کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

 چرا سەوزی کۆماری ئیسلامی بە زل هێزە ڕۆژئاواییەکان

440630 255

 

چەند رۆژ لەوە پێش وتووێژێک لەگەڵ “عەباس عێڕاقچی” بەرپرسی وتووێژەکانی بەرجام لە سەردەمی وەزارەتی “جەواد زەریف”دا بڵاو کرایەوە، ئەو کە ئێستا لە پۆستی ڕاوێژکار دا کاردەکات لە وەزارەتی دەرەوە، ڕوو بە دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی وتی:” دەبێ بەر بە خۆپیشاندانی ستاندنەوەی ڕەوایەتی لە کۆماری ئیسلامی بگیرێت.”

ڕوون و ئاشکرایە کە مەبەستی عێڕاقچی خۆپیشاندان لە نێوخۆی وڵاتدا نەبووە، لەبەر ئەوەی هێزە سەرکوتگەرەکان لە ئێران پێوسیتیان بە ڕێنماییەکانی کەسانی وەک عێڕاقچی نییە و کاری خۆیان باش شارەزان. بەڵام لەوێوە کە پسپۆڕیی عێڕاقچی، پێوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوایە، ئەو خوازیاری بەرگرتن لە خۆپیشاندانەکان دژبە کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بووە. بەڵام چۆن لە وەها بارودۆخێکدا دەکرێت وەها چاوەڕوانیەک تەرح بکرێت؟ ئایا دەربڕینی وەها بۆچونێک ناکرێت گەیاندنی ئەم پەیامە بە ڕۆژئاوا بێت کە کۆمەڵێک لایەن و هێز لە کۆماری ئیسلامیدا هەن نایانەوێ درگای وتووێژ لەگەڵ ڕۆژئاوا بە تەواوەتی دابخرێت؟ لە لایەکی دیکەوە، قسەکانی “ناسر کەنعانی” وتەبێژی وەزاڕەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە کۆنفڕانسی مونیخیش دەبێ لەم ڕاستایەدا هەڵبسەنگێندرێت. کەنعانی وێڕای مەحکوم کردنی بانگهێشت نەکرانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەم کۆنفڕانسە، هیواداری دەربڕی کە لە ساڵی داهاتودا کۆماری ئیسلامی بانگهێشت بکرێت. تەرح کردنی جاروبارەی ئەم چاوداگرتنانە لە ڕۆژئاوا لە پاڵ کردارەکانی پشتی پەردە لە هەردو لاوە سەبارەت بە بوژاندنەوەی بەرجام، کاربەدەستان لەبەرانبەر خستنە لیستی گوروپە تیرۆریستیەکانی سپای پاسداران لە لایەن دەوڵەتانی ئوروپایی، هەوڵدان بۆ دەست پێکردنەوەی پێوەندی لەگەڵ عەرەبستان، پێمان ئەڵێت کە زل هێزە سەرمایەداریەکان بە تایبەت لە ڕۆژئاواش پەیامەکەیان وەرگرتوە و لانیکەم لە کورت ماوەدا بەرنامەیەکیان بۆ وەلانانی حکومەتی ئیسلامی و یان ڕژیم چێنجی جێی سەرنجی خۆیان نییە. ئەوان نایانەوێ ناوچەی قەیران لێدراوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەوڕووی قەیرانێکی جیدی تر بکەنەوە کە کۆنتڕۆڵ کردنی هاسان نەبێت.

ئەگەر ئەم زل هێزانە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باقی شوێنەکانی دیکەی دنیا لەگەڵ حکومەتە تا سەر ئێسقان کۆنەپەرستەکان سازاون، دەلیلێکی نییە لەمڕۆدا دڵیان بۆ دامەزراندنی حاکمیەتێکی دیموکراتیک لە ئێران کە خوازیاری کۆتایی هێنان بە ئیستبدادی دینی و دابین بوونی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئینسانەکان لە ئێرانە، لێبدات. کەوایە زۆر بەجێ نییە کە دوای ئەو هەموو ئاڵوگۆڕانەی لە دنیای دەوروبەردا ڕویانداوە، لەمڕۆدا ڕۆژئاوا بە پشتیوانی حاکمیەتێکی دیموکراتیک ئەویش لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بزانین.

