کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەیامی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی خوێندنی ١٤٠٢ – ١٤٠٣

مدارس عراق

ڕۆژی شەممە ١ی ڕەزبەر، ساڵی نوێی خوێندن لە ئێران بە فەرمی دەست پێدەکات، بەڵام ساڵی نوێی خوێندن بۆ زانکۆکان لە ٣ی ڕەزبەرەوە دەست پێدەکات. لەم ڕۆژانەدا زیاتر لە ١٦ ملیۆن خوێندکاری منداڵ و تازەلاو و زیاتر لە ٤ ملیۆن دانشجو لەگەڵ نزیکەی ٢ ملیۆن موعەلیم و هەزاران مامۆستای زانکۆ دەست بە ساڵی نوێی خوێندن دەکەن. ئامارەکان دەریدەخەن کە زیاتر لە ٣ ملیۆن خوێندکار بەهۆی هەژاریی بنماڵەکانیانەوە وازیان لە خوێندن هێناوە. کرانەوەی قوتابخانەکان و حزووری سەرلەنوێی قوتابیان و خوێندکاران لە قوتابخانەکاندا، جۆش و خرۆشێکی نوێی بە کەش و هەوای شارەکان بەخشیوە. بەڵام لەم شادی و خۆشییەدا، بێبەشبوونی ملیۆنان منداڵ و تازەلاو لە چوون بۆ قوتابخانە، هەموو ویژدانێکی بەئاگا ئازاردەدات. ئەمانە منداڵانی کار و سەر شەقامن کە بەشێکن لەو دانیشتووانەی کە شایستەی خوێندنن و لە چوون بۆ قوتابخانە بێبەش دەبن. هەروەها پێویستە منداڵانی کۆچبەری ئەفغانیش بە ژمارەی منداڵانی بێبەش لە خوێندن زیاد بکرێت. ساڵی نوێی خوێندن لە دۆخێکدا دەست پێدەکات کە نزیکەی ساڵێک بەسەر دەستپێکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی تێدەپەڕێت. شۆڕشێک کە خوێندکاران و موعەلیمان و دانشجویان و مامۆستایانی زانکۆ ڕۆڵێکی بەرچاویان لە پێشخستنیدا هەبوو. لەم یەک ساڵەدا شوێنە پەروەردەییەکان ناوەندی پڕجۆش و خرۆشی ئەم بزووتنەوە سەراسەرییە بوون و خوێندکارانی خەباتکار و دانشجویانی پێشڕەو گەلێک ئەزموونی بەنرخیان بە دەست هێنا کە بێگومان دەبێتە توێشووی ڕێگای خەباتی داهاتوویان.

ئەزموونی ساڵی ڕابردوو و هەروەها سەرجەم ئەزموونەکانی بزووتنەوەی دانشجویی و خوێندکایی ئێران، نیشانیداوە کە دانشجویان و  خوێندکارانی ئامادەیی و پێش زانکۆ لەگەڵ موعەلیمان و مامۆستایانی بەدەروەست، دەتوانن هەم ئەرکی خوێندن و پەروەردەیی خۆیان بەرەوپێش ببەن و هەم بەشێکی دانەبڕاو بن لەو ناڕەزایەتی و هاوخەباتییە سەرتاسەرییە. موعەلیمانی خەباتگێڕیش دەتوانن هەمان ئەزموون لە ئاستە جیاوازەکانی خوێندندا بەکردەوە دەربێنن. ئەگەرچی ژەهری کۆنەپەرستی مەزهەبی ئاژنکراوەتە ناو سیستەمی پەروەردەیی ئێران و ئەو سیستەمە بێبەش بووە لە پێشکەوتنە زانستی و ئەو شێوازە پەروەردەییەی کە لە ئاستی جیهانیدا بەڕۆژ کراوەتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، پڕۆژە پەروەردەییەکانی ڕێژیم، شکستیان هێناوە و نموونەی دیار و بەرچاوی ئەو شکستەش، بریتییە لە هەڵگەڕانەوەی لاوان لە ئایین لە ئاستێکی کۆمەڵایەتیدا. لە کاتێکدا ساڵانە هەزینەیەکی زۆر و زەوەند لەپێناو پەرەپێدان بە چەک و چۆڵی کۆمەڵکوژ و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا خەرج دەکرێت، پەروەردەی ئێران لە ڕووی ئەو بودجەیەی کە بۆی تەرخان دەکرێت لە دۆخێکی زۆر نالەباردایە. ئامرازەکانی یارمەتیی پەروەردەیی لە قوتابخانە و ئامادەییەکاندا، کە دەتوانن کاریگەر بن لەسەر فێربوونی قوتابیان و کەمکردنەوەی بەشێک لە ڕەنج و ماندوویەتی مامۆستایان، زۆر کەمن و لە ئاستی پێویستدا نین. کلاسەکانی خوێندن لانیکەم دوو هێندەی حاڵەتی ئاسایی، قوتابیان تێدایە. ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانەکانی گوند و گەڕکە هەژارنشینەکان خاوەنی کلاسی شێدار و ژووری داڕوخاو و سارد و بێ سووتەمەنی و ڕووناکی پێویستن. ژینگە پەروەردەییەکان بە پۆلیسی کراون، ڕژیم بە بەسیجگیری و پەروەردەکردنی بەکرێگیراو، ئەو ژینگەیەی زۆر نائەمن کردووە. ژمارەیەک لە مامۆستانی دڵسۆز و ناڕازی دەستبەسەر کراون و لە زینداندا بەسەردەبەن، ئەوانەش کە تا ئێستا دەستبەسەر نەکراون، بەبیانووی جۆراوجۆر بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم دەکرێن و هەڕەشەیان لێدەکرێت. ناڕەزایەتی بەکۆمەڵ و کۆبوونەوەی مامۆستایان لەپێناو مافە سنفییەکانیان لەلایەن پۆلیسەوە هێرشی دەکرێتە سەر.

