کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێویستی بوونی بەدیلێکی کرێكاری و جەماوەری

2017 02 03 20745 1486084902. large

شۆڕشی شکۆداری خەڵکی ئێڕان پێویستی و زەرورەتی بوونی بەدیلێکی جەماوەری بە قازانجی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێرانی هێناوەتە سەروی دەستوری کارەوە. دنیای دابەش بوو لە نێوان دوو چینی سەرەکی، واتە چینی کرێکاری سەروەت و ئاسایش ئافەرین و چینی سەرمایەداری مشەخۆر، بەگشتی لەژێر حاکمیەت و دەسەڵاتی بۆرژوایی و دەوڵەتەکانی خزمەتگوزاری دایە. سیستمی سەرمایەداری تەمەنی تاریخیەکەی بەسەرچووە و خۆی و دەوڵەتەکانی، زۆربەیان بوونەتە بەدیهێنەری موسیبەت و نەهامەتی. هەر لەبەر ئەوەیە کە هەرجارە و لە گۆشەیەکی ئەم دنیایە شاهیدی هەڵچوون و ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و زەحمەتکێشانین لەدژی ئەم نیزامە. شۆڕشێکی لە ئێران لە ئارادایە یەکێک لەوانەیە.

  کرێکاران، شۆڕشگێڕان و ئازادی خوازەکان لە ئێران لە ساڵەکانی ١٣٥٦- ١٣٥٧ دا لەدژی حکومەتی دیکتاتۆڕ و گەندەڵی پەهلەویدا دەستیان دایە شۆڕش و ڕاپەڕێن. ئەوان بەبێ هەبوونی ئاڵترناتیوێکی کرێکاری و شۆڕشگێڕ و دیمەنگایەکی ڕوون سەبارەت بە داهاتوو بەشدارییان لە شۆڕشدا کرد و بە دانی هەزینەیەکی قورس حکومەتی ئیستبدادی محەممەد ڕەزا شا، کە پشتی بە ئیمپڕیالیزمی ئامریکا بەستبوو، ڕووخاند. ئەم کەموکوڕی و خاڵە لاوازە سەرەکیە لەپاڵ لاوازیەکانی دیکەدا بوو بە هۆکاری ئەوەی کە بۆرژوازی ئێران بە یارمەتی ئیمپڕیالیستەکان و لە سەرویانەوە ئامریکا، حکومەتێکی دیکتاتۆڕی و دەژی کومونیستی دیکە لەژێر هیدایەتی ئیسلامی سیاسیدا، بەسەر خەڵکی ئێڕاندا داسەپێنن.

  خومەینی، وەک ڕێبەری ڕەوتی ئیسلامی، تا بەرلە بە دەسەڵات گەیشتنی وەعدە و بەڵێنی ڕەچاو کردنی مافەکانی مرۆڤ، دیموکراسی، ئازادی کۆمونیستەکان لە دەربڕینی بیروباوەڕ و هەڵسوڕانی سیاسی، یەکسانی ژن و پیاو، دابین کردنی مافی کەمەنەتوەیی و مەزهەبیەکانی دەدا و دەیوت کە: ئاو، کارەبا و گواستنەوە و گەیاندنی گشتی بە خۆڕایی دەبێت و بە کەڵکوەرگرتن لە پارەی نەوت ماڵ بۆ هەموان دروستدەکرێت و هەژاری ڕیشەکێش دەبێت. ئەو و کەسانی دەوروبەری لەژێر چەتری ئەم وەعدە و بەڵێنە درۆینانەدا حیزب اڵڵاییەکانیان لەنێو خۆدا ڕێکخست و بە بیانوی” وەحدەتی کەلیمە” بێجگە لە دروشمی” مردن بۆ شا” هێرشیان دەکردەسەر هەرکەسێک کە دروشمێکی دیکەی بوتایەت. ئەوان دوای پێکهاتنی ژێربەژێر لەگەڵ ئامریکا و کۆنفڕانسی” گوادلوپ” هێرشیان بۆسەر کۆمونیستەکان و نەیارانی حکومەتی ئیسلامی زیاتر کرد.

