کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێویستی خەبات لەدژی زیاد بوونی ناوچەی ئازاد و تایبەتی ئابووری

بەپێی هەواڵێک بڵاو کراوەتەوە، دەوڵەت لە لایەحەیەکدا، سەرلەنوێ پێشنیهادی دروست کردنی حەوت ناوچەی ئازادی توجاڕی، پیشەسازی، و دوازدە ناوچەی تایبەتی ئابووری مەتڕەح کردۆتەوە. لایەحەی زیاد کردنی ناوچەی ئازاد و تایبەت لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٤ درایە مەجلیسی کۆماری ئیسلام، بەڵام بەڕواڵەت بەهۆی دژایەتی لەگەڵ قانونی بەرنامەی پێنجەم و بە دەست نەهێنانی دوو لەسەر سێی دەنگی نوێنەران، لە دەستور لابرا.بەپێی ڕاپۆرتی ” ئاکا ئێران”، ئەم لایەحەیە جارێکی تر رۆژی ٢٣ ی مانگی پوشپەڕی ئەمساڵ لە مەجلیس مەتڕەح کراوەتەوە، و سەرئەنجام مەجلیس یەک فەوریەتی ئەم تەرحەی خستە دەستوری کارەوە. ” عامر کەعبی” ئەندامی کوموسیۆنی ئابووری مەجلیس و نوێنەرێک کە بەناوی خەڵکی ئابادان چۆتە مەجلیسی ئیسلامی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری فارس، لە شیکردنەوەی جەلەسەی رۆژی ٢٦ ی مانگی گەلاوێژی ٩٥ ی ئەم کوموسیۆنە وتی:” مێحوەریەتی جەلەسەی ئەمرۆ درێژەی باسەکانی پێوەندیدار بە تەرحی دەوڵەت سەبارەت بە لایەحەی دروست کردنی ٧ ناوچەی ئازادی توجاڕی و ١٢ ناوچەی تایبەتی ئابووری بوو.” ئەندامی کوموسیۆنی ئابووری مەجلیسی ڕژیم لە درێژەدا وتی:” لە کۆتاییدا، کوموسیۆن لەگەڵ کولیاتی لایەحەی دروست کردنی ناوچەی ئازادی توجاڕی و تایبەتی ئابووری موافقەتی کرد.” لەسەر بنەمای ئەم لایەحەیە هێندێک ناوچە لە ئوستانەکانی گەڵستان، ئیلام، ئەردەبیل، سیستان و بەلوچستان، کوردستان، هورموزگان، و بوشەر وەک ناوچەی ئازادی بازرگانی و هێندێک ناوچەش لە ئوستانەکانی فارس، یەزد، زەنجان، کهگیلویە و بویرئەحمەد، ئازەبایجانی رۆژئاوا، خۆراسانی ڕەزەوی، لوڕستان، قەزوێن، ئیسفەهان، و ئوستانی ئەلبورز وەک ناوچەی تایبەتی ئابووری، بە ناوچەکانی پێشتر واتە چابەهار، کیش، قشم، ئەنزەلی، ئەرەس، ماکۆ، و ئەروەند،ەوە زیاد دەکرێت.791

