کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەرەسەندنی ئیعتیاد بە مادەی هۆشبەر کارەساتێک لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا

ئاستی گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر لە ئێران بەردەوام پەرە دەستێنێ. کۆماری ئیسلامی کە کۆمەڵگەی توشی گەلێک موسیبەتی گەورە کردوە ئیجازە نادات تا ڕاستیەکانی ئەم موسیبەتانە بڵاو ببنەوە. بەڵام هەوڵی ڕژیم لەم بوارەدا بێهودەیە، لەبەر ئەوەیكه‌ لە سەردەمی تەقینەوەی زانیاریدا ناکرێ ڕاستیەکان لە خەڵک بشاردرێتەوە. ناوەندە جۆراو جۆرەکان بەردەوام درۆی کاربەدەستانی ڕژیم سەبارەت بە ژمارەی گیرۆدەبوان ئاشکرا دەکەن. ئەو ئامارانەی کە لەم بوارەدا بڵاو بوونەتەوە ژمارەی موعتادانی مادەی موخەدر بە زیاتر لە شەش ملیۆن کەس بەراورد دەکەن. ژمارەی ئەو گیرۆدە بوانەش کە وەک موعتادی ” تەفەننونی” بە ئەژمار دێن و کاری ئەوانیش لە ڕاستیدا سەرەتای بوونیانە بە موعتادی دایم، بەردەوام لە حاڵی زیاد بوون دایە. لە مه‌ترسییه‌كانیی به‌ ئاگا هێنانه‌وه‌ی كۆمڵه‌گا لە ئێران دابەزینی تەمەنی گیرۆدە بووان به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌. سەرچاوەکانی پێوه‌ندی له‌م بواره‌دا لە نێوخۆی وڵاتدا رایانگه‌یاندوه‌ کە تەمەنی ئیعتیاد لە ئێران هاتۆتە خوار ١٣ ساڵ ته‌مه‌ن و نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە گیرۆدە بووان بە مادەی هۆشبەر لەژێر تەمەنی ١٩ ساڵیدان. یه‌كێكی دیكه‌ له‌ مه‌ترسی و هۆشداره‌كانی دیكه‌ پەرەسەندنی گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەری سەنعەتی وەک شیشەیە.شیشە مادەیەکی موخەدری شیمیایی مەترسیدارە کە لە خودی ئێراندا بەرهەمدێت. کارگاکانی بەرهەمهێنەری شیشە، نە تەنیا ئەم مادەیە بە شێوەیەکی تا ڕادەیەک هەرزان بۆ مەسرەفی نێوخۆیی لە وڵاتدا بەرهەم دێنن، بەڵکو هەناردەی دەرەوەشی دەکەن. خاوەنانی ئەم کارگایانە جێی پشتیوانی فەرماندەکانی سپای پاسدارانن. ئەوان بە دانی ڕشوەی کەڵان، بازرگانیە جەنایەتکارانەکەیان بەبێ هیچ کۆسپێک ئەنجام ئەدەن. شارەزایان سەبارەت بە ئاسەوارەکانی مادەی موخەدری شیشە، دەڵێن:” دوای چەند جار مەسرەف کردنی شیشە کەسەکە توشی گوشارێکی سه‌ختی ڕەوانی بێ چارەسەر ئەبێت کە تەنیا لە ڕێگای مەسرەفی ئەم مادەیەوە دەتوانێ ئەم گوشارە تا ڕادەیەک کەم بکاتەوە، لەوە بەدواوە ئیتر بەسەربردنی هەر چرکەیەک لە ژیانی کەسی گیرۆدە بوو بەبێ مەسرەفی مادەی هۆشبەری شیشە دەبێتە کابوسێکی گەورە، بەبێ مەسرەف کردن تەنانەت نایەوێ قسەش بکات، نایەوێ بەڕیدا بڕوات، نایەوێ بخەوێت و تەنانەت ڕەنگە نەیەوێت بژیت، کەوایە ناچارە مەسرەف بکات و هەرچی کاتیش تێپەڕ ئەبێت بێ تەحەمولی لە بەرانبەر مادەکەدا زیاتر دەبێت و ناچارە مادەی زیاتر مەسرەف بکات و هەرچی زیاتر مادەش مەسرەف دەکات کاتی نابود بوونی کۆتایی ژیانی کەسی گیرۆدە بوو نزیکتر ئەبێتەوە.”12400990_10154771115694778_1845583986462539772_n
کۆماری ئیسلامی بە شێوەی ڕاستەوخۆ و یان ناڕاستەوخۆ لە پەرەدان بە ئیعتیاد دا دەوری هەیە. ئەم ڕژیمە وەک حکومەتێکی ئیستبدادی، خزمەتگوزاری سەرمایەداری و هەم وەک گەورە ترین خاوەنکار لە ئێران، هۆکاری سەرەکی پەرەسەندنی بێکاری، هەژاری، نائەمنی کۆمەڵایەتی، نەبوونی ئەمنیەتی سیاسی و بێ هیوا بوون سەبارەت بە داهاتو لە کۆمەڵگەدایە و ئەم موسیبەتانەش لە هۆكاری سەرەکیەکانی پەرەسەندنی ئیعتیاد لە ئێراندان. لەگەڵ ئەوەدا وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران لە سالانێک لەوە پێشەوە دەستیان لە بازرگانی مادەی هۆشبەردا هەبووە. ئەم دوو دەزگا دەوڵەتیە هەم لە ئاسانکاری گواستنەوەی مادەی هۆشبەر لە سنورەکانی رۆژهەڵاتەوە بەرەو سنورەکانی رۆژئاوا و باشور و هەم لە بلاو کردنەوەی لەنیو خۆی وڵاتدا دەوریان هەیە. دەور و نەخشی سپا و وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم لە بڵاو کردنەوەی بەربلاو و هەرزانی مادەی هۆشبەر لە کوردستان ناسراو و حاشا هەڵنەگەر.
