کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەرەسەندنی شۆڕش لە ڕێگای پەیوەست بوونی چینی کرێکارەوە

images

 

مانگرتن، ناڕەزایەتی و کۆبوونەوە کرێکاریەکان لە دوو حەوتوی ڕابردودا پەرەسەندنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە. ئەو ئاکسیۆنانە سه‌ره‌ڕای كه‌شێكی ئه‌منیه‌تی توند، زیاتر لە ناوچە پیشەسازیەکاندا ڕوویانداوە. لە ٣ تا ١٥ی مانگی بەرانبار کرێکارانی ڕەسمی، ئەرکانی سێ و پڕۆژەیی نەوتی لە ناوچەکانی وەک عەسەلوسیە، ئەهواز، ئەراک و ئابادان بۆ دەستەبەر کردنی داخوازیەکانیان مانگرتن و کۆبوونەوەیان بەڕێوەبرد. یەکێک لە داخوازیە بنەڕەتیەکانیان ئیجرای مادەی ١٠ ی یاسای ئەرک و ئیختیاراتی وەزاڕەتی نەوت پسندکراوی ساڵی ١٣٩١ بووە لە مەجلیس. نەفتگەران خوازیاری ئەوەن کە ئەم مادەیە بە خێرایی و لە تاریخی پەسندکرانیەوە ئیجرا، و مەزایای دیاریکراویش تێیدا پەرداخت بکرێت. باقی داخوازیەکانی ئەو کرێکارانە بریتین لە لابردنی ماڵیاتی زیادکراو لەسەر حەقدەستەکان، زیادبوونی حەقدەست و لابردنی ئاستی دیاریکراوی حەقدەستەکان، درانی بە خێرایی پاداشی کۆتایی کاری خانەنشینان، باتڵکردنەوەی ناسنامەی سندوقی نەوت و باشتربوونی خزمەتگوزاری ڕفاهی و دەرمانی. لەم چوارچێوەیەدا شوڕای هاوئاهەنگی کارمەندانی ڕەسمی نەوت لە بەیانیەیەکدا کە تێیدا بانگەواز بۆ مانگرتن و کۆبوونەوە لە رۆژی ١٠ی مانگی بەفرانباریان کردوە ڕوو بە بەرپرسانی مەڕبوتە لە وەزاڕەتی نەوت، واتە ئەو کەسانەی کە کرێکاران و داخوازیەکانیان لەبەرچاو ناگرن، نووسیویانە:

  یان زۆر نەفامن و لە هێزی هاوپشتی کارمەندانی پیشەسازی نەوت و گاز و پیتروشیمی حاڵی نین و یان ئەوندە خۆپەرست و خودخان کە ناتانەوێ هاوارەکانی ئامادەی ڕاپەڕین ببیستن. ئاگادار بن کە کاتی ڕوخانی کۆشکی ستەمگەریتان نزیک بۆتەوە، کایە بە کلکی شێر مەکەن، بزانن کە ئەم شێرە عەزمی بۆ تێکشکاندنی ئێسقانەکانتان جەزم کردوە.

خەباتی ئەم بەشە لە نەفتگەران لەلایەن کرێکارانی سێی پڕۆژەییشەوە بە تەواوی پشتیوانی لێکراوە. بەشێک لەم بەرهەمهێنەرانە خۆیان بە دەستدانە مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خوازیاری زیاد بوونی حەقدەست، دابین بوونی ئەمنیەتی پیشەیی لە ڕێگای بەستنی قەراردادی ڕاستەوخۆ و هەمیشەیی لەگەڵ وەزاڕەتی نەوت و لابردنی پەیمانکاران بوون. ئەوان لەسەر باقی داخوازیەکانیان وەک کورت کردنەوەی دەستی حەراسەت و کۆتایی هێنان بە کەشی ئەمنیەتی، ئازادی کرێکارانی دەستبەسەر کراو و زیندانیانی سیاسی پێداگرییان کرد.

بێجگە لە کرێکارانی یەکگرتوی نەوت، گاز و پیتڕوشیمی، کە پێشڕەوی خەباتی کرایکاری بوون لە قۆناغە زەمەنیە جۆراو جۆرەکاندا، تەولیدگەران لە پیشەسازیەکانی وەک زەوبی ئاهەنی سپێهری شەرق، کرێکارانی کارخانەی پڕۆفیل و کرێکارانی شیرکەتی ئیخوان، خوازیاری دابین بوونی ئەمنیەتی پیشەیی و یان بە کردەوە دەرهاتنی یاسای پیشەی سەختی کار و زیانئاوەر لە ناوەندەکانی کار بوون. لە ١٥ رۆژی ڕابردودا ژمارەیەک لە کرێکارانی شاغڵ لە ڕێگای ئاسنی قوم، میترۆی ئەهواز، کارخانەی لاتیک سازی خوڕەم ئاوا، کارخانەی سیمانی ئابادە، شارەداریەکانی خوزستان، شارەداری ئێرانشار، خزمەتگوزاری شارەداری نەیشابور، مخابراتی گیلان، کۆمەڵگەی بازرگانی ئەروەند، چەمخاڵە، پیشەسازی بەستەبەندی داروگەری ڕەشت و سیمبانانی بەرقی تارانیش بۆ دەستەبەر بوونی داخوازیە جۆراو جۆرەکانیان مانگرتن و ناڕەزایەتیان بەڕێوەبردوە.

کرێکارانی بەناو ناڕەسمی، وەک بەشێک لە جەمعیەتی ناڕازی و شۆشگێڕ لە هەمان ٢٦ ی مانگی خرمانانی ١٤٠١ وە، لە ئاخێزێکدا کە بوو بە هۆی ئەم شۆڕشەی ئێستا، بەشدار بوون.ڕێکخراوە کرێکاریەکانیش وەک حەوت تەپە، سەندیکای واحید، شۆڕای سازماندەی کرێکارانی پەیمانی نەوت و شۆڕای هاوئاهەنگی و هاوپشتی کرێکارانی ڕەسمی پیشەسازی نەوت( خانەنشینان و شاغڵین) و بەشێک لە کرێکارانی بەشەکانی تر سەبارەت بە وەحشیگەری بەرپرسانی دەوڵەتی لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ شۆڕشگێڕان کاردانەوەیان نیشانداوە و پشتیوانیان لە داخوازیەکانیان کردوە.

شەڕی چینایەتی کرێكارانی ڕێکخراو و لەسەرکار لەگەڵ ڕژیم لەسەر داخوازیەکانیان لە ناخی ئەم شۆڕشەی ئێستادا ڕواڵەتێکی چینایەتی تری بەخۆیەوە گرتوە. یەکێک لە گرفتە بنەڕەتیەکان کەمداهات بوونی کرێکاران، نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی، پڕژبڵاوی لە ئاستی سەرتاسەریدا و ناکافی بوونی وشیاری چینایەتی لە بەدەنەی چینی کرێکاردایە. پێویستە بۆ لابردنی کۆسپ و بەربەستەکان بەشێوەیەکی وشیارانە، سەبورانە و بە تەدبیرەوە هەوڵ بدرێت. پەیوەستبوونی چینی کرێکار بە شۆڕشی ئێستاوە نە تەنیا ڕوخانی کۆماری سەرمایەداری ستەمکاری ئیسلامی یەکسەرە دەکاتەوە، بەڵکو ڕێگای دامەزراندنی نیزامی دوای ئەویش بە قازانجی ژنان و پیاوانی نێعمەت ئافرین دیاری دەکات.