دەوڵەتی پاکستان ئۆپەراسیۆنی گەڕانەوەی زۆرەملێی پەنابەرانی ئەفغانستانی بۆ وڵاتەکەیانی بەشێوەیەکی زۆر توندوتیژ و نامرۆڤانە و لە ئاستێکی بەربڵاودا دەستیپێکردووە. ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوکاتە لەگەڵ وێرانکردنی ماڵ و شوێنی کار و کاسبی و تەبلیغاتی ژەهراوی بەمەبەستی هاندانی خەڵکی پاکستان لەدژی پەنابەران. هەرئێستا دەیان هەزار پەنابەری ئەفغانستانی لە کەشوهەوایەکی سارددا لەودیوی سنوورەکان سەرگەردانن و مەترسی نەخۆشکەوتن و گیان لەدەستدان هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر منداڵانی ورد و کەم تەمەن. دەوڵەتی پاکستان لە سەرەتاکانی مانگی ئۆکتۆبرەوە مۆڵەتی دیاریکرد بۆ یەک ملیۆن و حەوت سەد هەزار کۆچبەر و پەنابەری ئەفغانستانی کە تا سەرەتای مانگی نوامبر ئەو وڵاتە جێبهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستان. ئێستاکەئەموادەیەتەواوبووە،مەئموورەکانیدەوڵەتدەستیانکردووەبەڕووخاندنیماڵوشوێنیکارو
نیشتەجێبوونی ئەو ئاوارانە و بە زۆر لەو وڵاتە دەریان دەکەن. دەسەڵاتدارانی پاکستان کە بۆخۆیان ساڵانێکی زۆرە سەرقاڵی پەروەردە کردنی تیرۆریستن، ئێستا ژنان و پیاوانی زەحمەتکێش و ستەمدیتووی ئەفغانستان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە گۆیا لەو وڵاتە خەریکی کاری تیرۆریستین. بەڵام ئەم تۆمەتە نەیتوانی بیروڕای خەڵکی پێشکەوتنخوازی جیهان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ناوەندەکانی بەهاناوەچوون بەلاڕێدا ببات. ڕۆژی سێشەممە ٩ی خەزەڵوەر ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای لە دەوڵەتی پاکستان کرد دەستبەجێ بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی ئەفغانستان هەڵبوەشێنێتەوە. ئەو ڕێکخراوەیە هەروەها داوای لە وڵاتانی جیهان کرد کە بەشداری بکەن لە پێدانی مافی پەنابەری بەو ئەفغانیانەی کە لەدەست ئەزیەت و ئازاری تاڵەبان هەڵاتوون.
ڕێکخراوی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ دەسەڵاتدارانی پاکستان بەوە تۆمەتبار دەکات کە ساڵانێکی زۆرە پەنابەرانی ئەفغانستان وەک ئامرازێک لەبواری دیپلۆماسیدا بەکاردەهێنێت. جێگای ئاماژەیە کە زیاتر لە ٤ ملیۆن پەنابەری ژن و پیاوی ئەفغانی لە پاکستان بوونیان هەیە کە زۆربەیان کرێکارن و دەیان ساڵە بە بێ مافی و بە حەقدەستێکی کەم کاریان لێدەکێشن. بەر لە هێرشەکەی ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، گوشارەکان بۆسەر ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئێرانیش لە لایەن حکوومەتەوە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە زیادی کردبوو. کاربەدەستان باسیان لە زیانباربوونی پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران دەکرد و وەک کێشەیەکی ئەمنییەتی ناویان دەبردن. بەرپرسانی ڕژیم بە درۆ و دەلەسە و شێواندن و بەلاڕێدا بردنی ڕاستییەکان، ئەو پەنابەرانەیان وەک هۆکاری سەرەکی گرفتی ئابووری و بێکاری و تەنانەت هۆکاری کەمبوونی نان و ئاردیش نیشان دەدا. دەسەڵاتدارانی خۆجێی لە ژمارەیەک لە پارێزگاکان وێڕای دووپاتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی بەرپرسان، بە شێوەیەکی فەرمی پێشیان بە بوونی ئەو ئاوارانە لە پارێزگاکانی ژێر بەرپرسیارێتی خۆیان دەگرت. هەروەها ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکانیش بەش بەحاڵی خۆیان وێڕای خستنەڕووی ئاماری ناڕاست سەبارەت بە ژمارەی ئەو پەنابەرانە لە وڵاتدا، تۆمەتی ناڕەوا و بێ بنەمایان دەخستە پاڵیان، تا ئەو جێگایەی کە تەنانەت بە هەڵگری نەخۆشی مەترسیدار لەقەڵەم دران.
