کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پشتیوانی لە حەماسەی خۆڕاگری خەڵکی کوردستانی تورکیە، پێویستیەکی سیاسی

هەرلەم بابەتە
خەڵکی کوردستان و شانۆگەری هەڵبژاردنی مەجلیس
ئەسپەکان لە سەرەو ژووریدا گازلەیەک دەگرن
دەرکردنی پەنابەرانی ئەفغانستانی، ڕابگرن
وەعدە و بەڵێنە بێ ناوەرۆکەکانی ئوستانداری کوردستان
خۆڕاگری خەڵکی کوردستان لەبەرانبەر فاشیزمی دەوڵەتی تورکیەدا
بەپێی ئاخرن ڕاپۆرتەکان حکومەتی نیزامی لە شارەکانی ” سلوپی، ماردین، نسیبین، سور و کربوران” هەروا درێژەی هەیە. ئەڕتەش و هێزە ئەمنیەتیەکان لە حاڵێکدا کە ئەم شارانەیان بەتەواوی گەمارۆداوە بە تانک و تۆپ گەرەکە مەسکونیەکان ئاگر باراب دەکەن. فەرماندەکانی ئەڕتەشی تورکیە بەرە بەیانی رۆژی ٢١ ی دسامبر ڕایانگەیاند کە دانیشتوانی ئەم شارانە دەبێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. دەنیا، ئەوان ناتوانن بەرپرسیاریەتی دواهاتی مانەوەیان لە شاردا قەبوڵ بکەن. ئەگەرچی خەڵک لە هێندێک لە گەڕەکەکان لەژێر گوشاری ئاگر بارانی بەردەوامدا وادار بە چۆڵ کردنی ئەو گەڕەکانە و یان شار کراون بەڵام حەماسەی خۆڕاگری بۆ بەرگرتن لە چوونی هێزە نیزامیەکان بۆنێو گەڕەکە مەسکونیەکان هەروا درێژەی هەیە و خەڵک و بە تایبەت لاوان بە سەنگەر بەندی کردن لە گەڕەکاندا و هەڵکەندنی پەناگا خۆیان بۆ بەرەنگار بوونەوە ئامادە دەکەن. دەوڵەتی تورکیە سەنگەر بەندی و ڕێبەندانەکان لە شارە کورد نشینەکانیدا کردوەتە بیانویەک بۆ پاساوی هێرشە نیزامیەکانی. هێزەکانی ئەڕتەشی تورکیە کە لە نەخۆشخانە و مەدرەسەکاندا جێگیر بوون دوای ڕاگەیەندنی ئولتیماتۆم بۆ جێهێشتنی شارەکان بێ پەروا خەڵک دەکاتە ئانجی تیرئەندازی. گەمارۆی نیزامی و خۆڕاگری قارەمانانەی خەڵک لە شاری سوری سەربە ئوستانی ئامەد ” دیار بەکر”یش چۆتەنێو ٢٢ هەمین رۆژی خۆیەوە. لەم ماوەیەدا دەیان شارۆمەندی غەیرە نیزامی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. رۆژی سێ شەممە جەمعیەتێکی زۆر لە دانیشتاوانی دیاربەکری بە ئامانجی شکاندنی ئاڵقەی گەمارۆی نیزامی سور بەرەو ئەم شارە دەستیاندایە ڕێپێوان کە لە ئاکامی هێرشی پۆلیسدا بەرەو ڕیزی خۆپیشاندەران منداڵێکی ١٣ ساڵان بە گوللە گیانی لەدەستدا. هێرشی نیزامی ئەڕتەشی تورکیە و دیفاعی خەڵک لە شاری کربورانیش زیاتر توند بۆتەوە، بەشێوەیەک کە رۆژی چوارشەممە هێزە ئەمنیەتیەکانی دەوڵەتی تورکیە لە جەریانی گەمارۆدانی ئەم شارەدا بە ژێر پێنانی سەرەتایی ترین مافە ئینسانیەکان هێرشیان کردەسەر ماڵەکان، دوو شارۆمەندی تریان کوشت لە حاڵێدا هیچ تیرۆریستێک لەم ماڵانەدا خۆی حەشار نەدابوو بەڵکو خەڵکی ئاساییان تێدا 613دەژیا.

