لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، هه‌روەک ساڵانی ڕابردوو كێشه و دیاردەی کارتۆن خەویی لە شارەکانی ئێران، بە شێوەیەکی زه‌قتر خۆی دەردەخات. بەرینتربوونەوەی کارتۆن خەویی لە ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی، ساڵ لەدوای ساڵ ئاستێکی هەژێنەرتر بەخۆیەوە دەگرێت. ئەوەیکە لە ماوه‌ی ئه‌م ساڵانەی دواییدا زیاتر جێی سه‌رنج بووە، زیادبوونی ژمارەی بنەماڵە و ژنان و منداڵانی بێ ماڵ و حاڵ و کارتۆن خەوە.
جێگری ڕێكخراوی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی و سازمانی ڕیفاهی شارەداریی تاران، پێشتر ژمارەی کارتۆن خەوەکانی تارانیان، به ١٥ هەزار کەس بەراورد کردبوو، کە لەنێویاندا پێنج هەزار ژن هەبوون. ئەم سازمانە هەروەها باس لە دابەزینی ڕێژەی تەمەنیی “ژنانی کارتۆن خەو” لەسه‌ر ئاستی ئێران ده‌كات و دەشڵێ: ” مامناوەندی تەمەنی ئەم ژنانە گەیشتووه‌تە ٣٢ ساڵ. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئاماری ژنانی دووگیان و منداڵان لەنێو کارتۆن خەوەکانی تاران‌دا، به‌رده‌وام لە حاڵی هەڵکشاندایە.” هەڵبەت به‌گوێره‌ی هه‌ندێک سەرچاوەی سەربەخۆ، مامناوەندی تەمەنی ژنانی کارتۆن خەو، بۆ ١٧ ساڵ دابه‌زیوه و تەنانەت هه‌ندێجار کەسی ١٥ ساڵ تەمەنیشیان لەنێودا بیندراوە. بە سه‌رنجدان بەو پەروەندانەی كه لەپێوەند لەگەڵ ڕێژەی مەرگ و میری مۆعتادان لەنێو ژنانی خیابانیدا لەبەردەستدان، ئامارێک کە دەوڵەت لە بواری کارتۆن خەویدا پێشکەشی دەکات، ناتوانێ ڕاست بێت و جەمعییەتی کارتۆن خەوەکان لە ١٥ هەزار کەس زیاترن. لەم دواییانەشدا نوێنەرانی ژن له مەجلیسی شوڕای ئیسلامیش، باسیان لە زیادبوونی ژمارەی کارتۆن خەوەکان لە تاران کردبوو. پێویست بە ئاماژەپێدانه کە سەرچاوەکانی دیكه، تەنها ژمارەی کارتۆن خەوە موعتادەکانیان لە گه‌وره‌شارێكی وه‌ك تاران بە زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس بەروارد کردووە. هەڵبەت زیادبوونی کارتۆن خەویی تایبەت بە تاران نییە و لە شارە گەورەکانی وەک شیراز و ئیسفەهانیش دیاردەی کارتۆن خەویی ڕووی لە زیاد بوونە.