بەڵام هەڵسوکەوتی ئەم دواییانەی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی بۆ گوشار خستەنە سەر کۆماری ئیسلامی لە خزمەت بەکام ئیستراتیژی سیاسی ئەوان دایە؟ یەکەم، ئەوان لە کۆنەوە بەشوێن ئەم ئامانجەوەن کە حکومەتی ئیسلامی مزاحیمەتەکانی لە ناوچەکەدا کەم بکاتەوە، دەست لە زێدەخوازی هەڵگرێت و ببێتە ڕژێمێکی دەستەمۆی هاوتەریب لەگەڵ نەزمی ئیمپڕیالیستی و دووهەم، لەم دەورەی دواییشدا دەیانەوێ ئێران لە بلۆکی چین و ڕوسیە بە گشت ناکۆییەکانیەوە دوور بخەنەوە و ئێران هەروا لە حەوزەی نفوزی بازاڕی ڕۆژئاوادا بمێنێتەوە. ئاشکرایە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە لە بەرانبەر سەرەڕۆییەکانی حکومەتی ئیسلامیدا پێویستە بخرێتە ژێر گوشارەوە.

سزا یەک لەدوای یەکەکان کە گوشاری زیاتر دەخاتە سەر ژیانی خەڵک، ئێقداماتی وەک دەرکردنی لە کۆموسیۆنی مافەکانی ژن، بانگهێشت نەکردنی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنفڕانسی ئەمنیەتی مونیخ، چالاک کردنەوەی ڕاگەیەنەرەکانی ئوپوزسیۆن، بە گشتی سیناریۆی گوشار بۆسەر کۆماری ئیسلامی تاقیب دەکەن. لەبەرانبەردا هەڵبەت کۆماری ئیسلامیش بۆ وەرگرتنی ئیمتیازی زیاتر جار جارە، بەرنامەی هەستەیی خۆی گەورە دەکاتەوە و هێزەکانی سەربە خۆی لە ناوچەکەدا قورمیش دەکات و لەگەڵ ڕوسیە و چینیش دەردەکەوێ.

لە ڕاستیدا ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئێستا بە زاڵ بوونی سیاسەتە ئیمپڕیالیستیەکانی تەحەمول و زەرفیەتی دەوڵەتانی بە ڕاستی دیموکڕاتیک و سیکۆلاری نییە. هەر ئەو سیاسەتەی کە لەگەڵ” بەهاری عەرەبی” دا بەرەو پێشیان دەبرد. بە هاتنە سەرکاری دەوڵەتێکی پێشکەوتو، دیموکڕاتیک نەزمی ئیمپڕیالیستی بۆ تاڵان کردنی سەروەت و سامان لەم ناوچەیەدا تێکدەچێت. لە وەها حاڵەتێکدا تەکلیفی ڕژیمەکانی وەک ئیسرایل و عەرەبستان چی بەسەردێت؟ ئەم نزمە کۆنەپەرستانەیە لە ناوچەکەدا دەبێ بپارێزرێت، لە ئاخرین هەنگاودا هێنانە سەرکاری تالیبان لە ئەفغانستان، تا ڕادیەکی زۆر ئەم ڕاستیە دەسەلمێنێ، لەم ڕوەوە بەرژەوەندی ئیمپڕیالیستی بەم هاسانیانە شیاوی گۆڕان نییە.

مانۆڕی ئوپوزسیۆنی ڕاست بە پاساوی” دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ” بە کردەوە بەشێکە لەم ئیستراتیژیە ئیمپڕیالیستیە. ئیستراتیژیەک کە نەک حاکمیەتی خەڵکی بێبەش و ستەم دیتوی ئێران بەسەر چارەنووسی خۆیدا و دابین بوونی ئازادی و یەکسانی و ڕیفاه و بەختەوەری بۆ بێبەشانی ئەم کۆمەڵگایە، بەڵکو درێژەی دابین بوونی تاڵانوبڕۆی سەروەت و سامانی کۆمەڵ و دابین بوونی بەرژەوەندییە ئیمپڕیالیستیەکان دەبێت کە هەڵبەت ئوپوزسیۆنی ڕاستی پڕۆ ڕۆژئاوایی و لایەنگرانیشیان دەگەیەنێتە نانو نەوایەک. ئەوەی کە تا ئێستا لە کارنامەی ئەم زل هێزانە لە ناوچەکەدا چەسپاوە. لە ڕاستیدا بوون ونەبوونی وەها ئوپوزسیۆنێکیش بەستراوەتەوە بە چلۆنایەتی بەرەوپێش بردنی وەها ئیستراتیژیەک. ئەگەر لەمڕۆدا بە بەرەکەتی ئاخێزێکی شۆڕشگێڕانە لە ئێران، دیانەوێ سواری شەپۆلی نەفرەت و بێزاری گشتی دژبە حاکمیەتی ئیسلامی بن، بەڵام گومانی تێدا نییە کە درێژەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە لە ئێران، بزوتنەوەکە دەکاتە خاوەنی وەها تواناییەک کە نەهێڵیت ئاسودەیی بە خۆیانەوە ببینن.