ڕێوڕه‌سمه‌كانی ڕۆژی جیهانیی كرێكار سه‌ره‌ڕای به‌ربه‌سته‌كانی په‌تای كۆرۆنا، له وڵاتانی جۆراوجۆر به‌شێوه‌یه‌كی شكۆدار به‌ڕێوه‌چوون. ئه‌م ڕێوڕه‌سمانه یه‌كجار به‌رین و به‌ربڵاو بوون به‌ڵام لێره‌دا ته‌نیا ئاماژه به چه‌ند خۆپیشاندانێك ده‌كه‌ین. خۆپیشانده‌ران له ئه‌یاله‌تی شیكاگۆ، شوێنی له‌دایك بوونی ڕۆژی كرێكار، به درووشمی “بژی ڕۆژی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی” هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و هه‌روه‌ك خۆپیشانده‌ران له باقی شاره‌كانی ئه‌مریكا، خوازیاری هاتنه‌خواره‌وه‌ی ئاستی نابه‌رابه‌ریی ماڵی، زه‌مانه‌ت كردنی ئه‌منییه‌تی پیشه‌یی، دابین كردنی بیمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌تایبه‌ت بیمه‌ی بێكاری، یارمه‌تیدانی كاریگه‌ری ده‌وڵه‌ت بۆ دابین كردنی ده‌رمانی هاووڵاتییان، خێرایی به‌خشین به واكسیناسیۆنی دژه‌كۆرۆنا، به‌ڕه‌سمی ناسینی مافی كرێكارانی كۆچبه‌ر و ڕووخاندنی دیواری ترامپ له سنووری مێكزیك، ڕاگرتنی توندوتیژیی پۆلیس و خه‌بات له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زپه‌رستی بوون.
له بێرلین پێته‌ختی ئاڵمان، ٣٠٠ هه‌زار هاووڵاتیی تووڕه و ناڕازی دژبه نابه‌رابه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و به وتنه‌وه‌ی درووشم دژبه ڕه‌گه‌زپه‌رستان و فاشیسته‌كان هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و هێرشی هێزه‌كانی پۆلیسیان بۆسه‌ر ڕیزه‌كانی خۆیان پووچه‌ڵ كرده‌وه. ده‌وڵه‌تی بورژوازیی ئاڵمان ٥ هه‌زار و ٦٠٠ پۆلیسی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران هێنایه مه‌یدان. ئه‌وان به‌ده‌رفه‌تیان زانی و ٣٥٤ خۆپیشانده‌ریان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد. له شاره‌كانی دیكه‌ی ئاڵمان له‌وانه “هامبورگ”، “كۆڵن” و “لایپزیك”یش ڕێپێوان و خۆپیشاندانی هاوشێوه به‌ڕێوه‌چوو.
له وڵاتی فه‌ڕانسه ده‌یان هه‌زار كه‌س له ٣٠٠ شار به خواستی جۆراوجۆر له‌وانه ڕاگرتنی گۆڕینی یاساكانی پێوه‌ندیدار به بێكاری به‌قازانجی خاوهنكاران، هاتنه مه‌یدان. درووشمی سه‌ره‌كیی هه‌مووان “بژی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی” بوو.
له له‌نده‌ن خۆپیشانده‌ران به درووشمی “گه‌ڵاڵه‌كه وه‌ربگره‌وه!” ئێراده‌ی خۆیان له‌پێناو پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی كابینه‌ی “جانسۆن” بۆ په‌سندكردنی گه‌ڵاڵه‌یه‌ك به‌قازانجی پۆلیس، سه‌رله‌نوێ نیشان دا.
له برێزیل خۆپیشانده‌ران دژبه سه‌رۆك كۆمار و كابینه‌كه‌ی به‌خاتری شێوازی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ویرووسی كۆرۆنا درووشمیان وته‌وه.
له ئێستانبوڵی توركییه، خۆپیشانده‌ران دژبه دیكتاتۆریی ئیسلامیی ئه‌ردۆغان درووشمیان وته‌وه و بۆ دیفاع له خۆیان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پۆلیس تێكهه‌ڵچوون.
