بەپێی ڕاپۆرتی ئیسنا، لە هەواڵنێرییەکانی کۆماری ئیسلامی، سەید لێفته ئەحمەدنەژاد نوێنەری خورەمشار لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی وتوویەتی کە: “ئاوێک کە بۆ ئابادان و خورەمشار دەچێت ئاو نییە و ئاوەڕۆیە و لەم شارانە ئاوەڕۆ دەرخواردی خەڵک دەدەین.” ناوبراو هەروەها دەڵێت: “لە ئابادان و خورەمشار خەڵک بەهۆی ئەم باروودۆخەی ئاوەوە، لەگەڵ هەموو جۆرە نەخۆشی و ئالێرژییەکی پێستی بەررەەوڕوون و لەم بوارەدا گەلێک کێشەیان بۆ درووست بووە کە پێویستە چارەسەر بکرێن.”
لە پەنا وتەکانی ئەم کارگێڕەی دەسەڵات، ڕۆژ نییە کە ڕاپۆرتەکان باس لە دزەکردن و تێکەڵاوبوونی ئاوەڕۆی شار و گوندەکان لەگەڵ پاشەکەوتی ئاوی خواردنەوەی خەڵک نەکەن و شایەدی مەسموومیەت و نەخۆش کەوتنی بەشێک لە خەڵک و یان تێکەڵاوبوونی ماددەی شیمیایی و سەنعەتیی کارگە و کارخانەیەک لەگەڵ ڕووبار و دەریاچە و دەریایەک نەبین و دیمەنی مەرگی بەکۆمەڵی ماسی و باڵندە و ئاژەڵەکان لە میدیاکانەوە بڵاو نەکرێتەوە.
کارناسان لە ئێران نایشارنەوە کە تێکەڵبوونی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ماددەی شیمیایی، مەعدەنی، بیۆلۆژیکی و فیزیکیی ئاوەڕۆی ماڵ و ناوەندە سەنعەتییەکان و نەخۆشخانەکان لەگەڵ ئاوەکانی ژێر عەرز و سەرزەوی لە زۆرێک لە شارستانەکان بووەتە هۆی گۆڕانی ڕەنگ و تام و بۆنی ئاو.
مێهرنووش بووستانی کارناسی ژینگە لە ڕاپۆرتێکی دوورودرێژی خۆیدا لەمبارەوە دەنووسێت:
“لە ئێران هێندێک جار جووتیاران کوودی ئاژەڵەکان ناخەنە ژێر خاکەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەیکە زۆرێک لە میکرۆب و باکترییە بەزیانەکان کە لەوانە بوو لەژێر خاکدا لەناو بچن، بمێننەوە و دزە بکەنە ناو ئاوەکانی سەر عەرز و پیسیان بکەن و ببنە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی. هەروەها کۆبوونەوەی ئاوەڕۆی شاری بەتایبەت لە شوێنێک کە خاکەکەی لە ئاهەک یان لم پێکهاتبێت، بەر لەوەیکە بکەونە بەر چالاکیی و کاریگەریی باکترییەکانەوە، ڕاستەوخۆ و بە ئاسانی دزە دەکەنە ناو پاشەکەوتەکانی ئاوی ژێر عەرزەوە و دەبنە هۆی پیس بوونیان. ئەمڕۆ زۆربەی کەرێزەکان بەتایبەت لە شارەکان بەهۆی ئاوەڕۆکانەوە پیس بوون کە زۆربەیان لە ئاوەڕۆی ماڵە قەدیمییەکانەوە سەرچاوە دەگرن.”
بێ ئاوی و کەم ئاوی یەکێک لە کێشە جیددییەکانی ئێرانە کە دواهاتەکەی لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵک لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئێراندا دەبینین. بەڵام هەروەک ئاماژەی پێکرا، کێشەکە لە ئێران تەنیا کەم ئاوی نییە، بەڵکوو ئەو ئاوەی کە بەردەستیشە سالم و خاوێن نییە. پیسبوونی ئاو بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی زۆرێک لە نەخۆشییەکان و مەسمووم بوونی بەشێک لە خەڵک بۆ نموونە مەسمووم بوونی سەدان کەس لە شاری پاوە لە کوردستان، ٧٠٠ کەس لە محەممەد ئابادی گوڵستان، مەرگی ئاژەڵەکان و بەتایبەت بوونەوەرەکانی ناو ئاو.
سیاسەتی نادرووست لە بواری کشتوکاڵ و سەنعەت و نەبوونی ژێرخانی پێویست و مۆدێرن لە بواری گواستنەوەی ئاوی خواردنەوە و هەروەها نەبوونی سیستەمی خاوێن کردنەوە و پاڵاوتنی گونجاو و پێشکەوتوو بۆ ئاوەڕۆکان، قازانجپەرستی و بەرپرس نەبوونی ژمارەیەک لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و کۆنتڕۆڵ نەکردنی ڕژیم، سەرچاوە و پاشەکەوتەکانی ئاوی ئێرانی لەگەڵ مەترسی و دواهاتی کارەساتبار بەرەەوڕوو کردووەتەوە.
درێژەی دەسەڵاتی ئیسلامی گەورەترین هەڕەشە دژبە سڵامەتیی خەڵک و ژینگەی ئێرانە. ڕژیم کەمترین سەرمایەگوزاری لە بواری خۆشبژێوی و سڵامەتی خەڵک و لە دیفاع لە ژینگەی ئێران ئەنجام دەدات. ئەم دەسەڵاتە بە پەرەپێدانی خورافاتی مەزهەبی، دژایەتی لەگەڵ زانست، سەرکوت لە ناوخۆ و تیرۆریسم لە دەرەوە، سەروەت و سەرچاوەی ماڵیی ئێران دەکاتە خەرجی مانەوە و درێژەی دەسەڵاتی مشتێک دز و گەندەڵی کۆنەپەرستی ئیسلامی. درێژەی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە سەرکوتگەر و نالایەقە هیچ شتێک نییە بێجگەلە پیس بوونی زیاتری ژینگە، مەرگی زیاتری ئینسانەکان و لەناوچوونی کارەساتباری بوونەوەرەکان لە ئێران.