کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پیرۆز بێت یادی ١٧ ساڵەی دامەزرانی تەلەویزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

photo 2024 02 01 12 18 11

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٢ی ڕێبەندان، بەرامبەر لەگەڵ ١ی ڕەشەمەی ٢٠٢٤، حەڤدە ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی تەلەویزیۆنی کۆمەڵه و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە دوو زمانی کوردی و فارسی تێپەڕدەبێت. بڕیاری دامەزراندنی تەلەویزیۆن لە ساڵی ٢٠٠٦، بەرامبەر لەگەڵ ١٣٨٤ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، واتە پلینۆم دا درا و ئەرکی بەڕێوەبردنی بە شێوەیەکی هاوبەش سپێردرا بە کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵه و کۆمیتەی ئیجرایی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران. ئەم بڕیارە بوێرانە و مێژوویی و دوور ئەندێشانە، لە دۆخێکدا درا کە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی ئێران لەگەڵ گۆڕانکاریەی بنەڕەتی بەرەوڕوو ببووەوە.

لە ئاستی دنیادا سیستەمی سەرمایەداری لە ڕێگەی بەکارهێنانی نیولیبرالیزمی ئابوورییەوە، هێزی کاری لە باری ماڵی و ڕێکخراوەییەوە بۆ ماوەی چەند دەیە خستە ژێر گوشار، لاوازی کرد و ئاکامەکەشی خستبووە گیرفانی خاوەن سەرمایەکانەوە. ئەم سیستەمە هەروەها له ڕێگەی به تایبەتکردن و تاڵانکردنی ئەو سەروەت و سامانەی کە بەرهەمی ساڵەهای ساڵ ڕەنج و کار و سروشت بوو، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ئاستی ترلیۆنی دا، ڕژاندبوویە گیرفانی تاقمێک سەرمایەدارەوە. ئەم سیستەمە لە ئاکامی خەباتی بەردەوام و دژبەیەکییە ناوخۆییەکانی، کەوتە گێژاوی قەیرانێکی قووڵ کە ساڵی ٢٠٠٨ گەیشتە لوتکە و جیهانی هەژاند و لە دوای دەیەی ٣٠ی سەدەی ڕابردووەوە، وەک خراپترین قەیرانی سەرمایە ناوبرا. کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە لە ژیانی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی هەموو چین و توێژەکاندا دیار بوو. هەر لەو قۆناغەدا کرێکارانی وشیار، لاوانی خوازیاری گۆڕان و ڕوناکبیرانی پێشکەوتنخواز و تەنانەت سیاسەتمەدارانی بۆرژوازیش ڕوویان لە خوێندنەوەی بەرهەمی کەسایەتییە بەرجەستەکانی سۆسیالیزمی زانستی و بەتایبەت

