کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

په‌رلمانی تورکیە ناوەندێکی کارتۆنی لە خزمەت دیکتاتۆڕی ئه‌ردۆغاندا

رۆژی هەینی ٣١ ی مانگی گوڵان پارلمانی تورکیە لایەحەی پاریزبەندی پارلمانی سەر نوینەرانی پەسند کرد. ئەم لایەحەیە لە لایەن حیزبی داد و گەشەپێدانەوە پێشنیار کراو ٣٧٣ نوێنەری ئەندامی ئەم حێزبە دەنگی ئەرێنیان پێدا. کاتی دەنگدان زۆربەی نەیارەکان لە حاڵێکدا لەدژی حیزبی حاکمی ئۆردوغان دروشمیان ئەدا، سالۆنی پارلمانیان بەجێهێشت. ١٣٨ کەس لە نوێنەرانی پارلمانی تورکیە سەربە حیزبە ئوپوزسیۆنەکانن. ڕەجەب تەیب ئۆردوغان ئەم بڕیارەی پارلمانی توەرکیەی بە مێژوویی ناوبرد. ئەو بەر لە پەسند کرانی ئەم لایەحەیە پێی زیاتر ڕاکێشاوە و وتویەتی کە تابیعیەتی تورکیە لە هێزەکانی پ ک ک و لایەنگرانیان دەستینێتەوە. هەڵبەت مەبەست لە لایەنگرانیش ئەساسەن ئەندامانی ” حیزبی دیموکراتیکی گەلان” و کسانی نزیک لەوانە. ئامانجی سەرەکی ئەم لایەحەیە زەمینە سازیە بۆ دەرکردن و گرتنی نوێنەرەکانی ئەم حیزبە لە پارلمانی تورکیە. پەروەندە سازی لەم بوارەدا لە ماوەیەک لەوە پێشەوە دەستی پێکردوە و وادیارە بەرە بەرە بە کردوە دەربێت. بە دوایدا ئۆردوغان لە هەوڵدایە کە پارلمان بۆ گۆڕینی قانونی ئەساسی بە ئامانجی زیاد کردنی ئیختیاراتی سەرۆک کۆمار و ئاڵوگۆڕ پێکهێنان لە سیستمی ڕێبەری ئەم وڵاتەدا ئامادە بکات. هەڵبەت ئەم جۆرە بڕیارە لە پاڕلمانەکانی ڕابردودا و لە دەزگای قەزایی تورکیەدا شتێکی نوێ نییە. ئەوەی کە نوێیە، ئاستە بەرینەکەیەتی کە لەگەڵ کرداری سەرکوتگەرانە لە دەرەوەی پارلمانیشدا درێژەی هەیە. لە ساڵی ١٩٩٤ لەیلا زانا نوێنەری هەلبژێردراوی ناوچە کوردنشینەکان لە پارلمانی تورکیە بەهۆی ئەوەی کە سوێندی پارلمانی بە کوردی خواردبوو، بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکوم کرا. ئەو ١٠ ساڵی تەواو لە زیندان مایەوە.717

پەسند کرانی لایەحەی ئەم دواییەی ئاک پارتی، بەشێک لە کۆمەڵێک کرداری کۆدتا گەرانەی ئۆردوغانە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لەدژی ئازادی و مافە دیموکراتیکەکانی خەڵکی تورکیە ئه‌نجامی داوه‌. ئۆردوغان دوای سەرنەکەوتنی لە دەست ڕاگەیشتن بە ئاکامی جێی سرنجی لە هەڵبژاردنەکانی ٧ ژوئێن و ١ ی نوامبری ساڵی ٢٠١٥ هێرشێکی نیزامی بەرینی بۆسەر شارەکانی کوردستان دەست پێکرد. هاوکات سانسۆڕ و داخستنی مەتبوعاتی ڕەخنەگری دەوڵەت، بەرتەسک کردنەوەی دەست ڕاگەیشتن بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، گرتنی چالاکانی سیاسی و سەرئەنجام ڕیکخستنی تیرۆرە تاکە کەسیەکان لە باقی شارەکانی تورکیە بەڕێوەچون. بە پسند کرانی لایەحەی ئەم دواییە تورکیە بەرەو ئەوە دەچێت لە دیموکراسیەکی نیوە ناچڵی پارلمانیەوە ببێتە دیتاتۆڕیەکی بەتەواو مانای تاکە کەسی.

بەڵام ڕەجب تەیب ئۆردوغان ڕێبەری ئاک پارتی لە مەیدانی سیاسەتی تورکیەدا، خیاڵپەردازێکی شکست خواردوە. شکستە یەک لەدوای یەکەکانی لە بوارە جۆراو جۆرەکاندا، یەک و دوو نین. ئەستێرەی بەختی ” ئۆردوغان” لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە جەریانی روداوەکانی ناسراو بە ” بەهاری عەرەبی”دا ئاوا بووە. خۆشباوەڕیە سەرەتاییەکانی ئۆردوغان و حیزبەکەی کە خۆی بە سەرچاوەی ئیلهام و ڕێبەری مەعنەوی ڕەوتە لیبڕاڵە ئیسلامگەراکانی خاوەرمیانە و باکوری ئافریقا دەزانی و بە شانازیەکی ساویکانەوە، پێیان وابوو کە گۆیا لەم ڕێگایەوە چونەتە پێگەی ئیمپڕاتۆریەتی لێکهەڵوەشاوی عوسمانیەوە، بوو بە بڵقی سەرئاو. پشتیوانی کردن لە داعش بۆ ئۆردوغان بوو بە ڕێسواییەکی نێونەتەوەیی. سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیە لە سوریە بەرەو رووی شکست بوونەوە و گوروپە چەکدارەکانی لایەنگری دەوڵەتی تورکیە ناتوانن دەورێکی گرنگیان لە شکڵدان بە داهاتوی سیاسی سوریە هەبێت. دەوڵەتی تورکیە دۆڕاوی سەرەکی سیاسیە لە سوریە.