دەوڵەت بە مەحرەمانە لەقەڵەمدانی ئاماری گیرۆدەبوان و بلاو نەکردنەوەی بە کردەوە خەسار ناسی ئەم موسیبەتەی نا مومکین کردوە و دەکات بەڵام لە هەمانحاڵدا ناچارە لە ئاستی نێوخۆییدا نیشانی بدات کە لەگەڵ ئیعتیاد و پەرەسەندنی دا خەبات دەکات. ئەم دەوڵەتە لە یارمەتیە ماڵیە نیونەتەوەییەکان بە بیانوی پێشگرتن لە گیرۆدە بوون کەڵک وەردەگرێت. ڕژیم هەروەها بە بەرگرتن لە چالاکی رێكخراوه‌ مەدەنیە سەربەخۆکانی دژی گیرۆدە بوون، ئەمری خەبات لەدژی ئیعتیاد موشکل تر دەکات. کۆماری ئیسلامی موعتادەکان نەک وەک قوربانی بارودۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگی، بەڵکو وەک تاوانبار دەناسێ. ئه‌گه‌رچی ڕژیم ناچار بووە هێندێک ناوەند بۆ چارەسەری موعتادان ئامادە بکات، به‌ڵام ئه‌و ناوه‌ندانه‌ وەک زیندان بەڕێوە دەبات و دەبێتە هۆکاری هەڵاتنی ئەو گیرۆدەبوانەی کە دەیانەوێ تەرکی ئیعتیاد بکەن، ئەو موعتادانەش کە بارودۆخی پۆلیسی ناوەندەکانی تەرکی ئیعتیاد تەحەمول دەکەن بە شێوەی ڕێژەیی دوای سێ مانگ سەرلەنوێ روو دەکەنەوە مەسرەف کردنی مەواد. هۆکاری ئەمەش ئاشکرایە. ئەو کەسە موعتادانەی کە بەهۆی بێکاری، هەژاری، نەبوونی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی پەنایان بردۆتە بەر مادەی هۆشبەر دوای بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ ئەم موسیبەتانەدا سەرلەنوێ دەستەوداوێنی ئیعتیاد دەبنەوە.
خەبات لەگەڵ ئیعتیاد، وەک بازرگانیەکی پڕ قازانج بۆ قاچاقچیە عومدەکانی و هەروەها وەک وەسیلەیەکی سەرکوت لە دەست ڕژیمدا، لە گرەوی خەبات لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و نیزامێک دایە کە ئەم ڕژیمە داکۆکی کاریەتی. خەباتی دژی سەرمایەداری، خەباتی دژی ڕژیم و خەبات بۆ باشتر کردنی بارودۆخی ژیان و لەوانە خەبات لەدژی پەرەسەندنی گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر، ئاڵقەکانی زنجیری یەک خەبات و تێکۆشانن. بەهێز کردنی مەیدانە جۆراو جۆرەکانی ئەم خەباتە دەتوانێ لە دڵدا هیوا بە پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ لە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، دیمەنگایەکی روون بە رووی خەڵک و بە تایبەت لاواندا بکاتەوە. ئەوان لەسەر بەستێنی ئەم دیمەنگا هیوابەخشە ئەم بوارەیان دەست دەکەوێ تا بە جێگای تەسلیم بوون لە بەرانبەر گیروگرفته‌كاندا ڕێگای خەبات و نابوود کردنی هۆکارەکانی ئیعتیاد هه‌ڵبژێرن نەک پەنابردنە بەر ئیعتیاد و لەنێوچونی خۆیان.