لە ئاکامدا هێزە سەرکوتگەرەکان بێبەزەییانەتر لە پێشوو دەستگیریان دەکردن و ڕەوانەی سەرسنووریان دەکردنەوە. بەڵام لەم ڕۆژانەدا شەپۆلی ئەم تەبلیغاتە ژەهراوییانە تا ڕادەیەک کەم بووەتەوە. تەنانەت هەندێک لە بەرپرسان سەبارەت بە ئەگەری پەرەسەندنی دژە ئەفغانیبوون و تۆمەتی ناڕەوا لە دژی ئەوان هۆشداریی دەدەن. تا ئەو جێگایەی کە “عەبدوڵڵا موبینی، سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوەیی کۆچ دەڵێت: کۆچبەرانی ئەفغانی هیچ کێشەیەکی ئەمنییەتییان بۆ ئێران دروست نەکردووە“.
بەڵام با بزانین هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە تاکتیکییە لە هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە پەنابەرانی ئەفغانستان چییە؟ ئاژانسی هەواڵی فارسی سەر بە سپای پاسداران ڕۆژی ٢٢ی ڕەزبەر هەڵمەتی ناردنی بەناو خۆبەخشانی دەرەکی لە ئێرانەوە بۆ غەززە دەستپێکرد. مەبەستی ئەم ئاژانسە هەواڵییە، ئەو خۆبەخشانەن کە زۆربەیان بریتین لەو پەنابەرە ئەفغانیانەی کە بەهۆی بێبەشبوون لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، بەناچاری پەیوەست دەبن بە سپایەکەوە بە ناوی فاتمیون بۆ ئەوەی داهاتێک بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان بەدەست بهێنن و لەو ڕێگایەشەوە بتوانن ئیقامە یان مافی نیشتەجێبوون وەربگرن. لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لەم ئەفغانیانە لە ژێر ناوی بەرگریکارانی “حەرەم“دا دوای ڕاهێنانێکی کورت، ڕەوانەی سوریە کران و کوژراون. ئێستا کە شەڕ لە سوریه تا ڕادەیەکی زۆر کەم بووەتەوە، بەرپرسانی ڕژیم و سپای قودس دەیانهەوێت لەشکری فاتمیون وەک هێزێکی بە وەکالەت لە دژی ئیسرائیل لە سوریه بەهێز بکەن. ڕۆژنامەی کەیهان چاپی تاران کە زمانحاڵی خامنەییە لەم پێوەندییەدا نووسیویەتی: ئەگەر ئەرتەشی ئیسرائیل بچێتە ناو کەرتی غەززە، لەشکری فاتمیون بە پشتیوانیی لە حەماس بەشداریی شەڕ لە دژی ئیسرائیل دەکات. نابێ ڕێگا بدرێت ئەم ڕژیمە قەیران لێدراو و سەرچاوەی قەیرانە، لەوە زیاتر لە بێکاری و بێ مافی ئەو لاوە پەنابەرانەی ئەفغانستان لە ئێران وەک دەرفەتێک کەڵک وەربگرێ و لە ڕیزەکانی لەشکری فاتمیون دا و لەپێناو بەرەوپێشبردنی سیاسەتە ناوچەییەکانی خۆیدا بەکوشتیان بدات.