جامیعەی مافی مرۆڤ ” ئای ئێچ دی”، یەکێک لە ڕێکخراوەکانی ئەندامی فیدڕاسیۆنی نێونەتەوەیی جامیعەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیە، لە پەیامێکدا کە لەژێر ناوی ” مەترسی کۆمەڵ کوژی لە کوردستانی تورکیە… گوێتان لەدەنگی ئێمە بێت” بڵاوی کردۆتەوە، ڕایگەیاندوە خەڵکی کورد لەو ناوچانەدا کە حکومەتی نیزامی تێدا دامەزراوە، لەژێر هێرشی توندی هێزە نیزامیەکانی تورکیە، هێزی تایبەتی عەمەلیاتی پۆلیس، لەوانە ” تیمی ئەسەداللە” گوروپی شێوەنیزامی فاشێست و جیهادگەرا، دان.”ئەوەی کە لەم رۆژانەدا لە کوردستانی تورکیە لە ئارادایە بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە وەبیر هێنەرەوەی ئەو جەنایەتانەیە کە شوینیستەکانی حاکم لەم وڵاتە لە دەورە جۆراو جۆرەکاندا ئەنجامیان داوە. کوشتاری ئەرمەنیەکان لە ساڵەکانی کۆتایی سوڵتەی ئیمپڕاتۆڕی عوسمانی، کوشتاری خەڵکی درسیم بە چەکی شیمیایی لە ساڵەکانی ١٩٣٨- ١٩٣٧، کوشتاری کوردە عەلەویەکان لە لایەن ” گورگە خاکستەریتەکان” و دەزگای ئەمنیەتی لە ” مەرعەش” لە دیسامبری ١٩٧٨ دا و جەنایەتەکانی ئەڕتەشی فاشیستی دەوڵەتی تورکیە لە ساڵەکانی دەیەی نەوەد دایە کە لە ئاکامیدا ٤ هەزار دێهاتی کوردستان چۆڵ کران، زیاتر لە ملیۆن و نیویک لە ماڵەکان سوتێندران، ٤ ملیۆن کەس لە خەڵکی کوردستان وادار بە کۆچی ئیجباری کران و بە هەزاران کەسیش لەم خەڵکە گیران و یان گیانیان بەخت کرد. ئەم جەنایەتە سازماندراوانە لە کارنامەی پێشینیانی دەوڵەتی ئاکپارتیدا تۆمار کراوە. ئۆردوغان لە ڕاستیدا هەمان مەسیری لە بەرانبەر خەڵکی زورلێکراو و حەقتەڵەبی کوردستاندا گرتوەتە پێش. بەڵام دیاردە عەینیەکان نیشانی ئەدەن کە ئەم جارە سەری ئۆردوغان و ئەڕتەشی تورکیە لە کوردستان لە بەرد ئەدرێت. تێکهەڵچونی پڕژوبڵاو لەگەڵ هێزەکانی پ ک ک لە چەند شار و شارۆچەکەی کوردستان بۆتە ڕاپەڕین لەم شارانەدا و بە هەزاران لاو چەکیان بەدەستەوە گرتوە و لە بەرانبەر هێرشی هێزەکانی ئەڕتەش و پۆلێسدا خۆڕاگری دەکەن.دەوڵەتی تورکیە هەرچەند بە بیانوی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ هێزەکانی پ ک ک ئەم هێرشە بەرینەی ڕێکخستوە بەڵام لە ڕاستیدا قیامی خەڵکی شارەکانی کوردستان و ئۆرگانەکانی حاکمیەتی جەماوەری ئەوانی کردوەتە ئامانجی سەرەکی جەنایەتەکانی. هێرشی بەرینی ئەڕتەش و هێزە ئەمنیەتیەکانی دەوڵەتی تورکیە بۆ تێکشکاندنی ڕاپەڕینی خەڵک لە