پێشینەی شکڵ گرتنی ناوچەی ئازادی بازرگانی و ناوچەی تایبەتی ئابووری لە ئاستی دنیادا دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی شەستی زاینی. لەو تاریخەدا لەسەر تەوسیەی ” سازمانی گەشەپێدانی پیشەسازی” یەکێک لە ڕێکخراوەکانی سەر بە سازمانی نەتەوە یەکگرتوەکان، لە هێندێک ناوچەی دنیادا وەک ئاسیای باشوری رۆژهەڵات، ناوچەی ئازاد و تایبەت دروست کران. لە سەرەتادا، ناەندە بۆرژوازیە نێونەتەوەییەکانی وەک بانکی جیهانی، ئامانج لە دروست کردنی ئەم ناوچانەی یارمەتی گەیاندن بە گەشەی ئابووری و کاراتر کردنی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی، ڕەخساندنی هەلی کار، و بردنەسەری ڕێژەی هەناردەکردنی وڵاتانی لەحاڵی گەشەدا، ڕاگەیاند. بەڵام لە ڕاستیدا ئامانجی ئەو ناوەندانە، زیاد کردنی سود و کەڵەکە کردنی زۆرتری سەرمایە، و قەبە تر بوونی خاوەنانی سەرمایە و کۆمپانیا گەورە نێو نەتەوەییەکان لە ڕێگای کڕینی هێزی کاری هەرزان، داگیر کردنی زەوی و تاڵان کردنی زەخیرە و سەرچاوەی دەست لێنەدراوی ژێرزومینی، و کەڵک وەرگرتن لە معافیەتە ماڵیاتیەکان و ئیعتیباراتە بانکیەکانی ئەو وڵاتانە، بوو. لە هەمان تاریخدا دامەزراندنی وەها ناوچەگەلێک لە ئێرانیش بە ڕژیمی پەهلەوی پێشنیار کرا، بەڵام بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٣٦٨ ی هەتاوی کە هاوکاتە لەگەڵ دەورانی سەرۆک کۆماری ڕەفسەنجانی، پرۆژەی دروست کردنی ئەو ناوچانە چووە بواری کرداریەوە. لە دەورەی سەرۆک کۆماری خاتەمیدا، و دواتر ئەحمەدی نیژاد وەک سەرۆکی قوەی موجریە، کارەکە درێژەی پێدرا. ئێستا دەوڵەتی رۆحانی بە دانی لایەحەی زیاتر کردنی ئەم ناوچانە دەیەوێ ئەم پرۆژەیە بەرفراوان تر بکات. ڕژیم لەم ناوچانەدا ئاسانکاری بۆ هاندانی سەرمایەدارانی نێوخۆیی و دەرەکی بۆ سەرمایەگوزاری کردن، لەبەرچاو گرتوە. معافیەت لە دانی ماڵیات لە داهات بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ، یەکێک لە جێگای سرنج ترین هاسان کاریەکانە. هەروەها لەگەڵ معافیەتی کالایەک کە مسافر لەگەڵ خۆی دەیهێنێ و معافیەت لە حقوقی چوونە ژوورەوە، لە بواری قانونەکانی پێوەندیدار بە مناسباتی نێوان کار و سەرمایە لە ناوچە ئازادەکاندا و بە تایبەت یاسا و ڕێسایەک دادەمەزرێت کە ئەساسەن دژی کرێکارین. وەک نمونە دەرکردنی کرێکارانی ئەم ناوچانە لەژێر چەتری قانونی کاری کۆماری ئیسلامی و لابردنی پشتیوانیە کۆمەڵایەتیەکان، زاڵ بوونی شیرکەتە پەیمانکاریەکان، و برەودان بە قەراردادی کاتی. ئەم یاسایانە بارودۆخێکی کاری و بەڕێچونی دژوار بەسەر کرێکارانی ئەم ناوچانەدا دەسەپێنێ. چەوساندنەوەی هێزی کار لە ناوچە ئازادەکانی بازرگانی یان ناوچەی تایبەتی ئابووری ئاستێکی توند تری هەیە، لەبەر ئەوەی ئیداراتی کار و باقی ناوەندەکانی پێوەندیدار هیچ کۆنترۆڵ و چاودێریەکیان بەسەر ئەو شوێناەوە نییە. بەپێی مادەکانی ٣٣ و ٣٤ ی یاساو ڕێسای کارکردن، خاوەنکاران لەگەڵ هیچ جۆرە کۆسپێکدا لە پێوەند لەگەڵ دەرکردن و بێکار کردنی کرێکاراندا بەرەو روو نین. لەسەر بنەمای ” موقڕەراتی ئیشتغاڵ” لەم ناوچانەدا، مافی دامەزراندنی تەشەکول و ناڕەزایەتی، لە کرێکاران بە تەواوەتی زەوت کراوە. لە بەرانبەر ئەم بارۆدۆخەدا، سەرمایەداران بە هۆی لە ئیختیاردا بوونی ئیمکانات و مەزایای دیاریکراو، سود و قازانجێکی زۆر دەستەبەر دەکەن.

بە پێچەوانەی تەبلیغاتی فریوکارانەی دەوڵەت سەبارەت بە گەشە و تەوسعەی ئابووری و باشتر بوونی بارودۆخی ژیانی خەڵک لە ڕێگای دروست کردنی فەزای کەسب و کار، ڕەخساندنی هەلی کار، ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری، و هیترەوە، دامەزراندنی ناوچەی ئازاد و تایبەت هیچ کات بە قازانجی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش نەبووە و نییە. زۆربەی خەڵکی ناوچە ئازاد و تایبەتەکانی ئێستا لە ڕیزی بێبەش ترین دانیشتوانی ئێران دان. بەشێک لە خەڵکی ئەم ناوچانە تەنانەت لە دەست ڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە و باقی ئیمکاناتی ڕێفاهی سەرەتایی بێبەشن. بەپێی ئەو توێژینەوانەی کراون، نرخی بێکاری لەم ناوچانەدا گەلێک بەرز بۆتەوە. مەیدانداریی شیرکەتە پەیمانکاریەکان، و کۆچبەری و ژیان بەسەربردن لە قەراغی شارە گەورەکاندا ئاوێتە بە هەژاری وفەلاکەتی ئابووری لەو ئاسەوارانەن کە کرێکاران و دانیشتوانی ناوچە ئازاد و تایبەتەکان توەجروبەیان کردوە. بەداخەوە خەبات و ناڕەزایەتی کرێکاریش لە ناوچە ئازاد و تایەبتەکاندا لە باری چەندایەتیەوە زۆر بەرچاو نین. سەرمایەداران و خاوەنکاران بە هاسانی دەتوانن لەگەڵ کرێکارانی ناڕازیدا بەرخورد بکەن، لەبەر ئەوەی کرێکاران لەم ناوچانەدا لە ترسی دەرکران و یان نوێ نەکرانەوەی قەراردادەکانیان، کەمتر دەست ئەدەنە دەربڕینی نارەزایەتی.

لایەحەی زیاد کردنی ناوچەی ئازادی توجاڕی و تایبەتی ئابووری هیچ شتێک نییە بێجگە لە درێژەی ئیجرای سیاسەتی ئابووری نیئۆلیبڕالیستی، و هێرشی هەوسار پچڕاوانە تر بۆسەر مافە بنەڕەتیەکانی چینی کرێکار. سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان لە هەوڵدان تا بە زیاد کردنی ناوچەی ئازادی بازرگانی و تایبەت، جەمعیەتێکی زۆر لە هێزی کاری کۆمەڵگا لە ژێر چەتری قانونی دژی کرێکاری ئێستا دەربکەن، و لە بەرانبەریدا چەوساندنەوەی وەحشیانەتری کرێکاران، سەروەت و سامانی زیاتر دەستەبەر بکەن. خەبات لەدژی وەها تەرح و لایەحەیەک کە بەشێکی بەرین لە چینی کرێکار بەرەو ناخی هەژاری و نەداری بەتەواوەتی دەبات، گەلێک گرنگ، هەنوکەیی و پێویستە.