کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێشڕه‌ویی كرێكارانی په‌یمانیی نه‌وت و كێشمه‌كێش له‌گه‌ڵ ده‌ست‌وپێوه‌نده‌كانی ڕژیم  و خاوه‌نكاران

images 9

مانگرتنی كرێكارانی پڕۆژه‌یی یان په‌یمانیی نه‌وت، گاز و پێترۆشیمییه‌كان كه‌ له‌ ٢٩ی مانگی جۆزه‌ردانی ١٤٠٠ه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد بۆ ٧٩مین ڕۆژ به‌رده‌وام درێژه‌ی بوو. ڕێبه‌رانی كرێكارانی مانگرتوو، كه‌ له‌ “شۆرای ڕێكخستنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی كرێكارانی په‌یمایی نه‌وت“دا ڕێكخراون هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ ڕاگه‌یاندنی داخوازیی كرێكارانی مانگرتوو و به‌ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ و پشت به‌ستن به‌ خه‌باتی چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ری ئه‌م كرێكارانه‌، توانیویانه‌ مانگرتنه‌كه‌ به‌جۆرێك هیدایه‌ت بكه‌ن كه‌ ده‌ستكه‌وتی ماددی و خه‌باتكارانه‌ی به‌رچاوی لێبكه‌وێته‌وه‌.

یه‌كه‌مین ده‌ستكه‌وتی كرێكاران، پێكهێنانی هه‌ر ئه‌م “شۆرای ڕێكخستنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان…” بووه‌ كه‌ له‌ به‌یانییه‌ی یه‌كه‌می خۆیدا خواستی لانیكه‌م و واقع بینانه‌ی ڕاگه‌یاندووه.

داخوازییه‌كانی ناو ئه‌م به‌یانییه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌یان خواستی گشت چینی كرێكاری ئێرانن، له‌ لایه‌ن پتر له‌ ١٠٠ هه‌زار كرێكاری په‌یمانیی نه‌وت، گاز و پێترۆشیمی پشتیوانی لێكرا و كرێكاران بۆ وه‌دی هێنانی ئه‌م خواستانه‌ له‌ ١٥ پارێزگا و ١١٤ ناوه‌ندی كاری ده‌ستیان دایه‌ مانگرتن. پڕژوبڵاویی كرێكاران بوو به‌هۆی ئه‌وه‌یكه‌ خاوه‌نكاران بتوانن به‌شێوه‌ی تاكه‌كه‌سی و یان ناوه‌ندی كاریی تاك له‌گه‌ڵ كرێكارانی لێهاتوو وتووێژ بكه‌ن. “شۆرای ڕێكخستنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان…” وێڕای سڵه‌ماندنه‌وه‌ی كرێكاران له‌ وتووێژی تاكه‌كه‌سی، له‌گه‌ڵ وتووێژی ناوه‌نده‌كانی كار دژایه‌تییه‌كی له‌خۆی نیشان نه‌دا. ته‌نیا پێشنیاری به‌ كرێكاران كرد كه‌ لانیكه‌می حه‌قده‌ستی مانگانه‌ ١٢ ملیۆن تمه‌ن، ٢٠ ڕۆژ كار و ١٠ ڕۆژ ته‌عتیلی  و باشتر كردنی باروودۆخی ژیان و ته‌ندرووستی بكه‌نه‌ ئه‌وله‌وییه‌تی خۆیان و ئه‌م خواستانه‌ له‌ گرێبه‌ستی به‌نووسراوه‌دا بگونجێنن‌ و تا كۆتایی پڕۆژه‌ سه‌قامگیریان بكه‌ن. ئه‌م شۆرایه‌ هه‌روه‌ها وه‌بیر كرێكارانی هێناوه‌ كه‌ باقیی خواسته‌كانیان له‌وانه‌ گۆڕینی گرێبه‌ستی كاتی به‌ دایمی، له‌سه‌ر كار لابردنی په‌یمانكاران، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای كۆیله‌ئاسای ناوچه‌ تایبه‌ته‌ ئابوورییه‌كان، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆسه‌ر كاری كرێكارانی ده‌ركراو و به‌هره‌مه‌ند بوون له‌ شوێنی كاری ئه‌من، له‌بیر نه‌كه‌ن. “شۆرا …” دژبه‌ قه‌بووڵ كردنی واده‌ و به‌ڵێنیی و نووسینی گرێبه‌ستی یه‌ك مانگه‌ له‌گه‌ڵ كرێكارانی مانگرتووی گه‌ڕاوه‌ بۆسه‌ر كار، هۆشداری دا.

