کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پیشاندانی کۆچبەرانی ئەفغانستانی لە قەفەسدا، کۆپی کردارەکانی داعشە لەگەڵ بە دیل گیراوان

بەدوادا چوون و گرتنی ئەو ئەفغانستانیانەی دانیشتوی ئێرانن لە ئوستانه‌كانی فارس، ئیسفەهان، بوشەهر، خۆراسانی ڕەزەوی، خوزستان، سمنان، قەزوین، کرمان، گوڵستان، مەرکەزی و یەزد هەروا درێژەی هەیە. تەنیا لە یەک حاڵەتدا لە رۆژەکانی ١٣ و ١٤ ی خه‌رمانان زیاتر لە ٩٠٠ کەس لە ئوستانی فارس ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.
هێزە ئینتیزامیەکانی ڕژیم لە شیراز دەستگیر کراوه‌كانیان بە چاوی بەستراو خستبوە قەفەسەوە و نومایشیان ده‌دا. هاوکات و لە پەڕاوێزی ئەم کردارە دژی ئینسانیەدا نمایشگایەکیشیان لە کەلوپەلی دەست بەسەرداگیراو لە لایەن هێزەکانی ئینتیزامیەوە وەک مەشروب، مادەی هۆشبەر و فیلمی غەیرە موجاز، کە هیچ پێوەندیەکی بە گیراوەکانەوە نەبوو بەڕێوەبرد. ئەم کردارە دەژی ئینسانیەی ‌هێزە ئینتیزامیەکان لە پیشاندانی ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌كان، بەرەو رووی ناڕەزایەتیەکی بەرین بۆوە. وێنە و فیلمێکی زۆر لە بەرخوردی سوکایەتی ئامێز و نا مرۆڤانەی هێزە ئینتیزامیەکانی ڕژیم لەگەڵ گیراوە ئەفغانستانیەکان لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا بڵاو بۆتەوە. ئەم حاڵەتە یەکێک لە هەژێنەر ترینیان بوو، کە شەپۆلێک لە نەفرەت و بێزاری لە وڵاتی ئەفغانستان و هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیدا بەدوای خۆیدا هێنا. بەدوای په‌ره‌سه‌ندنی شەپۆلی ناڕەزایەتی ده‌ربڕینه‌كان سەبارەت بە کرداری نا مرۆڤانەی هێزە ئینتیزامیەکانی شیراز لەگەڵ کۆچبەرانی ئەفغانستانی، خەڵکی ویلایەتی هەرات بە کۆبونەوە لەبەردەم کۆنسولگەری ئێران، کرداری کۆماری ئیسلامیان لەگەڵ کۆچبەرانی ئەفغانستانی مەحکوم کرد. ناڕازیان داوایان لە کاربەدەستانی ئەفغانستان کرد تا سەبارەت بەم کردارەی دەوڵەتی ئێران بێدەنگ نەبێت و کاردانەوەی هەبێت.لە ئاکامی گوشارەکانی خەڵکی ئەفغانستان بوو كه‌ وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەم وڵاتە رۆژی شەممە ٢٠ ی خه‌رمانان، ئه‌و حه‌ركه‌ته‌ی كۆماری ئیسلامی” لە شیراز مەحکوم کرد.804

زۆربەی ئەو ئەفغانستانیانەی کە بەم شێوەیە ئازار و ئەزیەت و سوکایەتیان پێدەکرێت، ئەو کرێکارانەن کە ساڵانێکی دوور و درێژ لەم وڵاتەدا کاریان کردوە، زەحمەتیان کێشاوە و شان بە شانی هاوچینەکانیان لە ئێراندا چەوسانەتەوە و بۆ سەرمایەداران سەروەتیان بەرهەمهێناوە. بەدوادا چوون و گرتن و زیندانی کردن، نەدانی حەقدەست بە کرێکاران، بەکار هێنانی بێڕەحمانەی منداڵانی ئەفغانستانی لە کاری دژوار و مەترسیداردا، بێبەشبونیان لە خوێندن و بێبەش کردنی ئەوان و ژنانی دوگیان لە خزمەتگوزاری بێهداشتی و ئەزیەت و ئازار و سوکایەتی و بێ ڕیزی پێکردنی رۆژانە تەنیا بەشێک لەو موسیبەتانەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ئەفکاری گەنیوی شۆوینیستی، لەدژی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئەفغانستانی پەێڕەویان کردوە و ئەیکەن.

