کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

 شەپۆلێکی کە لە دژی دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدانی تۆماج ساڵحی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کەوتەڕێ، نموونەیەکی ئومێدبەخشە کە نیشانیدا کۆمەڵانی خەڵکی خەباتکار لەم ساتە هەستیارانەدا، ئەو زیندانییە سیاسییە بەندکراوانەی کە بۆسەی مەرگ چاوەڕوانیان دەکات، بە تەنیا ناهێڵنەوە. بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە بۆ ڕێگریکردن لە دەستدرێژییەکانی ڕژیم بۆسەر گیان و ژیانی زیندانییە بەندکراوەکان، هێزێکی بە چەند قات گەورەتر و بزووتنەوەیەکی گەلێک بەرینتر پێویستە. هێشتا ئەو هێزە بەرین و لەبن نەهاتووەی جەماوەر کە توانایی بەسەرکەوتن گەیاندنی نەبەردێکی وەها گەورە و چارەنووسسازی هەیە، نەکەوتووەتە ڕێ، پرسێکی کە وەک ئەرکێکی گرنگ لەبەردەم ئێمە و هەر ئینسانێکی خەباتکاردایە. بێ گومان ئەو بژاڤە لە چەشنی ڕووبارێکی خرۆشاو دەبێت کە ئەم ڕژیمە وەک زبڵ و خاشاک ڕادەماڵێت. لەم وڵاتەدا ملیۆنان گەنج و لاو لەم ڕژیمە جینایەتکارە بێزارن، بە ملیۆنان ژنی دیل و ستەمدیتوو نەفرەتیان لەم ڕیمەیە، ملیۆنان کرێکاری برسی ئاواتی مەرگی ئەم ڕژیمە دەخوازن، ملیۆنان مامۆستا و پەرستار و کارمەند و خانەنشین لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و شکۆ و کەرامەتی خۆیان لە ڕووخانی ئەم ڕژێمەدا دەبیننەوە، ملیۆنان کەس گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکانن و ئەم ڕژیمە بە سەبەبکاری چارەنووسی ڕەشی خۆیان دەزانن، ملیۆنان ئینسان بێ ماڵ و حاڵن و نەفرەت لەو ڕژیمە دەکەن و بە ملیۆنان منداڵیش لە چێژ وەرگرتن لە سەردەمی منداڵی خۆیان بێبەشن و خولیای دنیایەکی شاد و  بەختەوەری منداڵانەیان لەسەردایە.

هەموو ئەمانە خولیا و ئاواتی جیهانێکی تریان لەدڵدایە، جیهانێکی کە تیایدا ئازادی و نان و کار، شوێنی نیشتەجێبوون و خۆش بژێوی، ئاسوودەیی و ئارامی و بەختەوەری بوونی هەبێ و هەمووشیان دەزانن کە لە سایەی ئەم ڕژیمە چەوسێنەر، تاڵانچی، گەندەڵ، دژە ژن و منداڵ ئازارەدا، ناگەن بەو جیهانەی کە دڵیان بۆی لێدەدات. بێ گومان هەوڵ و تێکۆشانی یەکگرتووانەی کۆمەڵانی خەڵک لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ئازادی زیندانیانی سیاسی، دەتوانێت سەربکەوێت. ئەم ڕژیمە سەرەڕای هەموو سەرەڕۆییەکانی و سەرباری ئەو چنگ و ددانەی کە نیشانی دەدات، لە ئاست ورە و ئیرادەی جەماوەردا لاواز و بێ دەسەڵاتە. ئەگەر جینایەت ئەنجام دەدات، ئەگەر بە گرتن و زیندانیکردن و هەڕەشە و ئەشکەنجە و تیرۆر و پەتی سێدارە، لە هەوڵی زاڵکردنی کەشی ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگادایە، هەمووی ئەمانە لەو ڕووەوەیە کە نە توانایی پێکهێنانی هیچ ئاڵوگۆڕێکی باشتری لە ژیانی خەڵکدا هەیە بۆ ئەوەی لەم ڕێگایەوە جێگە و پێگەیەک لەناو خەڵکدا بەدەست بهێنێت و نە تەبلیغاتێکی کاریگەر، کە بتوانێت بە فێڵ و فریو خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، هەربۆیە پەنای بردووەتە بەر تاکە ئامرازێکی بەردەست کە بریتییە لە زیندانیکردن و کوشتن و سەرکوتکردن. هەموومان کەم تا زۆر لاوازی و بێ دەسەڵاتی ئەم ڕژیمەمان لە بەرامبەر شەپۆلی کۆمەڵانی تووڕە و وەگیان هاتووی خەڵکدا بینیوە و ئەگەر تا ئێستا شەڕی ئەم ڕژیمە لە سەر خەڵکی ئێران کەم نەبۆتەوە، هۆکارەکەی نەک بەهێزبوونی ڕژیم، بەڵکوو پرشوبڵاوی و ناڕێکخراوی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵەکان و بزووتنەوەی کرێکارییە.