“شۆرا …” له‌ ٣١ی گه‌لاوێژدا نووسیی كه‌ له‌ ئاكامی مانگرتنه‌كاندا هه‌تا ئێتستا  هێندێك له‌ په‌یمانكاران خواسته‌كانی وه‌ك دوو به‌رابه‌ر كردنی حه‌قده‌ستی كرێكارانی لێهاتوو، ٢٠ ڕۆژ كار و ١٠ ڕۆژ مه‌ره‌خه‌سی و باشتر كردنی باروودۆخی كار و ژیان و ته‌ندرووستیی ٢٠ له‌سه‌د له‌ كرێكارانی مانگرتوویان قه‌بووڵ كردووه‌ و ئه‌وانیان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ سه‌ر كار. به‌ڵام باقیی كرێكاران هه‌روا له‌ مانگرتن دان. یه‌كگرتوو مانه‌وه‌ی كرێكارانی مانگرتوو تا ئێستاشی ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یه‌. ئه‌م یه‌كگرتووییه‌ له‌ ئاكامی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی “شۆرا …” و ڕێبه‌رانی مه‌حه‌لیی خاوه‌ن نفووز و به‌ئه‌زموون له‌گه‌ڵ پیلانگێڕیی جۆراوجۆری به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نكاران به‌ده‌ست هاتووه‌. ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی ناو خودی كرێكاران كه‌ به‌ گرووپی پایپینگ ده‌ناسرێن هه‌وڵیان دا تا كرێكارانی مانگرتوو به‌ لوتفی ده‌وڵه‌ت هیوادار بكه‌ن به‌ڵام نه‌یانتوانی و وه‌لاخران. كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تیی لایه‌نگری ڕه‌ئیسیی “ئه‌ندامی هه‌یئه‌تی مه‌رگ“، ویستیان له‌ جیات ڕێكخراوی سه‌ربه‌خۆی كرێكاران شۆرای ئیسلامیی ڕسوا و زه‌رد به‌سه‌ر كرێكاراندا بسه‌پێنن كه‌ كرێكارانی خه‌باتكار و چالاكانی ئه‌م بواره‌ له‌گه‌ڵ شكست به‌ره‌وڕوویان كردنه‌وه‌. ئێستا ڕژیم و خاوه‌نكاران به‌ “ئه‌نجومه‌نی پیشه‌یی“یه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان. ئه‌وان به‌نیازن سه‌ره‌تا ئه‌م نوسخه‌ به‌ڕواڵه‌ت كرێكارییه‌ی شۆرای ئیسلامی له‌ناو “كرێكارانی ئه‌ركانی سالس“ی پاڵاوگه‌كانی پارسی جنووبیدا به‌ڕێوه‌به‌رن و پاشان په‌ره‌ی پێبده‌ن. ئه‌م كرێكارانه‌ش له‌گه‌ڵ په‌یمانكاران قه‌رارداد ده‌به‌ستن و حه‌قدست و مه‌زایای خۆیان له‌وان وه‌رده‌گرن، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی كرێكارانی په‌یمانی – پڕۆژه‌یی، كاره‌كه‌یان له‌گه‌ڵ كۆتایی پڕۆژه‌ ته‌واو نابێت و درێژه‌ی ده‌بێت. جیاوازیی ئه‌وان له‌گه‌ڵ كرێكارانی ڕه‌سمی كه‌ پێیان ده‌وترێ “كاره‌كه‌ر” ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ شیركه‌تی نه‌وت قه‌راردادیان نییه‌.

