ڕۆژی شه‌ممه ١٤ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، ئێرانیان و دۆستانیان له وڵاتانی به‌ریتانیا و سویس به مه‌به‌ستی پشتیوانی له ئاخێزی جه‌ماوه‌ری گه‌لانی ئێران ڕژانه سه‌ر شه‌قام و دژبه كۆماری ئیسلامی دروشمیان وته‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، ئێرانیان و دۆستانیان له شاره‌كانی له‌نده‌ن و نیووكاسێلی به‌ریتانیا به مه‌به‌ستی پشتیوانی له ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران ڕژانه سه‌ر شه‌قام و وێڕای ئیدانه كردنی سه‌ركوتگه‌رییه‌كانی كۆماری ئیسلامی، خوازیاری پشتیوانی كۆمه‌ڵگای جیهانی له خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیوی ئێران بوون، هه‌روه‌ها له وڵاتی سویس ئێرانیان و دۆستانیان بۆ جارێكی دیكه به مه‌به‌ستی مه‌حكووم كردنی جه‌نایه‌ته‌كانی ڕژیم و پشتیوانی له خۆپێشانده‌رانی ئێران، كۆبوونه‌وه و به به‌دسته‌وه‌گرتنی وێنه‌ی قوربانیان و وتنه‌وه‌ی دروشم دژبه كۆماری ئیسلامی، ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له‌ئاست سه‌ركوتگه‌رییه‌كانی ڕژیم نیشاندا.