کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەسەندکردنی “گرێبەستی کۆمەڵایەتی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریە” هەنگاوێکە بەرەو پێشەوە

GBOsCqLWkAAaEJN

لە کاتێکدا هێرشە زەمینی و ئاسمانییە دژە مرۆییەکانی دەوڵەتی تورکیە و هەروەها هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و حکوومەتی سوریه بۆ لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی هاوبەش لەڕۆژئاوابەردەوامە، گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریه پەسەند کرا. کۆمەڵەی گشتیی ئیدارەی هاوبەشی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی سەرماوەز، لە ٩٠مین دانیشتنی خۆیدا، گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی پەسەند کرد، کە لەلایەنکۆمیتەی بەربڵاوی ڕێکخستنی گرێبەستییەوە پێشکەش کرابوو. لەم کۆبوونەوەیەدا کە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی بینای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕەقەدا بەڕێوەچوو، هەیئەت ڕئیسەی کۆمەڵەی گشتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و نوێنەرانی مەجلیسە یاسادانەرەکانی حەوت ناوچە تیایدا بەشداربوون. جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی خۆبەڕێوەبەریی، یاسر ئەلسلێمان، ١٣٤ مادەی گرێبەستە کۆمەڵایەتیەکەی یەک بە یەک خوێندەوە و لەلایەن بەشداربووانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کرا. لە کۆتاییدا دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی، گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکەی پەسەند کرد. ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییە لە بەرواری بڵاوکردنەوەیەوە، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم گرێبەستە پێشەکییەکی هەیە کە لە یەکەم دێڕەکانیدا دەڵێت: “ئێمە کچان و کوڕانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریه، بۆ بەدیهێنانی ئاڕمانی شەهیدەکانمان و ویست و داواکاریی جەماوەرەکەمان بۆ ژیان لە چوارچێوەی بەها ئینسانییەکان و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤایەتی!، ئێمە (کورد، عەرەب، ئاشووری، سریان، تورکمان، ئەرمەنی، چەرکەسی، چیچان، موسڵمان، مەسیحی و ئێزیدی) بەو پەڕی هۆشیارییەوە لە دەوری یەک کۆبوینەوە بۆ ئەوەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریە، سیستەمێکی دێموکراتیک بنیات بنێن.”

ئەو سیستەمە دێموکراتیکە بەمشێوەیە پێناسە کراوە: “سیستەمی کارگێڕی خۆبەڕێوەبەرێتی دێموکراتیک، کە بە ئیرادەی گشتی نەتەوەکان دامەزراوە، سیاسەتەکانی خۆی لەسەر بنەمای پڕەنسیپەکانی کۆنفدڕالیسمی دێموکراتیک واتە پاراستنی ژینگە، ڕێبەرایەتی هاوبەشی ژن و پیاو، ئابووریی کۆمەڵایەتی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادییە سیاسییەکان، دادەڕێژێت”. لە کۆتاییشدا جەخت کراوەتەوە کە: سیستەمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دێموکراتیکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریه، بەشێکی دانەبڕاوە لە وڵاتی سوریه و لەسەر بنەمای سیاسەتە دێموکراتیکەکانی ١٢ ساڵی ڕابردوو و هەروەها پابەندبوون بە یەکگرتوویی و بەرژەوەندی هاوبەش، بەهاگەلێکی خوڵقاندووە کە زەمینەیەکی زۆر گونجاوی بۆ یەکگرتوویی سەرتاسەری سوریە پێکهێناوە.” لە مادەی دووەمی یاسا پەسەندکراوەکاندا هاتووە کە: “ڕێبەرایەتی شۆڕای بەڕێوەبردنی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریه، بەرنامەکانی کاری خۆی، بەوپەڕی ڕێزگرتن لە بنەماکانی دێموکراسی، ژینگەدۆستی، کۆمەڵگا مێحوەری و ئازادی ژنان، دادەڕێژێت و جێبەجێی دەکات“.

لە دونیای ئەمڕۆدا کە توانایی کڕینی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە هۆی قەیرانی ئابوریی پێکهاتەیی و هەڵاوسانی زۆرەوە، ڕۆژ بەڕۆژ ڕۆژ کەمتر دەبێتەوە؛ لە دونیایەکدا کە لە ناوچە تاڵانکراو و بێ بەشەکەیدا زیاتر لە ٨٠٠ ملیۆن کەس بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن، لە جیهانێکدا کە ئەو مافە دێموکراتیکانەی لە ڕێگەی دەیان ساڵ خەباتی کرێکارییەوە بەدەست هاتوون، لە لایەن حکوومەتە دەستی ڕاستە توندڕەوەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە پێشێل دەکرێت و دەوڵەتی ئیسرائیل، بە پشتیوانی ئیمپریالیزمی ئەمریکا تەنیا لە ماوەی ٧٥ ڕۆژدا دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی ٢٠ هەزار کەس و لە ناویاندا هەشت هەزار منداڵ، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرێتی دێموکراتیک، وەک قۆناغێکی گواستنەوە، بەهایەکی مێژوویی و پێشکەوتنخوازانەی هەیە. “گرێبەستی کۆمەڵایەتی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریە، کە ماوەی سێ ساڵ کاری لەسەر کراوە و ڕۆژی سێشەممە پەسەند کرا، بەرهەمی ١٢ ساڵ شەڕ و خەباتی فیداکارانە و چالاکییە هاوبەشە مرۆیی و شۆڕاییەکانە، کە تەنیا بەشێکی بریتی بووە لە شەڕ لەدژی داعش کە بە تەواوی لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکیەوە پشتیوانی لێدەکرا. لەو خەبات و تێکۆشانە ١٢ ساڵەدا،یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)”،یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)” وهێزەکانی سوریای دێموکراتیکبە لەدەستدانی گیانی زیاتر لە سێزدە هەزار ئینسانی فیداکار، ئیمکانی ئەوەیان فەراهەم کرد کە ئیدارەیەکی هاوبەشی خۆبەڕێوەبەرێتی دابمەزرێ و بەردەوام بێت. “گرێبەستی کۆمەڵایەتی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریەکە تەواوکەری یاسا پێشکەوتنخوازەکانی پێشووە، ئەو پتانسێلەی هەیە کە بتوانێت دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی ڕۆژئاوا سەبارەت بە یەکسانی نێوان ژن و پیاو، داڕشتنی یاسایەکی دێموکراتیکی کار، یاسای پەیوەست بە ماف و ئازادییە تاکەکەسییەکان، مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، مافی منداڵان و پاراستنی ژینگە، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و باقی دەستکەوتەکانی دیکە، ورد بکاتەوە و پەرەیان پێ بدات. پێویستە بزووتنەوە و بیر و باوەڕە پێشکەوتنخوازەکانی جیهان، لە کاتێکدا کە شەڕی ئۆکراین و هێرشی جینایەتکارانەی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆسەر غەززە لە ئارادایە،ئیدارەی هاوبەشی خۆبەڕێوەبەرییلە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریە، وەک دەستکەوتێکی مرۆڤایەتی، لەبیر نەکەن و وەک هەمیشە، پاڵپشتیی هەمەلایەنەی خۆیانی لێ درێغ نەکەن. ئەم پاڵپشتییە، لەم ڕۆژانەدا کە ئەرتەشی تورکیە و هێزە بە وەکالەتەکانی، بە چرای سەوزی وڵاتە ئیمپریالیستییەکانی ئەمریکا و ڕووسیە و پیلانگێڕیی وڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە، بەنیازن ئەم ئەزموونە ئیلهامبەخشە لەناوببەن، لە هەر کاتێکی دیکە پێویست ترە.