ڕەوتی گەشەی ئابووری ئەم یەک دەیەی دوایی ڕاوەستاوە و ڕەوتی نزم بوونەوەشی دەستی پێکردوە. دەوڵەتی ئۆردوغان وتی کە توانیویەتی ئابووری تورکیە لە داوی قەیرانی ئابووری هەمە لایەنە ڕزگار بکات. بەڵام ئەم ئیدیعایە تەنیا ماوەیەکی کورت دەوامیهێنا. توریسم کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی دەوڵەتی تورکیەیە، بە نائەمنیە بەرینەکانی دوو ساڵی ڕابردوو گورزێکی بنەڕەتی وێکەتوە.

هەوڵە فێڵبازانەکان بۆ دروست کردنی ناکۆکی لەڕیزەکانی ” پ. ک. ک” دا و وادار کردنی ئەم جەریانە بە چەک دانان، لەژێر ناوی فریوکارانەی ” پرۆسەی ئاشتی” دا ناکام مایەوە. لەشکرکێشی بۆسەر شارەکان و بە نیزامی کردنی فەزای کوردستان لە سەرودەمی هەڵبژاردنی مانگی نوامبری ڕابردودا و دواتر بومباران کردنی ناوچە مەسکونیەکان و کوشتاری خەڵکی بێدیفاع، بەرەو رووی شەپۆلێک لە خەباتی جەماوەری بوویەوە. ئۆردوغان نەیتوانیوە بڵێسەکانی بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە شارەکان دامرکێنێتەوە.

شکستی هەوڵەکانی ئەم دوڵەتە بۆ پەیوەست بوون بە یەکێتی ئوروپاوە، دەبێ بە لیستی ناکامیەکانی دەوڵەتی ئۆردوغانەوە زیاد بکرێت. ساڵانێکی دوورودرێژە کە دەوڵەتە ئاروپاییەکان، تورکیەیان لەپشت دەروازەکانی یەکێتی ئابووری ئوروپا لە چاوەڕوانیدا ڕاگرتوە. دەوڵەتی ئۆردوغان، ئەمجارە هەوڵئەدات تا بە گرەوکێشی لە شەپۆلی پەنابەرانی سوری و کردنەوەی ڕێگا بوویان تا دەروازەکانی یەکێتی ئوروپا، دەوڵەتانی ئوروپایی بخاتە ژێر گوشارەوە، لە ئێستادا دەبینین کە لەم بوارەدا نە تەنیا هیچ بەرەوپێشەوە نەچووە بەڵکوو دیمەنگای داهاتوشی تاریک تر بووە.

پارلمانێک کە یەکێک لە ئەندامەکانی بەهۆی قسە کردن بە زمانی کوردی بۆ ماوەی دەساڵ زیندانی بکات، پارلمانێک کە بە لابردنی پارێزبەندی لە ئەندامەکانی ڕێگا بۆ پەروەندە سازی گاڵتەجاڕانە خۆش دەکات، لە ڕاستیدا ناوەندێکی کارتۆنی بازیچەی دەستی ئۆردوغانە و هیچی تر. مانەوە یان نەمانەوەی نوێنەرانی حیزبی دیموکراتیکی گەلان لەم ناوەندە کارتۆنیەدا گرنگیەکی ئەوتۆی نییە. مەترسیەک کە لەمرۆدا هەڕەشە لە خەڵکی کوردستانی تورکیە و ئازادیە دیموکراتیکەکان دەکات لەتورکیە، لە دەرەوەی پاڕلمان لە ئارادایە. کوشتاری خەڵکی کوردستان لە شارە گەمارۆدراوەکان لە لایەن هێزەکانی ئەڕتەشی تورکیەوە، گرتن و تیرۆر کردنی نەیاران و سیما ناسراوەکانی خەباتی مەدەنی، سانسۆر کردنی مەتبوعات و کرداری دیکەی لەم بابەتانە، کاردانەوەی جیدی و سەرتاسەری دخوازێت. لە باروخۆخی ئێستادا پەرەدان بە پێوەندی نێوان بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستانی تورکیە لەگەڵ باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لە ئاستێکی سەرتاسەریدا و ڕاکێشانی پشتیوانی بەشەریەتی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب لە ناوچەکە و سەرتاسەری دنیادایە کە دەتوانێ دەستی ئۆردوغان و حیزبە مەزهەبی، فاشیستیەکەی لە هێرش کردنەسەر ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی جەماوەر و کوشتنی خەڵکی بێدیفاع کورت بکاتەوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

ئاماری ساختە سەبارەت بە باشتربوونی دۆخی ئابووری و بوونی پۆتانسێلی تەقینەوەیەکی بەهێز لە کۆمەڵگادا

-

بوێری بنەماڵەی دادخوازان، ئیلهامبەخشە

-

سۆنامی گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا، هەموو سنوورەکانی بەزاندووە

-

شادی و خۆشی جەماوەر بەرامبەر بە مەرگی ڕەئیسی، جەلادی ٦٧

-

ئیبراهیم ڕەئیسی “جەلادی ٦٧” و هاوڕێکانی کوژران

-

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-