گۆڕینی باروودۆخ، ڕەسمی بوون و یان بەستی گرێبەستی ڕاستەوخۆ بۆ ڕەسمی بوون، یەکێک لە خواستە سەرتاسەرییەکانی کرێکارانی بەشی گشتی و خسووسییە. ئەم خواستە ساڵەهایە لە لایەن ژنان و پیاوانی کرێکارەوە هاتووەتە گۆڕێ و لەم دوایانەدا لە بەیاننامەکانی کرێکارانی پەیمانیی نەوت و پێترۆشیمییەکاندا بەشێوەیەکی دیارتر باسی لێکراوە. چەند ڕۆژ لەمەوبەر کرێکارانی پێترۆشیمیی ڕێجال، لە ناوچەی تایبەتی ئابووری لە پارسی جنووبی، دووبارە ئەم خواستەیان هێنایەوە سەرووی خواستەکانیان.
لەو کاتەوە کە کرێکاران لەڕێگەی خەباتی خۆیانەوە لەسەر وەدی هاتنی خواستی بێدەسەڵات کردنی پەیمانکاران پێداگرییان کردووە، کاربەدەستانی حکوومەت لە دوو قۆناغدا بە کایە پێکردن و دانی بەڵێنی بێ ناوەرۆک هەوڵیان داوە تا کرێکاران بە لوتفی باڵاییەکان هیوادار بکەن و لە خەباتی ڕاستەوخۆ و کاریگەریان ڕێگری بکەن. وادە و بەڵێنی درۆیینی کارەبەدەستان، لەوانە مەجلیس نشینان، لەم ڕۆژانەدا کە خەباتی کرێکاران و ئاکسیۆنە کرێکارییەکان لەپێناو ئەم خواستە و لەسەر بەستێنی هاوسەنگیی هێزی باشتردا لە ئارا دایە، زیاتریش بووە.
وەلی ئیسماعیلی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیس، ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی مانگی بەفرانبار لە وتووێژ لەگەڵ ئیلنادا وتی کە گەڵاڵەی “ڕێکخستنی دامەزراندنی کارمەندانی دەوڵەت”، کە لە مانگی خەرمانانەوە لە کۆمیسیۆندا لەژێر لێکۆلینەوەدا بووە، سەرەنجام پەسند کراوە و بۆ بڕیاردانی نیهایی ڕەوانەی مەجلیس کراوە. ئەو دان بەوە دادەنێت کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کارشکێنی زۆر بووە، هەڕەشە و تەماع وەبەرنان زیادیان کردووە، بەڵام لەو جێگەوە کە بیروڕای گشتی و ملیۆنان بنەماڵە بە جیددی پەیگیری ئەم گەڵاڵەیەن، لە کۆمیسیۆندا پەسندیان کردووە.
هەواڵنێری ئیلنا لە ناوبراو دەپرسێت:
ئایا “بێدەسەڵات کردنی پەیمانکاران و واستەکان” لە سەدا سەد بەکردەوە دەردێت، ئایا دەتوانین هیوادار بین کە بە پەسندکرانی ئەم گەڵاڵەیە، هەموو پەیمانکاران لە پیشە موستەمەری و دایمییەکاندا بێدەسەڵات دەکرێن؟
ناوبراو لە وڵامدا دەڵێت:
“بەڵێ، ماددەی ٦ی ئەم گەڵاڵەیە باس لەوە دەکات کە هەموو ئەو کەسانەی کە لەڕێگەی پەیمانکارانەوە دامەزراون، بەیەکجاری لە حاڵەتی پەیمانکاری دێنە دەرێ. کەوابوو پەیمانکاران بەتەواوی بێدەسەڵات دەکرێن و کەسانێک کە دەیانهەوێ کار بکەن چ بەشێوەی قەراردادی و چ بەشێوەی ڕەسمی، دەبێ لەگەڵ خودی ڕێکخراو یان ناوەندەکە قەرارداد ببەستن. لەڕاستیدا یەکێک لە تایبەتمەندییە گرینگ و ئەرێنییەکانی ئەم گەڵاڵەیە، لابردن و بێدەسەڵات کردنی پەیمانکارانە. بەداخەوە پەیمانکاران کەوتوونەتە نێوان ڕێکخراو و هێزی کارەوە و زۆرێک لەو کێشانەی کە ئەمڕۆ هێزی کار هەیەتی، لەم واستە و پەیمانکارانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئیتر قەرار نییە هیچ واستەیەک بکەوێتە نێوان هێزی ئینسانی و ڕێکخراوەکانەوە.”
ئیسماعیلی لە وڵام بە پرسیارێکی دیکەدا دەڵێت کە ئەو پەیمانکارانەی کە لە دەوڵەت یان خزێنە پارە وەردەگرن و لە نێوان هێزی کاردا بڵاوی دەکەنەوە، لەسەر کار لادەبردرێن. ناوبراو تەئکید دەکات:
“ئەم گەڵاڵەیە ئەوانە دەگرێتەوە کە لەئێستادا خەریکی کارن و یان دوای پەسندکرانی ئەم گەڵاڵە دەست دەکەن بە کار کردن. پاش پەسندکرانی گەڵاڵەکە، تەنیا دوو جۆر گرێبەستمان دەبێت، یەکیان قەراردییە و ئەوی تریان ڕەسمییە. لەو ١٧ جۆر گرێبەستەی کە لە ئێستادا بوونیان هەیە لەوانە ٨٩ ڕۆژە و ئەرکانی سالس و یەک مانگە و هیتر، هەر هەموویان وەلادەخرێن و تەنیا دوو جۆر گرێبەستی قەراردادی و ڕەسمیمان دەبێت.”
