کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەیامی ڕووحانی بۆ خەڵکی ئێران، هەژاری و برسێتیی زیاتر

2370239

2370239

ڕۆژی دووشەممە ٩ی مانگی بەفرانبار حەسەن ڕووحانی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی میلیی سەنعەتی پێترۆشیمی ڕووبە خەڵکی ئێران وتی که‌ “ئێمە لە باروودۆخی جەنگی داین” و پێشنیاری بە جەماوەری هەژاری ئێران کرد کە لە بەرامبەر باروودۆخی نالەباری ئابووریدا” سەبری زیاتر و خۆڕاگری زیاتر و تاقەتی زیاتر” لە خۆیان نیشان دەن. ئەو بەو پەڕی بێشەرمیەوە ڕایگەیاند کە: “هەڵبەت ئێمە لە باروودۆخێکدا نین کە میللەتەکەمان لە ژیانی ڕۆژانە و  دابین کردنی پێداویستیە سەرەکیەکاندا تووشی کێشە هاتبێ”. ڕووحانی ئیدعای کرد کە ئامارەکان نیشانیان داوە  لە وەرزی بەهار و هاوینی ئەمساڵدا، ڕەوتی ڕوو لە گەشەی دامەزران سەرەڕای گوشار و گەمارۆکان هەروا درێژەی بووە. ئەو بە سەفسەتە بازیەکی ئاخوندیەوە وتی: “ئێمە چووینەتە ناو شەڕێکی هەمە لایەنەی ئابووری کە لە ساڵی ٩٧ەوە دەستی پێکردووە. دەیانویست هەموو دونیا ڕووبە ئێمە و پشت بەخویان بێننە ئەو شەڕەوە. بەڵام ئەوان چ لە شەڕی ئابووری دا و چ لە بوار سیاسی و نێونەتەوەیی دا سەرکەوتوو نەبوون”. ڕووحانی هۆکار و ئامانجی هەڵگیرساندنی ئەو شەڕەی لە لایەن دوژمنەوە، تێکشکاندنی “خۆڕاگریی میللەتی گەورە و خاوەن فەرهەنگ”ی ئێران ڕاگەیاند و هۆکاری بەناو سەرکەوتنی ڕژیمی لەو شەڕەشدا  بۆ حزووری بوێڕانە و وشیارانەی خەڵک گەڕاندەوە.

ڕووحانی هەروەها ئیدعای کرد کە توانیوێتی خێرایی چوونەسەرەوەی تەوەرۆم مەهار کات و ئەوەی وەک یەکێک لە نیشانەکانی شکستی لێکدانەوەکانی ئەمریکا ناولێبرد. هەڵبەت دیارە ئەوەشی هەر درۆیە، لەبەر ئەوەیکە بە پێی ئامار و داتاکانی چەند ڕۆژ لەمەوبەری ناوەندی ئاماری خودی ڕژیم ڕێژەی تەوەرۆم لە ئێران لە مانگی خەزەڵوەردا ٤١ و یەک دۆهۆمی لەسەد بووە و لە ئێستاشدا ئەم ڕێژەیە گەیشتووەتە ٤٥ لەسەد.  ڕووحانی لە وتەکانیدا باسی هیچ ڕێگاچارەیەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بژیوی خەڵک نەکرد. هەڵبەت ئەگەر باسیشی کردبایە هیچ کەس باوەڕی پێنەدەکرد. لەبەر ئەوەیکە خەڵکی ئێران باش دەزانن وڵامی ڕژیمی داڕماوی ئیسلامی بە موتالبات و ناڕەزایەتی مافخوازانەیان بێجگە لە کوشتار و زیندان و  ئەشکەنجە ناتوانێ شتێکی تر بێت.

بەڕاستی ڕووحانی، ئەو مۆرە داوبازەی ڕژیم، دەیهەوێ بەو قسانەی کێ فریو بدات؟ ئەو خۆی لە گێلی دەدات و گۆیا هاواری ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێرانی نەبیستووە کە لە ئاخێزی ئەم دوایانەدا بۆ نەمانی هەژاری و برسێتی و بێکاری لە پتر لە ١٥٠ شاری ئێران دژبە ڕژیم ڕاپەڕین و دەنگیان هەڵبڕی: “هەتا کەی جەنایەت- مەرگ و نەمان بۆ ویلایەت”. گۆیا ڕووحانی کەڕ بووە و هاواری “برسیمانە”ی بەردەوامی خەڵکی لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکاندا نەبیستووە کە ئاوا بێشەرمانە داوا لە خەڵک دەکات دیسان لە بەرامبەر برسیەتیدا خۆڕاگربن و تاقەت بێنن. حەسەن ڕووحانی لە باروودۆخێکدا چاوەڕوانیەکی ئاوای لە خەڵکی وەگیان هاتوو لە ڕژیمی ئیسلامی هەیە کە لە ناو دەسەڵاتی گەندەڵی ئەو ڕژیمەدا، خۆی و باقی سەران و کاربەدەستان، لە ڕێگەی دزی و ئیختلاس و ڕانتخۆری، ملیاردها دولاریان لە سەروەت و سامانی ئەو خەڵکە خستووەتە گیرفانیانەوە و ژیانێکی شاهانەیان بۆ خۆیان پێکهێناوە، بەڵام لە بەرامبەردا دەیان هەزار منداڵی ئەم وڵاتە بۆ دابین کردنی خواردنی ڕۆژانەی خۆیان و بنەماڵەکانیان زبڵدانەکان دەگەڕێن. ئەگەر بۆ ڕووحانی و باقی مۆرە و دەست و پەیوەندەکانی ڕژیمی ئیسلامی پێداویستی سەرەکی و ناسەرەکی فراوانە، بۆ دوژمنانی دەسەڵات کە هەمان جەماوەری وەگیان هاتووی کرێکار و زەحمەتکێشن، باروودۆخی خراپ و لەتاقەت بەدەری ئابووری ئیمکانی دابین کردنی ژیانێکی لانیکەم و سادەشی لێ ئەستاندوونەوە. کێشە و گرفتی ژیانی ئەو خەڵکە نەک لە ساڵی ٩٧ و لە دەستپێکی گەمارۆکانی ئەمریکاوە، بەڵکوو هەر لە یەکەمین ساتەکانی بە دەسەڵات گەیشتنی ئەم نیزامە مافیایە، بە دزی و قەیران درووست کردن و شەڕنانەوە و سیاسەتی زێدەخوازانەی کۆماری ئیسلامییەوە دەستیپێکرد و هەتا ئێستاش هەروا درێژەی بووە. بێ گومان تا کاتێک ئەم ڕژیمە دەسەڵاتی بەسەر ئەم کۆمەڵەوە بێت دەبێ چاوەڕوانی باروودۆخی لەوەش خراپتر بین.

