رۆژی جیهانی چینی کرێکار بەڕێوەیە. لە پێشدا لە قوڵایی دڵەوە پێرۆزبایی ئەم رۆژە مێژووییە دەکەین لە سەرجەم کرێکارانی تێکۆشەری ڕێگای ڕزگاری چینی کرێکار.
رۆژی جیهانی چینی کرێکاری ساڵی ٢٠٢٣ ی زاینی لە بارودۆخێک دا دێت کە شەڕی وێرانگەری ئۆکڕاین، کە هیچ شتێک نییە بێجگە لە بەرەنگاری یەکتر بوونەوەی دوو بلوکی سەرمایەداری ئیمڕیالیستی بە قیمەتی کوشتاری سەدان هەزار ئینسان و لەنێوچوونی ژێرخانە ئابووریەکانی وڵاتێک، هەروا درێژەی هەیە. هەروەها لە بارودۆخێک دا دەچین بەپیری جیژنی جیهانی کرێکارەوە کە ٧ مانگ بەسەر بەرپابوونی شۆڕشی ڕزگاری بەخشی” ژیان” کە پایەکانی ئیستبدادیی ڕژیمی ئیسلامی خستۆتە لەرزە، تێدەپەڕیت. شۆڕشێک کە دەستکەوتە مێژووییەکانی کۆمەڵگای ئێرانی هەنگاوێکی گەورە بەرەوپێش بردوە.
پیادەکردنی ئازایانە و بە کردەوەی ئازادی پۆشین لەلایەن ژنان و خۆڕاگری سەرسەختانەیان لە بەرانبەر سیاسەتە بێ ئاکام و وەحشیانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لەو دەستکەوتە حاشا هەڵنەگرانەی تا ئێستای ئەم شۆڕشەن. لە عەینی حاڵدا لە بارودۆخێکدا کە هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی شۆڕش گۆڕانێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، شاهیدی گەشە و پەرە ئەستاندنی بزوتنەوەی متالباتی کرێکاران، مامۆستایان، ژنان، خانەنشینان و هێرشبەرانەتربوونی داخوازیەکانیانین، کە مانگرتنی شکۆداری ئێستای کرێکارانی ٤٣ یەکەی نەوت و پیتڕوشیمی یەکێک لە درەوشاوە ترینیانە.
بەڵام چینی کرێکاری ئێران لە باری بەڕیچوون و بەهرەمەندبوون لە لانیکەمی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتیەوە یەکێک لە دژوارترین دەورانی حەیاتی خۆی بەسەر دەبات. بێکارسازی بەرین، نەبوونی ئیمنی پیشەیی، قەراردادی سپی ئیمزا، حەقدەستی چەند قات لەژێر هێڵی هەژاریدا، نەبوونی ڕێکخراو و تەشەکولی سەربەخۆی کرێکاری، قەدەغە بوونی مافی خۆپیشاندان، تەحەسون و کۆبوونەوەی کرێکاران، بێبەش بوون لە هەبوونی مەسکەنی گونجاو، بە شێوەیەک کە بەشێکی زۆر لە داهاتی کەمی کرێکاران سەرفی کرێ ماڵ دەکرێت، لە زومڕەی بارودۆخێکە کە سەرمایەداران و ڕژیمی ئیسلامی بەسەر کرێکارانیاندا سەپاندوە.
چینی کرێکاری ئێران بێجگە لە ئیستبدادی هاری دینی بەرەوڕووی ئاستەنگی گەورەی هەژاریش بۆتەوە. تەشەکول و درێژەی خەباتی چینی کرێکار لە گرەوی خەبات لەدژی ئەم هەژارییە وێرانگەرە دایە. لەم ڕوەوە بە دیفاعی هەمە لایەنە لە زیادکرانی ٧٩ لەسەدی لانیکەمی حەقدەست و بانگهێشت بۆ دروستکردنی سندوقی سەربەخۆی هەمیاری کرێکاری دەبێ بچینە شەڕی ئەم کارەساتە. لەسەر ئەم بەستێنە دەبێ بزوتنەوەی متالباتی بە دروشمەکانی “نان، کار، ئازادی” و “نان، مەسکەن ئازادی” بە شۆڕشی ژینایەوە گرێ بدەن. هەژاری کرێکاران بۆ سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان هەم قازانجی سیاسی و هەم ئابووری هەیە. ئەم قازانجە بۆ دەوڵەتی کۆنەپەرستی ئیسلامی و بۆ بۆرژوازی داماو و زێدەخوازی ئێران چەند بەرابەرە. سود و سەروەت هێز و توانا ئەبەخشێتە بۆرژوازی و دەوڵەتەکانی و کرێکاران توشی موسیبەتی بێ ئەژماری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دەکات. هەژاری