ترسی سەرانی کۆماری ئیسلامی لە دەست پێکردنەوەی خەباتی خیابانی لە ساڵگەردی شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی“دا بە قسە، کردار و گرتنەبەری تاکتیکەکان لە لایەن ڕژیمەوە دیارە. حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سپای پاسداران، رۆژی ١٠ ی مانگی گەلاوێژ لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی بەسیجی سەرتاسەری وڵاتدا ئەم ترسەی ئاشکرا کرد. لەم پەیوەندیەدا کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کرێکاران، ژنان، دادخوازان، خانەنشینان، مامۆستایان، زیندانیانی سیاسی، ڕۆژنامە وانان و باقی چین و توێژە ناڕازیەکان و تێکۆشەرانی کۆمەڵایەتی شەڕی مان و نەمانی خستۆتە ڕێ. یەکێک لە مەیدانەکان هێرشی ڕژیم بۆسەر ئاستی بەڕێچوونی کرێکاران و خەڵکی بێبەشە. کارناسانی نزیک لە مەحفەلەکانی ڕژیم دەڵێن کە ٥٠ لەسەد لە شارۆمەندانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاری بە تەواوەتیدان. حەقدەستی زۆربەی کرێکارانی لەسەر کار، بە لەبەرچاو گرتنی تەوەڕومی ٧٠ لەسەدی ٤ تا ٥ جار لەژێر هێڵی هەژاری دایە. سەبارەت بە بێکاران دەزانین کە تەنیا کۆمەڵێک لە بێکار کراوان، کە رۆژ لەگەڵ ڕۆژ بە ژمارەیانەوە زیاد دەبێت، دەستیان بە حقوقی خانەنشینی ڕادەگات. لە وەها بارودۆخێکدا ڕژیم گران کردنی نانی دەست پێکردوە و بەرنامەی دژی کرێکاری حەوتەمی تەوسعەشی خستۆتە دەستوری کارەوە. بەپێی ئەم بەرنامە سەد لەسەد نیئۆلیبڕاڵیە قەرارە شووڵکی حەڕاج لە مابەقی ئەموالی دەوڵەتی بدرێت؛ سندوقی تەئمینی کۆمەڵایەتی و سندوقەکانی خانەنشینی زیاتر بچنە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتەوە؛ نیزامی وەستا و شاگردی دەژێتەوە و بە کرێکارانی تازە دامەزراو نیوەی حەقدەستی کرێکارانی تر ئەدرێت؛ دەستی خاوەنکار بۆ دەرکردن و بەتایبەت دەرکردنی کرێکارانی مانگرتو کراوەتر دەبێت و هیتر. بێبەش کردنی بەشێکی زۆر لە کرێکارانی بیناسازی لە حەقی بیمە، دەستبەسەر کردنی هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە زومڕەی باقی ئەو زوڵمانەی ڕژیمە کە لە کرێکاران دەکرێت.
گۆڕەپانێکی تر، بەرەنگار بوونەوەی ڕژیم لەگەڵ ئەو ژنانەیە کە بە ئیختیاری خۆیان جل لەبەردەکەن. سەرانی ڕژیم بە گێڕانەوەی گەشتی ئیڕشاد، لایەحەی عیفاف و حیجابی ئیجباری کە بەکردوە بەڕێوەدەچێت و هێنانە پێشەوەی جبهەی، بێ ڕەحم ترین فەرماندە ڕیسوا و بێ ئابڕوەکان گوشارەکانی دژبە نەیارانی حیجابی ئیجباری زیاتر کردوە.
مەیدانێکی تر شەڕی ڕژیمە لەگەڵ دادخوازان بە پێشەنگایەتی دایکانی داغدار. زۆر ترین گوشار لەسەر دادخوازانی شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی“یە. تا ئێستا ژمارەیەکیان خراونەتە زیندان و بە شێوەی ئاسایی پەروەندە سازیان بۆ کراوە.
سەبارەت بە خانەنشینان دەبێ بوترێت نە تەنیا بە هیچکام لە داخوازیەکانیان وڵام نادرێتەوە، بەڵکو سوڵتەی زیاتری دەوڵەت بەسەر سندوقەکانی خانەنشینی ئەواندا خراوەتە دەستوری کارەوە. ئەم بارودۆخە سەبارەت بە مامۆستایانی ناڕازیش هەروایە. ڕژیم لە بەرانبەر ناڕازیاندا لە بەلوچستان، کوردستان، کەشاوەرزانی ناڕازی، پەنابەران و کەسانی بێ ماڵ و مەسکەن، شارۆمەندانی ناڕازی لە بێ ئاوی، لە هەوای پیس و سوتانی دارستانەکانیش دا بێ ئیعتینایی دەکات و تەنانەت بە ملهوڕی دەجوڵێتەوە.