ڕووحانی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا دانی بەوە دانا کە “ئەمریکا دەیهەوێ ئێمە لەگەڵیان وتووێژ بکەین و هەرچی ئەوان وتیان قەبووڵی کەین و ئەوەش لە باروودۆخی ئێستادا جێبەجێ نابێت”. هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی ڕژیم بۆ دیتنەوەی واستە بۆ وتووێژ و گرتنەبەری ڕێگای دەستێوەردان و مانۆڕی ناوچەیی و ناوخۆیی هەتا ئێستا نەیتوانیوە باروودۆخی نۆشینی جامی ژەهرێکی “ئابڕوومەندانە”ی سازش و تەسلیم لە بەرامبەر ئەمریکادا دابین بکات. کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا نەیتوانیوە بە هەوڵ و تەقەلاکانی، زلهێزە سەرمایەدارەکان بەرەو نەرمش بەرێت. بەڵکوو بە پێچەوانەوە ئەوانن کە ڕژیمیان بەرەو “نەرمشی قارەمانانە” و تەسلیم بوون پاڵ پێوەناوە.

بۆ نموونە یەکیەتیی ئۆرووپا و ڕووسیە و چین ساڵانێکە کۆماری ئیسلامیان بۆ پەسند کردنی دوو گەڵاڵەی پەیوەندیدار بە پێشگرتن لە سپی کردنەوەی پووڵ و یارمەتی دان بە تیرۆریسم ناسراو بە “ئێف ئێی تی ئێف” خستووەتە ژێر گوشارەوە. بەڵام ئەم دوو گەڵاڵەیە هەتا ئێستا بەهۆی دژایەتیی مەجمەعی تەشخیسی مەسلەحەتی نیزام پەسند نەکراون. لەبەر ئەوەیکە ناردنی یارمەتی ماڵیی کۆماری ئیسلامی بۆ گرووپە تیرۆریستە ئیسلامیەکان لە وڵاتانی دیکە، ڕسوا و سنووردار دەکات. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە یەکێک لە مەرجەکانی هەرجۆرە ساز و کارێکی ماڵی لەگەڵ ڕژیم، پەسند کردنی ئەو دوو گەڵاڵەیەیە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە کە مۆڵەتەکەشی مانگێکی دیکە کۆتایی پێ دێت. ئەنساری، جێگری وەزارەتی دەرەوەی ڕژیم، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە پەسند نەکردنی ئەو گەڵاڵانە بە مانای تیری خەڵاس لێدان لە سیستەمی بانکی ئێرانە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ٩ی مانگی بەفرانبار، برایان هووک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، لە کاردانەوە بە هێرشی چەکدارانەی حەشدی شەعبی و حیزبوڵڵای دەستسازی کۆماری ئیسلامی لە عێراق بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا کە بە ئامانجی ئاوڕدانەوە بەرەو کۆماری ئیسلامی ئەنجام دەدرێن، ڕایگەیاند کە: “گوشارەکان” دژبە حکوومەتی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠دا زیاتر دەکرێت تا کۆماری ئیسلامی ناچار بێت بگەڕێتەوە سەر مێزی وتووێژ و بەمجۆرە ئامانجی ئەمریکا لە “گۆڕینی هەڵسووکەوتی ڕژیم” کە ڕێگری لە دەست تێوەردانی کۆماری ئیسلامیە لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەیە، بێتە دی.

لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی، درێژەدان بە سیاسەتی کۆنەپەرستانەی زێدەخوازی و دەخاڵەت گەری بە بەشێک لە ستراتێژی مانەوەی خۆی دەزانێت و تەنیا بە هێزی خەباتی جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێرانە کە کۆماری ئیسلامی دەست لە جەنایەتەکانی هەڵدەگرێت و ئەوەش بێ گومان ئەو کاتەیە کە سێبەری نەنگینی ئەم  ڕژیمە دژە ئینسانە بەسەر خەڵکی ئێرانەوە نەمابێت و بارگە و بنەی کۆکرابێتەوە.