ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٨ی ڕێبه‌ندان، دایكانی دادخوازی كوردستان له چه‌ند په‌یامی ویدیۆیی دا داوایان له ده‌زگای قه‌زایی كۆماری ئیسلامی كرد حوكمی ئێعدامی “پژمان جه‌مشیدی”، “وه‌فا ئازه‌ربار”، “موحسن مه‌زڵووم”، “محه‌ممه‌د فه‌رامه‌رزی”، “ڕه‌زا ڕه‌سایی” و “موجاهد كوركور” ڕابگرێت.
به‌پێی ئه‌و وێدێۆیانهی به‌ده‌ستمان گه‌یشتووه، دایه شه‌ریفه دایكی “ڕامین حسێن په‌ناهی”، دایكی محه‌ممه‌د حه‌سه‌ن زاده”، “دایكی فایق مام قادری”، دایكی “مێهران ڕه‌حمانی”، دایكی “ئارام حه‌بیبی” و دایكی “هیوا جان جان” له گیانبه‌ختكردووانی شۆڕشی ژینا، له چه‌ند په‌یامی ویدیۆیی دا سه‌پاندنی سزای ئێعدام‌یان به سه‌ر شه‌ش به‌ندكراو به توندی شه‌رمه‌زار كرد و خوازیاری ڕاگرتنی سزای له‌سێداره‌یان بوون. دایه شه‌ریفه له په‌یامێكدا ڕایگه‌یاند: ڕامینی منیان له‌سێداره‌دا، هه‌زاران كه‌سی دیكه‌یان ئێعدام كرد، به‌ڵام ئێستا ئه‌م چوار به‌ندكراوه پێویستیان به یارمه‌تیه و گیانیان له مه‌ترسی جیددیدایه، با یارمه‌تی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كانیان بده‌ین.