هه‌واڵه‌كان له شاری سنه‌وه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢ی مانگی جۆزه‌ردان گرووپێكی مۆتۆر سواری سه‌له‌فی به گوڕاندن و جنێوفرۆشتن و خوڵقاندنی كه‌ش و هه‌وای ترس و دڵه‌ڕاوكێ، له‌به‌رچاوی هێزه‌كانی ڕژیم له شه‌قامی “خزری زنده”، هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر خه‌ڵك و هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردوون. ئه‌م حه‌ره‌كه‌ته‌ی سه‌له‌فییه‌كان له‌گه‌ڵ خۆڕاگریی لاوانی گه‌ڕه‌ك به‌ره‌وڕوو ده‌بێته‌وه و پاشان برینداره‌كانیان كۆده‌كه‌نه‌وه و ڕاده‌كه‌ن. له ماوه‌ی دوو حه‌فته‌ی ڕابردوودا ئه‌وه سێهه‌مین جاره كه سه‌له‌فییه‌كان به وتنه‌وه‌ی درووشمی “الله اكبر” و به قه‌مه و شمشیر هه‌ڕه‌شه له لاوان و ڕێبواران ده‌كه‌ن و ژماره‌یه‌ك بریندار ده‌كه‌ن. ڕۆژی ١١ی گوڵان ٨ كه‌س له سه‌له‌فییه‌كانی مه‌ریوان به وتنه‌وه‌ی درووشمی ” الله اكبر” و به شمشیر و قه‌مه هێرشیان كرده سه‌ر خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی دارسێران. بیانووی ئه‌وان ئه‌وه بوو كه گۆیا چه‌ند لاو له‌م گه‌ڕه‌كه “كفر”یان كردووه. پاش ئه‌م ڕووداوه، ڕۆژی هه‌ینی ٢٤ی مانگی گوڵان گرووپێك له سه‌له‌فییه‌كان له جاده‌ی “مه‌لقه‌ره‌نی”ی شاری سه‌قز به بیانووی خواردنه‌وه‌ی مه‌شرووباتی ئه‌ڵكۆڵی هێرشیان كرده سه‌ر خه‌ڵك. له‌م تێكهه‌ڵچوونه‌دا ژماره‌یه‌ك له لاوان و هه‌روه‌ها چه‌ندین سه‌له‌فی بریندار بوون. پاش ئه‌م تێكهه‌ڵچوونانه له شاره‌كانی مه‌ریوان و سه‌قز و سنه، خه‌ڵك و هێزه پێشڕه‌وه‌كان جموجۆڵی سهلهفییهكانیان پووچه‌ڵ كرده‌وه و ئه‌م هه‌وڵانه‌یان مه‌حكووم كردن.
هه‌مووی ئه‌م ڕووداوانه له‌به‌رچاوی مه‌ئموورانی ئینتزامی و ئه‌منییه‌تی ڕژیم ڕووی داوه. كاردانه‌وه‌ی یه‌كجار لاوازی مه‌ئموورانی ده‌وڵه‌تی نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه سه‌له‌فییه‌كان و ڕژیم له نائه‌من كردنی كه‌ش و هه‌وای كوردستاندا، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی هاوبه‌شیان هه‌یه. ئێستا كه هه‌ر دووك لا له ڕێگه‌ی ته‌بلیغ و بانگه‌شه‌ی كۆنهپهرستییهوه نه‌یانتوانیوه به‌ربه په‌ره‌سه‌ندنی شه‌پۆلی بیروبۆچوونی سێكۆلار و سۆسیالیستی له‌ناو كۆمه‌ڵگای كوردستان بگرن، هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌مجۆره كرده‌وانه و به نائه‌من كردنی كه‌ش و هه‌وای سیاسیی كوردستان به‌شی پێشڕه‌وی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه پارێزكار و ناچالاك بكه‌ن.
سه‌له‌فیگه‌ری ئه‌گه‌ر له بواری فیكری و دین باوه‌ڕییه‌وه، گه‌ڕانه‌وه بۆ قورئان و سوننه‌ت له‌ژێرناوی “ده‌عه‌وه‌ت و جه‌هاد” ته‌بلیغ و بانگه‌شه ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ماهییه‌تی سه‌له‌فیگه‌ری ته‌نیا به تایبه‌تمه‌ندیی كۆنهپهرستانهیهوه ناناسرێته‌وه. سه‌له‌فیگه‌ریی ئه‌مڕۆیی و ئه‌و ڕه‌وتانه‌ی كه كاریگه‌رییان لێ وه‌گرتوون، ئه‌ساسه‌ن ده‌ستكردی ده‌وڵه‌تانی سه‌رمایه‌داریی ئیمپریالیستی و ناوچه‌ییه دژبه بزووتنه‌وه ڕادیكاڵه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئامرازی ده‌ستی ئه‌وانن بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرژییه‌كانی ناوچه‌كه به‌قازانجی خۆیان.
