کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

چاوگێڕانێکی خێرا بەسەر ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٢ دا بەسەر دنیادا هات

312009 255 e1672307138902

لە رۆژەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ ی زاینی نزیک بووینەتەوە. ئەگەربمانەوێخێراچاوێکبەسەردنیادابگێڕینچیدەبینین؟

  ساڵانێک بوو کە کارناسانی واقعبین و بە دیاریکراوی ئەو دانشمەندانەی کە بە کەڵک وەرگرتن لە سۆسیالیزمی زانستی ڕووداو و ڕەوتەکان لێک ئەدەنەوە، بوونی قەیرانێکی پێکهاتەیی لە سیستمی سەرمایەدارییان بە هەڵسەنگاندنی گەلێک فاکتی واقعی بەڵگەمەند کرد. ساڵی ڕابردو ئەم قەیرانە وەها ئاشکرابوو کە کارناسان و ناوەندە گەورە بۆرژواییەکانی وەک سندوقی نێونەتەوەیی دراویش قەبوڵیان کرد. بەڵام ئەوان قەیرانەکەیان نەک سەرچاوەگرتوو لە بنەمای گەنیوی سەرمایە بەڵکو سەرچاوە گرتوو لە سەرهەڵدانی ویروسی کۆڕۆنا و شەڕی ئۆکڕاین لە قەڵەم ئەدا. لە حاڵێکدا کە ئەو دوانە موسیبەتی توندکەرەوە و بەرهەمی قەیرانە کە بوون نەک بەدیهێنەری.

پێناسەی ئەو قەیرانەی کە ئێستا سەرجەم کارناسان دانی پێدا دەنێن بریتیە لە: هەڵاوسانی نێوان ١٠ تا ٢٠ لەسەدی لە وڵاتانی گەشەسەندو وە تەوەڕومی بانترلە ٤٠ تا ٥٠ لەسەدی لە وڵاتانی وەک ئێران. لە ئاکامی ئەم قەیرانەدا بە سەدان ملیۆن لە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش هەژارتر بوون. لەبەر ئەوەی سەرەڕای ئەو خەباتە سەرکەوتوانەی کە بۆ زیادکردنی حەقدەست بەڕێوەیان برد، لە هیچ جێگایەک زیادبوونی حەقدەستەکان لە ئاستێکدا نەبوون کە هەڵاوسانی ڕوو لە زیاد بوون پوچەڵ بکاتەوە. لەم پەیوەندیەدا دەبێ ئاماژە بە گرانی لە ڕادەبەدەری سوتەمەنی و مادەی خۆراکی بکرێت کە بوونە هۆی گرانبوونی زیاتری مەسکەن و باقی کالاکانیش.

لە ناخی ئەم قەیرانەدا شەڕی ئۆکڕاین بە بوار خۆشکردنی ناتۆ و لە سەرویانەوە ئیمپڕیالیزمی ئامریکا و دەستدرێژیکاری حکومەتی ڕوسیە ڕوویدا. ئەم شەڕە گورزێکی گەورەی لە خەڵکی ئۆکڕاین وەشاند و وڵاتێکی وێران و بە ملیۆن کەسیشی توشی ئاوارەیی کرد. جەماوەرێکی ملیۆنیش لە ئاستی دنیادا لە زیاتربوونی گرانیەکانی دروست بوو لە ئاکامی ئەم شەڕە و لە بواری سوتەمەنی و خۆراکەوە، توشی ئازار بوون. کۆماری ئیسلامی بە فرۆشتنی پەهباد و چەکوچۆڵی هەرزان قیمەت بە حکەمەتی ڕوسیە بۆتە بەشداری لەم شەڕەدا.

لە یەکساڵی ڕابردودا قەیرانی ژینگەیی هەروا قوڵتر بۆتەوە و دواهاتە وێرانگەرەکانی سەرجەم بەشەریەتی خستۆتەژێر کاریگەری خۆیەوە.

بەڵام لە بەرانبەر موسیبەتەکانی داسەپاو بەسەر خەڵکدا، جەماوەری کرێکاران و بێبەشان بێدەنگ نەبوون. لە یەکەم رۆژەکانی سەرەتای ساڵدا خەڵکی قەزاقستان لەدژی دووبەرابەر بوونی نرخی سوتەمەنی ڕاپەڕین و کرێكارانی نەوت لە ڕۆژئاوای وڵات پێشئاهەنگی ئەم ئاخێزە بوون. ئەم خەباتە حکومەتی ئەو وڵاتەی ناچار بە پاشەکشە کرد.

