خانەنشینانی دابین کردنی کۆمەڵایەتی جارێکی تر رۆژی ٧ ی مانگی جۆزەردان رۆژی ناسراو بە” یەکشەممەی ناڕەزایەتی” لە شارەکانی ئیسفەهان، ڕەشت، کرماشان، شوشتەر و چەند شارێکی تر لەبەردەم ئیدارەی گشتی دابین کردنی کۆمەڵایەتی کۆبوونەوە. ئەوان لە ئەهواز و شوش بە دروشم وتنەوە بە شەقامەکاندا گەڕان و دواتر لە بەردەم ئیدارەی گشتی دابین کردنی کۆمەڵایەتی کۆبوونەوە. خانەنشینانی تێکۆشەر سەبارەت بە ئاستی کەمی حقوق لەوانە پەسندکراوی دژه کرێکاری شۆڕای باڵای کار سەبارەت بە دیاری کردنی ئاستی حەقدەستی ٥ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار تمەنی ناڕەزایەتیان دەربڕی و لە دروشمەکانیاندا داخوازی سیاسی خۆشیان تەرح کرد:” سەرۆک شەرم بتگرێ لەوڵات بچۆدەرێ” ” دەوڵەتی وەرشکستە دوژمنی بازنشستە” ” نە مەجلیس نە دەوڵەت نیە لە بیری میللەت،” ” دەوڵەت خەیانەت دەکات مەجلیس پستیوانی دەکات” و ” ئەم هەموو بێ دادییە لە دنیا وێنەی نییە“. ئەوان وەک هەمیشە جەختیان کردوە:” تەنیا لە سەر شەقام مافمان دەستەبەر دەبێت.”
” گوروپی یەکێتی خانەنشینان” ڕاگەیاندنێكیان لەژێر ناوی” خانەنشینان و پێویستی دروست کردنی ڕێکخراوێکی بەرین و سەرتاسەری“یان رۆژی ١٣ ی مانگی جۆزەردان لەسەر سایتەکان بڵاو کردەوە. بەیانیەکە بەم شێوەیە دەست پێدەکات:
” بارودۆخی ئابووری و بەڕێچوونی حقوقبگیران و خانەنشینانی کیشوەری و لەشکری و دابین کردنی کۆمەڵایەتی کە ژمارەیان لە ٦ ملیۆن کەس زیاترە، رۆژبە رۆژ خراپتر بووە. نزیک بە ٦٥ لەسەدی ئەم جەمعیەتە لانیکەم وەردەگرن و زۆربەی هەرە زۆریان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.”
لە درێژەی نووسراوەکەدا هاتووە کە خانەنشینان ساڵانێکە و بە تایبەت لە ساڵی ٩٥ وە تا ئێستا بۆ باشتربوونی بارودۆخی ژیانیان و دەستەبەربوونی داخوازیەکانیان بەتایبەت یەکسانسازی مانگانەی خانەنشینان لەگەڵ شاغڵین و زیادکرانی حقوقی مانگانەی بانتر لە هێڵی هەژاری، ڕوویان کردۆتە گۆڕەپانی چالاکی و خەبات. لەسەر بنەمای ئەم بەیانیە ئاکامی ئەم گشتە تێکۆشان، دەستەبەسەر کران و سەرکوتانە زیادبوونی کەمی ئەو مانگانانە بووە کە گەلێک خوارتر لە نرخی هەڵاوسان و زیاد کرانی نرخە دیاریکراوەکانە.
لە بەشێکی دیکەی بەنیانیەکەدا هاتوە کە کرداری دەوڵەتەکان و سەرجەم حاکمیەت لە پەیوەند لەگەڵ خانەنشینان هیچ شتێک نەبووە بێجگە لە کۆمەڵێک وەعدەی بێ ناوەرۆک، درۆکردن، شاڕلاتانیزم، کڵاوبەرداری و سەرگەرم کردن.”
بەیانیەکە وێڕای ئاماژەکردن بە گەندەڵی نیهادینە بوو لە ڕژیمدا و پێش بینی درێژەی کرداری دەسەڵاتداران نووسیویەتی:” لە ئێستادا ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان لە زۆرێک لە بەشەکانی تایبەت بە خانەنشیناندا پێکهاتوە کە بەشێوەی جودا لە یەکتر چالاکی دەکەن. ئەم چالاکیە لێک جیاوازانە ئاکامێکی ئەوتۆیان نییە. کاتی ئەوە هاتوە کە کۆتایی بەم پڕژ و بڵاویە بێت. خانەنشینانی وشیار و پێشڕەو و باقی هەڵسوڕاوان دەتوانن و دەبێ بۆ دروست کردنی یەک ڕێكخراوی گشتگیر و سەرتاسەری کە بەرژەوەندیەکانی سەرجەم خانەنشینان نوێنەرایەتی بکات و لەپێناو مافەکانیاندا تێبکۆشێت، هەوڵ بدەن.”
لە بەشی کۆتایی ڕاگەیاندنەکەدا بە دروستی هاتوە:” بابەتێکی تر کە دەتوانێ ببێتە هۆی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خانەنشینان، هەوڵدانە بۆ راکێشانی پشتیوانی کەسانی لەسەرکار و دروست کردنی پێوەندیەکی بەردەوام و چالاکانە لەگەڵ: باقی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان و دەستەبەرکردنی پشتیوانییان. یەکێتی و هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە کرێکارییەکان و بزوتنەوەی چینی کرێکار، ڕێکخراو و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان و خوێندکاران دەتوانێ لە دەنگدانەوەی بەرینتری دەنگی ناڕەزایەتی خانەنشینان دەورێکی گەلێک بەرچاو و گرنگی هەبێت و بەرەی خانەنشیان بەهێزتر بکات.”
هەر کرێکارێک دوای دەیان ساڵ کاری تاقەت پڕوکێن خەون بە ڕۆژێکەوە دەبینێ کە خانەنشین بکرێت و ماباقی تەمەنی لە ڕیفاه، ئاسایش و ئارامیدا بەسەر بەرێت. کۆماری ئیسلامی و خاوەنانی سەرمایە، هەر بەو جۆرەی کە بەیانیەی گوروپی یەکێتی خانەنشینان” ئاماژەی پێکردوە ئەم ئاواتە ڕەوایەیان کردۆتە کابووس. بەڵام کرێکارانی خانەنشین وەک پشتیوانانی شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی” و بەشێک لە چینی کرێکار لەدژی ڕژیم و سەرمایەداران خەباتیان کردوە. گرووپی یەکێتی خانەنشینان کە سوورە لەسەر درێژەی خەبات لە پێناو بەڕێچوون و داخوازیە سیاسیەکانیدا بەدروستی لەسەر پێکهێنانی ڕێکخراوی گشتگیر و سەرتاسەری خانەنشینان جەخت دەکاتەوە تا ئەم خەباتە کاریگەری زیاتری هەبێت.