کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پیرۆز بێت ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵە

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵەیە. هاتنی ئەم ڕۆژە لە هەموو هاوڕێیانی حیزبی و لە هەموو ئەو کەسانە پیرۆزبایی دەکەین کە دڵیان لە گرەوی ئامانج و ئارمانەکانی کۆمەڵە دایە. یاد و بیرەوەرییەکانی کۆمەڵە بەرز ڕادەگرین و سڵاو و دروود دەنێرین بۆ بنەماڵە سەربەرز و خۆڕاگرەکانیان.

کۆمەڵە کە لە ئێستادا ٤٣مین ساڵی دەستپێکی چالاکیی ئاشکرای جێژن دەگرین، ٥٢ ساڵ لەمەوبەر لە پاییزی ساڵی ١٣٤٨ لە جەرگەی باروودۆخی کۆمەڵایەتیی گۆڕاوی کۆمەڵگای ئێراندا، لە لایەن ژمارەیەک خەباتکاری شۆڕشگێڕ کە زۆربەیان لە زانکۆکانی ئێران دەیانخوێند دامەزرا. کۆمەڵە لە باروودۆخێکدا پێکهات کە داڕمانی نیزامی فێئۆدالی و زاڵبوونی نیزامی سەرمایەدری لە ماوەی دە ساڵدا پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی شار و گوندەکانی ئێرانی بەخێرایی گۆڕیبوو. ملیۆنان ڕەنجبەرێک کە سەهمێکیان لە ئیسلاحاتی ئەرزیی شا نەبردبوو، لەگەڵ ملیۆنها جووتیاری هەژار کە توانای دانی قیستی ئەو زەوییانەیان نەبوو کە دەبوو بیدەنە ئەربابانی پێشوو، ڕوویان کردە شارەکان و بە هیوای دیتنەوەی کار و بەهرەمەندبوون لە ئیمکاناتی شاری، لە پەراویزی شارەکان، لە “حەڵەبی ئاوا و مەجبوورئاواکان” نیشتەجێ بوون. بەمجۆرە ئەوان بوونە هێزی کاری هەرزانی بۆنگاکانی سەرمایەداریی نوێ. پەرەسەندنی ئەم چینە کۆمەڵایەتییە و چڕبوونەوەی لە شارەکان سیمای سیاسیی کۆمەڵگاشی گۆڕی. هەموو تەوەرە کۆمەڵایەتییەکان کەوتبوونە ژێر کاریگەریی ئەم ئاڵوگۆڕەوە. ناتەبایی نوێ سەریان هەڵدا. خەڵکی هەژار لە پەراوێزی شارەکان، خوازیاری سەرپەنای گونجاو و خزمەتگوزاریی سەرەتایی شاری بوون، کێشمەکێشی کرێکاران لە کارگەکان، کارخانەکان و ناوەندەکانی کار لەگەڵ خاوەنانی دەسەڵات و سەروەت، لەسەر سەرەتاییترین مافەکانیان، لەسەر بەهرەمەندبوون لە کەرەستەی ژیانی شیاوی ئینسان، بە بەرینایی هەموو ئێران لە ئارادابوو. وەها باروودۆخێک پێویستی بە وڵامێکی شایستە بوو.

