پەراوێزنیشینی هاوکات لەگەڵ شێوازەکانی تری دیاردەی هەژاری و دەستەنگی لە ئێران، بە خێرایی خەریکە پەرەدەسێنێت. بە وتەی موجتەبا یۆسفی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاوەدانی پەرلەمانی ئێران، “پەراوێزنشینان” نزیکەی یەک لەسەر چواری دانیشتوانی ئێران پێک دەهێنن. دکتۆر ناسر ڕەزایی، یەکێک لە یاریدەدەرانی وەزارەتی نیشتەجێبوون و شارسازی، ئەم ژمارەیەی بە ٢٥ ملیۆن کەس خەمڵاندووە. پەراوێزنشینان، بریتین لەو هاووڵاتیانەی کە بەهۆی وشکەساڵی یەک لە دوای یەک و گوشاری هەژاری و بێکاری و بێبەشبوون لە سەرەتاییترین ئیمکاناتی ژیان، لە گوند و شارۆچکەکانیان هەڵدەکەندراون و ڕوویان لە شارە گەورەکان کردووە و لە پەراوێزی شارە گەورەکان نیشتەجێ بوون. بەڵام بە وتەی یاریدەدەری وەزارەتی نیشتەجێکردن و شارسازی، لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕووداوێکی نوێ و لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە و زەوی و نەبوونی توانایی دابینکردنی خانووبەرە، خەڵک لە ناوەندی شارەکانەوە ڕوو دەکەنە پەراوێزی شارەکان، کە ئەمەش بووەتە هۆی پەرەسەندنی پەراوێزنیشینی. کەسانێکی کە بەم شێوەیە ناچار بە پەراوێزنیشینی بوون، لە شوێنی نیشتەجێبوونی ناستاندارد و نایاساییدا، بێبەش لە ئیمکاناتی سەرەتایی وەک ئاو، کارەبا، گاز، خزمەتگوزاری تەندروستی و گواستنەوە و هتد… بە ناوەکانی زۆراباد، حەسیراباد، حەڵەبیاباد، موفتاباد، یافتاباد، یاغچیی ئاباد و زۆر شتی تری لەم شێوەیەدا ژیان بەسەر دەبەن. بەشێک لە پەراوێزنشینان کرێکارانی لەسەرکار یان بێکار، ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە، کارمەندانی ئیدارە و یان ئەو بەشە لە مامۆستایانن کە بەهۆی دەستەنگی و بێتوانایی لە دابینکردنی هەزینەی قورسی کرێ خانوو، لە ناوەندی شارەکانەوە پەنایان بردووەتەبەر پەراوێزنیشینی. داتاکانی تر دەریدەخەن کە نەوەی دووەم و سێهەمی پەراوێزنشینانیش بەهۆی دەست پێڕانەگەیشتن بە ئیمکاناتی ژیانی شار و پەروەردە و ڕاهێنانی پیشەیی و لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی بوونی ملیۆنان بێکار لە سەرتاسەری وڵاتدا، شانسی زۆر کەمیان هەیە بۆ بەدەستهێنانی هەلی کار و بەردەوام وەک هۆکارێکی دەرەکی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
ئەو ئامار و ژمارە بەربەستانەی کە لەلایەن خودی حکوومەتی ئیسلامییەوە بڵاو دەکرێتەوە، بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە چۆن ملیۆنان گەنج لە وڵاتدا، جگە لەوەی کە توانایی کڕینی خانووبەرەیان نییە، بەڵکوو تەنانەت توانایی بەکرێگرتنیشیان نییە و ناچارن بەپێچەوانەی مەیل و ویستی خۆیان، لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا بژین و ئەزموونی ژیانی سەربەخۆیان لێ زەوت دەکرێت. لە ساڵەکانی دەیەی حەفتا بەملاوە تاکو ئەمڕۆ، زنجیرەی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی جەماوەری کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە پەراوێزی شارەکانەوە دەستیان پێکردووە و تا هاتووە ڕەهەندی بەربڵاوتری بەخۆیەوە گرتووە، هەروا بەردەوام بووە. ئاخێزی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، کە لە شاری مەشهەدەوە دەستی پێکرد و لە ماوەیەکی کورتدا هەموو