ئەم ئامارە حکوومەتییانە نیشانی دەدەن کە تەنیا نزیک بە چوار ملیۆن کەس لە جەمعییەتی ٨٤ ملیۆنیی ئێران  ژیانێکی باش و خۆشبژێویان هەیە، کە بێگومان بەشی هەرە زۆریان سەرانی ڕژیم، فەرماندە نیزامی و ئەمنییەکان، ڕانتخۆڕان، ئاخوندەکان، ئاغازادەکان، و ئەو بەشە لە دانیشتووانی ئێرانن کە لە کاری بەرهەمهێنان، تەجارەت و بەشی خزمەتگوزاریدا ساحەب و خاوەنکارن و یان میراتێکی گەورەیان پێگەیشتووە. ئەم ئامارە نیشانی دەدات کە بۆشایی چینایەتی لە ئێران تا چ ڕادەیەک قووڵ بووەتەوە. نیشانی دەدات کە نزیکەی نیوەی توێژی مامناوەندی ٣٤ لەسەدی، هەرچی زیاتر لە چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵ نزیکتر بوونەتەوە. هەر ئەم واقعییەتە پێمان دەڵێ کە ئەم فەلاکەتە ئابوورییە ئەوانیشی گرتووەتەوە و توانای کڕینیان سنووردارتر دەبێتەوە. ئەوان دەتوانن بە یەکگرتوویی لەگەڵ کرێکاران و زەحمەتکێشان هێزی مەزنی مرۆیی دژبە ڕژیمی ئسیلامی بکێشنە گۆڕەپانی سیاسیی ئێران. بەپێی ڕاپۆرتی سایتی “شەهرئارا نیووز”ی نزیک بە باڵەکانی حکوومەت، “هێڵی هەژاری بنەماڵەیەکی چوار کەسی گەیشتووەتە ١٠ ملیۆن تمەن و پتر لە نیوەی خەڵکی ئێران لە هەژاریی بێسنووردا دەژین. کرێکاران بۆ درێژەدان بە خوێندنی منداڵەکانیان تەنانەت توانای کڕینی قیستیی مۆبایلیشیان نییە.” لەئێستادا نیگەرانییەکان ئەوەن کە نیوەی کۆمەڵی ئێران، کە لانیکەمی مادەی خۆراکی و پرۆتێئینیان پێناگات، لە داهاتوویەکی نزیکدا ناتوانن درێژە بە خوێندنی منداڵەکانیشیان بدەن. پێشتریش ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە هاوینی ١٣٩٧دا سنووری هەژاریی نزیک بە ٢ ملیۆن و ٧٣٠ هەزار تمەنی بۆ بنەماڵەیەکی چوار کەسی بەراورد کردبوو. ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە تەنانەت بەپێی ڕاپۆرتی بازنەکانی حکومەت، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هێڵی هەژاری ٧ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار تمەن زیادی کردووە. هەر ئەم سایتە لە درێژەدا دەنووسێت: “لە ئەگەری نەدۆزینەوەی هیچ ڕێکارێکی کردەوەیی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، یەقینەن کرێکاران بەهۆی نەبوونی داهاتی پێویست لە درێژەی خوێندنی منداڵانیان ڕێگری دەکەن، چونکە لە ژێر سێبەری هەڵاواردن و نەبوونی هیچ جۆرە پشتیوانییەک لە توێژی کرێکار و زیانهەڵگری کۆمەڵ، زیندوو مانەوە یەکەمین ئەولەوییەتی ئەوان دەبێت و خوێندنی منداڵانیان دەکەوێتە ئەولەوییەتێکی زۆر خوارترەوە”. بە پیێ ڕاپۆرتی ناوەندی ئامار، ڕێژەی تەوەرۆمی نوقتەیی خەرمانانی ١٣٩٩ لەچاو مانگی پێشوو، ٤ واحیدی لەسەدی زیادی کردووە. ڕێژە تەوەرۆمی نوقتەیی گرووپی سەرەکیی “خۆاردەمەنی و نۆشەمەنی و دوخانیات” بە چوونەسەرەوەی ۵/۵ واحیدی لەسەدی بۆ  ۵/۳۱ لەسەد و گرووپی “کاڵای غەیرە خۆراکی و خزمەتگوزارییەکان” بە چوونەسەرەوەی ۳/۳ واحیدی لەسەدی بۆ  ۹/۳۵ لەسەد بەرز بووەتەوە. ئەم ڕاپۆرتە نیشانی دەدەن کە لە هەڵسەنگاندنی قیمەتی کاڵا و خزمەتگوازییەکان لە خەرمانانی ٩٩ لەچاو  خەرمانانی ٩٨، قیمەتی هاتووچۆ  ٨ و ٨ دەهۆمی لەسەد، قیمەتی میوە و ویشکەبار ٥ و ٤٧ سەدومی لەسەد و قیمەتی نان و دانەوێڵە، ٢ و ٤٥ سەدومی لەسەد زیادی کردووە. دەسەڵاتێک کە قەرار بوو گەندەڵی و نایەکسانیی سەردەمی پەهلەوییەکان ڕیشەکێش بکات و بەقەولی خۆیان پشتیوانی موستەزعەفان بن، لەئستادا ئێرانی کردووەتە جەحەنەمێک بۆ خەڵکەکەی و هەژاری و نابەرابەری و نەبوونی ئیمکاناتی پێویست بۆ ژیانێکی ئینسانیی، گشتگیر کردووە. ئاستی ئەم هەژارییە لە ناوچە پەراوێزەکانی وەک کوردستان، بەلووچستان، خووزستان و ئیلام یەکجار لە شوێنەکانی دیکە زیاترە. لە وڵاتێکدا کە ئیمکانات و سەروەتی بەرینی هەیە، داهاتی وڵات دەکرێتە هەزینەی سەرکوت لە ناوخۆ و تیرۆریسم لە دەرەوەی وڵات، پەرەپێدان بە ناوەندی مەزهەبی و ئاخوند، دزیی نجوومیی فەرماندەی نیزامی و ئەمنی و ڕانت خواران. هەربۆیە سەیر نییە کە زۆربەی خەڵکی هەژاری ئێران تووشی کێشەی جۆراوجۆری دەروونی و کێشە کۆمەڵایەتیەکانی وەک ئێعتیاد، توندوتیژی، نەخۆشی و عەسەبییەت بن.

