کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەرەسەندنی گوشاری تاقەت پروکێن و بەردەوامبوونی خەبات و خۆڕاگریی

کۆماری ئیسلامی لە کاتی هێرشی ڕۆژی ( ٧ی ئۆکتۆبر)  ١٥ ڕەزبەری حەماس و دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل لە دژی فەلەستینییەکانەوە، گوشارە تاقەت پروکێنەکانی پێشووتری خۆی لە دژی خەباتکاران و ئازادیخوازان پەرەپێداوە. لێرەدا بە کورتی چەن نموونەیەک لە گرینگترین دەستدرێژیەکانی ڕژیم و خەبات و خۆڕاگرییەکان لە بەرامبەریدا دەخرێتەڕوو: سەرەنجام کاربەدەستانی قەزایی دەرفەتیان بۆ ڕەخسا و دوای ١٣ ساڵ و نۆ مانگ، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، قاسم ئابستە، زیندانیی عەقیدەتی خەڵکی شاری مەهابادیان لە سێدارە دا. قازی یان جەلاد مەقیسە لە دادگاییەکی ٢ خولەکیدا پێی گوتبوو: یەکەم تۆ کوردی ئەمە یەک ئێعدام!  دووەم: تۆ سوننی، ئەوە دوو ئێعدام و  سێیەمیش، تۆ بیر و باوەڕی سەلەفیتان هەیە، ئەوەش سێ ئێعدام و ئیتر تەواو!” ڕۆژی ١٢ی ئەم خەزەڵوەر کۆمەڵێک لە زیندانیانی قزڵ حەسار لە نامەیەکدا داوایانکردبوو: ” با نەهێڵین ئەو بارودۆخەی ئێستا و هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەکە دەرفەتێک بێت بۆ ئەستاندنی گیانی هاووڵاتییەک و قەتڵیکی حکوومەتی“. دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی مەرگی ئارمیتا گراوەند کە وەک ژینا ئەمینی بە دەستی مەئموورانی کۆنترۆڵی حیجاب گیانی لەدەستدا، ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەر شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە دژی دڕندەیی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکرد. کاردانەوەی ڕژیم وەک هەمیشە وەحشیانە بوو. کاربەدەستان لە ڕێگای مەئموورەکانەوە فشارەکانی پێشوویان لەسەر بنەماڵەی ئارمیتا زیادتر کرد. ئەوان دەیانویست ئەو بنەماڵەیە ناچار بکەن کە درۆ و دەلەسەکانی ڕژیم سەبارەت بە لاوازی تەندروستی ئارمیتای تەکواندۆکار قبوڵ بکەن و هەر ئەوەش بە ڕای گشتی ڕابگەیەنن، بەڵام بە ئاشکرا لە دەمیان درا. ئەوان لە ڕۆژی بەخاکسپاردنەکەی دا ١٧ کەس لە بەشداربوونیان دەستگیرکرد. وەڵامی بەشێک لە لاوانی تێکۆشەر بریتی بوو لە نووسینی دروشم لەسەر دیوارەکان و بەرزکردنەوەی دروشمی شەوانەی دژە حکوومەتی. هەر لەو ماوەیەدا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ڕادەی گوشارەکانیان لەسەر ژنانی سینەماکاری دژی حیجابی ئیجباری زیاد کرد. ئەوان هاوکات لەگەڵ بانگهێشتکردنی سینەماکارانی بوێر و ئازادپۆش بۆ دادگا، ناوەکانیان دان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی نەهێڵن کاریان پێ بسپێرن. کاردانەوەی سەرجەم ئەو ئازادپۆشانە وەک هەمیشە بوێرانە بوو. بۆ نموونه کەتایون ڕیاحی له وڵامی وەزيری ئیرشاد و بەرپرسانی سینەمای حکوومەتیدا، که قەدەغەی کارکردنی ئەو سینەماکارانەیان ڕاگەیاندبوو وتی: ویژدان و شەرافەتم ڕێگەم پێنادات لەو سینەمایەی ئەمڕۆدا کاربکەم. تەرانە عەلیدووستی ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەر، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام  بە بەکارهێنانی هاشتەگی مەهسا ئەمینی و ئارمیتا گراوەند سەبارەت بە قەدەغەی کارکردنی نووسی: “ئەگەر لە فیلمەکانتاندا ڕۆڵ ناگێڕم، بۆ یەک چرکەش بیر لەوە مەکەنەوە کە گوایە ئێوەن توانیوتانەمن لەم کارە بێبەش بکەن ”. ئەم ئەکتەرەی سینەما لە درێژەدا وتی: هۆکاری پشتکردنمان لە سینەماکەتان ئەوەیە کە هێشتا خوێن لەو سەرپۆشە زۆرەملێیە دەچۆڕێ کە لە فیلمەکان و لە حەمام و ژووری خەوتندا بەسەرمانیدا دەدەن. ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە: “ئەو سەرپۆشە لە فیلمەکانتاندا بەسەردا نادەم کە خوشکەکانمی کوشت“.