ژماره‌یه‌كی به‌رین له كرێكاران و خه‌ڵكی ئازادیخواز و به‌رابه‌ری ته‌ڵه‌بی شاره جۆراوجۆره‌كانی ئێران له‌وانه تاران، ئه‌هواز، نیشابوور، ته‌ورێز، قه‌زوین و ساری، ڕۆژی شه‌ممه ١١ی مانگی گوڵان به بۆنه‌ی هاتنی ڕۆژی جیهانیی كرێكار، كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییان به‌ڕێوه‌برد. ناڕازییان له ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ڕێپێوان و كۆبوونه‌وه له شاره‌كانی شوێنی نیشته‌جێ بوونیان و هه‌روه‌ها به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی پلاكارد به ناوه‌رۆكی وه‌ك “پیرۆز بێت ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ڕۆژی جیهانی كرێكار” و بڵاوكردنه‌وه‌ی شیرینی و وتنه‌وه‌ی سروودی شۆڕشگێڕانه ڕێزیان له‌م ڕۆژه گرت. پێویسته بوترێ كه له جه‌ره‌یانی ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌دا لانیكه‌م ٣٠ كه‌س له‌و ناڕازییانه‌ی كه له‌به‌رامبه‌ر وه‌زاره‌تی كار ده‌ستیان دابووه كۆبوونه‌وه، ده‌ستبه‌سه‌ر كران. ده‌ستبه‌سه‌ركراوان كاتژمێر ١١ی شه‌وی ڕۆژی شه‌ممه پاش لێپرسینه‌وه ئازاد كران. جێگه‌ی ئاماژه‌یه به‌م ده‌ستبه‌سه‌ركراوانه وتراوه كه له ماوه‌ی حه‌فته‌ی داهاتوودا په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ده‌گرنه‌وه و له‌وانه‌یه دووباره بانگیان بكه‌نه‌وه.
به پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، ڕۆژی شه‌ممه ١١ی مانگی گوڵان ژماره‌یه‌ك له هه‌ڵسووڕاوانی شاره جۆراوجۆره‌كانی كوردستان بۆ چه‌ندمین جار له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕێزیان له هاتنی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ڕۆژی جیهانیی كرێكار گرت. له شاری مه‌ریوان ڕێوڕه‌سمی ئه‌وڵی مانگی مه‌ی، له پاركی شانۆ له لایه‌ن ناوه‌نده كرێكارییه‌كان، ئه‌نجومه‌نی پیشه‌یی كرێكارانی بیناسازی، ئه‌نجومه‌نی خانه‌نشینكراوانی ته‌ئمینی ئیجتماعی، سه‌ندیكای خه‌بازان، ئه‌نجومه‌نی پیشه‌یی موعه‌لیمان و ناوه‌ندی مه‌ده‌نیی دیفاع له منداڵانی كار و سه‌رشه‌قام، به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌م ڕێوڕه‌سمه به خوێندنه‌وه‌ی بڕیارنامه‌یه‌ك له لایه‌ن “ئارمان شوكری” له ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پیشه‌یی كرێكارانی بیناسازی و هه‌ڵسووڕاوی كرێكاری ده‌ستیپێكرد و به بڵاوكردنه‌وه‌ی شیرینی و چه‌پڵه‌ی به‌شداربووان كۆتایی پێهات. له شاری سنه، ڕێوڕه‌سمێك له شاره‌كی سه‌نعه‌تیی ژماره ٢ی سنه به‌ڕێوه‌چوو. له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا ڕۆژژمێری كرێكاری كه له لایه‌ن هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاریی ئه‌مشاره‌وه ئاماده كرابوو له‌ناو كرێكاراندا بڵاوكرایه‌وه. هه‌روه‌ها له ڕێوڕه‌سمێكی دیكه‌دا، ژماره‌یه‌ك له چالاكانی ئه‌مشاره له ڕێگه‌ی به‌ده‌سته‌وه گرتنی چه‌ندین پلاكارد، ده‌ستیان دایه ڕێپێوان. پێویسته بوتری كه له گه‌ڕه‌كه‌كانی “عه‌باس ئاوا”، “نه‌بوه‌ت” و “فه‌ره‌جه”ش ڕێوڕه‌سمی ڕۆژی جیهانیی كرێكار به‌ڕێوه‌چوو. شایانی باسه، گه‌لێك ڕێوڕه‌سمی هاوشێوه‌ش له شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان له‌وانه بانه، سه‌قز، كامیاران، سه‌وڵاوا، بۆكان، كرماشان، دیوانده‌ره و دێگولان به‌ڕێوه‌چوون.