کاربەدەستانی ڕژیم بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی و تەبرەئەی نیزامی سەرمایەداریی ئیسلامیی کە سەبەبکاری سەرەکیی و هۆكاری بێ ماڵ و حاڵیی خەڵک و دیاردەی کارتۆن خەوییە، هۆکاری پەرەگرتنی ئەم دیاردەیە دەگەڕێنێتەوە بۆ فاكته‌ره‌كانی وەک، ” هەڵسوکەوتی نادرووست” وەک “هەڵاتن لە ماڵ” و “شەڕئەنگێزیی” و کرداری جنسیی و ئیعتیاد و …. ئه‌مانه. پووچبوون و بێ ناوەرۆک بوونی ئەم پاساوانە لە ئیعتیڕافی بەشێک لە کاربەدەستانی ڕژیمدا، جا بە ئانقه‌ست بن یان بەڕێکەوت، ئاشکرا دەبن. بۆ نموونە جێگری بەناو خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی شارەداریی، چەندین جار وتوویەتی کە ” ئەو بنەماڵانەی لەگەڵ منداڵەکانیان بێ ماڵ و حاڵن” و یان دەڵێت کە زۆربەی ئەم کەسانە خاوەنی کەرامەت و عیززەتی نەفسێکی بەرزن. هه‌ندێکیان وەرگێڕن و چەندین کتێبیشیان وەرگێڕاوە”، ئەم قسانە نیشانده‌ری ئەو ڕاستییەن کە گەلێک لە کارتۆن خەوەکان، ئینسان گه‌لێكن کە خاوەنی زەرفییەت و بگره توانای کارێكی زۆریشیان هه‌یه. بەڵام هەژاریی و بێکاریی و لەسەرەوەبوونی هەزینەکانی ژیان و مەسکەن و بارودۆخێکی فەکەتبار کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بۆ خەڵکی بەدیهێناوە، گەلێکیانی لە دانی کرێی ماڵ و سەرپەنایەک بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان بێ‌توانا کردووە. ئەوان هیچ چارەیەکیان نییە و ناچارن شەوانە لە پارک و مەیدان و شەقامی شاراندا ڕۆژ بكه‌نه‌وه. ” ڕژیمی ئیسلامیی مۆسته‌زعه‌ف په‌نا”، لەژێرناوی ئەوەیکە، ” با کارتۆن خەوەکان سیما و ڕواڵەتی شارەکان دزێو نەکەن” یان ده‌نا ” نەبنە هۆی بێزاریی “شومال نشینان”ی ناوه‌ند و به‌شی باڵاشار”، ئەوانیان گواستووه‌تەوە بۆ ناوچە هەژارنشینەکانی باشووری شار وەک دەروازە غار، شووش و تێرمیناڵی جنووب و ڕاه ئاهه‌ن.
لە ماوه‌ی ئه‌م هەفتانەی دواییدا ته‌وه‌ری نەزۆککردنی ژنانی خیابانیی لە لایەن ” شەهێندۆخت مۆللاوێردیی” جێگری سەركۆمار بۆ كاروباری ژنان، به مه‌به‌ستی به‌ربه‌ره‌كانێیی مناڵانی كارتۆن خه‌و، جارێکی دیكه هاتووه‌ته‌وه گۆڕێ. ئه‌وه بۆ دووهه‌مین جاره كه ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه ده‌ورووژێت و ئه‌مجاریان ته‌نانه‌ت لە ڕاگەیەنەرەکانیشدا ڕه‌نگی داوەتەوە. مۆللاوێردیی وتوویەتی کە ئەم کارە “مەنعی شەرعیی و یاسایی”شی نییە. ئەوەیكه ڕوون و ئاشکرایە، ئه‌وه‌یه كه دەوڵەت ناتوانێ هەژاریی و ئیعتیاد لە کۆمەڵگەدا کۆنتڕۆڵ بکات و بۆ بەرگرتن لە پەرەسەندنی کارتۆن خەویی، ” نەزۆک کردنی ژنانی کارتۆن خەودا” به ڕێگه‌چاره ده‌زانن. بەم کارەش دەیانەوێ ژنانی خیابانیی هه‌ر بە زۆر و ئیجبار و بە هەنگاوێکی دژه مرۆڤانه، بۆ هەتاهەتایە نەزۆک بکەن. ئەگەر بێت و ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه پەسه‌ند بکرێت ژنانی کارتۆن خەو بەشێوەی یاسایی مەحکووم بە درێژەدان بە ژیان بە شێوەی ئێستایان ده‌كرێن. دەوڵەت له‌جیاتی ئەوەیکە بەرپرسیارانە درووست‌کردنی سەرپانا و دابینکردنی ئیمکاناتی ژیانێکی ئینسانییان بۆ دابین بکات و لەم ڕێگایەوە کارتۆن خەوه‌كان لەم بارودۆخە کارەساتبارە ڕزگار بکات، ئەوان بە درێژەدان بەم ژیانە مەحکووم دەکات.
