بێجگە لە ڕاستەکان و ڕاستە توندڕەوەکان لە ئوپوزسیۆنی کۆماری ئیسلامیدا هەموو هێزە چەپ، کومونیستەکان، بزوتنەوەی کرێکاری و ئازادیخوازان پەیوەست بوون بە بزوتنەوە و مانگرتنی ئابووری– سیاسی کرێکاری و شۆڕشی ژیناوە وەک پێویستیەک دەبینن. بەهێزبوونی سەرلەنوێی شۆڕش لەسەر شەقامەکان نە تەنیا بۆ ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی پێویستە، بەڵکو بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی لایەنگری بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کرێکار و ستەم لێکراو دوای ڕژیمیش گرنگ و حەیاتیە.
ڕووداو و مەڕاسمەکانی چوارشەممە سوری و نەورۆزی ساڵی ڕابردو و کۆبوونەوەکانی خەباتکارانەی پەیوەندیدار بە لەدایک بوونی هەمیشە زیندوو “حەمید ڕەزا ڕوحی” لە شاری زیبا و هێندێک لە ناوچەکانی دیکەی تاران لە ساڵی نوێدا نیشانیدا کە ڕیشەی شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی” هێشتا لە ئاودایە. کەوایە هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی، دروستکردنی دوو بەرەکی لە بەدەنەی هێزە سەرکوتگەرەکان و لە کۆتاییدا لێکهەڵوەشاندن و هەڵبڕینی سەرانیان ئیمکان پەزیرە. بێجگە لە ئوپوزسیۆن بۆرژوایی و پشتبەستو بە دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی مابەقی ئوپوزسیۆنی بەرینی کۆماری ئیسلامی خوازیاری دەستەبەربوونی ئەم بابهتەن تا جەماوەری بەرینی خەڵکی خوازیاری ڕوخان لە بارودۆخێکی کەم مەترسی تردا سەرلەنوێ شەقامەکان داگیر بکەنەوە. ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی هەموو هەوڵەکانی و گشت ئیمکاناتێک بەکار دێنێ تا لایەنی چینایەتی لە هەموو حاڵەتێکدا بە شاراوەیی بمێنێتەوە. ئوپوزسیۆنی کرێکاریش لە بەرانبەردا بە هەموو هێزی خۆیانەوە هەوڵ ئەدەن لایەنی چینایەتی شۆڕش بە باشی زەق بێتەوە و دروشمی ڕوخانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دروشمی” نان، کار، ئازادی، حکومەتی شوڕایی” لێکهەڵپێکرێن. بەڵام چۆن؟ گومان لەوەدا نییە کە پەیوەنددانی بزوتنەوە و مانگرتنی ئابووری– سیاسی کرێکاران( شاملی مامۆستایان و خانەنشینانی کرێکاری) لە ئەستۆی سۆسیالیستەکان و چەپەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکارییە. ئەحزاب و سازمانە چەپ و کومونیستیەکانیش دەبێ لەم پڕۆسەیەدا بە شێوەیەکی چالاکانە یارمەتی دەر بن.
هەڵسوڕاوانی کرێکاری چەپ بۆ دەستەبەر بوونی ئەم بابەتە گرنگە بەرەو ڕووی گەلێک ئاسەتەنگ بوونەتەوە کە خەبات لەدژی دەزگا سەرکوتگەرەکان، هەژاری کەمەرشکێن و پڕژوبڵاوی ڕیزی کرێکاران لە زومڕەی ئاستەنگەکانن. هەر هەنگاوێکی ئەم خەباتکارانە بۆ چارەسەری کەموکوڕیەکانی نێوخۆی بزوتنەوەی کرێکاری لە یەکەم هەنگاودا لەگەڵ سەرکوتی وەحشیانەی ڕژیم بەرەوڕوو دەبێتەوە. ئەوان بۆ زاڵ بوون بەسەر دامودەزگاکانی سەرکوتدا ڕێگاچارەی وەک یەکیان نیە. هێندێک لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری بۆ زاڵ بوون بەسەر سیستمی سەرکوتدا لە چوارچێوەی کاری عەلەنی و قانونیدا مەسیری جۆراوجۆریان تەی کردوە. بەڵام لە ڕژیمێک کە یاسای پەسندکراوی تەنیا بۆ نمایشدان ئامادە کرابێت و خۆی لە هەموو جێگایەک پێشێلیان دەکات، یاسای کۆماری ئیسلامی توانایی مانۆڕدانێکی ئەوتۆ بە کرێکاران نادات.
لەم دەورە شۆڕشگێڕانەدا و باشتربوونی هاوسەنگی هێز بە قازانجی خەڵک هێندێک بوار ڕەخساوە تا هەڵسوڕاوانی چەپ بتوانن بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونێکی دوور و درێژ کە دەستەبەر بووە لە ڕاستای پەیوەنددانی بزوتنەوە و مانگرتنە ئابووری– کرێکاریەکان هەنگاوی کاریگەرتر هەڵێننەوە. لەم بارەیەوە دەکرێت باس لە دوو بواری لەبار بکرێت.
یەکەم، لەسەر ناوەرۆکی قەیرانی سیاسی– ئابووری سەرمایەداری جیهانی بەشێک لە پێشڕەوترین کرێکاران، بەتایبەت لە ڕۆژئاوا، پشتیوانیان لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کردوە. زۆربەی ئێرانیەکانی کۆچبەریش پشتیوانی ئەم شۆڕشەن. چالاک کردنەوە و ڕێکخستنی ئەم پشتیوانیانە لەلایەن هەڵسوڕاوانی کرێکاری و کومونیستەکانەوە بوارێکی بەهێزە بۆ دروست کردنی پەیوەندی جێی سەرنج. سازماندانی سندوقی گەورەی هەمیاری کرێکاران دەبێ وەک یەکێک لە ئەرکە سەرەتاییەکان چاو لێبکرێت.
دووهەم، شۆڕشی خەڵکی ئێران و دروشمی ئیستراتیژیکی: ژن، ژیان، ئازادی لە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی خۆیدا، مۆری گرایشی چەپ و سۆسیالیستی پێوەیە و کرێکاران وەک تاکەکەس تێیدا دەوری ئاشکرا و بەرچاویان گێڕاوە و قوربانیشیان داوە. ئەم شۆڕشە لە بارودۆخێکی مێژویی مەوجود دا و لەسەر بەستێنی قەترانە زورەکانی ڕژیمی گورز لێدراوی ئیسلامی شانسی سەرکەوتنی هەیە و بوار بۆ قانع کردنی کرێکارانی لەسەرکار فەراهەم ترە تا ببنە هێزی چالاک و یەکلا کەرەوە و چارەنووس ساز لەم شۆڕشەدا.