ئەگەرچی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا جەماوەری هاوخەبات و یەکگرتوو گەلێک دیمەنی شکۆداریان لە هاودەنگی و یەکگرتوویی بێوێنەی خۆیان نیشانداوە، بەڵام ئەم ئاستە لە هاودەنگی و یەکگرتووییە، بەبێ ڕێکخراوگەلێکی فرەچەشن و سازماندراو، ناتوانێت پاشەکشەی جددیتر بەسەر ئەم ڕژیمە جینایەتکارەدا بسەپێنێ و ڕێگەی ڕزگاربوونی یەکجاری کۆمەڵانی خەڵک لە شەڕی ئەم ڕژیمە، خۆش بکات. لە هەلومەرجێکدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خەریکی جێبەجێکردنی سیاسەتێکە کە دەیەوێت لەو ڕێگایەوە هەنگاو بە هەنگاو قورسایی قەیران و شپرزەییە ئابوورییەکانی خۆی بخاتە سەر شانی کرێکاران و چین و توێژە کەمداهاتەکانی کۆمەڵگا، لە شەقامەکان شەڕی لەدژی ژنانی ئازادپۆش وەڕێخستووە و هاوکات گوشار بۆ سەر زیندانیانی سیاسی و بەڕێوەبردنی سزای لەسێدارەدانی خستووەتە دەستووری کاری خۆیەوە، بۆ ئەوەی خەڵک چاوترسێن بکات و ناچاریان بکات کە واز لە ناڕەزایەتی دەربڕین بهێنن. ئێعدامەکانی ئەم دواییانە و دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ تۆماج ساڵحی تەنیا بە تۆمەتی خوێندنی ئاواز و گۆرانی ناڕەزایی و ڕەخنەگرانە، نیشاندانی چنگ و ددانی خوێناوییە بە جەماوەرێکی کە ڕژیم باش دەزانێت لە بەرامبەر کەوتنە ڕێی شەپۆلی خرۆشاوی ئەواندا، لاواز و بێ دەسەڵاتە. بە مەبەستی پاشەکشە پێکردنی جددی بە ڕژیم لە بواری وڵامدانەوە بە ویست و داخوازییە ئابوورییەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و کەمداهات، بە مەبەستی کورتکردنەوەی دەستی ڕژیم لەسەر گیان و ژیانی زیندانیانی سیاسی بەندکراو و هەروەها بۆ سەقامگیر کردنی هەر ڕادەیەک لە دەسکەوتەکانی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی تا ئێستا، بوونی ڕێکخراوەگەلێکی بەردەوامی جەماوەریی لە فۆڕم و شێوازی جۆراوجۆردا پێویستە، ڕێکخراوەگەلێکی کە کرێکاران، خوێندکاران، ژنان، مامۆستایان، پەرستاران، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، بەرگریکارانی ژینگە، داکۆکیکارانی مافی منداڵان و هیترلەخۆ بگرێت. پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەری و مەدەنییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان. ئەرکێکی لەم چەشنە، بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە سەر شانی هەڵسووڕاوانی سۆسیالیست و ڕێبەران و پێشڕەوانی بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان. ئەو ڕۆڵەی کە تا ئێستا بینراوە، دەستکەوتگەلێکی بەرچاوی هەبووە و لەمەودواش پێویستە، بە شێوەیەکی جددیتر و لە ئاستێکی بەربڵاوتردا بەردەوام بێت.

بابەتی پەیوەندیدار

ئاماری ساختە سەبارەت بە باشتربوونی دۆخی ئابووری و بوونی پۆتانسێلی تەقینەوەیەکی بەهێز لە کۆمەڵگادا

-

بوێری بنەماڵەی دادخوازان، ئیلهامبەخشە

-

سۆنامی گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا، هەموو سنوورەکانی بەزاندووە

-

شادی و خۆشی جەماوەر بەرامبەر بە مەرگی ڕەئیسی، جەلادی ٦٧

-

ئیبراهیم ڕەئیسی “جەلادی ٦٧” و هاوڕێکانی کوژران

-

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-