ئیلنا لەدرێژەدا دەنووسێت کە ئەم دوو جۆرە گرێبەستە بەم شێوەیەن:
ئەلف- دامەزرانی ڕەسمی بۆ پیشەی حکوومەتی
ب- دامەزرانی پەیمانی بۆ پیشەی غەیرە حکوومەتیی دایمی
ئەم هەواڵنێرییە هەروەها تەئکید دەکات کە لە پیشە حکوومەتییەکاندا دامەزراندنی کاتی بەگشتی قەدەغەیە، لە تێبینیی یەکی ئەم گەڵاڵەیەدا هاتووە: “ئەو کەسانەی کە بۆ پیشەی حکوومەتی بەکار دەگیرێن، پاش سەرکەوتن لە تاقیکردنەوەی گشتی و پسپۆڕی و لە قۆناغەکانی هەڵبژاردن و ڕاهێنانی سەرەتایی خزمەتدا، بۆ ماوەی لانیکەم سێ و لانیزۆر ٦ مانگ، بەشوەی ڕەسمی و ئازمایشی خەریکی کار دەبن. ئەم هێزانە پاش تێپەڕاندنی ئەم ماوەیە و بەدەستهێنانی متمانە و توانایی پێویست، بەڕەسمی دادەمەزرێن. بەکارهێنانی هێزی کاتی بۆ پیشە حکوومەتییەکان بەتەواوی قەدەغەیە. پیشەی نیزامی، ئینتزامی و ئەمنییەتی، پیشەی حکوومەتی بەئەژمار دێن. باقیی پیشە حکوومەتییەکانی تر لە لایەن دەوڵەتەوە پێشنیار دەکرێت و لە لایەن مەجلیسی شۆرای ئیسلامییەوە پەسند دەکرێت”.
بەڵام لە پیشە غەیرە حکوومەتییەکاندا، جۆری گرێبەستەکان تەنیا “پەیمانی”ییە و یەکەمین گرێبەست پێویستە لانیکەم یەک ساڵە بێت و پاشان ماوەی گرێبەستەکە بەشێوەی پلەیی زیاد دەکرێت.
بێگومان ئەم گەڵاڵەیە لەژێر گوشاری مانگرتن، ناڕەزایەتی، کۆبوونەوە، نامە ناردن و کۆکردنەوەی تۆماری جۆراوجۆردا نووسراوە. وەلی ئیسماعیلی سەرۆکی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیس لە وتووێژ لەگەڵ ئیلنا لە چەند جێگادا تەئکید دەکات کە ملیۆنان بنەماڵە چاوەڕوانی پەسندکرانی ئەم گەڵاڵەیەی مەجلیسن. بێگومان ئەم گوشارە پێویستە زیاتریش بکرێت. بەڵام نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە تەنانەت ئەگەر ئەم گەڵاڵەیە پەسند بکرێت و لەلایەن یاساشەوە ڕێگەپێدراو بێت، بۆ بەکردەوە دەرهاتنی پێویستە حەوت خانی ڕۆستەم ببڕێت. پەیمانکاران و پشتیوانانیان دەتوانن لە یەکێک لە پێچەکانی ئەو حەوت خانەدا، یاسا لەکار بخەن. لانیکەم هەڵسووڕاوانی کرێکاری لەبیریانە کە کابینەی ئەحمەدی نەژادیش گەڵاڵەیەکی هاوشێوەی بردە مەجلیس. بەڵام سەرەڕای هات و هاواری زۆر بۆ زەروورەتی پەسندکرانی، بوودجەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەسەری لەبەرچاو نەگیرا و بەکردەوە بێدەنگەی لێکرا.
هەروەک باسی لێکرا، ئەم گەڵاڵەیە کە لە مانگی خەرماناندا ناردرایە مەجلیس، بەرهەمی خەباتێکی لێبڕاوانە بوو کە پتر لە ١٠٠ هەزار کرێکاری مانگرتووی نەوت و پێترۆشیمیی لە سەروویەوە بوون. ئەم گەڵاڵەیە ئەگەر بە یاسا دەربێت، پێویستە پەیمانکارانێک لە بەشی گشتی و دەوڵەتیدا بێدەسەڵات بکرێن کە خۆیان و باوکانیان بەشێوازی جۆراوجۆر خزمەتکاری دەسەڵاتی دیکتاتۆر و ئیسلامی بوون. هەربۆیە تەنیا بە پەرەپێدانی خەباتی کرێکاریی ئێستا ئیمکانی بێدەسەڵات کردنیان دەخوڵقێت.
ئەگەر ئەم گەڵاڵەیە بەیاسا و بەکردەوە دەربێت ڕێگای خەباتی کرێکاران بۆ وەدیهاتنی ئامانجی ڕووخێنەرانە و سۆسیالیستییان خۆشتر دەبێت.