شارەکانی کەردستان درێژەی مانتیقیی سیاسەتی دەغەڵکارانە و ئاشتی خوازی درۆینەی دەوڵەتی ئۆردوغان لە پرۆسەیەکدا بوو کە بە مزاکراتی سوڵح و ئاشتی ناسرابوو. لەم وتووێژانەدا لە حاڵێکدا کە پ ک ک یەک لە دوایەک ملی بۆ داواکاریەکان ئەدا بەڵام دەوڵەتی فاشیستی ئۆردوغان هیچ کام لە داواکاریەکانی خەڵکی کوردستان و تەعەهودەکانی لەسەر میزی مزاکرات بەکردەوە دەرنەهێنا. دەوڵەتی ئۆردوغان ئەو کاتەی کە نەیتوانی بە فڕوفێڵ لەسەر مێزی وتووێژەکان ” ئاگری” بڵێسە سەندوی بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە ناوەندی شارەکاندا کپ بکاتەوە و هێزەکانی پ ک ک چەک بکات، ئەمجار ڕەوتی وتووێژەکانی توشی بونبەست کرد. واتە دەوڵەتی ئاک پارتی کارێکی کە نەیتوانی لە پرۆسەی ناسراو بە ئاشتیدا ئەنجامی بدات، ئێستا بە سازماندانی هێرشی نیزامی بۆسەر شارەکان و هەوڵدان بۆ سەرکوتی قیامی خەڵک دەیەوێ کۆتایی پێ بێنێ.دوای ئەوەی کە پرۆسەی ناسراو بە ئاشتی بە بونبەست گەیشت کارزاری هەڵبژاردنی پاڕلمانی تورکیە بوو بە مەیدانێکی تری زۆرانبازی دەوڵەتی ئۆردوغان لەگەڵ بزوتنەوەی خەڵکی وردستان. لە هەڵبژاردنی ٧ ی ژوئێندا ئۆردوغان بەدوای دەستەبەر کردنی زۆرینەی پاڕڵمانیەوە بوو بۆ ئاک پاتی تا بە پشت بەستن بەو بتوانێ قانونی ئەساسی بگۆڕێت و سەرۆک کۆماری بکاتە ناوەندێکی بە هێزی جێبەجێکار و لەم ڕێگایەوە درێژە بە تەڕاتێنی خۆی بدات. بەڵام سەرکەوتنی حیزبی یەکێتی دیموکڕاتیکی گەلان لە هەڵبژاردنی ٧ ی ژوئێندا ئاواتەکانی ئۆردوغانی بۆ بوون بە سەرۆک کۆمارێکی بەهێز لە سەروی دیکتاتۆڕیەکی پاڕلمانیاد بەربا دا. ئۆردوغان لەحاڵێکدا ئەم زللە بەهێزەی لە حیزبی دیموکراتیکی گەلان وێکەوت کە لە کارزاری هەڵبژاردندا ئەم حیزبەی تۆمەتبار بە تیرۆریزم دەکرد و زیاتر لە ٧٠ جار هرشی بۆسەر دەفتەرەکانی ئەم حێزبە لە سەرتاسەری تورکیەدا سازمان دابوو.دەوڵەتی تورکیە لە مەودای نێوان دوو هەڵبژاردنی ٧ ی ژوئێن و ١ ی نوامبردا، بە توند کردنەوەی فەزای سەرکوت و زیندانی کردنی ئینسانە ئازادی خوازەکان لە سەرتاسەری تورکیە، بە ئامادە کردنی بارودۆخ بۆ عەمەلیاتی تیرۆریستی لەدژی لاوانی سوسیالیست لە شاری سوروچ و کارەساتی خوێناوی ١٠ ی ئۆکتۆبر و تیرۆریزە کردنی فەزای کۆمەڵگە، بە توند کردنەوەی میلیتاریزم لە کوردستان و بۆمبارانی پێگەکانی پ ک ک لە خاکی کوردستانی عێڕاقدا و سەرئەنجام بە گەمارۆدان و گوللە باران کردنی خەڵکی شارەکانی