کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەرەسەندنی خەباتی کرێکاریی و جەماوەریی، شکستی سیاسەتی زەبر و زەنگی ڕژیم

photo 2023 10 08 11 06 08 1024x818 1

خەباتی کرێکاریی و جەماوەریی لە ئێران هەروا بەردەوامە. چاوخشاندنێک بەسەر تەنیا بەشێک لە حەرەکەتە ناڕەزایەتییەکانی دە ڕۆژی کۆتایی مانگی سەرماوەز تا دووەمی مانگی بەفرانبار، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە: ڕۆژی ٢ی بەفرانبار، بەڕێوەبەرانی وێستگە لاوەکییە فشار بەرزەکانی بەرق، لە بەردەم ڕێکخراوی کاروباری دامەزراندن لە تاران کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوەبرد. ئەوان خوازیاری پەسەندکردن و جێبەجێکردنی تەرحی تەبەقەبەندی بۆ ٩ هەزار کرێکاری وەزارەتی وزە بوون. هەر لەو ڕۆژەدا کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی کرێکارانی گرووپی پیشەسازیی میللی فولادی ئەهواز لە بەردەم فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتی دەستی پێکرد و لە بەردەم دەفتەری جێگری تەکنیکی کۆمپانیاکە کۆتایی پێهات. لە درێژەی مانگرتن و ڕێپێوانەکەدا، کرێکارانی ئەو شیرکەتە هەوڵیاندا عەلی محەمەدی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری شیرکەتەکە دەربکەن، لەبەر ئەوەی ٢١ کرێکاری ناڕازی ئەو ناوەندەی لەسەر کار دەر کردبوو. ئەوا داوای گەڕانەوەی هاوکارەکانیان بۆسەر کارەکانیان و جێبەجێکردنی خێرای تەرحی تەبەقەبەندی کاریان کرد. ڕۆژی شەممە، دووهەمی مانگی بەفرانبار، زیاتر لە ١٠٠ هەزار کرێکاری کارخانە و شیرکەتە بەرهەمهێنەر و پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکان لە دژی پەسەندکردنی زیادکردنی تەمەن و پێشینەی خانەنشینی لەلایەن ڕژیمەوە، ناڕەزایەتییان دەربڕی. ڕۆژی هەینی، یەکەمی مانگی بەفرانبار، خۆپیشاندەرانی زاهیدان سەرەڕای کەش و هەوای توندی ئەمنییەتی، ڕێپێوانێکی بێدەنگیان بەڕێوەبرد. ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی سەرماوەز، ژمارەیەک لە کرێکارانی فەرمیی وەزارەتی نەوت کە لە شیرکەتی نەوتی فەلاتی قاڕە لە سەکۆی دەریایی بێهرەگانسەر کار دەکەن، بە هۆی پێڕانەگەیشتن بە داواکارییەکانیان کۆبوونەوە. ئەوان خوازیاریلابردنی سەقفی مووچە، نەهێشتنی سنووردارکردنی ساڵانی خانەنشینی و گەڕاندنەوەی لێبڕینەکانی باجی زیادەن“. کرێکارانی فەرمیی پیشەسازی نەوت داوای جێبەجێکردنی ماددەی ١٠ی یاسای ئەرک و دەسەڵاتەکانی وەزارەتی نەوت، وەرگرتنی پاشەکەوتەکان، نەهێشتنی سەقفی مووچە و پێدانی مەزایای تایبەتی، لابردنی باجی زۆر لەسەر حەقدەستەکان، زیادکردنی حەقدەست، وەرگرتنی پاداشتی خانەنشینی، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و دۆخی دەرمان و تەندروستی و هەڵوەشاندنەوەی یاسای سندوقی نەوت دەکەن. ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی سەرماوەز، کۆمەڵێک لە خانەنشینانی بەشی پەیوەندییەکان لە چەند شار و پارێزگا لەوانە، تاران، تەورێز، ڕەشت، هەمەدان، گوڵستان، فارس، کوردستان، کرماشان، خوزستان، ئیسفەهان، هورمزگان، خۆراسانی باکوور، مازەندەران، ساری، بروجێرد، زەنجان، بەندەر عەباس، ئەراک، هەمەدان، ورمێ، زاهیدان، لوڕستان، ئەردەبیل و چەند شارێکی دیکە لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان، لەوانەجێبەجێکردنی تەواوی یاسا و ڕێساکانی کارمەندی و دامەزراندنی ساڵی ٨٩ و چارەسەرکردنی کێشەی بیمەی تەندروستی، جارێکی تر لەبەردەم شیرکەتی موخابراتی شارەکانیان کۆبوونەوە. ڕۆژی شەممە ٢٥ی سەرماوەز، ماڵ خوراوانی کۆمەڵگەی بازرگانی گۆڵباران کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا. ڕۆژی یەکەمی بەفرانبار، وەک هەموو ڕۆژانی هەینی، ژمارەیەک لە کارمەندانی عەمەلیاتی و فەرمی شیرکەتی نەوتی فەلاتی قاڕە لە لاوان کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوەبرد. داواکارییەکانی ئەوانیش هاوشێوەی باقی کرێکارە فەرمییەکان بوو. ئەوان هەڕەشەیان کرد کە لە ئەگەری لانەبردنی ئەو زوڵم و ستەمە ئاشکرایە، ئەم مەسەلەیە لێکەوتەی نەرێنی جددی بۆسەر بەرهەمهێنان و عەمبارکردن و هەناردەکردنی نەوت و گاز، وەک سەرچاوە سەرەکییەکانی سەروەت و سامان، دەبێت.

