کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پلینۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بەڕێوەچوو ( بەشی چوارەم و کۆتایی)

بەشێک لە ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی رێبەریی بۆ پلینۆم سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی کوردستانی تورکیە بوو. دەوڵەتی تورکیە لە مانگی ژنویەی ڕابردوەوە بەشوێن شکست و ناکامیە سیاسیە بەردەوامەکانی لە ئاستی ناوچەکە و لە بواری نێوخۆییدا بە دەست پێکردنەوەی هێرش بۆسەر ناوچە و پێگەکانی ” پ. ک. ک” لە کوردستانی عێڕاق پرۆسەی سیاسی بەناو ئاشتی ڕاگرت. دەوڵەتی ئاک پارتی دوای ناکامیەکانی و سەرنەکەوتن لە دەستەبەر کردنی ئاکامی جێی سرنجی لە هەڵبژاردنی ٧ ی ژوئێن و ١ ی نوامبری ٢٠١٥ دا هێرشێکی بەرینی بۆسەر شارەکانی کوردستان دەست پێکرد. ئەڕتەشی تورکیە دوای هێرش بۆسەر کوردستان و شار و دێهاتەکانی بەرەو رووی خۆڕاگریەکی چاوەڕوان نەکراوی ژنان و پیاوان و لاوانێک بۆوە کە لە ماوەی ساڵانێکی دوور و درێژدا بە خەباتی خۆیان بوارەکانی بەرەو پێش چوونی بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستانیان فەراهەم کردبوو. ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیە لە شارەکاندا بەرەو رووی بۆتەوە ئاخێزێکی شارییە. خەڵکی تێکۆشەری ئەم شارانە بۆ بەرەنگار بوونەوەی هێزە ئەمنیەتیەکان و ئەڕتەش لە کۆڵان و شەقامەکاندا سەنگەربەندیان کردوە بە سەروماڵ دیفاع لە ئەرزش و ئازادیەکانی خۆیان دەکەن. تا ئێستا گەمارۆ و ئاگر باران و داسەپاندنی یاسا و ڕێسای حکومەتی نیزامی نەیتوانیوە خۆڕاگری ئەم خەڵکە تێک بشکێنێت و بەرەو ئەوە دەچێت دەوڵەتی فاشیستی تورکیە بە چۆکدا بێنێت. ئەزمونی قیامی خەڵک لە شارەکانی کوردستانی تورکیە و سەنگەربەندی و خۆڕاگری چەکدارانەیان لە بەرانبەر هێرشی هێزەکانی ئەڕتەشدا بۆنێو شارەکان دەریدەخات کە ئەم ڕەوتە لە کامڵ بوونی خەبات دا دەتوانێ ئەگەری شکڵ گرتنی جەواوری تر بوونەوەی خەباتی چەکدارانە لە کوردستانی ئێڕان بێت.643
سەبارەت بە عێڕاق پلینۆم جەختی کردوە کە گرنگ ترین ئاڵوگۆڕ لە عێڕاقدا ناڕەزایەتی جەماوەری و سەرتاسەرییە لەم مانگانەی دواییدا. بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەیکە لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا لەژێر کاریگەری شەڕی فیرقەیی و مەزهەبیدا داواکاریەکانی خەڵکی عێڕاق ئیمکانی مەتڕەح بوونیان نەبوو، بەرپا کردنی ئەم ناڕەزایەتیانە لەم دەورەیەدا خاوەنی گرنگیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی تایبەتە. ئەم ناڕەزایەتیانە دەرخەری ئەوەیە کە خەڵکی عێڕاق نایانەوێ لەوە زیاتر لە پەڕاوێزی سیاسیدا بمێننەوە. ئەم بزوتنەوە جەماوەریە بە سرنجدان بەوەی کە لە یەکەم هەنگاویدا سنورە مەزهەبی و فیرقەییەکانی تێپەڕاند دەتوانێ دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت لە خەبات بۆ ڕزگار بوونی خەڵکی ئەم وڵاتە لە کابوسێک کە لە دەورەی حاکمیەتی ڕژیمی بەعس و حاکمیەتی ڕەوتی ئیسلامیدا تێیدا گیریان خواردوە. لە حاڵێکدا کە هەم مەڕاجعی شیعە و هەم دەوڵەتی عێڕاق بە شێوە و شگردی فریوکارانە هەوڵ ئەدەن کە ئەم خەباتە بەلاڕێدا بەرن، ئەم تێکۆشانانەش وەک باقی ئاخێزە جەماوەریەکانی وڵاتانی ناوچەکە بەدەست نەبوونی رێبەرییەکی شۆڕشگێڕ بە ئیستراتیژی روونی سیاسیەوە ئازار دەکێشێ.
کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانی عێڕاق و قەیران و بونبەستێک کە حکومەتی هەرێم تێیدا گیری خواردوە دایە بەر باس و لێکدانەوە. لەم ناوچەیەدا سیستمێکی فیدڕاڵی دامەزراو لەسەر نیزامی پاڕلمانی کە لەو وەک ئەزمونێکی دیموکراسی ناودەبرا بە لادانی سەرۆکی پاڕلمان و چوار لە وەزیرەکانی سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان و داخستنی پاڕلمان لە لایەن حێزبی دیموکراتی کوردستانی عێڕاقەوە و هەڵسوکەوتی نەرم و سازش کارانەی باقی ئەحزابی حاکم بەکردەوە توشی بونبەست هاتوە. لە لایەکی دیکەوە قەیرانی حکومەتی و نەبوونی بەرنامە و ئیستراتیژیەکی روونی ئابووری لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردودا، ئاستی کارەسات باری گەندەڵی ماڵی و ئیداری، کاریگەریەکی گەلێک وێرانگەری لەسەر کار و ژیانی کرێکاران و زۆربەی خەڵکی کوردستان داناوە. لەژێر ئەم بارودۆخەدا ناڕەزایەتی خەڵک لە بارودۆخی خراپی بەڕێچون و مانگرتنی موعەلیمان، کارمەندان و پڕسونێلی ئیدارە دەوڵەتیەکان و نەخۆشخانەکان لەپێناو وەرگرتنی حقوقی دواخراویاندا هەر رۆژە و ئاستێکی نوێ بەخۆیەوە دەگرێت. ئەم ناڕەزایەتیانە لە درێژەی خۆیدا دەتوانێ، سەرەتایەک بێت بۆ کۆتایی هێنان بە بێ تەفاوەتی سیاسی جەماوەری خەڵک. ئەحزابی حاکم هەرچی زۆرتر دەکەونە بەر ناڕەزایەتی خەڵک زیاتر لە ڕابردو باوەڕ بەخۆییان لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ دخاڵەتگەریەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی تورکیەدا لەدەست ئەدەن. لە ئاوا بارودۆخێکدا تەنانەت دانی دروشمی سەربوخۆیی کوردستانیش، کە ئاواتی لەمێژینەی خەڵکی کوردە لە کوردستانی عێڕاق، ناتوانێ سرنجی خەڵک لەسەر کێشە و گرفتە ڕاستەقینەکانی رۆژانەیان کە بەدەستیەوە دەناڵێنن و لە بونبەستێکی ئابووری کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی تێکەوتوە، بەلاڕێدا بەرێت.
پلینۆم لە باسی سەبارەت بە ڕاپۆرتی تەشکیلاتی وێڕای قسەوباس کردن لەسەر قەیرانی ماڵی تەشکیلات کە دەتوانێ لەتمە لە کاری هێندێک لە بوارەکانی چالاکی تەشکیلاتیمان بدات، لەسەر پێویستی هاوپشتی و هاوکاری ئەندامانی تەشکیلاتی و سەرجەم لایەنگرانی کۆمەڵە و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە نێوخۆی وڵات و لە دەرەوە و هەروەها لەسەر پێویستی کرداری بە بەرنامەی ڕێبەریی کردنی تەشکیلات بۆ تێپەڕین لەم قۆناغە قەیراناویە جەخت کرایەوە. پلینۆم لە پێوەند لەگەڵ بارودۆخی هەستیاری سیاسی و ئەمنیەتی ناوچەکە وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر خۆپاراستن لە کرداری نابەوەخت زەرورەتی ئامادەیی زەینی ڕێبەریی بۆ بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ هەر بارودۆخێکی چاوەڕوان نەکراو وەبیر هێنایەوە.
پلینۆم لە بەشی پیوەند بە قەرارە پێشنیار کراوەکان و پەسند کردنی قەراری پێویستیی سازماندانی ناوەندێک بە ئامانجی باشتر کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و دروست کردنی تەمەرکوز و هاوئاهەنگی لەم بوارەیدا باس کرد. کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی لە باسی پێوەندیدار بە تەقسیم کار و ئاڕایشی نێوخۆی کۆمیتەی ناوەندی، کۆمیتە و ئۆرگانە جۆراو جۆرەکانی تەشکیلاتی لە جێی خۆیان هێشتەوە و دوای دوو رۆژ کۆبونەوەی چڕ کۆتایی بە کارەکانی هێنا.