هاتنی هێزه‌كانی شۆره‌وی بۆ ئه‌فغانستان له ساڵی ١٩٧٩ی زایینی ده‌رفه‌تێكی زێڕێنی بۆ سه‌رانی گه‌نده‌ڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا و عه‌ره‌بستان، میسر، ئه‌لجه‌زایه‌ر و لیبی و ژماره‌یه‌كی دیكه له وڵاتانی عه‌ره‌بی خوڵقاند. سه‌رانی ده‌وڵه‌ته‌كان كه خۆیان نوقمی گه‌نده‌ڵی و چه‌وساندنه‌وه‌ی بێبه‌زه‌یانه‌ی كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و تاڵان كردنی سه‌روه‌تی ئه‌م وڵاتانه بوون، بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی گوشاری بزووتنه‌وه ڕادیكاڵه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و بۆ به‌لاڕێدابردنی ئه‌م بزووتنه‌وانه، ده‌ستیان دایه پێكهێنان و پشتوانی كردن له ڕه‌وته جه‌هادی – سه‌له‌فییه‌كان و له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا ئه‌وانیان بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی یه‌كیه‌تیی سۆڤیه‌ت ڕه‌وانه‌ی ئه‌فغانستان كرد.
له‌گه‌ڵ پێكهاتنی تاڵه‌بان، ئه‌فغانستان بوو به یه‌كێك له پێگه سه‌ره‌كییه‌كانی بارهێنانی مۆره سه‌له‌فییه‌كان له جیهاندا. ئه‌ندامانی ئه‌م گرووپه كه زۆربه‌یان لاوانی بێكار و دڵ‌سارد و بێ هیوای وڵاتانی عه‌ره‌بی و په‌راوێزی شاره گه‌وره‌كانی ئۆرووپا بوون، پاش ڕاهێنان ڕه‌وانه‌ی وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان ده‌كرانه‌وه و به‌مجۆره تیرۆریسمی جیهانی به وه‌ڕێخستنی گۆمی خوێن له زۆربه‌ی وڵاته‌كان، به ده‌ست بردن بۆ تاكتیكی عه‌مه‌لیاتی خوكوژی و كوشتنی سه‌دان مرۆڤی بێدفاع، په‌ره‌یسه‌ند.
ڕه‌وتی سه‌له‌فی – ئهخوانیی مۆفتی زاده له جه‌ره‌یانی ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكی ئێران له ساڵی ١٣٥٧ی هه‌تاوی و ده‌ستپێكی بزووتنه‌وه‌ی موقاومه‌تی خه‌ڵكی كوردستان، له لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه وه‌ك ئامرازێك بۆ به شكست كێشانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، به‌كار هێندرا. له‌گه‌ڵ پێكهاتنی ڕه‌وته سه‌له‌فییه‌كانی “انصار الاسلام” و ڕه‌وته هاوشێوه‌كان له لایه‌ن كۆماری ئیسلامی له كوردستانی عێراق، ئێران بوو به ڕێڕه‌وێك بۆ هاتووچۆی سه‌له‌فییه جههادییهكان له كوردستانی عێراقه‌وه بۆ ئه‌فغانستان و پێچه‌وانه‌كه‌ی. هاندانی لاوانی كورد بۆ په‌یوه‌ست بوون به ڕیزه‌كانی “انصار الاسلام” و ناردنیان بۆ ئه‌فغانستان و پاكستان بۆ ڕاهێنانی نیزامی و پاشان ڕێكخستنیان له‌ناو “هه‌سته جههادییهكان” بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی ئێران، له زومره‌ی ئه‌و هه‌وڵانه بوون كه ڕاسته‌وخۆ له‌ژێر چاوه‌دێریی ده‌زگا ئیتلاعاتی و ئه‌منییه‌كانی كۆماری ئیسلامی‌دا ئه‌نجام ده‌درا. پێكهێنان و به‌هێزكردنی “جبهه النصر” و “داعش” له سووریه به پشتیوانیی عه‌ره‌بستانی سعوودی، قه‌ته‌ر و توركییه به ئامانجی به‌لاڕێدابردنی بزووتنه‌وه‌ی ڕه‌سه‌نی خه‌ڵكی سووریه دژبه ده‌وڵه‌تی جه‌نایه‌تكاری به‌شار ئه‌سه‌د و به‌كارهێنانیان له ئاڵوگۆڕه سیاسییه‌كانی عێراق و كوشتنی هه‌زاران كوردی ئیزه‌دی و خوڵقاندنی گه‌لێك كاره‌سات و تراژێدیی مرۆیی له كوردستانی عێراق، كاركرده ئامرازییهكانی دیكه‌ی ئه‌م ڕه‌وته بووه له خزمه‌ت ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌دا. له كۆتایی هه‌ر مهئموورییهتێكدا بۆ جارێكی دیكه هه‌ر وه‌ك ئه‌لقاعیده، داعش، حه‌ماس، حیزبوڵڵا و جه‌هادی ئیسلامی، به قوربانی بوونی ژماره‌یه‌ك كه‌سی تێنه‌گه‌یشتوو و فریوخواردوو، یاخیگهرییان داده‌مركێت و تا قۆناغێكی دیكه و مه‌ئموورییه‌تێكی دیكه، ده‌خرێنه په‌راوێزه‌وه.