کوردستان هەوڵیدا تا بە داسەپاندنی بارودۆخێکی بە تەواوەتی نایەکسان لە کارزاری هەڵبژاردنی ١ ی نوامبردا، بەر بە چوونی حیزبی دیموکراتیکی گەلان بۆ پاڕلمانی ئەم وڵاتە بگرێت. بەڵام دەوڵەتی ئاک پارتی سەرەرای هەموو ئەم هەوڵانە نەیتوانی ئامانجەکانی دەستەبەر بکات و شکستی خوارد. دەوڵەتی ئۆردوغان نەیتوانی بەر بە چوونی ئەم حیزبە بۆ پاڕلمان بگرێت و ئەم رووداوە سیاسیە لە ڕوانگەی ڕای گشتی لەنێوخۆی تورکیە و لە ئاستی ناوچەکەدا وەک سەرکەوتنێک بۆ بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە خەبات لەدژی دەوڵەتی تورکیە بە حێساب دێت. دەوڵەتی فاشیستی ئاک پارتی کە نایەوێ ئەم شکستە یەک لەدوای یەکانە قەبوڵ و تەحەمول بکات و مل بە ئاسەوارەکانی بدات، ئەم هێرشە وەحشیانەی بۆسەر خەڵکی کوردستان سازمانداوە.ئەمرۆ لە بارودۆخێکدا کە دەوڵەتی فاشیستی تورکیە، بە پشتیوانی ناڕاستەوخۆی ئامریکا و دەوڵەتانی ئوروپایی و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی و لەنێو بێدەنگی ژورنالیسمی بەکرێگیراوی رۆژئاوادا شەڕێکی بە تەواو مانا بەسەر خەڵکی شارەکانی کوردستاندا سەپاوە؛ و لە بارودۆخێکدا کە خەڵکی تێکۆشەری شارەکانی کوردستانی تورکیە لەژێر بارودۆخی گەمارۆی نیزامی و لەژێر ئاگر بارانی چەکە قورسەکانی دوژمندا بۆ دیفاع لە دەستکەوتەکانی خەباتیان دەستیان داوەتە خۆڕاگریەکی لێبڕاوانە، لەم بارودۆخەدا پشتیوانی کردن لە خەبات و خۆڕاگری خەڵکی کوردستانی تورکیە ئەرکێکی شۆڕشگێڕانە و ئینسانیە. خۆڕاگری خەڵکی کوردستانی تورکیە لە بەرانبەر پشتیوانانی داعشدا، خاوەنی هەمان مەشروعیەتە کە حەماسەی خۆڕاگری کۆبانی لە بەرانبەر داعشذا هەیبوو. کەوایە دەستدانە ئیبتیکاری کرداری خەباتکارانە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کوردستانی تورکیە و بەشداری لە حەرەکەتی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەخزمەت بە بەرەی ئازادی خوازی خەڵکی کوردستان و خەڵکی رۆژهاڵاتی نێوەڕاست دایە لەدژی یەکێک لە بەرەکانی کۆنەپەرستی لە ناوچەکەدا. لە بارودۆخی ئێستادا پەرەسەندنی پێوەندی بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستانی تورکیە لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لە ئاستی سەرتاسەریدا و ڕاکێشانی پشتیوانی بەشەریەتی ئازادی خواز و بەرابەری تەڵەب لە ناوچەکە و جیهاندایە کە دەتوانێ تیرۆریزمی دەوڵەتی ئاک پارتی شکست پێبێنێ.