چالاكانی كرێكاری، “عوسمان ئیسماعیلی” و “مه‌حموود ساڵحی” و “نه‌رگس محه‌ممه‌د” له چالاكانی مافی مرۆڤ، هه‌روا ده‌ستبه‌سه‌رن. به‌رپرسی لقی سێی دادسه‌رای شاری سه‌قز، ئه‌م دوو چالاكه بوێره‌ی به تۆمه‌تی ته‌بلیغ دژبه نیزام، به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمی ڕۆژی جیهانیی كرێكار و بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه و گرته ویدیۆی پێوه‌ندیدار به‌م ڕۆژه له‌ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ده‌ستبه‌سه‌ر كرد. ئه‌وان وێڕای به‌ڕه‌وا زانینی چالاكییه‌كانیان، له مافه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی چینی كرێكار دیفاعیان كرد و ڕایانگه‌یاند كه هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی چینی كرێكار دژبه‌و زوڵمانه‌ی كه له ئاستی كۆمه‌ڵگادا لێیان ده‌كرێ، مافی بێ ئه‌ملا و ئه‌ولای كرێكارانه. سه‌ره‌نجام به‌رپرسی ئه‌م لقه، بۆ ناوبراوان قه‌راری وه‌سیقه‌ی ٤٠ ملیۆن تمه‌نی ده‌ركرد، به‌ڵام ئه‌وان ڕایانگه‌یاند كه: “ئێمه نه تۆمه‌تبارین و نه تاوانبار، تا به دانانی وه‌سیقه ئازادمان بكه‌ن”. به‌مجۆره قه‌راری وه‌سیقه‌ی ده‌ركراویان قه‌بووڵ نه‌كرد و بۆ زیندانی ناوه‌نده‌یی شاری سه‌قز ڕاگوێزران.
لقی دادگای كه‌یفه‌ریی ناوه‌ندی قه‌زایی قۆدسی تاران، “نه‌رگس محه‌ممه‌دی” وته‌بێژی ناوه‌ندی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤی له بابه‌تی پهروهندهسازییهك كه له ده‌ورانی زینداندا بۆیان كردووه، ناوبراوی به ٣٠ مانگ حه‌بسی ته‌عزیری، ٨٠ زه‌ربه شهلـلاق و دانی دوو جار سزای نه‌خدی مه‌حكووم كردووه. ئه‌م چالاكه ناسراوه‌ی مافی مرۆڤ له وتووێژێكدا سه‌باره‌ت به حوكمه‌كانی وتی:
“له‌م په‌روه‌نده‌یه‌دا جێگای سكاڵاكه‌ر و تۆمه‌تبار گۆڕدراوه و هه‌ر حوكمێك كه بیانهه‌وێ دایسه‌پێنن، من سه‌رپێچیی لێده‌كه‌م و ڕێگه ناده‌م شهلـلاقم لێ بده‌ن. ئه‌گه‌ر به‌رگی خۆناساندن به زیندانیشم بۆ ده‌ربكه‌ن، ناڕۆمه زیندان”.
نه‌رگس محه‌ممه‌دی له وتووێژێكی دیكه‌دا ته‌ئكیدی كرد كه: “ده‌نگی نوێی ده‌زگای قه‌زایی به‌خاتری هه‌وڵه‌كانی منه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئێعدام له ئێران، به‌ڵام من ئه‌م خه‌باته درێژه پێده‌ده‌م”.
ده‌ستبه‌سه‌ركردنی عه‌سمان ئیسماعیلی و مه‌حموود ساڵحی و نه‌رگس محه‌ممه‌دی له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تیی به‌رینی كرێكارانی وشیار و چالاكانی مه‌ده‌نی ڕێكخراو و ناوه‌نده كرێكارییه‌كانی جیهان به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه. له یه‌كه‌مین هه‌نگاودا سه‌دان كه‌س له چالاكانی كرێكاری و خه‌باتكارانی ناسراوی بواره جۆراوجۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به ناو و واژۆی خۆیانه‌وه، ده‌ستبه‌جێ بۆ مه‌حكووم كردنی ده‌ستبه‌سه‌ركرانی مه‌حموود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلی به‌یانییه‌یان ده‌كرد. دوابه‌دوای ئه‌وان به‌رپرسانی یه‌كیه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌نعه‌تی خۆراك و هۆتێله‌كان (ئێی یوو ئێف)، ٢١ی مه‌ی له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا و به نوێنه‌رایه‌تیی ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار ئه‌ندامی خۆی، داوای له كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی كرد كه ده‌ستبه‌جێ مه‌حموود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلی ئازاد بكه‌ن. ئه‌وان له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی خۆیاندا نووسییان:
“به پێی زانیارییه‌كانی ئێمه، ئه‌م دوو كه‌سه به بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاریی پێوه‌ندیدار به جێژنی یه‌كی مه‌ی تۆمه‌تبار كراون، واته ڕۆژێك كه پتر له یه‌ك سه‌ده‌یه له‌لایه‌ن كرێكارانی سه‌رتاسه‌ری جیهانه‌وه ده‌كرێته جێژن. بۆ ساڵیانێكی زۆر، مه‌حموود ساڵحی به‌هۆی دیفاع له مافی كرێكاران ئه‌زیه‌ت و ئازار دراوه و ده‌ستبه‌سه‌ر و به ده‌یان جار زیندانی كراوه. مافی بنه‌ڕه‌تیی كرێكاران بۆ ئازادیی ڕێكخراو، مافێكه كه له به‌ڵگه نێوه‌نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌وانه كۆنوانسیۆنه‌كانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا دیاری كراوه”.