ئایا ئیمکاناتی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکەوتن لەم کارزارەدا کە دژبە خەڵک خستویەتە ڕێ لە چ ئاستێک دایە و خەبات و خۆڕاگرییەکانی خەڵک تا چەندە شانسی سەرکەوتنی هەیە. ئێمە دەزانین ڕژیم لەبەرچاوی زۆربەی خەڵک بێزراوە؛ ئابووریەکەی ڕوو لە وەرشکست بوونە؛ ناکۆکی نێوخۆیی ڕووی لە زیاد بوونە؛ سیاستە ناوچەییەکانی، تەنانەت لەبەرانبەر تالیبانیش دا، بەرەو ڕووی شکست بۆتەوە؛ لە بلوکی ڕۆژئاوا و بریکس یش کە( چین و ڕوسیە)ن لایەکی ئەوتۆی لێناکرێتەوە. گێڕانەوەی پارە بلوک کراوەکانی لە ئێستادا ڕاگیراوە. فرۆشتنی نەوت، سەرەڕای کەم کردنەوەی نرخەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو، کەمی کردوە و هێندێک شتی تریش.
بەڵام لە بەرەی خەڵکدا بارودۆخەکە چۆنە؟ کرێکاران لە گشت مەیدانەکاندا بە شێوەیەکی ماف خوازانە و بوێرانە لەبەرانبەر خاوەنکاران و دەوڵەتدا ڕاوەستاون. کرێکارانی پەیمانی، قەراردادی و ئەرکان سالس لە دوو بەرەدا خەریکی نەبەردن. یەکێکیان پەیمانکارانە و ئەوی تریشیان قەرارگای سازەندەگی خاتەم ئەنبیایە کە دەیەوێ پەیمانکاریی نەوت تایبەت لە ئیختیار خۆیدا بێت؛ ژمارەیەک لە نەوتگەرەکان تا ئێستا لە گۆڕەپانی خۆ ڕێکخستنی باشتر دا، چوونە سەری ئاستی حەقدەست و باشتر بوونی بارودۆخی ژیاندا، کۆمەڵێک دەستکەوتیان هەبووە. سەبارەت بە حەقدەستە دواخراوەکان دەبێ بوترێت کە وەدوا خستنی حەقدەستەکان لە لایەن خاوەنکارانەوە بە بەرینایی سەردەمی بەر لە شۆڕشی ژینا نییە و خەبات بۆ ئەستاندنی پاشماوەی حەقدەستەکان بە شێوەیەکی بەرین لە ئارادایە؛ لە مەیدانی خەباتی ژنانی نەیاری حیجابی ئیجباری و لایەنگری ئازاد پۆشان و پشتیوانانی ژن و پیاویان تا ئێستا کۆمەڵگا شاهیدی ئیبتیکارات و خۆڕاگری بوێرانە و هیوابەخشیان بووە. ڕژیم بە گەشتی ئیڕشاد، مەڕاسمە پڕ خەرجەکانی موحەڕەم و لایەحەی عیفاف و حیجاب و باقی کردارە سەرکوتگەرانەکانی تا ئێستا نەیتوانیوە دەستکەوتێکی هەبێت.
سەبارەت بە بەرەی دادخوازنیش بارودۆخەکە هەر بەم جۆرەیە. سەرەڕای هەموو وەحشیگەریەکانی ڕژیم لە بەرانبەردا چالاکانی دادخوازی ئەم بزوتنەوەیە ڕیکخراوتر و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لێبڕاوترە لە ڕابردو. سەبارەت بە زیندانیانی سیاسیش دەکرێ بە خۆش بینیەوە قسە بکەین. قارەمانانی خۆڕاگر لە زیندانەکاندا زیاتر لە ڕابردو بە قەڵەم و کردەوە دژبە زوڵم و ستەمەکانی ناوەوە و دەرەوەی زیندانەکان و بۆ ڕزگار بوون لە ئێعدام و دەستەبەر کردنی ئازادی، خۆڕاگری دەکەن و لە هێندێک حاڵەتدا حەماسە دەخوڵقێنن. سەبارەت بە خەباتی ڕۆژنامە نووسان، خەڵک لە کوردستان، بەلوچستان و لایەنگرانی ژینگە و ئەوانی تریش دەکرێ بە دڵنیاییەوە بڵێێن کە ڕژیم لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵیان هیچ سەرکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە.
کێشمەکێشی ئەم دوو بەرەیە دەگاتە کوێ؟ ئەمە ئاست و درێژەی خەباتی شێلگیرانە لە بوارە جۆراو جۆرەکاندا دیاری دەکات. بە شێوەی دیاریکراو هەوڵ لە ڕاستای دروست کردنی پێوەندی پتەو لە نێوان شۆڕشی ژینا و بزوتنەوەی متالباتی کرێکاران، یارمەتیدان بۆ پەرەسەندی سازماندەهی مەدەنی و حیزبی، سەرتاسەری کردنەوەیان و خۆش کردنی ڕێگا بۆ ڕێبەرانی ناوچەیی لە ڕاستای بوون بە ڕێبەرانی سەرتاسەری خاوەنی گرنگیەکی تایبەتە.