ئێرانی گرتەوە، بریتی بوو لە ڕاپەڕینی خەڵکی هەژار، کرێکارانی بێکار، پەراوێزنشینان و ئەو لاوانەی کە ئاسۆی ژیانیان لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لێڵ و نادیار بوو. مانگی خهزهڵوهری ١٣٩٨یش شاهیدی ڕاپەڕینێکی دیکەی بە هەمان سروشتەوە بووین کە ١٥٠ شاری ئێرانی گرتەوە. ڕاپەڕینێکی کە پایەکانی ڕژیمی خستە لەرزە. ئەم دوو ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانە جەماوەرییە، هاوکات لەگەڵ مانگرتنی کرێکاری و شێوازە جۆراوجۆرەکانی تری خەباتی خەڵک لە شارەکاندا بوو کە زەمینەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و شکۆداری ژن، ژیان، ئازادی خۆشکرد. پێشینەی مێژوویی خەباتی پەراوێزنشینان و هەروەک چۆن ڕاپەڕینی مانگی خهزهڵوهریش نیشانی دا کاربەدەستانی ڕژیم دەزانن کە ئەگەر چەخماخەی ئەو ناڕەزایەتیانە لێبدرێت، لەو هەلومەرجە قەیراناوییەی ئێستادا ناتوانرێت بە ئاسانی کۆنترۆڵ بکرێن.
هەرچەندە بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕژیم بەردەوام ترسیان لە هەڵچوون و سەرهەڵدانی شۆڕشە خۆڕسکە کۆمەڵایەتییەکانی پەراوێزی شارەکان هەبووە، بەڵام کۆمەڵانی خەڵکی هەژاری دانیشتووی ئەو ناوچانە تەنیا لە کاتی ڕاپەڕینی بەفرانباری ٩٦ و بە شێوەیەکی بەرچاوتر لە ڕاپەڕینی سەرتاسەری خەزەڵوەری ٩٨دا، گۆشەیەک لە پۆتانسێلی واقیعی خۆیان لە خەبات دژی ڕژیمی ئیسلامی و لەپێناو بەدیهێنانی ویست و داواکارییەکانیاندا نیشانداوە. گومان لەوەدا نییە کە درێژەدان بە ڕەوتی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتن لە ناوەندە گەورە کرێکارییەکان و ڕۆڵی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی لە ڕێبەریکردنی ئەم ناڕەزایەتیانە کە پێوەندییەکی پتەو و ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ چین و توێژە هەژارەکانی پەراوێزی شارەکان، سەرلەنوێ ئەم دۆخە دەگۆڕێت و ئامادەیی زێهنی بۆ سەرهەڵدانەوەی بزووتنەوە لێک هەڵپێکراوە ناڕەزایەتییەکان لەو ناوچانە پێک دەهێنێت.
ئەزمونی ڕاپەڕینی سەرتاسەری خەزەڵوەری ٩٨ و حزووری پڕ جۆش و خرۆشی لاوان و کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش لەو ناڕەزایەتیانەدا و هەروەها یەکگرتوویی و هاوخەباتی جێی ستایشیان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکان و ئەو جۆش و خرۆشە خەباتکارانەی کە لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا بەدی دەکرێت، زەمینەیەکی گونجاوی بۆ هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی تۆڕەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و خەباتکارانە و دروستکردنی دامەزراوە جەماوەرییەکان لەم گەڕەکانەدا خوڵقاندووە. پەراوێزنیشینی و بێبەشبوونی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو، چارەنووسێکی حەتمی و چارەهەڵنەگر نییە. ژیان لە ژێر سەقفێکدا و بەهرەمەندبوون لە هەموو ئیمکاناتێکی ئاسایشی و خۆشگوزەرانی و فەرهەنگی، مافێکی بێ ئەملاو و ئەولای سەرجەم مرۆڤەکانە و وڵامدانەوە و دابینکردنی، ئەرکی سەرشانی دەوڵەتەکانە. سەپاندنی ئەم مافە ڕەوایە بەسەر دەوڵەتەکاندا لە گرەوی یەکگرتوویی و هاوپشتی کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و خەباتێکی ڕێکخراو و جەماوەریدایە.