کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێویستی هاوئاهەنگی بزوتنەوەی موعەلیمان لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاران، خوێندکاران و هه‌موو مافخوازانی كۆمه‌گه‌

دوو رۆژ زیاتری بۆ کرانەوەی مەدرەسەکان لە ئێران نه‌ماوە. ئەگەر لەنێو دانش ئاموزاندا بە هۆی تەمەنیان، پێنانە نێو کلاسی بانترەوە و بینینی دۆست و هاوکلاسی و هاویارییەکانیان خۆشی و شادمانی پێك دێنێ و ڕۆژانێكی پڕ له‌ هه‌سته‌، بۆ موعەلیمان سەرەتای ساڵێکی دیكه‌یه‌ بۆ دەست وپەنجە نەرم کردن لەگەڵ کۆمەڵێک كێشه‌وگرفت كه‌ ئه‌مساڵیش له‌گه‌ڵی ده‌سته‌وه‌ یه‌خه‌ن.لەخوارەوە بوونی ئاستی حقوقی موعەلیمان بە له‌به‌ر چاوگرتنی ئاوسان و گرانی رۆژ لە رۆژ زیاتر، جەماوەری موعەلیمانی ئێرانی گەیاندۆتە لێواری هێڵی هەژاری. زۆربەیان بۆ دابین کردنی بژیوی خۆیان و بنەماڵەکانیان ناچارن دوای کۆتایی کار لە مەدرەسە، به‌ شوێن كارێكی دیكه‌شه‌وه‌ بن. کاری درێژماوه‌ و تاقەت پروکێن نە تەنیا دەرفەتێکیان بۆ حه‌سانه‌وه‌ لە باوه‌شی بنەماڵەدا بۆ ناهێڵێتەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر دەرس وتنەوە و ئاموزش له‌ مه‌دره‌سه‌ و بە ناچار کەیفیەتی دێنێتە خوارێ.
نا هاوئاهەنگی حقوقەکان لە ئێران، موعەلیمان بە بەراورد لەگەڵ باقی کارمەندانی دەوڵەتی بە کردەوە وەک هاووڵاتی پلە دوو بەحێساب دێنێ. بەم جۆرە پیشەی مۆعه‌لیمی نەتەنیا ڕێزی لێناگیرێ، بەڵکو دەکەویتە بەر هەڵاواردن و سوکایەتیش. لەم ساڵانەی دواییدا خەباتی موعەلیمانی ئێران بۆ ئیسلاحی نیزامی هاوئاهەنگی دانی حقوق، بە کردەوە ئاکامێکی نەبووە و وەعدە و بەڵینی کاربەدەستانی دەوڵەتیش، شتێک نەبووە بێجگە لە فریوکاری بۆ کپ کردنی کاتیی ئاگری توڕەیی مامۆستایان.808

هەزاران موعەلیمی حەقوالتەدریسی، بە قەراری دامەزراندنی کاتی بە کەمترین حەق دەستەوە ساڵانێکە لە ناوچە دوورەکان خەریکی کارن. ئه‌وان ته‌نانه‌ت له‌ ده‌فته‌رچه‌ی بیمه‌ی ده‌رمانیش بێ به‌هره‌ن. بەشێکی بەرین لەم مامۆستایانە کە بەهۆی کار کردن لە ناوچە دوورەکان، ناتوانن کاری دووهەم بەدەست بێنن، لە مانگەکانی هاویندا بەناچار خەریکی کرێکاری و دژوار ترین کارەکان دەبن. تەعتیلات بۆ ئەوان، نە تەنیا بە واتای ئاسودەیی و حەسانەوە نییە لە ٩ مانگ کاری دەرس وتنەوە، بەڵکو بە جەستەی ماندو هیلاکەوە لە کاری تاقەت پروکێن ساڵی نوێی خوێندن دەست پێدەکەنەوە.