له كۆتایی ئه‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه‌دا وێڕای خواستی ئازادیی ده‌ستبه‌جێی ئه‌م دوو چالاكه، هاتووه كه:
“ئێمه ده‌وڵه‌ت به به‌رپرسی سڵامه‌تیی جه‌سته‌یی و ده‌روونیی ئه‌م دوو كه‌سه ده‌زانین. ئێمه ئه‌ندامه‌كانمان له‌م باروودۆخه ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه و چاوه‌ڕوانی هه‌وڵی خێرای ئێوه‌ین”.
سه‌ندیكای شیركه‌تی واحیدیش له مه‌حكوومییه‌تی ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی مه‌حموود ساڵحی، عوسمان ئیسماعیلی و هیراد پیربۆداغی و گشت چالاكانی كرێكاریی ده‌ستبه‌سه‌ركراو له‌م دوایانه‌دا ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاو كرده‌وه. له‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه‌دا هاتووه كه:
سه‌ندیكای كرێكارانی شیركه‌تی واحیدی ئۆتۆبووسڕانیی تاران و ده‌ورووبه‌ر، ده‌ستبه‌سه‌ركردنی چالاكانی كرێكاری و داكۆكیكارانی مافی كرێكاران مه‌حكووم ده‌كات و خوازیاری ئازادیی بێشه‌رت و مهرجییانه”.
ئه‌نجومه‌نی قه‌ڵه‌می ئه‌مریكا ڕۆژی دووشه‌ممه ٣ی مانگی جۆزه‌ردانی ١٤٠٠، به‌یانییه‌كی بڵاوكرده‌وه و وێڕای ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی به ده‌ركردنی حوكمی زیندان، شهلـلاق و سزای نه‌خدی بۆ نه‌رگس محه‌ممه‌دی، خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێ ئه‌م حوكمه بوو.
سه‌رانی ده‌زگای قه‌زایی و له سه‌رووی هه‌مووانه‌وه ئیبڕاهیم ڕه‌ئیسی، ئه‌ندامی تیمی مه‌رگ له كوشتاری به‌ندكراوانی سیاسی ساڵی ١٣٦٧، به‌و هیوایه ئه‌م چالاكه ناسراوانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كه‌ن و كه‌سایه‌تییه‌كی خه‌باتكاری وه‌ك نه‌رگس محه‌ممه‌دی بۆ چه‌ندومین جار به زیندان و به‌تایبه‌ت شهلـلاق مه‌حكووم ده‌كه‌ن تا به‌ڵكوو له خه‌باتی ڕوو له گه‌شه، بوێرانه و مافخوازانه‌ی كرێكاران، موعه‌لیمان، خانه‌نشینكراوان و پێشڕه‌وانی چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ڕێگری بكه‌ن. به‌ڵام هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا درێژه‌ی خه‌باتی هه‌زاران كرێكاری ڕه‌سمی و غه‌یره ڕه‌سمیی شیركه‌ته‌كانی سه‌ربه سه‌نعه‌تی نه‌وت، كرێكارانی ناڕازیی گاز، كرێكارانی پێترۆشیمی، كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په، كرێكارانی شاره‌دارییه‌كان، كرێكارانی قه‌تاری شاری و گه‌لێك ناڕه‌زایه‌تیی دیكه، نیشانیان دا كه كرێكاران نه ته‌نیا چاوترسێن نه‌بوون، به‌ڵكوو په‌روه‌نده سازان و ده‌زگای قه‌زایی هه‌ر وه‌ك دزانی ڕێ ون كردوو سه‌ر له كادێن ده‌ردێنن. له‌م ڕۆژانه‌دا هه‌ر هێرشێك بۆسه‌ر چالاكانی ناسراوی كرێكاری و مافی مرۆڤ، پانتایی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌رینتر ده‌كاته‌وه و هه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ش یه‌كێك له نیشانه‌كانی لاوازبوونی به‌رده‌وامی كۆماری ئیسلامییه. ئه‌م ڕژیمه ته‌مه‌نی به‌ره‌و كۆتایی ده‌ڕوات و دوور نییه ئه‌و ڕۆژه‌ی كه چینی كرێكار و هاوپه‌یمانانی، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته كۆنه‌په‌رست و جه‌نایه‌تكاره بخه‌نه ناو زبڵدانی مێژووه‌وه و له ڕێگه‌ی شۆراكانیانهوه ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ری دابمه‌زرێنن.