سیاسەتی دژی پەنابەریی کۆماری ئیسلامی گەیشتۆتە ئاستێک کە لە هێندێک لە ئوستانەکان کڕین لە نانەواخانەکان، سوپێڕماڕکێتەکان و ناوەندەکانی تری فرۆشتنی مەوادی خۆراکی لە هاووڵاتیانی بەناو نایاسایی ئەفغانستانی قەدەغە کراوە. ئەوان تەنانەت داوایان لە دوکانداران و خەڵکی ئاسایی کردوە داوای کارتی مانەوە لە ئەفغانستانیەکان بکەن، و ئەوان بە پۆلیس بناسێنن.

سەرمایەدارانی ئێرانی لەگەڵ بەکارهێنانی کرێکارانی ئەفغانستانی لە کاری دژوار و تاقەت پڕوکێندا و هێندێک جاریش پێنەدانی حەقدەستەکانیان، دەستیانداوەتە دوبەرەکی نانەوە لەنێو کرێکارانی ئێرانی و ئەفغانستانیدا. ئەوان بە کەڵک وەرگرتن لە ڕاگەیەنەرەکان و تەشکیلاتی وەک خانەی کارگەر، کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانستانیان بە هۆکاری بێکاری و حەقدەستی کەمی کرێکارانی ئێرانی ناساندوە و تەنانەت لەسەرەوە بوونی ئاماری جورم و جەنایەت لە ئێرانیشدا دەگێڕنەوە بۆ بوونی ئەم کرێکارە سەختکۆشانە لەم وڵاتەدا. سەرانی ڕژیم لە گەڵ سوئستیفادەی ئەبزاری لەم کرێکارانە، ئەوانی بە هۆکاری ئەو موسیبەتانە داناوە کە خۆی نەخشی بنەڕەتی لە قوڵ بوونەوەیاندا هەیە.

بنەماڵەی ئەم کرێکارانە لە بێهداشت و دەرمان و منداڵەکانیان لە مافی خوێندن بێبەش کراون. کاربەدەستانی ڕژیم ناسنامە بەو منداڵانە نادەن کە دایکیان ئێرانیە و باوکیان ئەفغانستانی. کرێکارانی خاوەن ئیجازەش تەنیا ئیزنیان هەیە بە دانی ڕشوە و ئیجازه‌ی چوون بۆ هێندێک ناوچە مجویز وەربگرن. ئەگەر کرێکارانی خاوەن ئیجازه‌ لە ناوچەیەکی کە بۆیان دیاری کراوە بێکار بکرێن و بچن بۆ ناوچەیەکی تر منداڵەکانیان لەو ناوچە نوێیەدا له‌ مه‌دره‌سه‌كان وه‌رناگیرێن و خۆشیان ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێن. هێندێک لەم کرێکارانە، کە چوون بۆ ناوچەی ئیزن پێنەدراو، هەرکاتێک خاوەنکار ئیتر پێویستی پێیان نەماوە و ویستویەتی ئەو مافە کەمەشیان پێشێل بکات، ئامادەکاری بۆ ناساندن و بە گرتندانیان کردوە.

کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانستانی بەشێکی تری هێزی کاری هەرزانن کە خاوەنکاران و سەرمایەداران لە ئێران بۆ دەستەبەر کردنی سود و قازانجی زیاتر ئەوان بە توندی دەچەوسێننەوە. ئەوان بەشێکن لە جەمعیەتی کرێکاری ئێران و دەبێ وەک هاووڵاتی ئەم کۆمەڵگایە بە ئەژمار بێن. نەتەنیا نابێ بە هیچ پاساوێک مافەکانیان پێشێل بکرێت، بەڵکو دەبێ خاوەنی هەموو مافێکی هاووڵاتیی بوون بن.

کرێکارانی پێشڕەو لە ئێران بەردەوام وەحشیگەری بۆرژوازی و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیان لەدژی کرێکارانی ئەفغانستانی داوەتە بەر ڕەخنەی توند و لە بەرانبەر هێرشی دەوڵەت و سەرمایەداران بۆسەریان داکۆکیان لێکردون. کرداری دژی ئینسانی و سوکایەتی ئامێزی هێزە ئینتیزامیەکانی ڕژیم لەگەڵ کەسانی دەستگیر کراو لە ئوستانی فارس، کرداری داعش لەگەڵ ئەو دیلانەی کە لە قەفەسدا ڕای ده‌گرتن و نومایشی ده‌دان، وەبیر خەڵک دێنێتەوە. ئەم حەرەکەتە و درێژەی گوشار بۆسەر کۆچبەرانی ئەفغانستانی لە ئێران بە توندی مەحکومە. کرێکاران و کۆچبەران و ئاوارەکانی ئەفغانستان شایستەی زۆرترین پشتیوانی و پشتگیرین لە لایەن کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادی خواز و حەق تەڵەبی ئێرانەوەن