  بەڵام هێزە چەپەکان، کرێکاران و خەڵکی ئازادی خواز وێڕای بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ حیزبو اڵڵاییەکان ڕاپەڕینی دوو رۆژەی ساڵی ٥٧ یان ڕێکخست و ڕووخانی شایان کردوە بابەتێکی حەتمی. ئەوان دوای دەستپێکی حکومەتی ئیسلامی هەوڵیاندا بە هێنانەگۆڕی داخوازی ڕوون و دیاریکراو درێژە بە شۆڕشەکەیان بدەن. حکومەتی تازە بە دانی دروشمی ناکۆک هاتە شەڕی کرێکاران، ژنانی ئازادیخواز، تێکۆشەرانی لایەنگری دەستەبەر بوونی مافی نەتەوەکان. ئەوان فریوکارانە، خۆیان وەک نوێنەری زاخە نشینەکان و خەڵکی هەژار دەناساند و هاوکات هێرشیان دەکردە سەر کرێکارانی پێشڕەو و شوڕاکانیان و هەڵیاندەوەشاندنەوە. خومەینی بە دەرکردنی فەتوایەک سەبارەت بە پۆشینی ئیسلامی ژنان بە زۆرەملێ، لە رۆژی ١٦ ی مانگی ڕەشەمەی ٥٧ دا شەیپوری هێڕش کردنەسەریانی لێدا. ڕێکخراوە چەپ و کۆمونیست و ڕێکخراوە دیموکراسی خوازەکانیشی پێ بە پێی ئەوانی تر دایەبەر هێرش و دواتر بەشێوەیەکی وەحشیانە هێرشەکانی بۆسەر خەڵکی کوردستان دەستپێکرد. ئەو زیندانانەی کە خومەینی بەڵێنی دابوو بیانکاتە مۆزەخانە، بوونە جێگای ئەشکەنجەدان و کوشتارگای کرێکارانی پێشڕەو، ژنان و پیاوانی کۆمونیست و ئازادی خواز. سەرانی حکومەتی تازە کاتێک هەستیان بەوە کرد ئەم کرەوە وەحشیگەریانە ناتوانن بەربە درێژەی شۆڕش بگرن چوو بە پیر شەڕی ئێران و عێڕاقەوە و وڵاتی کردە پادگانێکی نیزامی، و خراپتر لەوەش زیندانێکی گەورەی بە پانتایی ئێران بۆ کرێکاران، ژنان و پیاوانی ئازادی خواز دروست کرد. ئەوان بەو وەحشیگەریانە، لە کۆتاییدا شۆڕشەکەیان خەڵتانی خوێن کرد.

   ئێستا و لە بارودۆخێکی بە تەواوی جیاواز تردا شۆڕشێکی دیکە دەستی پێکردوە کە وەک ئەوەی پێشوو خاوەنی ناوەرۆک و جەوهەرێکی چەپە. داخوازیە ڕاگەیەندراوەکانی تا ئێستای ئەم شۆڕشە، کە یەکگرتویی خەڵک و شۆڕشگێڕی بنەماکەیەتی، دابین بوونی بە تەواوەتی مافەکانی ژنان لە ڕێگای ڕوخاندنی دیکتاتۆڕێکی نەفرەت لێکراو و کۆنەپەرستی وەک خامنەییە. بەڵام ئاخێزی شۆڕشگێڕانە بەلەبەرچاو گرتنی خێرایی ڕوەتی ڕوداوەکان پێویستە هەرچی زووتر لەوە واوەتر بچێت. ئێستا کە ئیسلامی سیاسی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵ و حاکمیەتدا شکستی هێناوە و بۆتە ئامانجی شۆڕشێکی بەرین، بە دڵنیاییەوە بۆرژوازی بە یارمەتی ئیمپڕیالیزمی ئامریکا، ئینگلیس، فەڕانسە و ئاڵمان لە ژێرەوە خەریکی بەدیلسازی بۆرژوایی و سیکۆلارن تا ئەگەر ئەم شۆڕشە مانەوەی کۆماری ئیسلامی نامومکین کرد بۆیان، ئەو بەسەر خەڵکی ئێراندا داسەپێنن. گومانی تێدا نییە کە ئەگەر ئوپۆزسیۆنی بۆرژوازی بتوانێ ڕژیمی جێی سەرنجی خۆی لە جێگای کۆماری ئیسلامی دابنێت، کرێکاران و خەڵکی ئازادی خواز هەروا وەک کۆیلەی ئیستبداد و چەوسێنەران دەمێننەوە. بەڵام بۆ کرێکاران، کە شکستی شۆڕشی ٥٧ یان ئەزمون کردوە و دەرسیان لێ وەرگرتوە، گرنگ و حەیاتیە کە بەدیلی خۆیان بێننە گۆڕێ و لە ڕێگای بەشداری کردنی چالاکانە لە شۆڕشدا، جەماوەریی بکەنەوە.