مارکس و بەرهەمەکانی وەک سەرمایە و مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیست کرد. سۆسیالیزم و دەوڵەتی خۆشگوزەرانی، لە ژێر کاریگەریی ئەوەی کە تا ئەو بەروارە لەلایەن میدیاکانی سەر بە ملیاردێرە چەوسێنەرەکان و سیستەمی پەروەردەیی ژێر دەسەڵاتی ئەوانەوە و بەتایبەتی لە ئەمریکا، وەک سیستەمێکی زیانبەخش ناسێندرا بوو، لە نێو بەشی پێشکەوتووی کۆمەڵگا و بەتایبەتی لاواندا، وەک بەدیلی نیزامی سەرمایەداری قبووڵ کرا. ساڵی ٢٠١١ بزووتنەوەی داگیرکردنی واڵ ستریت سەرنجی دەیان ملیۆن ئەمریکایی بەرەولای کۆمەڵگای چینایەتی و ئەو نایەکسانییە دارایی و کۆمەڵایەتییەی کە لە ئاکامی سیستەمە ئابوورییەکەیەوە هاتبووە ئاراوە، ڕاکێشا. بزووتنەوەی کرێکاری، بە تایبەت لە بواری خەبات بۆ وەرگرتنی ١٥ دۆلار لەهەر کاتژمێرێکدا، پەرەی سەند.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێرشی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینیدا بووە هۆی ڕووخانی ڕژیمی بەعس و کوشتن و ئاوارەبوونی ملیۆنان هاوڵاتی عێراقی و وێرانکردنی ئەو وڵاتە. داگیرکردنی عێراق دوای داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکا و هێزەکانی ناتۆوە ئەنجامدرا. ئەم داگیرکاریانە گۆڕانکاری زۆریان لە ناوچەکەدا لێکەوتەوە. دەستپێکی بەهاری عەرەبی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٩دا کە بووە هۆی ڕووخانی دیکتاتۆرەکانی تونس و میسر، هەر لەو کاتەدا ڕوویدا. لە ئێران بزووتنەوەی ڕیفۆرمخوازی بە سەرۆکایەتی خاتەمی، خەریک بوو کابینەکەی تەسلیمی دەوڵەتێکی ڕاستتر لە خۆی، واتە کابینەی ئەحمەدی نژاد دەکرد. بزووتنەوەی ڕیفورمخوازی گۆڕانی تاڕادەیەک قووڵی لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی لاوان لە زانکۆکان و هەروەها لە فەزای کۆمەڵگا و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانیشدا، بەدوای خۆیدا هێنابوو. هەر لەو دەورانەدا بزووتنەوەی کرێکاری خەریک بوو قۆناغی دوای سەرکوتە دژە ئینسانییەکانی دەیەی شەست و دواتری تێپەڕ دەکرد و لە دەیەی هەشتادا، ڕووی لە کاری دروستکردنی ڕێکخراوی ئاشکرا کردبوو. بۆ نموونە ساڵی ١٣٨٤ کە تەلەویزیۆن دەستی بەکار کرد، سەندیکای کرێکارانی شیرکەت واحد پێکهات و دوو ساڵ دواتر واتە لە ساڵی ١٣٨٦دا سەندیکای کرێکارانی هەفت تەپە دروست بوو. لەو ماوەیەدا ڕووبەڕووبوونەوەی کرێکاران لەگەڵ خاوەنکاران و دەوڵەتی ئیسلامی و لە سەرووی هەموویانەوە سپای دژە کرێکاریی پاسداران، فۆرمێکی جددیتر و ئاشکراتری بەخۆیەوە بینی. لەو دەورەیەدا کار و خەباتی ئاشکرا هاوکات لەگەڵ خەباتی نهێنی، جێگە و پێگەیەکی گرنگی بەدەستهێنا.

هەر لەو دەورەیەدا خەباتی پێشمەرگە لەدژی داگیرکەرانی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایە و بە تایبەتی خەباتی جەماوەری لە کوردستان چالاکانە لە ئارادا بوون. بۆ نموونە لە ساڵی ١٣٨٤ خەباتی یەک مانگە و بوێرانەی خەڵک لە بەشێک لە شارەکانی کوردستان لە ناڕەزایەتی بە تیرۆرکردنی شوانە سەید قادری لە مەهاباد لە لایەن مەئموورانی ڕژیم و بانگەوازی مانگرتنی گشتی لەلایەن کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانەوە و داخرانی یەکپارچەی شارەکانی کوردستان لە ١٦ی گەلاوێژ، ڕوویاندا.

لە تەواوی ئەو ساڵانەدا، تەلەویزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە وەک باسکی سەرەکی ڕێبەریی حیزب و کۆمەڵە لە بواری تەبلیغات، کاری وشیاریدەرانە، پەرەپێدان و یارمەتی گەیاندن بە  ڕێکخستنی کرێکاری و کۆمۆنیستی، ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە. چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی ئەرکە دێموکراسی و کۆمۆنیستییەکان لە بواری گەیاندنی هەواڵ و بوارەکانی تر، لەم ساڵانەدا گەلێک لە پێشوو ئاڵۆزتر بووە. ساڵێک بەر لە دامەزراندنی تەلەویزیۆن، تۆڕی کۆمەڵایەتی یاهوو بوو بە دووهەمین تۆڕی کۆمەڵایەتیی بەناوبانگ لە ئێران و هەروەها باقی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ساڵانی دواتردا، بە شێوەیەکی بەربڵاو لەلایەن ڕەوتە جۆراوجۆرەکانەوە بەکارهێنرا و بوو بە تەواوکەر یان ئا ڕکابەری تەلەویزیۆنەکان. هەر لەو ساڵانەدا زۆرێک لە تەلەویزیۆنەکان لە ئێران و هەروەها لە هەرێمی کوردستان دەرکەوتن، کە بە شێوەیەکی سروشتی کەوتنە ڕکابەرییەکی ئاشکرا و شاراوە لەگەڵ تەلەویزیۆنی حیزب و کۆمەڵە. زۆرێک لەو هاوڕێیانەی کە لە ماوەی ئەو ساڵانەدا ئەرکی خۆیان لە تەلەویزیۆن بەڕێوە بردووە، هەوڵێکی زۆریان دەدا بۆ ئەوەی بتوانن لەو ڕکابەرییەدا سەرکەوتوو بن. لە نێو ئەو هاوڕێیانە دا جێی خۆیەتی ئاماژە بە هاوڕێی کۆمۆنیست، یەکێک لە ڕێبەران و سیاسەتداڕێژەرانی حزبی کۆمۆنیست و کۆمەڵه واتە هاوڕێ فەرهاد شەعبانی بکەیەن، کە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پەیامی دەستبەکاربوونی تەلەویزیۆنی پێشکەش کرد.

