“مێهدی ڕوشه‌نفكر” نوێنه‌ری بۆیه‌ر ئه‌حمه‌د، دێنا و مارگوون له مه‌جلیسی ڕژیم ڕۆژی شه‌ممه ٢٣ی گوڵان ڕایگه‌یاند، هه‌ژاری، بێ ده‌ره‌تانی، فه‌لاكه‌ت، زیانه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و كه‌می ئیمكانات له ئوستانی كۆهگیلوویه و بۆیه‌ر ئه‌حمه‌د به شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار په‌ره‌ی سه‌ندووه و ئاماری خۆكوژی له‌و ئوستانه چووه‌ته سه‌ره‌وه.
به‌وته‌ی ئه‌و نوێنه‌ری مه‌جلیسی ڕژیم، له ناوچه‌ی “زیلابی” بۆیه‌ر ئه‌حمه‌د كچانێكی ته‌مه‌ن ١٤ ساڵ ده‌بینی كه ڕۆمه‌تیان وه‌كوو به ساڵاچوویه‌كی لێهاتووه و ته‌نیا له یه‌كێك له ناوچه‌كانی ئوستان له‌ماوه‌ی سێ مانگ دا زیاتر له ٦٠ لاو به‌هۆی هه‌ژاری، گیرۆده بوون به مادده‌ی هۆشبه‌ر، بێكاری و نه‌بوونی خۆیان كوشتووه. ناوبراو هه‌روه‌ها وتی، ئوستانی كۆهگیلوویه و بۆیه‌ر ئه‌حمه‌د یه‌كێك له زۆرترین ئاماره‌كانی خۆكوژی و خۆسووتانی له نێو ئوستانه‌كانی ئێران هه‌یه و له ناوچه‌ی “دیشمووك” زۆرترین ڕێژه‌ی خۆسووتاندنی ژنان ڕوو ئه‌دات.