کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێوستی بەشداری چالاکانە لە کۆبوونەوەی ٢٢ ی مانگی ئاوریلی هێزە چەپ و کومونیستەکان لە شاری کۆڵنی ئاڵمان 

photo 2023 03 28 22 11 10

  رۆژی ٢٦ ی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠١، بەرابەر لەگەڵ ١٥ ی مانگی فێوریەی ٢٠٢٣ ، بیست تەشەکولی سینفی و مەدەنی لە ئێران مەنشوری داخوازی لانیکەمی خۆیان بڵاو کردەوە. ئەم مەنشورە بە خێرایی لە نێوخۆ و لە دەرەوەی وڵات بوو بە جێگای پشتیوانی بەرینی هێزە چەپ، کومونیست و ئازادیخوازەکان. ئەوان بە ئاماژە بە کەموکورتیەکانی، مەنشوری متالباتی لانیکەمیەکەیان بە بنەمایەکی باش زانی بۆ باس لەسەر کردن و ڕا گۆڕینەوە.

لە خاڵە بەهێزەکانی ئەو مەنشورە دەبێ ئاماژە بە تەئیدی یەکگرتوانەی ٢٠ تەشەکولی کرێکاری، ژنان، خوێندکاران و قوتابیان لە نێوخۆی وڵاتدا بکرێت. ئەم یەکگرتوییە لە ناخی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا دەستەبەر بووە. ئەوان ئەو هێزانەن کە ساڵانێکە لەگەڵ هارترتین دیکتاتۆڕی مەزهەبی سەرمایەدارانە لە نێوخۆی وڵاتدا خەباتێکی فیداکارانە و پڕ هەزینە بەرەو پێش دەبەن. داخوازیەکانی ئەو مەنشورەش لەسەر ناوەرۆکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئامادە کراوە و جەوهەرە چەپەکەی دەرخستوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو مەنشورە ئاستێکی بەرزی سیاسی و ئایەندە بینی بەشدارانی شۆڕش دەر دەخات. لەم مەنشورەدا داخوازی دیموکڕاتیک و ئازادی خوازانە لەپاڵ ئەو داخوازیانەدا تەرح کراون کە بۆ دەستەبەر بوونی دادپەوروەری کۆمەڵایەتی و دابین بوونی پێداویستی بەڕێچوون و سیاسی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و زۆر لێکراو زەرورین. ئەو مەنشورە بەدیلێکە بۆ حکومەتی دوای کۆماری ئیسلامی.

واژۆکارانی مەنشورەکە خۆیان لەسەر پێوسیتیەکەی لە ڕێگای قسە و باس و ڕاگۆڕینەوەوە جەختیان کردۆتەوە. هەر لەم ڕاستایەدا کۆبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی و ڕادەربڕین سەبارەت بەو مەنشورە ڕێکخراوە کە رۆژی ٢٢ مانگی ئاوریل، بەرابەر لەگەڵ ٢ ی مانگی گوڵانی ١٤٠٢، لە شاری کۆڵنی ئاڵمان بەڕێوە دەچێت. دەیان حیزب و ڕێکخراوی چەپ و کومونیستی و زیاتر لە هەزاران چالاکی سیاسی چەپ و سۆسیالیست پشتیوانیان لەم کۆبوونەوەیە دەربڕیوە. تا ئیستا لەپاڵ پشتیوانی و دەربڕینی ڕا و بۆچونەکاندا گەلێک ڕەخنەی بەجێیش سەبارەت بە کەموکوڕیەکانی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات دەربڕدراوە.

سنەدیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدیش لە ڕاگەیاندنێکدا، کە لە ڕۆژی ٣ ی مانگی ڕەشەمە بڵاوی کردەوە، ڕێزی گرت لە هەوڵ و کۆششی هاوبەشی ئەو کەس و ناوەندانەی کە دەقی مەنشورەکەیان ئامادە کردوە و بۆ واژۆ کردن بۆ ئەو سەندیکایەشیان ناردوە.

  کرێکارانی شیرکەتی واحید وێڕای ئاماژە کردن بە کەموکوڕیەکان لە بەشێک لە ڕاگەیاندنەکەیاندا دەنووسن:” دەکرێت ئاماژە بە باس نەکرانی موشەخەسی دەور ونەخشی کلیدی چینی کرێکار و بنەماڵەی کرێکاران و زەحمەتکێش، وەک زۆرینەیەکی بەرچاوی کۆمەڵ( وێڕای ژمارە و جۆراوجۆری ناوچەیی، نەتەوەیی، جنسی و جنسیەتی، زمانی، فەرهەنگی، مەزهەبی، تەمەنی، سینفی و بەش و پیشەیی( پیشەسازی، کشتوکاڵ، خزمەتگوزاری، ئاموزشی، بێهداشتی، و هیتر)، لە خەبات لەگەڵ نیزامی سەرمایەداری و حکومەتەکەی، و هەروەها چارەنووس ساز بوونی خەباتی هەمە لایەنەی چینایەتی لەهەر ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی و ڕزگاری بەخش لە ئێراندا بکرێت.”

  گوروپی یەکێتی خانەنشین کراوان رۆژی ٦ ی مانگی ڕەشەمەی ١٤٠١ نوسیان:” هەنگاوی ئەم هاوڕێیانە سەبارەت بە بڵاو کردنەوەی مەنشورێک کە ئامانجی تەرحی داخوازیە لانیکەمەکانە لە بارودۆخی ئێستادا بۆ پێشکەش کردن بە بزوتنەوە و بە شێوەیەکی دیاریکراو بە ئاخێزی ئێستا، بەرز دەنرخێنین.” زۆربەی هەرە زۆری ئەم داخوازیانە جێگای تەئیدی ئێمە و زۆربەی تەشەکولە سیاسی و حیرفەییە سەربەخۆ کرێکاری، ژنان، مامۆستایان، خانەنشینان، لاوان و خوێندکارانن. ئەم داخوازیانە گەلێک جار لە ئاستی بزوتنەوەکەدا تەرح کراون، هەرچەند ڕەنگە بە ڕستە و واژەگەلی تر بەیان کرابێتن. بەڵام تایبەتمەندی ئەم مەنشورە کۆکردنەوەی زۆربەی ئەوانە لە سەنەدێکدا و واژۆی هاوبەشی ٢٠ ڕێکخراوی لە تەئید کردندا لە پادایە.”

  حیزبی کومونیستی ئێران و کۆمەڵە کە لە کۆبوونەوەی رۆژی ٢٢ ی مانگی ئاوریل دا لە شاری کۆڵنی ئاڵمان بەشدارن، بانگهێشتی سەرجەم چالاکانی سیاسی دەکات بۆ بەشدار بوون لەم کۆبوونەوەیەدا. ئێمە هیوادارین کە ئەم کۆبوونەوەیە سەرەتایەک بێت بۆ یەکگرتویی و هاوجیهەتی زیاتری ئەحزاب و ڕێکخراو و ناوەندەچەپ و سۆسیالیستەکان لە دەرەوەی وڵات. ئەم کۆبوونەوەیە لە هەمانحاڵدا ڕیز گرتنە لە هەوڵی شۆڕشگێڕانە و بەرپرسانەی ڕێکخراوە سینفی ومەدەنیەکان لە نێوخۆی وڵاتدا کە بەم ئیبتیکارەیان ناوەرۆکی شۆڕشیژینایان زیاتر دەڵەمەند کرد.