كۆمیته‌ی به‌دواداچوونی چاره‌نووسی ده‌ستبه‌سه‌ركراوان ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢ی مانگی ڕێبه‌ندان ڕایگه‌یاند: ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌كانی كۆماری ئیسلامی له شاری ورمێ په‌روه‌نده‌یان بۆ ١٦ لاوی ده‌ستبه‌سه‌ركراوی ئه‌و شاره له ژێر ناوی “لاوانی گه‌ڕه‌كه‌كانی ورمێ” ساز كردووه و بچووكترینیان كچێكی ته‌مه‌ن ١٥ ساڵه به‌ناوی “سه‌مانه فه‌تحی”.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان ناسنامه‌ی به‌شێك له‌و لاوانه بریتیه له: “سه‌مانه فه‌تحی”ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ، “هادی حه‌سه‌نلوو” و “حیسام ژیان” ته‌مه‌ن ١٧ ساڵ، “محه‌ممه‌دڕه‌زا سه‌یفۆڵڵازاده” و “عه‌لی ئیبراهیمی” ته‌مه‌ن ١٨ ساڵ كه به ئه‌ندامه‌تی له ڕێكخراوه‌یه‌كی دژبه‌ری ڕژیم تۆمه‌تبار كراون. به‌پێی زانیارییه‌كان ئه‌و ١٦ لاوه یه‌كتر ناناسن و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به یه‌كه‌وه نییه به‌ڵام به‌هۆی ئه‌شكه‌نجه و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستدرێژی سێكسی هێزه ئه‌منیه‌كان ناچار به دانپێدانانی زۆره‌ملێ دژبه یه‌كتر كراون و ئێستا مه‌ترسیی سه‌پاندنی سزای قورسیان له‌سه‌ره.