و چەوساندنەوەی زۆر و داسەپاو بەسەر بنەماڵە کرێکاریەکاندا دەبێتە هۆی ئەوەی ئەندامانیان بەردەوام لەژێر گوشاری ڕۆحیدا بن. کرێکاران بە منداڵ و گەورەوە خەریکی کارن، بەم حاڵەشەوە بۆ دابینکردنی ژیانێکی مەمرە و مەژی توشی ئاستەنگی گەورەن. هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستی بەڕێچوون و نەهێشتنی برسیەتی و هەژاری ئەوانی بەرەوڕووی سوکایەتی رۆژانە دەکاتەوە. هەبوونی کاتی فەراغەت بۆیان محاڵە و بیرکردنەوە لە ڕێگا چارە بۆ گوڕینی چارەنووس بۆیان بەرەوڕووی کۆسپی جیدی دەبێتەوە. سەقامگیری بنەماڵەیی و تەنانەت تاکە کەسیشیان لە مەترسی بەردەوام دایە. بەم پێیە خەریکی کاری سیاسی، کۆمەڵایەتی و خەبات بوون بۆ دەستەبەرکردنی مافی ئینسانی و دیموکڕاتیک بۆیان دژوارە دەبێتەوە. دەستەبەرکردنی وشیاری سیاسی و چینایەتی و سازمانیابی لە پاڵ هاوچینەکانیاندا بۆ ئەوان دژوارە. کاتێک کرێکاران لەسەر زەوی ڕێگای ڕزگاری نەدۆزنەوە، بواریان بۆ خۆش دەبێت تا ڕووبکەنە ئەفیونی مەزهەبی و دادپەروەری لە قیامەت و وەرگرتنی یارانە لە ئۆرگانەکانی ڕژیم. ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە خاوەنانی سەرمایە و دەوڵەتەکانیان و لە ئێرانی کۆماری ئیسلامی دەیانهەوێ.
رۆژی کرێکار، هێمای خەبات لەگەڵ ئەم جۆرە موسیبەتە وێرانگەرانە. رۆژی ڕاگەیاندنی ئیدیعانامەی کرێکاران لەدژی سەرمایەداران، رۆژی ٩٩ لەسەدیەکان لەبەرانبەر یەک لەسەدیەکاندایە. لەم رۆژەدا شەقام و مەیدانی شارەکان مڵکی کرێکارانن. لەم رۆژەدا، پێویستە کە چەرخی بەرهەمهێنان بە فەرمانی کرێکاران و لە ڕاستای خزمەت بە یەکگرتویی، سازمانیابی و خەبات شۆڕشگێڕانەیاندا، لە کار بکەوێ. لەم ڕۆژەدا بە حوکمی کۆمەڵ دەبێ نەسیمی هیوا بە ڕزگار بوونی بەشەریەت لە وەحشیگەری و بەڕبەڕیەتی نیزامی سەرمایەداری لە شوێنی کارو ژیانی خۆیان هەست پێبکەن.
کرێکاران بە حوکمی بارودۆخێکی عەینی کە تێیدا قەراریان گرتوە، دەتوانن بە وەکارخستنی زەرفیەت و تواناییەکانیان، ئەم دنیایە بگوڕن. دەتوانن نیزامێک بونیاد بنێن کە تێیدا هەموان ئازاد بن، هەموان یەکسان بن، کرێکاری موزدبگیر بگاتە ئاستی خاوەنکارەکەی. گەشەو بوژانەوەی ئابووری ببێتە زۆری بەرهەمهێنان و سەرجەم پێداوستیەکانی ژیان دابین بکات و ڕیفاه جێگای کەموکورتی و بێبەشی بگرێتەوە. ئامانجی بەرهەمهێنان نەک دەستەبەرکردنی سود، بەڵکو دابینکردنی نیازەکانی ئینسان بێت، کار لە شێوەی ئیجبارەوە ببێتە دڵخواز و لە ڕووی ئیختیار و هەست بە بەرپرسیاریەتی لە بەرانبەر کۆمەڵگەدا بێت. هەر کەسەو بە ئەندازەیەک لە توانای دا هەیە کار بکات و بە هەر ئەندازەیەک کە پێویستی هەیە لە ئیمکانات و خزمەتگوزاری بەهرەمەند بێت. وەها دنیایەک تەنیا کرێکاران دەتوانن بونیادی بنێن. وەها ئاڵوگۆڕێک بەرهەمی شۆڕشێک دەبێت کە جەماوەری ژنان و پیاوانی کرێکار لە ڕێبەریەکەیدا بن. سەرکەوتنی شۆڕشی ژینا بە دروشمی” ژن، ژیان، ئازادی“، دەتوانێ سەرەتای وەها ئاڵوگۆڕێکی ڕزگاری بەخش بێت.
بژییەکیمانگیمەیرۆژیجیهانییەکگرتوییچینیکرێکار
حیزبیکومونیستیئێران
٤یمانگیخاکەلێوەی١٤٠٢
٢٤ ی ئاوریلی ٢٠٢٣
PAGE \* MERGEFORMAT 5