لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی نوێی دەستگیرکردن، دادگاییکردنی فەرمایشی، پەروەندەسازی لەژێر ئەشکەنجەدا و دەرکردنی سزای زیندانی درێژخایەن بۆ خەباتکارانی دەستبەسەرکراو کەوتووەتەڕێ. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەرەوە کە حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بە کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەتە لە هەموو بوارەکانی خەبات و ناڕەزایەتیدا گوشارەکانیان پەرەپێداوە. ئەو جەلادانەی کە بەرگی دادوەرییان پۆشیوە، هەر لەو ماوەیەدا، دۆسیەی نوێیان لە دژی چوار هاووڵاتیی بەهایی بەندکراو، بە ناوەکانی ویدا ئەحراری، موژگان بەسیری، شکۆفە بەسیری و جەماڵ قدیرزاده درووستکردووە بۆ ئەوەی زیاتر لە زینداندا ڕایانبگرن. پێشتریش ماوەی زیندانیکردنی چوار هاووڵاتی بەهایی خەڵکی شیراز، بەناوەکانی سەحەر محیبپوور، ڕۆکسانا ویژدانی، ستارە تەعامی، و بەهارە قادرییان، بە پێی پەروەندەی درووستکراو درێژکردبووەوە. ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەر، ئیدارەی ئیتلاعات وەک ڕێکارێکی پیشگیرانه مەجید تەوەکولی زیندانی سیاسی پێشوویان بەتۆمەتی بێبنەما دەستبەسهر کرد، کە مەجید خۆی بە پەروەندەسازی ناوی بردووە. هەر لەو ڕۆژەدا “عەبدوڵڵا زاروزهی“، تازەلاوێکی تەمەن ١٧ ساڵ و “مەحمود سالارزەهی“، دانیشتووی شاری زاهیدان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران. ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەر، مەنسوورە عیرفان، یەکێک له چالاکانی سنفی مامۆستایان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیمەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری مەشهەد دەستبەسەر کرا. هەروەها ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم لە پارێزگای سمنان ١٠ گۆرانیبێژی ڕاپەریان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستەوە. ئەوان بە بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکان تۆمەتبار کراون. بە گوێرەی هەواڵەکان ڕۆژی ٢١ی ڕەزبەر ژنانی زیندانیی سیاسی بەندی پێنجی زیندانی وەکیل ئابادی مەشهەد، لەم دواییانەدا لەگەڵ سنووردارکردنی زیاتر بەرەوڕوو بوونەتەوە. بەرپرسانی زیندان بەپێی کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای نوێ و توندوتۆڵتر، فەزای زیندانی ژنانیان زۆرتر ئەمنییەتی کردووە و پەنجەرەکانی زیندانیان بە میلەی ئاسن تەنیوە و هەروەها دەرگای هەواخۆری بەندەکانیان کە لە جێژنی نەورۆزەوە کرابۆوە، سەرلەنوێ بەسەر زیندانیاندا داخستووە. بەرپرسانی زیندان تەنانەت ڕێگە بە ژنانی زیندانی سیاسی نادەن بەبێ حزووری مەئموورانی زیندان بچنە دوکان یان چێشتخانەی زیندان. ڕۆژی ٢١ی ڕەزبەر، “ئەرسلان خودکام“، زیندانییەکی سیاسیی خەڵکی شاری مەهاباد کە حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە و لە زیندانی ورمێ حوکمەکەی تێپەڕ دەکات، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکییەوە بینایی چاوی لەدەست داوە. ڕۆژی ٢٣ی ڕەزبەر، چوونی نەرگس محەممەدیان بۆ نەخۆشخانە بەمەبەستی پشکنینی دڵ، بە هۆی لەبەرنەکردنی حیجابی ئیجباری، قەدەغە کرد. ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەر، ساڵح نیکبەخت، مافناس و پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، لە لایەن دادگای ڕژیمەوە لە تاران بە تۆمەتی “چالاکی تەبلیغی لەدژی ڕژیم لە ساڵی ٢٠١٩، سزای یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و بۆ ماوەی دوو ساڵ قەدەغەی چالاکیی لە فەزای مەجازی بەسەردا سەپێندرا. ڕۆژی ٢٦ی ڕەزبەر، دوو هاووڵاتی بەلوچ بە ناوەکانی “میلاد گومشادزەهی” و “مەسعوود زبەردەستی” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئێرانشار و فەنووج دەستبەسەر کران. سەرلەبەیانی هەر ئەو ڕۆژە عاتیفە ڕەنگریز لە ناڕەزایەتی بە دەرکردن و دووبارە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کەفالەت لە پەروەندەکەیدا، دەستیدایە مانگرتن لە خواردن. هەر هەمان ڕۆژ پاسەوانانی زیندان بەهۆی خۆبواردن لە پۆشینی جل و بەرگی زیندان ئامادە نەبوون ڕەزا شەهابی بنێرن بۆ دوا پشکنینی بڕبڕەی پشتی و ئامادەکاری بۆ نەشتەرگەری.
وەحشیگەری ڕژیم ڕۆژی هەینی ٢٨ی ڕەزبەر سنووری بەزاند. لەو ڕۆژەدا، سەرکوتگەرانی ڕژیم بە شێوەیەکی دڕندانە زیاتر لە ٥٠٠ تێکۆشەری بەلووچیان بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە ئاساییەکانی ڕۆژانی هەینی لە شارەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان دەستگیرکرد کە ژمارەیەکی بەرچاویان تازەلاوانی کەمتر لە ١٨ ساڵ تەمەن بوون. کۆماری ئیسلامی کە ترسی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی بەربڵاوی جەماوەریی دایگرتووە، دەزانێت پێش هەموو کەسێک دەبێ بچێتە سۆراغی هەڵسووڕاوان و کەسایەتییە ناسراو و خۆشناوەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵەکان. دەزانێت کاتێک ئەو هەڵسووڕاوانە لە لایەن ڕژێمەوە زیندانی دەکرێن، پێگەی جەماوەری و نفوزیان لە نێو خەڵکدا دە هێندە زیاتر دەبێت. هەربۆیە لە ئازادکردنیان دەترسێت و بە بیانووی بێبنەما هەروا لە زینداندا ڕایاندەگرێت. دەستبەسەرکردنی بەربڵاو و تووندترکردنەوەی گوشارەکانی ناو زیندان لە هەلومەرجێکدایە کە زیاتر لە ٧٠%ی خەڵکی ئێران پشتیان لە ژێر باری هەژاری و نەهامەتی ئابووریدا چەماوەتەە. نابێ ئیزن بدرێت کە کۆماری ئیسلامی هەزینەی سیاسەت و سەرکێشییە نیزامییەکانی لەناوچەکەدا بە دەستدرێژیکردنە سەر ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک دابین بکات. ئەو تێکۆشەرانەی کە لە زیندانەکانی ڕژیمدا خراونەتە ژێر گوشارەوە، ئەوانەن کە لە دژی ئەو سیاسەتانە دەنگیان بەرز کردۆتەوە.