کۆماری ئیسلامی هه‌تا ئێستا بۆ چارەسەری كێشه‌ی کارتۆن خەوەکان، هەنگاوێکی جیددیی هه‌ڵنه‌گرتووه. دروستکردنی پڕۆژه‌ی ژمارەیەک گەرمخانە بۆ پیاوان لە تارانیش، بە تەواوەتیی فۆرمالیتە بووە. بەرپرسانی ڕژیم دەڵین کە خەڵک تێڕوانینێکی باشیان له‌سه‌ر گەرمخانەکان نییە و قبووڵی ناکەن بچنه ئەوێ. خەڵکی بێ ماڵ و حاڵ بەهۆی هه‌ڵسووكه‌وتی نامرۆڤانە لەگەڵیان، متمانه‌یان به‌و شوێنانه نه‌ماوه. بەڵام كێشه‌كه هه‌ر به‌تەنها نه‌بوونی متمانه بە ڕژیم نییە و ڕاكردن به‌ده‌ست هه‌ڵسووكه‌وتی پڕ له سووكایه‌تیی نییه. بێ ئیمکاناتی ئەم گەرمخانانە و هه‌ڵسووكه‌وتی نه‌شیاو و سووکایەتیی بەرپرسانی ڕژیم به کارتۆن خەوەکان گه‌یشتووه‌ته ئاستێك کە ئەوان پێیان باشتره كه لە پارک و باقی شوێنەکانی دیكه بمێننەوە هه‌تاكوو بچنه ئه‌وێ.
لە بارودۆخێکدا كه دەوڵەتی ڕوحانی، بەرەوپێشبردنی ستراتێژ و سیاسه‌ته ئابوورییەکانی وه‌ك گەشەی ئابووریی و ڕەخساندنی هەلی کار و باشترکردنی ژیانی خەڵکی گرێداوه به ئیجرای بەرجامەوە، بۆ بەکردەوەدەرهاتنی بەرجامیش بەرەوڕووی کۆمەڵێک کۆسپ و لەمپەر بووه‌تەوە و لە بارودۆخێکیشدا کە هەموو سەرچاوەکانی سەروەتی کۆمەڵگه و بەرهەمی توندتركردنه‌وه‌ی چەوساندنەوەی کرێکاران، هێنراوه‌ته خزمەت قەبەكردن و په‌ره‌پێدانی دامودەزگای سەرکوت و بۆرۆکراسیی گەندەڵی حکومەتی، ئۆرگانەکانی تەحمیق و خەڵەتاندنی جەماوەر به‌هێز كراون و ده‌خاڵەتگەریی نیزامیی لە ناوه‌نده‌كانی قەیران و كێشه ئاڵۆزه‌كانی ناوچەكه بووه به سیاسه‌تێكی نه‌گۆڕ، نابێ ئەو چاوەڕوانییەش هەبێت کە ئه‌م بارودۆخە کارەساتبارە به‌ره‌و باشیی مل بنێت. کۆتایی هێنان بە گرفتی بێ ماڵ و حاڵەکان و دابینبوونی مەسکەنی گونجاو بۆیان، تەنها دەتوانێ بەرهەمی خەباتی یەکگرتووانە و بەهێزی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بێت. دەبێ له‌ڕێگه‌ی هێزی خەباتی یەکگرتووانە دەوڵەت ناچار به‌وه بکرێت کە سەروەتی کۆمەڵگه و بەرهەمی ڕەنج و زەحمەتی کرێکاران بێته خزمەت دابینکردنی ڕفاه و خۆشبژێویی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و دابینکردنی مەسکەنی گونجاو بۆ هەمووان. ئەگەر خەباتێکی سەرتاسەریی، ڕێکخراو و بەهێز له‌گۆڕێدا نه‌بێت، هیوایەکیش بۆ کۆتایی هاتن بە دەیاردەی کارتۆن خەویی و کەمبوونەوەی گرفتی مەسکەن بۆ کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش بوونی نابێت.