ناڕەزایی دانشجویانی بەشێک لە زانکۆکان سەبارەت بە پرسە سنفی و سیاسیەکانی خۆیان سەرەڕای چڕبوونەوەی گوشارەکان لەسەر خوێندکارانی خەباتکار و دژە حیجابی ئیجباری، بەرچاو بوو. خوێندکارانی ژمارەیەک لە زانکۆکان لەوانە ئەمیر کەبیر و سەنعەتی شەریف و ئەلزەهرا، مەرگی ئارمیتایان هاوشێوەی مەرگی ژینا بە قەتڵی حکوومەتی ناوبرد و وێڕای نووسین لەسەر دیوارەکان، وێنەکانی ئارمیتایان بە تەختەکانیانەوە هەڵواسی. کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا وەحشیگەرییەکی کەم وێنەی لە بەرامبەر ناڕەزایەتیی بنەماڵەی دادخوازان و بە تایبەتی دایکانی گیانبەختکردوواندا لەخۆی نیشان دا.  بۆ نموونە مەهسا یەزدانی دایکی محەممەد جەواد زاهیدی یەکێک لە قوربانیانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١ بە ١٣ ساڵ زیندان مەحکووم کرا. ئەم دایکە بوێرە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بەردەوام دادخوازی خوێنی جگەرگۆشەکەی بووە و لە ڕیزی بنەماڵەکانی گیانبەختکردووانی دیکەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا وەستاوە. ئەو کردەوە سەرکوتگەرانەی کە ئاماژەیان پێکرا، لەلایەکەوە دەرخەری داماویی ڕژیم و لەلایەکی تریشەوە خەبات و ناڕەزایەتی و خۆڕاگریی جەماوەری ناڕازی و تێکۆشەرە.

لە تەواوی ئەو ماوەیەی کە بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕژیم هەوڵیان دا بە پێچەوانە نیشاندانی واقیعییەتەکانی شەڕی حەماس لە دژی ئیسرائیل و بە تۆمەتبارکردنی کەس و لایەنی تر وەک هۆکاری سەرجەم کێشە و گرفتە ناوخۆییەکان، کەشێکی ناواقیعی لە بەرژەوەندی خۆیان و دەسەڵاتە خوێنڕێژ و شکستخواردووەکەیان درووست بکەن، خەبات و ناڕەزایەتییەکان لەدژی ڕژیم و خاوەنکارە دەوڵەتی و تایبەتەکان لە گەشەکردندا بووە. خەبات و ناڕەزایەتی هەفتانەی کرێکارانی پیشەسازی و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکانی وەک کرێکارانی نەوت، ژنانی ئازادپۆش، بەلوچەکان، خانەنشینان و مامۆستایانیش هاوکات لەگەڵ ئەو خەبات و ناڕەزایەتیانەی کە پێشتر ئاماژەیان پێکرا، بێ پسانەوە بەردەوام بووە. هاوکات کاربەدەستان و بەرپرسانی ڕیژیمی سەرمایەداری ئیسلامیش، وێرای توندتر کردنەوەی گوشارەکان لە بوارە جیاجیاکاندا، ڕێژەی ئێعدامکردنەکان و تەقەکردن لە سوختبەران و کۆڵبەرانی بە ڕادەیەکی بەرچاو پەرەپێداوە. بەڵام ڕژیم کە توانایی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵکی نییە، بێ گومان لەگەڵ خەبات و ناڕەزایەتی هەرچی زیاتری ژنان و کرێکاران و شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازان بەرەوڕوو دەبێتەوە و ڕەوتی بەرەو ڕووخانی خێراتر دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیاندا

-

کۆیلایەتی مۆدێرن لە سەردەمی سەرمایەداریدا وتەیەک بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بنبڕکردنی کۆیلایەتی

-

وەحشیگەریی لە زیندانەکانی ئیسرائیل دا

-

تەنیا بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، کێشەی نیشتەجێبوون چارەسەر دەبێت

-

وتەیەک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین

-

کۆڵبەری لەسەر سنوور، بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ مەرگ، لەپێناو ژیانێکی مەمرە و مەژیدا

-