حکومەتی ئیسلامی ئێران کە سەرچاوەی ستەمکاری و چەوساندنەوە و سەرکوت و پێشێلکاری مافی مرۆڤ و هەڵاواردنی نەتەوەیی و هەڵاواردنی سیستەماتیکی دژبە ژنان و سەرکوتکردنی هونەر و کلتووری پێشکەوتنخواز و بڵاوکردنەوەی خورافات و نەزانییە و هەژاری و بێبەشیی کردووەتە بابەتێکی گشتی، شیاوی خەڵکی ئێران نییە و سڕینەوەی لە وێنەی ژیانی کۆمەڵایەتیی ئێران بووەتە پێویستییەکی خێرا.

بابەتی پەیوەندیدار

بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری ده‌نگی ڕه‌سای جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش و مافخواز

rezan

ئه‌منییه‌تی پایه‌دار له‌ گره‌وی ڕزگاریی خه‌ڵكی ئێران له‌ چنگ كۆماری ئیسلامییە ‌

rezan

ده‌ستی ئه‌رازێل و ئه‌وباشی ڕژیم پێویسته‌ له‌ چواچێوه‌ی خسووسیی خه‌ڵك كورت بكرێته‌وه‌

rezan

“منیش به‌قه‌د ئێوه‌ ئینسانم” وته‌یه‌ك به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی كه‌مئه‌ندامان

rezan

جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش و كابووسی دابینكردنی مه‌سكه‌ن له‌ ئێران

rezan

ده‌زگای قه‌زایی ئێران و شایه‌دی ئیجاره‌یی

rezan