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی سەرماوەز، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوان لە پارێزگا و شارە جۆراوجۆرەکان لەوان کوردستان، کرماشان، شیراز، قەزوین، خوزستان، هەمەدان و شارەکانی دیکەی ئێران دەستیاندایە ڕێپێوان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. خانەنشینان بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنیتەرحی یەکسانکردنی حەقدەست و مەزایاکان، پەرەسەندنی کێشە ئابوورییەکان، نەبوونی پاڵپشتی بیمەی تەندروستی تەکمیلی و بێبەش بوون لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانناڕازین. کۆمەڵێک لە کرێکارانی شیرکەتی نەوتی فەلاتی قاڕەی ئێران لە ناوچەی عەمەلیاتی لاوانیش، ڕۆژی هەینی ٢٤ی سەرماوەز بە هەمان هۆکاری کرێکارانی نەوت سەرلەنوێ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد. ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەز، کۆمەڵێک خانەنشینی شیرکەتی نەوتی ئیسفەهان، لە ناڕەزایەتی بە کێشەی بژێوی ژیان و هەڵاوسان و گرانی نرخەکان لە وڵاتدا، کۆبوونەوە و خوازیاری زیادکردن و یەکسانکردنی مووچەی خانەنشینی و بیمەی تەندروستی بێبەرامبەر بوون. ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەزیش، کرێکارانی فەرمی وەزارەتی نەوت لە شیرکەتی نەوت و گازی ئاغاجاری، بە هەمان داواکاریی کرێکارانی نەوت، کۆبوونەوەی ناڕەزایی هەفتانەی خۆیان بەڕێوەبرد. هەروەها کرێکارانی شارەداریی کیش چووب لە هورمزگانیش، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەز لە دژی نەدانی مووچە و پاشەکەوتنی جەژنانەکەیان ناڕەزایەتییان دەربڕی. ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی سەرماوەز کۆمەڵێک لە کارمەندانی شیرکەتی نەوت و گازی ئاغاجاری بۆ جارێکی دیکە لەپێناو هەمان داواکاریی کرێکارانی فەرمیی نەوت، کۆبوونەوە.

کۆماری ئیسلامی دوای دامرکانەوەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، هەموو توانایی و دەسەڵاتی سەرکوتی خۆی بەکار هێناوە، تا بە ترس و تۆقاندن هاووڵاتیانی ناڕازی ناچار بە قبووڵی بەردەوام مانەوەی دەسەڵاتە سەرەڕۆ و چەوسێنەرانەکەی بکات. به‌ڵام ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە دەریدەخات که پەرەسەندنی گوشارەکان بۆسەر ژنانی ئازادیخواز و ئازادپۆش، پەرەسەندنی دەستبەسەرکردنەکان و گوشار بۆسەر زیندانیان سیاسی، گوشاری لەڕادەبەدەر بۆسەر خوێندکاران، پەرەسەندنی بەرچاوی گوشار بۆسەر بنەماڵەی دادخوازان، زیادبوونی ئێعدامەکان، کوشتن و بریندارکردنی بەربڵاوی کۆڵبەران و سوختبەران، هیچیان نەیانتوانیوە ورەی کرێکاران، خانەنشینان، ژنان، دادخوازان، لاوان، خوێندکاران و خەباتکارانی بەلووچ لە زاهیدان و شارەکانی دیکەی بەلووچستان تێکبشکێنن و ڕێگری بکەن لە گەشەکردن و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی، مانگرتن، کۆبوونەوە و خۆپیشاندانەکانیان. بێ گومان ئەم خەبات و ناڕەزایەتییانە کە نیشانەی یەکڕیزی و ڕێکخراوبوونی هەرچی زیاترن، بەشێکە لە پێشڕەوییەکانی کرێکارانی هۆشیار و ئازادیخواز لەپێناو گەیشتن بە ویست و داواکارییەکانیاندا.