ڕۆژی جیهانیی كرێكاری ئه‌مساڵ له جه‌رگه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی جۆری نوێی ویرووسی كۆرۆنا و بێكاریی به‌رین و هه‌ژاریی بێ‌سنووردا هات. له مه‌ودای نێوان دوو ڕۆژی جیهانیی كرێكار له ساڵی ٢٠٢٠ تا ٢٠٢١، زه‌حمه‌تكێشان و خه‌ڵكی ئازاده، گه‌لێك خه‌باتی به‌رینیان به‌ره‌وپێش برد كه بۆ نموونه یه‌كیان خه‌باتی ٢٦ میلۆن هاوڵاتیی ناڕازی دژبه ڕه‌گه‌زپه‌رستی، نه‌هامه‌تییه‌كانی سه‌رچاوه‌گرتوو له نیزامی سه‌رمایه‌داری، توندوتیژیی پۆلیس و كوژرانی جۆرج فلۆید، له هه‌زار شاری ئه‌مریكا و شاره گه‌وره‌كانی جیهان بوو. ئه‌م خه‌باته و قووڵ بوونه‌وه‌ی قه‌یرانی سه‌رمایه، بوو به هۆی ئه‌وه‌یكه بورژوازی به‌تایبه‌ت بورژوازی ئه‌مریكا و كابینه‌ی “جۆو بایدێن” پێداچوونه‌وه به‌سه‌ر سیاسه‌ته ئابوورییه‌كانیان له‌وانه سیاسه‌تی ڕیازه‌ت كێشیی ئابووری بكه‌ن و باشتر كردنی باروودۆخی بژێو و ده‌رمان و فێركردنی بنه‌ماڵه كرێكارییه‌كان بخه‌نه ئه‌وله‌وییه‌ته‌وه.
له‌م باروودۆخه‌دا له هێندووستان، لۆبنان و عێراق خه‌باتی دیمۆكراتیك به‌رده‌وام له جه‌ره‌یان دا بووه و هه‌یه كه دژبه نێئۆلیبرالیسم، تایفه‌گه‌ری، ناكارامه‌یی به‌رامبه‌ر به كۆرۆنا و گه‌نده‌ڵیی ناو ده‌سه‌ڵاته‌كانه.
لە ئێران کرێکارانی پەیمانیی نەوت، گاز، پێترۆشیمی و کرێکارانی هەفت تەپە، موعەلیمان، پەرستاران و خانەنشینکراوان بە پشت بەستن بە یەکگرتوویی، ڕێبەریی بەئەزموون و شێوەکاری شۆرایی، دژبە سیاسەتی کۆرۆنایی ڕژیم، خسووسی سازی، کۆمپانییە سووپێر ئەنگەلەکانی پەیمانکاری و دابین کردنی هێزی كار، گرێبەستی کاتی و حەجمی، حەقدەستی ٥ بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری، دەستیان دایە خەبات. ئەوان لێبڕاوانە خوازیاری بێدەسەڵات کردنی دزان و گەندەڵان لە بواری تەندرووستی، واکسیناسیۆنی بەخۆڕایی و سەرتاسەری و بەهەزینەی دەوڵەت، هەڵوەشاندنەوەی خسووسی سازی، نەمانی شیرکەتە پەیمانکارییەکان، لانیکەم حەقدەستی مانگانەی ١٢ ملیۆن تمەن و گۆڕینی گرێبەستی کاتی بە دایمی بوون.
به‌له‌به‌رچاوگرتنی قه‌یرانی سیاسی و ئابووریی قووڵ له وڵاتانی سه‌رمایه‌داری و به‌تایبه‌ت ئێران و به‌سه‌ره‌نجدان به‌م خه‌باته به‌رده‌وامه، ده‌كرێ هیوادار بین كه چینی كرێكار له ساڵی داهاتوودا و له‌و نه‌به‌رده چینایه‌تییانه‌ی كه به‌ڕێوه‌ن، ڕۆڵی ڕزگاریبه‌خشی خۆی كاریگه‌رتر بنوێنێ.