“شۆرا …” له‌ ڕێگه‌ی به‌یانییه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ له‌ ١١ی خه‌رماناندا بڵاوی كرده‌وه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ “ئه‌نجومه‌نی پیشه‌یی” ده‌ستكردی ده‌وڵه‌ت، سه‌رچاوه‌ی دووبه‌ره‌كایه‌تییه‌ و ڕووبه‌ كرێكارانی ئه‌ركانی سالس نووسیی:

“هاوكاران!

مانگرتنی ئێمه‌ كرێكارانی پڕۆژه‌یی په‌یمانیی نه‌وت تا ئێستاشی سه‌ركه‌وتوو بووه‌. زه‌ربه‌یه‌كی قورسمان له‌ كه‌ش و هه‌وای پادگانیی شوێنی كاره‌كه‌مان داوه‌. ئێمه‌ توانیمان تا ڕاده‌یه‌كی زۆر به‌ره‌ی په‌یمانكاران لاواز بكه‌ین و هێندێك داخوازیشمان داسه‌پاندووه‌. له‌ ئێستادا هاوڕێ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ كرێكارانی ئه‌ركانی سالس‌ ده‌توانین ئه‌م پێشڕه‌ویانه‌ تا وه‌دی هاتنی هه‌موو خواسته‌كانمان، شان به‌ شانی یه‌ك و به‌هێز، به‌ره‌وپێش به‌رین. به‌ڕێوه‌بردنی كۆبوونه‌وه‌ی گشتی و پشت به‌ستن به‌ بڕیاردانی به‌كۆمه‌ڵ و شۆرایی و داسه‌پاندنی ئیراده‌ی خودی كرێكاران، هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی كرێكاران و پێكهێنانی كۆبوونه‌وه‌ی نوێنه‌رانی كرێكارانی ئه‌ركانی سالس له‌ ئاستی هه‌موو پاڵاوگه‌كانی ئه‌م ناوه‌نده‌، ڕێگای كرده‌وه‌یی ڕێكخراوبوونی ئێوه‌ كرێكارانه‌ و بێگومان گشت كرێكارانی نه‌وت ئه‌م ڕێگایه‌مان له‌به‌ره‌.

وه‌رن با به‌ پشت به‌ستن به‌ هێزی هه‌زاران كه‌سیی خۆمان له‌ هه‌موو پڕۆژه‌كانی نه‌وتدا بارگه‌ و بنه‌ی په‌یمانكارانی تاڵانكه‌ر تێكه‌وه‌پێچین. له‌ ڕێگه‌ی پێكهێنانی كۆبوونه‌وه‌ی گشتی و هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ ده‌توانین به‌م ئامانجه‌ بگه‌ین.”

مانگرتنی بوێرانه‌ی كرێكارانی په‌یمانیی نه‌وت، گاز و پێترۆشیمییه‌كان هیوای به‌ كۆمه‌ڵ به‌خشیوه‌ و كرێكارانی به‌ سه‌ركه‌وتنی خه‌باتی داهاتوویان هومێده‌وار كردووه‌ و هه‌ربۆیه‌ له‌ لایه‌ن ڕێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان، خانه‌نشینكراوان، موعه‌لیمان، هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاریی سه‌ربه‌خۆ، چالاكانی مافی ژن، مافی مرۆڤ، ژینگه‌پارێزان و هاوشێوه‌كانیان،  له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات پشتیوانیی لێده‌كرێ. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه‌ ئه‌م پشتیوانییه‌‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ بێت و به‌تایبه‌ت به‌شێوه‌ی سندووقی یارمه‌تیی ماڵی خۆی نیشان بدات.