ئێستا تەلەویزیۆن، وەک ئامرازێکی تەبلیغی، بانگەشەکار و ڕێکخەرانەی ڕێبەریی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە، لەگەڵ هەلومەرجێکی مێژوویی و تایبەت بەرەوڕوو بووەتەوە. ئێستا جیهان لە کێبڕکێیەکی تونددایە لە نێوان بلۆکەکانی ناسراو بە بریکس، بە ڕۆڵی ئابووریی مێحوەری چین و ڕۆڵی نیزامی ڕووسیا تێیدا لەگەڵ بلۆکیگرووپی حەوتبە سەرۆکایەتی ئیمپریالیزمی ئەمریکا. ئەم کێبڕکێیانە لە چوارچێوەی قووڵبوونەوەی قەیرانی سەرمایەداریدا ڕوودەدەن کە تا ئێستا دوو شەڕی ئۆکراین و ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستینی لێکەوتۆتەوە. لەسەر بنەمای ئەم واقیعە، لە لایەک ڕاستی توندڕەو و ڕەگەزپەرستی لە سەرەوەی بۆرژوازیدا بەهێزتر بووە و لە بەدەنەی کۆمەڵگاشدا شاهیدی گەشەی بزووتنەوەی کرێکاری و ڕەوتی سۆسیالیستیین. لەناوبردنی ژینگەش لەلایەن دەوڵەتە گەورە سەرمایەدارەکانەوە بارودۆخی ژیانی مرۆڤی لەسەر گۆی زەوی خستووەتە مەترسییەوە. هەموو ئەمانە ئاڵەنگارییەکی گرنگیان خستۆتە بەردەم کۆمۆنیستە ئینتەرناسیۆنالیستەکانی وەک حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە. ئێران لەسەر ئەم بەستێنە بە کەشێکی شۆڕشگێڕانەدا تێپەڕ دەبێت کە خەباتی بەردەوام و بوێرانەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیلێکەوتۆتەوە. خەباتی قارەمانانەی ژنان لە ئاستی ملیۆنیدا لە دژی حیجابی ئیجباری، خەبات و ناڕەزایەتی کرێکاری، بە تایبەت لە ناوەندە پیشەسازییە سەرەکییەکانی وەک نەوت، دادخوازان، خەباتی شۆڕشگێڕانە‌ی کوردستان، خەباتی ژنانی سیاسیی ناو زیندانەکان، خەباتی خوێندکاران و هتد، بناغەی دەسەڵاتی ڕژیمیان خستووەتە لەرزە و تا لێواری ڕووخاندنیان بردووە. بەرپرسانی ڕژیم لەژێر زەبری ئەو بزووتنەوە و خەباتانەدا کە دواهەمینیان لە مانگرتنی گشتیی ١٠ی ڕێبەندانی کوردستاندا شاهیدی بووین، تووشی داماویی و سەرلێشێواوی بووە و پەنای بردووەتە بەر دروستکردنی قەیران لە ناوچەکەدا، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کورتتر بوونەوەی تەمەنی ئەو ڕژیمە. ڕێبەریی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە وشیارانە بڕیاری داوە کە بە کەڵک وەرگرتن لە تەواوی ئامرازەکانی بەردەست و بەتایبەتی تەلەویزیۆنی حیزب و کۆمەڵه، لەو خەبات و ناڕەزایەتییە بەربڵاوانەی ئێستادا، ئەرکی خۆی لەپێناو ڕێکخستنی هەرچی باشتر و زیاتری کرێکاران و بە ئاراستەی بەدیهێنانی سۆسیالیزم و هەروەها ئەرکە دێموکراتیکەکانی خۆی لە سەرجەم بوارە کۆمەڵایەتییەکان و لەوانە بەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس دا، بەجێ بگەیەنێت.