كوردستانی ئێران به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندییه به‌رچاوه‌كانی له‌وانه نفووزی قووڵی بیری سێكۆلار و ئازادیخوازانه و سۆسیالیستی هیچكات ئه‌و ئیمكانه‌ی به ڕه‌وته سه‌له‌فییه‌كان نه‌داوه كه پێگه‌یه‌كی قووڵی جه‌ماوه‌رییان هه‌بێت. سه‌له‌فیگه‌ری و ئیسلامگه‌رایی توندڕه‌و په‌یوه‌ندییه‌كیان به خواست و داخوازیی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه نییه. سه‌له‌فیگه‌ری له كوردستان ئه‌ساسه‌ن یه‌كێك له پیلانگێڕییه‌كانی كۆماری ئیسلامی دژبه خه‌ڵكی كوردستان و ده‌ستكردی ده‌زگا ئیتلاعاتییه‌كان و سپای پاسدارانی كۆماری ئسیلامی و كاڵا و به‌رهه‌می هاوبه‌شی سپای پاسداران و ئیسلامگه‌را توندئاژۆكانی كوردستانی عێراقه. له ماوه‌ی یه‌ك دوو ساڵی ڕابردوودا و له‌ژێر كاریگه‌ریی ئاڵوگۆڕه ناوچه‌ییه‌كاندا، له چه‌ند مزگه‌وتێكی گه‌ڕه‌كه په‌راوێزه‌كانی هێندێك له شاره‌كانی كوردستان و چه‌ند ئاوایی، جموجۆڵی سه‌له‌فییه‌كان بیندراوه و ئه‌م ڕه‌وته به بۆنه‌ی جۆراوجۆره‌وه له ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی مانۆڕی كۆنتڕۆڵكراو و هاوئاهه‌نگ له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئیتلاعاتییهكانی كۆماری ئیسلامی، حزووری عه‌له‌نیی په‌یدا كردووه. خه‌ڵكی كوردستان نه ئیسلامگه‌رای شیعه و نه ئیسلامگه‌رای سه‌له‌فییان بۆ هه‌زم نه‌كراوه. به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا كه دیكتاتۆریی ده‌سه‌ڵاتێكی شیعه و توندبوونه‌وه‌ی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی له‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان، به‌ستێنی سه‌رهه‌ڵدانی جۆرێكی دیكه‌ی له ئیسلامگه‌رایی خوڵقاندووه، هه‌م ئاستێكی زیاتر له وشیاری پێویسته و هه‌م خه‌باتی ڕێكخراوتر دژبه سه‌له‌فیگه‌ری هاوكات له‌گه‌ڵ خه‌بات دژبه ده‌وڵه‌تی مه‌زهه‌بی زه‌روورییه.
له‌قاودانی ماهییه‌تی سه‌له‌فییه‌كان و شیكردنه‌وه‌ی كرده‌وه‌یان له‌ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، چاپه‌مه‌نییه‌كان، میدیا گشتییه ئازاده‌كان و كه‌ناڵه تلویزیۆنییهكان به‌ئامانجی گۆشه‌گیر كردنی هه‌رچی زیاتریان، یه‌كێك له ئه‌وله‌وییه‌ته‌كانی ئه‌م قۆناغهمانه.