خەباتێکی جەماوەری تری ئەم مەیدانە لە ئامریکای لاتین و بە تایبەت لە ئیکوادۆڕ ڕویدا،کە خەباتی جەماوەری سریلانکای لە ئاسیا بە دوادا هات. لەوێش جەماوەر دژبە گرانی، نیئۆلیبڕالیزمی هاری ئابووری، گەندەڵی بەرینی حکومەتی هاتنە مەیدان، کابینەیان لێ هەڵوەشاند و سەرۆکۆمار و چەند وەزیری گەندەڵیان لە وڵات کردە دەرەوە.

خەباتی جەماوەری لە چەند وڵاتای عەرەبی وەک عێراق، لوبنان و ئۆردون و گرنگتر لەوانە شۆڕشی ئێران لە زومڕەی بەرچاوترین ئاڵوگۆڕەکانی ساڵی ڕابردو بوون.

یەکێک لە یەکەمین و گەورە ترین مانگرتن و ناڕەزایەتیەکان لە لایەن ٢٠٠ ملیۆن کرێکارەوە لە هێند و لە رۆژەکانی ٢٨ و ٢٩ ی مانگی مارس ی ٢٠٢٢ بەڕێوە چوو. کرێکاران خوازیاری زیادبوونی حەقدەست، بیمەی باشتر و ڕاگرتنی خوسوسی سازی بوون. یەکێتیەکان بە هەڵسەنگاندنی ئامارەکان سەلماندیان کە لە کۆی سەروەتی بەرهەمهاتوو لە هێندوستان ٧٠ لەسەدی چۆتە گیرفانی کەمینەیەکەوە و تەنیا ٣٠ لەسەدی دراوە بە کرێکاران. مانگرتنی گرنگ و شیاوی ئاماژەی تر لە ئاسیا دەست لە کار کێشانەوەی دەیان هەزار کرێکاری کەشتی سازی لە کورەی باشور بوو. لە نێو داخوازیەکانیاندا دەکرێ ئاماژە بە داخوازی ٣٠ لەسەدی زیاد بوونی حەقدەستەکانیان بکرێت. یەکێتی کرێکاران لە ماوەی وتوێژ بۆ زیاد کرانی حەقدەستەکاندا ئەو داواکاریەیان بۆ ١٥ لەسەد داشکاند.

لە ئامریکا لە ئاکامی چەند ئاکسیۆندا، حەقدەستەکان لە هێندێک حاڵەتدا تا ٧ لەسەد بەرز کرانەوە. بەڵام تەوەڕوم و هەڵاوسانی ١٠ لەسەدی ئەم زیاد بوونەی پوچەڵ کردەوە. لەنێو ئەو حەرەکەتانەدا کە کاریگەریان هەبووە دەکرێ ئاماژە بە مانگرتنی کرێکارانی ڕێگای ئاسنی ئامریکا بکرێت. مانگرتنی بەهێزی ئەم کرێکارانە پێی کابینەی بایدنی بە قازانجی خاوەنکاران بە شێوەیەکی ئاشکرا کێشایە مەیدان، ئەم کابینەیە لەمەجلیسی نوێنەران یاسایەکیان پەسند کرد کە مانگرتنی کرێکارانی بە نایاسایی ڕاگەیاند. بەم جۆرە ئەفسانەی بێ ناوەرۆکی بێ لایەنی دەوڵەتەکان لە کێشمەکێشی نێوان کرێکاران و خاوەنکاراندا جارێکی تر لەقاودرا. ئەوەی کە سەبارەت بە خەباتی جیهانی چینی کرێکار ئاماژەی پێکرا، لە ڕاستیدا مشتێک بوو لە خەروارێک و چینی کرێکار لە ئوروپا و لە زۆربەی وڵاتانی دنیا لەم ساڵەشدا سەنگەری خەبات لەدژی دەوڵەتەکان و سەرمایەدارانی چەوسێنەریان چۆڵ نەکەرد.

بەڵام ئەو خەباتە جەماوەری و کرێکاریەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێدرا بوونەتە هۆی ئالوگۆڕی جۆراوجۆری سیاسی. لە هێندێک لە وڵاتانی ئوروپایی ئەحزابی دەستە ڕاستی توندڕەو لە دەسەڵات نزیک بوونەوە و لە ئامریکای لاتین، لە شیلی، کۆلۆمبیا و برازیل باڵی چەپی بۆرژوازی دەسەڵاتیان بەدەستەوەگرت.

  لەبەرانبەر وەها بارودۆخێکدا ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگر بوونی هەیە کە ئەویش ئەوەیە سۆسیالیزم تەنیا هیوای ڕزگار بوونی بەشەریەتە لە گشت ئەو موسیبەتانەی کە نیزامی سەرمایەداری بەسەر دنیایدا سەپاندوە.