ئەگەر بۆ قوتابیان، بەپێی تەمەنیان، چوونەناو کلاسێکی باڵاتر و بینینی هاوڕێ و هاوکلاسی و هاویارییەکانیان دەبێتە هۆی ئەنگیزە و جۆش و خرۆش و دڵخۆشی، بۆ مامۆستایان سەرەتای ساڵێکی تری پڕ لە ئازارە و دەست و پەنجە نەرمکردنە لەگەڵ ئەو کێشە و گرفتانەی کە ئەمساڵ و هەموو ساڵێک لەگەڵی بەرەوڕوو دەبنەوە. کەمیی ئاستی مووچەی مامۆستایان هاوکات لەگەڵ گرانی و هەڵاوسانی بەردەوام، ژیانی توێژی مامۆستایانی ئێرانی خستۆتە ژێر هێڵی هەژارییەوە. زۆرێک لە مامۆستایان دوای کۆتاییهاتنی کاری مەدرەسە، ناچارن کارێکی تر بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی بنەماڵەکانیان دابین بکەن. بەم شێوەیە بەهۆی سەعاتکاری زۆر و تاقه‌ت پڕووكێنەوە نەک هەر هیچ کات و مەجالێکیان نییە بۆ چێژوەرگرتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بەڵکوو ڕاستەوخۆ کاریگەریشی دەبێت لەسەر پرسی پەروەردە و بارهێنان لە کلاسەکانی دەرس و بە ناچاری کوالیتییەکەی دادەبەزێنێت. شێوازی ناڕێکوپێکی پێدانی مووچە لە ئێران، بە کردەوە، مامۆستایان لەچاو باقی موچەخۆران وەک هاوڵاتی پلە دوو دادەنێت. بەم شێوەیە پیشەی موعەلیمی نەک هەر بەرز ڕاناگیرێت، بەڵکوو دەکەوێتە بەر هەڵاواردن و بێڕێزی پێدەکرێت. هەزاران مامۆستا بە گرێبەستی کاتی و بە کەمترین حەقدەست، ساڵانێکی زۆرە لە دوورەدەستترین شوێنەکان کار دەکەن. ئەوان تەنانەت لە بوونی دەفتەرچەی بیمەی دەرمانیش بێبەشن. بەشێکی زۆری ئەو مامۆستایانە، کە بەهۆی کارکردن لە ناوچە دوورەدەستەکان ناتوانن کارێکی دووەم بدۆزنەوە، لە وەرزی هاویندا ناچارن پەنا دەبەنەبەر کرێکاری و کاری سەختت و تاقەت پرووکێن. پشوو  بۆ ئەوان نە تەنیا بە مانای ئاسوودەیی و دەرکردنی ماندوویەتی ٩ مانگ کاری بەردەوامی وانەوتنەوە لە جەستەیان نییە، بەڵکوو بەبێ ئەوەی ماندوویەتی لەشیان دەربچێت، ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەکەنەوە. سەرەڕای هەموو ئەو سەختی و دژواریانەی کە مامۆستایان تەحەموولی دەکەن، ئەوەی مایەی هومێدە، ئەو ڕاستییەیە کە مامۆستایانی ئێران تەسلیمی ئەو بارودۆخە نەبوون. ناڕەزایەتی مامۆستایان لەم ساڵانەی دواییدا بەردەوام بەشێک بووە لە جوڵانەوەی زیندووی ئەم کۆمەڵگایە.

لە ئێرانی دوای ڕزگاربوون لە چنگ ڕێژیمی ئیسلامی، بە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و پەروەردە لە مەزهەب، هەموو تواناکانی خوێندکاران لە جیاتی بیر و ئەندێشەی خوڕافی، دەخرێتە خزمەت فێربوون و پەروەردەی زانستییەوە. هیچ منداڵێک لە خوێندن بێبەش نابێت و ناوەندە پەروەردەییەکان لە ئیمکاناتی پێشکەوتووی سەردەم بەهرەمەند دەبن. لە ئاوا هەلومەرجێکدا بەهرە و تواناییەکان گەشە دەکەن و سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی لەپێناو گەشە و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا دەکەوێتە کار. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنەوە، پیرۆزبایی گەرم پێشکەش بە خوێندکاران، دانشجویان، موعەلیمان و مامۆستایان و هەروەها سەرجەم کارمەندانی قوتابخانە و زانکۆکان دەکات. بەو هیوایەی کە لە ساڵی نوێی خوێندندا، ناوەندە پەروەردەییەکانی ئێران لە سەرتاسەری وڵات، هاوکات لەگەڵ بەدەستهێنانی زانست، وەک هەمیشە پێشەنگی خەبات و ناڕەزایەتی مافخوازانەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بن.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١ی ڕەزبەری ١٤٠٢