ژەهری کۆنەپەرستی مەزهەبی ئاژین کراوەتە سیستمی ئاموزشی ئێرانەوە، ئەم سیستمە لەو پێشکەوتنە زانستی و ئیسلاح کراوە ئاموزشیەی کە لە ئاستی دنیادا بەدیهاتوە بێبەشە، کەلوپەلی کۆمەک ئاموزشی لە مەدرەسە و دەبیرستانەکاندا کە هەم دەتوانن لە فێر بوونی خوێندكاراندا کاریگەر بن و هەم تۆزێک لە ڕەنج و کاری مامۆستایان کەم بکەنەوە، لە ئاستێکی گه‌ڵێك نه‌زم دان. کلاسەکانی دەرس لانیکەم لە دوو بەرابەری زەرفیەتی خۆیان خوێندكاریان تێدا جێکراوەتەوە، ژمارەیەکی زۆر مەدرەسە لە دێهات و ناوچە هەژار نشینەکان كه‌لاسه‌كانیان شێداره‌، دیواری قەڵەشاو، سارد و بێ سوتەمەنی و بێ رووناکی کافین. ئەمانە بە گشتی بەردەوام مایەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی موعەلیمانی دڵسۆزن کە نایانەوێ باشترین ساڵەکانی لاویه‌تی خوێندكاران بەم شێوەیە بە فیرۆ بچێت.

شوێنە ئاموزشیەکان پۆلیسیە، ڕژیم بە بەسیج گیری و به‌كرێگیراو كردن، ئەم شوێنانەی نا ئەمن کردوە، سەدان موعەلیمی دڵسۆز و ناڕازی گیراون و زیندانی کراون، ئەوانەش کە نەگیراون، هەر ماوە جارێک بانگ دەکرێنە ناوەندە ئەمنیەتیەکان و هەڕەشەیان لێدەکرێت، ناڕەزایەتی بەکۆمەڵ و کۆبونەوەی مامۆستایان کە داواکاری بە تەواوی سینفی دێننە گۆڕێ دەکەوێتە بەر هێرشی پۆلیس.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و دژواریانه‌ی كه‌به‌سه‌ر مۆعه‌لیماندا سه‌پاوه‌ ئه‌وه‌ی کە جێگای هیوایە، ئەم ڕاستیەیە کە موعەلیمانی ئێران لە بەرانبەر وەها بارودۆخێکدا تەسلیم نەبوون و ناڕەزایەتی موعەلیمان لەم ساڵانەی دواییدا بەردەوام بەشێک بووە لە حەرەکەتی زیندوی ئەم کۆمەڵگایە. بەڵام مۆعه‌لیمان ئێران خاوەنی تەشکیلاتێکی کاری،، پێشڕەو و ڕادیکاڵ نین. کانونی سینفی موعەلیمانی ئێران ئەگەرچی لەم ساڵانەی دواییدا کەم و زۆر ناڕەزایەتی مامۆستایانی ڕیبەری کردوە، بەڵام ئەم تەشکیلاتە بەداخەوە، هێزی گەورە و بەرینی ئەو موعەلیمانەی کە ئامادەن شێلگیرانە بۆ دەستەبەر بوونی داواکاریەکانیان پشتی تەشکیلاتەکەیان بگرن و بەدوایدا بڕۆن، نابینێ. بە گرتنە پێشی سیاسەتی محافزەکارانە و حەرەکەت کردن لە چوار چێوەی ناکۆکی باڵە حکومەتیەکاندا هێزی چالاک و تێکۆشەری جەماوەری موعەلیمان بە هەدەر ئەدات.

له‌ ڕاستیدا خواست و داواکاری مۆعه‌لیمان جیا نییە لە ویست و داواکاری زۆربه‌ی خەڵکی ئەم کۆمەڵگایە. لەم روەوە خەباتی موعەلیمان لە پشتیوانی توێژە ناڕازیەکانی تری کۆمەڵگاش بەهرەمەندە. گومانی تێدا نییە کە حەرەکەتی ناڕەزایەتی ئەوان لە درێژەی ئەوەی کە لە ساڵی ڕابردودا ئەنجامیان داوە، لەم ساڵی خوێندنیشدا بەرەو ڕووی پشتیوانی بەرینتر لە لایەن باقی چین و توێژە ناڕازی و تێکۆشەرەکان، دەبێتەوە. بزوتنەوەی موعەلیمان لە هەمڕاهی و هاوئاهەنگی لەگەڵ بەشە پێشڕەو و ڕادیکاڵەکانی بزوتنەوەی کرێکاری، خوێنکاری، دانش ئاموزی، ژنان و پیاوانی ئازادی خوازدا، هێزێکی گەورە و بەرینە کە ئەگەر بە دروستی ڕێبەری بکرێت، دەتوانێ ویست و داواکاریەکانیان بەسەر ڕژیمی ئیسلامیدا بسەپێنێ. پێك هاتنی ئه‌و هاوئاهه‌نگییه‌ پێوه‌ستیكی حه‌یاتییه‌ بۆ پێشڕه‌وه‌ییه‌كانی دوا ڕۆژ.