شانۆی هەڵبژاردنی ڕژیم کە بە هەراو هوریایەکی زۆرەوە بەڕێوەچوو کۆتایی هات. دیاری کردنی ڕووحانیی وەک سەرۆک کۆمار بۆ ٤ ساڵی داهاتوو نیشانیدا کە دوای ئەم شانۆی هەڵبژرادنەش، دەرگاکە هەر لەسەر هەمان گرێژەنەی پێشو دەسوڕێ و خەڵک نابێ چاوەڕوانی شتێکی لەوە زیاتریان لە ڕووحانیی هەبێت کە لە ٤ ساڵی ڕابردوودا بینیویانە. لە پێوەند لەگەڵ هاوسەنگی هێزی نێوان باڵە حکومەتییەکانیش، ئەوەی کە گویا بە شکستی ئیبڕاهیم ڕەئیسی و بوونەوە بە سەرۆک کۆماریی حەسەن ڕووحانیی هاوسنگیەکە بە قازانجی باڵی ” میانەڕەوەکان”، گۆڕاوە، فریوکاریەک نهبێ شتێكی دیكه نییه. باڵی ناسراو بە ” بنهماخوازهكان”، بە ئانقەست کەسانی لاواز و بەد ناوی خۆیان کاندید کردبوو، تا خەڵک جیاوازی نێوان ” خراپ و خراپتر” بە ڕوونی ببینن. ئەوان ئەم مۆرانەیان هێنابووە مەیدان تا سەرنەکەون و بە شکست هێنانی ئەوان لای خەڵکانێک کە کەوتونەتە داوی ئەم فریوکاریەوە، گومانی ” سەرکەوتوو بوون” درووست بکەن.هاوسەنگی واقعی لە دوای ئەم هەڵبژاردنەش لەسەر جێگای خۆی دەمێنێتەوە. لەبەر ئەوەی لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا، ڕۆڵی سەرۆک کۆمار نە لە دیاری کردنی سیاسەتی کەڵانی ئابووریدا، نە لە فەرماندەهی هێزە چەکدارەکاندا، نە لە سیاسەتیی دەرەوە، نە لە بواری ئهمنی دا، لە هیچکامیاندا کە ئهمانه پایەکانی سهرهكیی دەسەڵاتیی ڕاستەقینەن، شتێک نییە بێجگە لە دابین کردنی تەدارۆکات بۆ ئەم ناوەندانە. ئەمە قسەی محەممەد خاتەمییە کە دوای ٨ ساڵ ئەزمونی سەرۆک کۆماری، ئیعتیڕافی پێکردووە. بەم حیسابە چۆن دەکرێت باسی شکستی باڵی ناسراو بە ” بنەما خوازەکان” بکرێت؟ ستڕاتێژی ڕووحانیی و باڵەکەی بۆ زەمانەت کردنی مانەوەی ڕژیمی ئیسلامیی، بەکردەوە لەژێر گوشاری باڵێکدا کە دەسەڵاتی بەسەر ئەم ناوەندانەدا دەشکێت، توانایی خۆ دەرخستنی نییە.
ئەگەر بۆ نمونە قەرار بێت دهرگاکانی ئابووری ئێران بە ڕووی سەرمایەداری جیهانیدا بکرێتەوە، ئەگەر قەرار بێت پێوەندی لەگەڵ ئهمریکا ئاسایی بێتەوە، ئەگەر قەرار بێت کە دەور و نەخشی کۆماری ئیسلامی لە کانونەکانی قەیرانی ناوچەی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست هاوسەنگ بێت، لە هیچکام لەم بابەتانەدا، سەرۆک کۆمار بە کردەوە کارێکی بە دەست نییە. سیاسەتە کەڵلانەکان لەم بوارانەدا لە ” ژووری فکری” ڕێبەریی سپای پاسداراندا دیاری دەکرێت و لە زمان وەلی فەقییەوە ڕادەگەیەندرێت. له بورای کرانەوەی دەرگاکانی ئابووری ئێران بە ڕووی سەرمایەی خاریجیدا، لە حاڵێکدا کە دەسەڵاتی سەرەکیی ئابووریی ئێران لە دەست سپای پاسداران و ئۆرگانەکانی هاوتەریبی دەوڵەت دایە، ئەو ئۆرگانانەی کە وڵام دەرەوەی دەوڵەت نین، بەبێ بەشداری و ڕەزایەتیی ئەم ناوەندانە، بە کردەوە ناکڕێت دەست بۆ هیچ کاڕیت ببردرێت. قسە لەسەر ئەوە نییە کە چ ڕێژهیهك لە خەڵکی ئێران لەم شانۆی گاڵتەجاڕەدا بەشداریان کردووە، حەتمەن ناشبێت کەمترین بایهخ بۆ ئەو ئامارە درووست کراو و داتاشراوانەی کە ڕاگەیەنەرە ڕۆژئاواییەکانیش بەردەوام بڵاویان دەکەنەوە دابنێین. بەڵام ئهم ڕێژهیه هەرچەندێک بێت، بانگەواز کارانی بایکۆتی ئەم شانۆی هەڵبژاردنە لە ئێستاوە بە حیسابی هەمان ئەو بە میلیۆن دەنگە ئاگاهانەی کە نەخرانە نێو سندووقی پڕ لە تهزویر و درۆوە، سەرکەوتنێکی گەورەیان بە ناوی خۆیانەوە تۆمار کرد. ئەم جەمعیەتە بەرینە وشیار و پێشڕەوە، کە بێ گومان بهردهوام ڕوو له زیاد بوونن، دەبنە سەرمایەی ئاڵوگۆڕەکان لە داهاتووی کۆمەڵگای ئێراندا.