هەستە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە پێکهاتوو لە ڕووناکبیرانی شۆڕشگێڕ کە سۆسیالیزمی زانستی و ئاگایی مارکسیستییان کردبووە ڕێنمای چالاکییەکانی خۆیان و لەگەڵ خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان هاودڵییان هەبوو، هەوڵیان دا تا بە ڕێکخراوبوون لەناو ڕێکخراویکی سیاسیدا، بەقەد توانای خۆیان وڵام بە پێداویستییەکانی خەباتی ئەو قۆناغە بدەنەوە. هەڵوێستگیریی چالاکانی کۆمەڵە هەر لە سەرەتاوە پەیوەندخواردن لەگەڵ  ژیان و خەباتی کرێکاران و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا بوو. کەم نەبوون چالاکانی کۆمەڵە کە کاروانەکانی کرێکارانی کوردستانیان تا مەعدەنەکانی سمنان و دامغان، تا بارەندازەکانی بەندەرعەباس، تا ئەهواز و ئابادان، تا کرمان و ڕەفسەنجان، تا تاران و ئیسفەهان هاوڕێیەتی دەکرد و شان بە شانیان کاریان دەکرد و لەناویاندا تۆوی وشیارییان دەچاند، ئەوانیان لەگەڵ ڕیشەکانی دەرد و ڕەنج و نەهامەتییەکانی  دنیای سەرمایەداری و ڕێگاکانی ڕزگاری لە ڕەنج و ستەم و چەوسانەوە ئاشنا دەکرد. مانگرتن و خەباتیان ڕێکدەخستن و ڕێبەرییان دەکرد. بە وەها پێشینەیەک لە ٩ ساڵ چالاکی لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی ڕژیمی پەهلەوی بوو کە کۆمەڵە هاتە ناو قۆناغی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ٥٧ەوە. کادر و چالاکانی ڕیزەکانی کۆمەڵە بەخێرایی لەناو زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازدا بوون بە کەسایەتیی بەناوبانگ و پێشڕەو و جێگای متمانەی جەماوەری ڕاپەڕیو و بوون بە ڕێبەری خەباتی جەماوەری لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان.

ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ هاوڕێ محەممەد حسێن کەریمی لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە لە حاڵێکدا کە ڕاپەڕێنێ خەڵکی سەقزی دژبە ناوەندە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی شا ڕێبەری دەکرد، لەلایەن چەکدارانی ڕژیمی شاوە تەقەی لێکرا و لە ٢٦ی ڕێبەنداندا بە دڵێکی پڕلە خۆشەویستتی بۆ ڕزگاریی کرێکاران و زەحمەتکێشان گیانی بەختکرد. هەر لەو ڕۆژەدا کۆمەڵە دەستپێکی چالاکیی ئاشکرای خۆی ڕاگەیاند. لە ماوەیەکی کورتدا هەزاران کەس لە کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەباتکارانی شۆڕشگێڕ بە ڕیزەکانی کۆمەڵە پەیوەست بوون. ڕێبەرانی کۆمەڵە بوون بە خەمیرمایەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی مەزن لە سەرتاسەری  پارێزگا کوردنشینەکانی ڕۆژاوای ئێران. ناوبانگی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی سۆسیالیستی لە کوردستان سنوورەکانی ئەم ناوچەیەی تێپەڕاند و ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسووڕاوانی کۆمۆنیست لە سەرتاسەری ئێرانەوە ڕوویان کردە ڕیزەکانی ئەم ڕێکخراوە.

ڕێبەران و چالاکانی کۆمەڵە بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، کەسایەتیی نەناسراو نەبوون. هەمان یارانی دێرینی ئەوان، خەباتکارانی خۆڕاگری ناو زیندانەکانی ڕژیمی شا، هەڵسووڕاوان و تێکۆشەرانی بزووتنەوەی کریکاران و جووتیاران، ڕێبەرانی خاوەن نفووزی جەماوەری بەرینی خەڵک و ڕێبەرانی سەردەمی ڕاپەڕین و شۆڕشی ئەوان بوون. کۆمەڵە پاش ڕووخانی ڕژیمی شا لە ٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧، ڕێکخستنی خەباتی گشتی و جەماوەری، ڕێبەریی موقاومەت لە بەرامبەر هێرشی دژەشۆڕشی کۆماری ئیسلامی، خۆڕاگری لە بەرامبەر کۆنەپەرستانی مەحەلی، دیفاع لە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ستەملێکراوی کۆمەڵگای کردە ئەولەوییەتی چالاکییەکانی خۆی.