ئیدیعایەکی فریوکارانە، کە تێکرار دەبێتەوە، ئەوەیە کە گۆیا بە بەڕێوەبردنی ئەم شانۆگەریە، ڕژیمی ئیسلامیی مەشروعییەتی بۆخۆی دەستەبەر کردووە. لە کۆمەڵگایەکدا کە ئازادی ئەحزاب، ئازادی پێکهێنانی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان، ئازادی مانگرتن و خۆپیشاندان، ئازادی بیروبۆچوون، تەنانەت ئازادی جل و بەرگ پۆشینیش نییە، چلۆن دەکرێ باس لە ئازادی هەڵبژاردن بکرێت؟ هەر لە فیلتێرەکانەوە چوونە نێو پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە بیگرە، کە تەنانەت ژمارەیەک لە کەسانی سەربە ڕژیمیش ناتوان بەژێر تیغەکەیدا تێپەڕن، تا توند کردنەوەی فەزای ئەمنییەتی کۆمەڵگە، تا زیاد بوونی گرتنی هەڵسوڕاوانی سیاسیی و کۆمەڵایەتی، تا گوشار خستنە سەر هەڵسوڕاوانی کرێکاری، تا پەرەدان بە هەژاری و بێکاریی، تا ٥٠ میلیۆن خەڵکێک کە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، تا بێ ئاسۆیی بە میلیۆن لاوی خوێندەواری زانکۆیی، بە گشتی نیشانەی نا ڕەوا بوونی ڕژیمێکن کە بە زۆر و فریو بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتە حکومەت دەکات. لە ئاوا سیستمێکدا کەسێک کە لە سندووقەکانی دەنگدان سەر دەردێنێ، ناتوانێ هێمای مەشروعییەت بێت. ڕووحانیی یهكێك لهو کەسانەیە کە لە ماوەی ٣٨ ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵگای ئێرانیان لە باری ئابووریەوە دواکەوتوو وە گیرۆدەی گەندەڵی، لە باری سیاسیەوە نا سەقامگیر و ئیستبداد زەدە، لە باری کۆمەڵایەتییەوە وێڕان کراو، داوەتە دەست داهاتوو. لەسەر بنەمای کام مەنتیق وەها ڕژمێک بە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی فەرمایشی، دەتوانێ مەشروعییەت بە دەست بێنێ و لەم ڕگایەوە خۆی لە لێک هەڵوەشانی سەرچاوە گرتوو لە ناڕەزایەتیی سبەی ڕۆژی هەژاران بپارێزێ؟ لەسەر بنەمای کام مەنتیق وەها ڕژیمێک دەتوانێ لە ژنانێک کە بە ڕەسمی و یاسایی وەک ئینسانی پلە دووی ئەم کۆمەڵگایە حیسابیان بۆ کراوە، ڕەوابوون وەربگرێت و لە بەرانبەر تووڕهیی و نەفرەتیاندا هەست بە ئاسودەیی و ئەمنییەت بکات؟ لەسەر بنەمای کام لۆژیک لاوانی بێکار و سوکایەتی پێکراو دەتوانن دەست لە دژایەتی کردنی ئەم ڕژیمە هەڵگرن، و لەسەر ئەساسی کام مەنتیق کرێکارانی چەوساوە دەتوانن بە بارودۆخی ژیانیان لە ژێر حاکمییەتی ئەم ڕژیمە ڕازی بن و وەها ڕژیمێک بە وەها بەناو هەڵبژاردنێک بە هی خۆیان بزانن؟
کۆماری ئیسلامیی، بە گشت باڵەکانییەوە، بە بەڕێوەبردنی ئەم شانۆیەش، هەروا لەسەر بۆڕکانێک لە ناڕەزایەتی زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە رۆنیشتوە و ئاڵوگۆڕی بنچینەیی و مێژوو سازی سەرچاوە گرتوو لە تووڕهییهك كه بووبێت بە وشیاری و ڕێکخستن، لە ڕێ دایە