ئەوەیکە لەدوای ڕاپەڕینی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧، چارەنووسی ئەم ڕێکخراوەی بە چارەنووسی ملیۆنان ئینسانی ستەملێکراو و تینووی ڕزگارییەوە گرێ دا، خۆڕاگریی کۆمەڵە لە بەرامبەر دوژمنانی ڕەنگاوڕەنگی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا بوو. دیفاع لە جووتیاران لە بەرامبەر مالیکان، دیفاع لە زەحمەتێکشانی گوندەکان لە بەرامبەر داگیرکردنی زەوییەکان، دیفاع لە ژنان لە بەرامبەر کۆنەپەرستیی زاڵ و کلتوور و سوننەتی پرتووکاوی پیاوسالاری، دیفاع لە کرێکاران لە بەرامبەر سەرمایەداران، دیفاع لە چەکدارمانەوەی خەڵک و هەوڵ بۆ چەکدارکردنی زەحمەتکێشان، پێکهێنانی جەمعییەتە دیمۆکراتیکەکان، پێکهێنانی شۆرای شاری سنە کە بەڕەسمی، بوونی خۆی بەسەر دەوڵەتی کاتیدا سەپاند، پێکهێنانی شۆرای گەڕەکەکان(بنکە)، پێکهێنانی یەکیەتیی جووتیاران، شۆراکانی ژنان و خوێندکاران لە زومرەی بوارەکانی چالاکیی کۆمەڵە لەم دەورەیەدایە. ڕێکخستنی حەرەکەتێکی گەورەی وەک کۆچی مێژوویی خەڵکی شاری مەریوان و ڕێکخستنی باقی خۆپیشاندان و ڕێپێوانی دیکە، کە سەمبۆلی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی خەڵک لە خەباتی سیاسیدا بوون، بووە هۆی ئەوەیکە کۆمەڵە بتوانێ پاش هێرشی نیزامیی ڕژیمی ئیسلامیش ببێتە ئاڵاهەڵگری خۆڕاگریی جەماوەری و چەکدارانەی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە پەلاماری هێزی داگیرکەر و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی. هێرشی ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو بۆسەر کوردستان بەزەبری موقاومەتی گیانفیدایانەی خەڵک و هێزەکانی پێشمەرگە تێکشکێندرا. پاش ئازادکردنی شارەکان لە خەزەڵوەری ١٣٥٨ ڕژیم بەچۆک داهات و ڕیاکارانە دەستی دایە وتووێژکردن. لێبڕاوی و کارزانیی کۆمەڵە لە وتووێژکردن لەگەڵ ڕژیم لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی بزووتنەوە و بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و پەرەپێدانی دیمۆکراسی، ڕێکخستنی هەرچی بەرینتری چالاکیی وشیاریدەرانە لە ماوەی دوو لەشکرکێشیی ڕژیم بۆسەر کوردستان، بۆ جارێکی دیکە توانای کۆمەڵەی لە هێنانە مەیدانی جەماوەر و لە ڕێبەری کردنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان بەڕوونی نیشان دا.

ئەمڕۆ کۆمەڵە بە ئاسۆیەک کە بە پێکهاتنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەرەوڕووی کراوەتەوە، بە هەموو تواناوە هەوڵ دەدات کە بابەتی بزووتنەوە و خۆڕاگریی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خەباتی ڕزگاریبەخشی چینی کرێکار و خەڵکی هاوچارەنووسی ستەملێکراو و بێبەش لە ئاستی سەرتاسەریدا پەیوەند بدات. بێگومان کۆمەڵە وەک ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی هاوڕێ و هاوشان لەگەڵ خەباتی جەماوەری چەوساوە و مافخوازی کوردستان، ئەم ڕێگایە تا کۆتایی و تا گەیشتن بە دواڕۆژی سەرکەوتن بە سەربەرزییەوە درێژە پێدەدات.

بابەتی پەیوەندیدار

خەڵکی کوردستان و بەلوچستان پیلانەکانی ڕژێم پووچەڵ دەکەنەوە

komalah

خوێندکارانی ئێران لەگەڵ خەبات لە دژی حکوومەتی ئیسلامی ئاشنا دەبن

komalah

وەهمەکانی خامنەیی و پەرەسەندنی خەباتی خەڵک لە دژی کۆماری ئیسلامی

komalah

تاوانی کوشتنی خەڵکی زاهیدان فەرامۆش ناکرێت

komalah

لە ١٦هەمین ڕۆژی ناڕەزایەتی و مانگرتنی یەک لە دوای یەک لە ئێران

komalah

دووهەمین مانگرتنی گشتی لە کوردستان سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو

komalah